٣\٥\٢٠١٢
بەشێک لە مێژووی
رۆژی یەکی ئایار.
و. لە ئەڵمانییەوە: ھەژێن
-
بەشی یەکەم -
چیرۆکی ڕووداوەکەی ھایمارکت (Haymarket)
مشتومڕی نێو بزووتنەوەی کرێکاری لە سەدەی ١٩دا
مشتومڕی نێو بزووتنەوەی کرێکاری سەدەی ١٩ لە چەند پرسێکدا چەقی
بەستبوو، لەوانە دەستلەکارکێشانەوەی ھەرەوەزییانە، کە مانگرتنی گشتی
کۆمەڵایەتی بوو بۆ بەدەستھێنانی داخوازییەکان. یەکێتییەکانی ئینگلتەرە
لە ١ی ئایاری ١٨٣٣دا ٨ کاتژێر ڕۆژانەکاریان کردە ئامانجیان و بڕیاری
مانگرتنی سەرتاسەرییان دا، کە تیایدا شتێکی ئاوا نەتوانرا بەتەواوی
بھێنرێت دی. سەرمایەداری پیشەسازیی بۆ بزووتنەوەی تازە پێگرتووی
کرێکاریی دژێکی بەھێز بوو، لەلایەکی دیکەوە ناسیونالیزم بەزۆری بەری بە
ھاوپشتییە سنووربەزێنەکان دەگرت.
پاش ئەوەی کە شۆرشی ١٨٤٨/١٨٤٩ بە سەرکوتنی بۆرجوازی نەتەوەیی کۆتایی
ھات،زۆرێک لە کرێکارانی سۆشیالیست بەرەو ئەمەریکا ڕەویان دەکرد.
زۆرێکیان ھزر و بیرۆکە ئەنارکیستییەکانیان لەتەک خۆیان بردە ئەمەریکا،
لەوێ کە ژیان و ھەلومەرجی کارکردن زۆر خراپتر بوو لە ولاتانێک کە لێوەی
ھاتبوون. بەتایبەت لە یەکەمین قەیرانی ئابووریی لە ساڵی ١٨٥٧وە تا
گەرمەی قەیرانەکە "داتەپینە گەورەکە”، لە ساڵی ١٨٨٣وە کرێکاران بەدەست
بێکاری و بێسەرپەناییەوە گیرۆدە بوون.
لەبەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاریی ئەو کاتدا، لە ئیمپراتۆریی تازە
پێکھێنراوی ئاڵماندا ساڵی ١٨٧٨ یاسا کۆمەڵایەتییەکان ”لەدژی جالاکییە
مەترسیدارەکانی سۆشیال دیمۆکراسی” پەسەند کران. لە پێکھێنانی کۆمەڵەی
نێونەتەوەیی کرێکاران (IAA) لەساڵی ١٨٧٢دا، سۆشیالدێمۆکرات و کرێکارانی
ئاڵمان گەورەتری ھێز بوون. بەم جۆرە جێی سەرسووڕمان نییە، کە زۆرێک لەو
سەدان ھەزار کرێکارە ئاڵمانەش لە ئەمەریکا خۆیان لە یەکتییەکاندا
ڕێکبخەن. "پاڵەوانانی کار" (Knights of Labor) کە ساڵی ١٨٦٩ لە
فیلادیلفیا پێکھێنران، بوونە پێشینەی "یەکێتییە کرێکارییەکان"ی دواتر.
پرسی توندوتیژی.
لە سەردەمی مانگرتنی گشتی ھێڵی شەمەندەفەری١٨٧٧وە، یەکێتییەکان
جەماوەرێکی زۆریان لی کۆبووبووەوە، بەڵام لەلایەن بەکڕیگیراوان و
مانشکێنانی چەکداری نووسینگەی (Pinkerton Agency) وەک پێسپڕدراوی
سەرمایەدارەکان، دژایەتی دەکران. پۆلیس و میدیاکانیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی
خۆیان دەگێڕا، بۆ نموونە ”New York Tribune” ئاوا داوای دەکرد، کە
پێویستە خۆپیشاندانی کرێکارانی مانگرتوو بە نارنجۆک تێکبشکێندرێن. لە
بەرامبەردا وەک ڕێکخراوی چەکداری خۆپاراستن، لە ھەندێک لە شارەکانی
ئەمەریکادا یەکێتیی "فێرکاریی و ئەنجومەنی خۆپارێزی" پێکھێنران.
ھەڵدەستان بە ڕاھێنانی تەقەکردن و ڕێپێوانی ساڵیادی کۆمونەی پاریس.
ساڵی ١٨٨٠ “پارتی سۆشیالیستی کرێکاران" لەسەر پرسی چەکداربوون بوو بە
دوو باڵەوە، باڵی ڕاستی پارلەمانی و باڵی چەپی شۆڕشگێڕ.
ھاوکات لە نیویۆرک ئەنارکیست و نوێنەری پارلەمانی جارانی
سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان یوھان مۆست Johann Most نووسەری "زانستی جەنگی
شۆڕشگێڕانە" وەک "پرۆپاگەندەی چالاکی”، لە شیکاگۆ ئەلبێرت پێرسن Albert
Parsons و ئاوگوست شپیس August Spies ی ئاڵمانی ناسراوترین قسەکەری
بزووتنەوەی کرێکاریی توندوتیژ بوون. شپیس لە "ڕۆژنامەی کرێکاری
شیکاگۆ"ی ئاڵمانی زماندا کاری دەکرد و پێرسنس ڕۆژنامەی "ئاگاداری"
Alarmی ئینگلیزی زمانی دەردەکرد. ساڵی ١٨٨٣ ھەدووکیان لە شاری
Pittsburgh پێکەوە لەتەک سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ئەنارکیستەکانی
دیکەدا لەسەر شێوازی میخائیل باکونین لە نێونەتەوەیی یەکەم، کۆمەڵەی
نێونەتەوەیی خەڵکی زەحمەتکێش (کەسانی کرێکار) „International Working
People's Association (IWPA)“یان پێکھێنا.
تێکەڵەی ئەنارکیزم و سەندیکالیزم ئەوسا وەک "بیرۆکەی شیکاگۆ - Chicago
Idea ” دەخرایە ڕوو. لە ھەژمارێکی زۆر ڕۆژنامەدا "نێونەتەوەیی ڕەش”
پاگەندەی بۆ پلانە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بە زمانی ئاڵمانی، ئینگلیزی و
چێچی دەرکرد. بەتەنیا لە شیگاکۆ پێنج ڕۆژنامەی دەردەکرد، لەوانە
"ڕۆژنامەی کرێکاران - Arbeiter-Zeitung” کە لەلایەن ئاوگوست شپیس،
ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer و میشایل شڤاب Michael Schwab ەوە، ڕۆژانە
بە تیراژی ٦ هەزار دانە دەردەکرا.
خەبات لەپێناو ٨ کاتژێر ڕۆژانەکاردا
ساڵی ١٨٨٤ “کۆنگرەی یەکێتییە فیدراڵییەکان و کۆمەڵە کرێکارییەکان"
دواتر ناسراو بە "فیدراسیۆنی کرێکارانی ئەمەریکا"ی ئەمەریکای باکووری
بڕیاری دا داواکاری ٨ کاژێر ڕۆژانەکار وەک سەرخەتی ناوەندیی خەباتی
داھاتوو بێت.
سەرەکیترین داواکاری کرێکاران کەمکردنەوەی ماوە (کاتژێر)ی کار بوو. ھەر
لەسەر ئەمە بوو کە کرێکاران لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا خەباتی خۆیان لەسەر
کەمکردنەوەی ماوەی کار، توندتر کردەوە.
لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا، زیاتر لە ٣٤٠.٠٠٠ کرێکار لە ئەمریکا دەستیان
لەکار کێشایەوە، تەنیا لە شیکاگۆدا ھەژماری کرێکارانی مانگرتوو ٤٠.٠٠٠
کەس بوو. چەند ڕۆژ دواتر پۆلیس لە مەیدانی ھایمارکت Haymarket دەستیان
بە ڕەشەکوژی کرد. سەرەنجام لەو پێکدادانەدا زیاتر لە ٧ کەس کوژران،
لەلایەکی دیکەوە لە راگەیاندنەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیێنرا، کە ئەفسەرێکی
پۆلیس بەھۆی بۆمبی دەستی ئەنارکیستێکەوە کوژراوە و ھەروەھا ٦ پۆلیسی
دیکە لە پێکدادانەکاندا کوژران. ھەژماری برینداران لە ھەردوولا لەنێوان
٣٠ تا ٤٠ کەس ڕاگەیێندرا. کەمکردنەوەی دوو کاتژێر لە ( ١٠ کاژێر
زیاتری) ڕۆژانەکار، بۆ سەندیکالیستە ئەنارکیستەکان، ڕیفۆرمیستی دەھاتە
بەرچاو، بەڵام سەرەرای ئەوەش پشتیوانیان لە کەمپەینەکە دەکرد.
داواکارییەک کە لە ساڵی ١٩٦٠ەوە لەجێی خۆی مابووەوە، دەبوو لە یەکی
ئایاری ١٨٨٦دا بە مانگرتنی سەرتاسەری بسەپێنرێت. لە شیکاگۆ "یەکێتی
ناوەندیی کرێکاران - Central Labor Union" شەممەی پێش ١ی ئایار
خۆپیشاندانێکی گەورەی بە بەشداری نزیکەی ٢٥ هەزار کەس بەرپاکرد. لە
خودی یەکی ئایاردا مانگرتن لە ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەمەریکادا زیاتر
لە ٣٠٠ هەزار کرێکار، بەتەنیا لە شیگاکۆ ٤٠ هەزار کرێکار دەستیان لە
کار کێشایەوە و لەسەر شەقامەکان ٨٠ هەزار خۆپیشاندەر یەکیان گرتبوو.
پێشتر لە ئەپڕیڵی ١٨٨٦دا لە شیکاگۆ لە کارخانەی میککارمیک McCormick،
کە درەوکەر (ماشێنی درەوکردن / دەراسە) ئامادە دەکرا، زۆربەی
کرێکارەکان لەبەرامبەر ڕەفتاری نامرۆڤانەی شوێنی کار، بڕیاری مانگرتن
دەدەن. ئەو کات لەبەرامبەر ١٢ کاتژێر ڕۆژانەکار بەگشتی ٣ دۆلاری
ئەمەریکی دەدرا، کە مرۆڤ دەیتوانی لە چێشتخانەیەکدا تەنیا ئێوارە
ئێوارەخوادنێکی ھەژارانەی پێ بکڕێت. خاوەنکار ڕێگری لە چوونەسەرکاری
تێکرا کرێکارەکان دەکات، تاوەکو نزیکەی ١٠٠٠ شوێنکاری خاڵی، بە
کۆچەرانی تازە پڕ بکاتەوە، کە لە ئاوا بارێکدا لەبەر دەرگەی
کارخانەکاندا بۆ پەیداکردنی کار دەوەستان. وێڕای بانگەوازی "ڕۆژنامەی
کرێکار"، بۆ ئەوەی مانشکێنی نەکرێت، ھێشتا ٣٠٠ کەس بۆ داخوازی کار
خۆیان ناونووس کرد. ئێوارەی ١ی ئایاری ١٨٨٦ لە مەیدانی ھایمارکت لە
شەقامی ڕاندۆڵفRandolph Streetی شیکاگۆ کۆبوونەەیەکی کرێکاری کرا و
ئەوەبوو کە مانگرتنی چەند ڕۆژەی کارخانەی میککارمیک McCormick ی
بەدوادا ھات.
شیکاگۆ ١٨٨٦.
لە ٣ی ئایاردا پۆلیس ڕژایە ئەو ناوە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی مانگرتنی ٦
هەزار خۆپیشاندەر لە نزیکی کارخانەی مێککارمیک بڵاوە پێبکات. لە
پێکدادانەکانی دواتردا ٦ کرێکار کوژران و زۆرێک بریندار بوون. لە شەوی
پێش ٤ی ئایاردا ھەزاران خۆپیشاندەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر
توندوتیژی پۆلیس کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی ھایمارکت بەرێکەوتن.
سەرلەنوێ پۆلیس ھەوڵی دا وەک ئەوەی ڕۆژی پێشوو، بە توندوتیژی بڵاوەی پێ
بکات. سەرەرای ئەوەش کاروانی ناڕەزایەتی کرێکاران توانی بەرەویێش بڕوات
و ئاشتییانە تێپەڕی. پارێزگاری شار ھێرسن Harrison، کە بەخۆی لەوێندەرێ
چاودێریی ئاساییشی شارەکەی دەکرد، زوو بەرەو ماڵ چووەوە.
نزیکەی ١٠٠٠ خۆپیشاندەر، کە زۆربەیان کرێکاری ئاڵمانی بوون، گوێیان لە
وتاردانەکان ڕاگرتبوو. دەمەو ئێوارە پاش ئەوەی ئەنارکیستانی ناسراو
ئەلبێرت پێرسنس، ئاوگوست شپیس و ساموێل فیڵدن وتارەکانیان دا،
بارودۆخەکە دژوارتر بوو. ھێزی پۆلیس لە کۆڵانەکانی دەوروبەرەوە بە
چەکەوە ئامادەباش وەستابوو. ھەرکە ھەوری باراناوی ئاسمانی تەنییەوە،
زۆرێک لە خۆپیشاندەران شوێنی ناڕەزایەتییەکەیان جێھێشت، تەنیا نزیکەی
٣٠٠ کەس لە وێندەرێ مانەوە.
کەمێک پێش کۆتاییھاتنی قسەکانی ئاوگوست شپیس، پشکێنەری پۆلیس بۆنفیڵد
Bonfield فەرمانی ھێرشبردن دەدات. ٢٠٠ پۆلیس بەرەو ئۆتۆمەبێلی سەکۆی
قسەکردنەکە کەوتنەڕێ و چوارلایان گرت، کاتێک کە بۆمبەکە ھەڵدایە
نێوەندی خەڵکەکە. دەستبەجێ پاش تەقینەوەکە، پۆلیس دەستی بە تەقەکردن لە
کرێکارەکان کرد. لە شوێنی ڕووداوەکەدا پۆلیسێک کوژرا و شەش کرێکار
دواتر بەھۆی برینداربوونیانەوە مردن. ئەوەی کە وتاردەرەکان وەک
ئەنارکیست ناسراوبوون، پۆلیس و راگەیاندن ئاوایان لێکدایەوە، کە
ڕووداوەکە ھێرشێکی ئەنارکیستییە بۆ سەر پۆلیس. ھەرچەند لەلایەن دادگەوە
ھیچ بەڵگەیەک بۆ وەھا پەیوەندییەک نەتوانرا بخرێنە ڕوو.
سەرەرای ئەوەی کە لەو ساوە تا ھەنووکەش ھیچ کەس وەک ھەڵدەری بۆمبەکە
نەناسراوە، کەچی ٨ کەس ، کەسانێک کە بەشداری ڕێکخستنی مانگرتنەکە بوون،
سکاڵایان لەسەر تۆمار کرا و لە ئۆگوستی ١٨٨٦دا تاوانبار کران. ھەرچەندە
تەنانەت بەڵگەی بەشدارنەبوون و تاوانبارنەبوونیان ھەبوو، دادوەر جۆزیف
گاری Joseph Gary بە تاوانباری ناساندن، گوایە بۆمبھەڵدەرەکە لەسەر
بنەمای بۆچوونی ئەنارکیستانەی ئەم کەسانە بەکارەکە ھەستاوە. لەسەر ئەو
بنەمایە ئەوان تاوانبارن، ھەروەک ئەوەی کە بەخۆیان بە ھێرشەکە ھەستابن.
شایانی باسە خەرجی پارێزەری تاوانبارکراوان، نزیکەی ٥٠ هەزار دۆلار
بوو، کە لە پارەی کۆمەکی ھاوپشتی لە ھەموو لایەکی جیھانەوە دابین کرا.
سزادراوان گیۆرگ ئێنگل Georg Engel (نیگارکیش خەڵکی کاسڵ- ئاڵمان) ،
ساموێل فیڵدن Samuel Fielden (کرێکاری بارکردن خەڵکی لەنکشەیر -
ئینگلاند) ، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer (جاپگەر خەڵکی برێمن -
ئالمان) ، لویس لینگ Louis Lingg (دارتاش خەڵکی مانھایم-ئاڵمان) ،
ئۆسکار نێبە Oscar Neebe (لولەکیش خەڵکی نیویۆرک، تا سەردەمی لاوی لە
کاسڵ ژیاوە) ، ئەلبێرت پێرسنس Albert Parsons (جاپگەر خەڵکی ئالاباما)
، میشایل شڤاب Michael Schwab (پەرتووکچن خەڵکی ئونتەرفرانکین- ئاڵمان)
، ئاوگوست شپیسAugust Spies (مۆبیلدانەر خەڵکی ھێسن- ئالمان). پاش
دادگەییکردنێکی ڕواڵەتییانە (شانۆگەرییانە) بە بەڵگەی دۆرینەوە،
لەلایەن لێژنەیەکی سوێندخۆری ساختەوە بە لەسێدارەدان سزا دران. ھەروەھا
ئۆسکار نێبە بە ١٥ ساڵ زیندانی سزا درا. لویس لینگ لە ژووری زینداندا
بەھۆی دەمانجەیەکی بەقاجاخ بەدەستھێنراو خۆکوژی کرد و لایەکی سەری
ھەڵتەقاند. دادگە و دەسەلاتداران بەزۆر ئەو بڕئارەیان سەپاند و داوای
پێداچوونەوەی بڕیارەکە لە سەرەتای نۆڤەمبەری ١٨٨٧دا لەلایەن دادگەی
بالاوە ڕەتکرایەوە.
سزای لەسێدارەدانی ساموێل فیڵدن و میشایل شڤاب لەلایەن
فەرماندارOgelsby ەوە گۆڕدرا بە سزای زیندانی ھەمیشەیی. ئێنگل، فیشەر،
پێرسنس و سشپیس لە ڕێکەوتی ١١ی نۆڤەمبەری ١٨٨٧ لە زیندانی Cook County
لەسێدارە دران. سەدان ھەزار کەس لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و بەگۆڕسپاردنی
لەسێدارەدراواندا لە گۆڕستانی ڤاڵدھایم Waldheim لە ( Forest Park
Illinois) بەشدارییان کرد. ڕۆبێرت ڕایتسیڵ Robert Reitzel ی ئەنارکیست
خەڵکی بادن Baden، بەو بۆنەوە وتارێکی خوێندەوە. لە ساڵی ١٨٩٣وە لەم
گۆڕستانە، پەیکەرێکی یاداوەی بۆ قوربانیانی ڕووداوەکەی ھایمارکت
دانراوە.
ھەروەھا لە ساڵی ١٨٩٣دا ھەر سێ زیندانی، فیڵدن ، نێبە و شڤاب لەلایەن
فەرماندار (پارێزگار) جۆن ئاڵتگێڵد John Altgeld وە بە بێتاوان و
قوربانی دادگە ناسران و لێبوردیان بۆ دەرچوو. ( ساڵی ١٩٣٦ دەستەیەکی
لێکۆڵینەوە بەو سەرەنجامە گەیشت، کە ھەموو ٨ سزادراوەکە بێتاوان بوون).
ئۆسکار نێبە پاش ئازادکردنی وەک پێشتر لە بزاڤی کرێکاریدا چالاک
مایەوە. دواتر بووە ئەندامی کرێکارانی پیشەسازیی جیھان ( IWW -
Industrial Workers of the World ) و لە میتینگی ١ی ئایاری ١٩٠٦ی
شیکاگۆدا قسەکەری یەکەم بوو. نێبە ساڵی ١٩١٦ مرد و لە گۆڕستانی
ڤاڵدھایم لەتەنیشت پەیکەری یاداوەری "گیانبەختکراوانی ھایمارکت"دا
بەخاک سپێردرا.
پاشان، سەرەڕای ئەوەش، سزاکە و جێبەجێکردنەکەی بوونە ھاندەری
ناڕەزایەتی بەردەوامی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرتاسەری جیھاندا. ١٨٨٨
فێدراسییۆنی کرێکارانی ئەمەریکا ( American Federation of Labor - AFL)
بڕیاری دا ١ی ئایاری ١٨٩٠ بکرێتە ڕۆژی خەبات بۆ سەپاندنی ٨ کاتژێر
ڕۆژانەکار. ھەرچەندە کە لە ئاڵمان پارتی سۆشیالدێمۆکرات دژی بانگەوازی
مانگرتنی گشتی بوو، لە ھەموو شارەکان مانگرتن و کۆبوونەوەی جەماوەری
بەرپاکران. زیاتر لە ١٠٠.٠٠٠ کرێکار بەشدارییان تێددا کرد، بەتایبەت
شاری ھامبورگ Hamburg.
دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی "ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی" سۆشیالدێمۆکرات لە
ساڵی ١٨٨٩دا بڕیاری دا ١ی ئایاری بکرێتە "ڕۆژی خەباتی" سالانەی
بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و
مانگرتن دەستی پێکردووە. بەڵام ھەروەھا ھەر لە دەستپێکەوە لەناو
بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە١ی ئایار ھەبوو: لە فەرەنسە لە ساڵی ١٨٩٢دا
ھەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە
سیباستیان فۆرێ Sebastien Faure، وتی "چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە
نییە، بەڵکو سەکۆیەکی دەستەمۆکراوە بۆ ھەڵبژاردنی دەسەلاتخوازان، تا
لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پارلەمان ھەڵببژێردرێن”. ساڵی ١٨٩٣ لە
کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە مارسێل Marseille جارێکی دیکە
ئاراستەی خەباتکارانی ١ی ئایار وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر
کرایەوە، شتێک کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆشیا دێمۆکرات واوەتر
بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی ١٨٩٦ کاتێک کە ئەندامانی ئەنارکیست لە
نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم
دەرکران، ئەو لێکدابرانە فراوانتر بوو.
ھاوپشتی نێونەتەوەیی لەبری ناسیونالیزمی خۆجێی.
ئەوڕۆکە بۆ زۆرینەی زۆری کرێکارانی کرێکرتە (پابەند بە مووچە)، ١ی
ئایار واتایەکی زۆر نابەخشێت. زۆر دەمێکە چیتر "ڕۆژی خەباتی چینایەتی"
نییە. لەبری ئەوە ١ی ئایار بۆ زۆرێک ھەلێکی گونجاوە بۆ گەشتێکی خێزانی
بۆ ناو سەوزایی (پارک و باخی کەنار شار)، یا لەوانەیە بۆ ڤورست
[قیمەیەکی خۆشەکراوە بۆ برژاندن] خواردن لە جەژنی سەرشەقامی
کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان (DGB). لەوێندەرێ وتاری فریودەرانەی
سەرانی یەکێتییەکان، ئەوانەی کە لەبارەی "ھاوپەیمانی لەپێناو کار "
لەتەک خاوەنکاران وەک پێداویستی و ھەنگاونان بۆ پێشەوە، قسە دەکەن،
پەخش دەکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە سەرانی یەکێتییەکانی (DGB) پارێزگاری لە "ئاڵمانیا” بە
ھەموو ھێزە ناسیونالیستەکانییەوە لەبەرامبەر کێبرکێی وڵاتانی کرێ کەم
(کار ھەرزان)ی ئۆروپای خۆرھەلاتی و ئاسیا، دەکەن. تەنانەت ئەمە واوەتر
دەڕوات، کە (IG BAU ) پێکەوە لەتەک کاربەدستانی گومرگ دەچنە شوێنەکانی
کارکردن (خانوو و تەلارکردنەوە)، تاوەکو کاری تۆمارنەکراو (ڕەش) و
شێوەکانی دیکەی کارکردنی نایاسایی لەناوبەرن. کۆنفیدراسیۆنی
یەکێتییەکانی ئاڵمان لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی ئەندامانی،
بەشێوەیەکی سەرەکی کرێکارانی شارەزا، بە پاراستنی پلەی مووچە و مافی
خانەنشینی، نوێنەرایەتی دەکات. بۆ بەشێکی ڕوو لە زیادی خەڵک، ئەوانەی
کە لە دەرەوەی پلەی مووچە ( ناجێگیر/ نایاسایی)ن، ١ی ئایار بەھیچ
شێوەیەک ڕۆژی پشوو نییە و پاداشتی پشوویان بەرناکەوێت.
شەقام خاوێنگەران، قاپشۆران و سەرپەشتیگەرانی مناڵان و پیران، چایچی و
قاوەچییان، کرێکارانی فەرمانگەکان- بەردەوام زۆتر کارە پێویستەکانی
کۆمەڵگە بەھۆی کرێکاری قەرزکراوەوە (کرێکاری کاتیی وەرگیراو لە
نووسینەگانی کار)، نیوەکاران یا یەک یۆرۆ کارەوە پڕ دەکرێنەوە. کاری
زۆرەملێیانەی دەوڵەتی لەلایەن ARGE (گروپی کار) و فشاری کرێی کەمی
بازارەوە لەشکری "کارکەرانی ھەژار" لە ئاڵمانیا دەسەبەر دەکەن. بۆ
یەکەمین جار پاش دووەمین جەنگی جیھانی دووەمەوە، بەشێکی دانیشتوان
ناچار کراون و خراونەتە ژێر ھێڵی ھەژاری، لەو شوێنانەی کە دەمێکە
"پڕۆلیتاریای بیانی"ی (بە دەربڕینی "یەکێتی پۆلیس") لێیە. بۆ ئەوەی
خەبات دژی وەھا بارێک ڕۆژانە بەڕێبخرێت، ئەرکی یەکێتییەکانە. دەی ئەگەر
DGB نەیکات، ئەوا ئێمە بەخۆمان دەیکەین!
٣٠\٤\٢٠١٢
ماڵپهڕی ههژێن
|