٥\٥\٢٠١٢
بەشێک لە مێژووی
رۆژی یەکی ئایار.
و. لە ئەڵمانییەوە: ھەژێن
-
بەشی دووەم -
چیرۆکی (بەشداریی
کۆمەڵایەتی).
ھاوپەیمانی چینایەتی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان ڕیسا [سوننەتی]
خۆی ھەیە : ساڵی ١٩٢٠ لە کۆماری ڤایمارەرWeimarer دا یاسای شوراکانی
کارخانەی ئیمپراتۆری ئاڵمان پەسەند کرا. پاش جەنگی دۆراوی یەکەمی
جیھانی (١٩١٤-١٩١٨) و شۆڕشی نۆڤەمبەری کرێکاران - و شوراکانی سەربازان
(١٩١٨/١٩) سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانی وەک دەستەبژێری سەروەر خۆیان
سەپاند. ھەر ئەو سۆشیالدێمۆکراتە، ساڵی ١٩١٤ دەنگی بە جەنگی
ئیمپراتۆریی دا، تاوەکو دیسانەوە لەلایەن ھێزە کۆنەپەرستەکانەوە وەک "نانیشتمانی”
سووکایەتییان پێنەکرێت.
ڕابەڕانی پارتی سۆشیالدێمۆکرات ئالمان ئیبێرت Ebert و نۆسکە Noske
دەیانەویست بەشی خۆیان لە ولاتانی داگیرکراو "شوێنێک لەبەر خۆرەتاو"
بپچڕن، لەو ڕووەوە یەکێتییە سۆشیالدێمۆکراتەکانیش لەوپێناوەدا
ئامادەبوون، لە کاتی جەنگی ئیمپریالیستانەدا دەم و دەست و پێ بەستراو
بن. ئەم گونجانە چینایەتییە وەک "ھودنە” بووەتە سیمبوڵی میانجیکاریی و
ھاریکاریی (corporatism) یەکێتییەکان. ئیمپراتۆر (قەیسەری پروس) بە
بەفەرمیناسین لە "یاسای کۆمەکیی خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان"ی ١٩١٦دا
سوپاسگوزاری کردن. لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان
ئەنجومەنی ناوەندیی کار (ZAG) لەتەک پیشەسازیدا سەرلەنوێ لە سالانی
١٩١٨ تا ١٩٢٤ گیانی سازشکارانی تەبایی چینایەتی یەکێتییەکان خۆی
دەردەخاتەوە.
ڕۆژی پشوو و ڕەشەکوژی:
١٩١٩
لەتەک سەرکەوتنی سۆشیالدێمۆکراتی لە کۆماری ڤایمەر Weimarer دا، ساڵی
١٩١٩ ئیتر ڕۆژی ١ی ئایار کرا بە پشوو "ڕۆژی جەژنی نیشتمانی". بۆ ئەوەی
چیتر یاداوەری کوشتاری مانگرتنە جەماوەرییەکەی ١٨٨٦ لەپێناو ٨ کاتژێر
ڕۆژانەکاردا، نەبێت. سۆشیالدێمۆکراتەکان دەیانویست پشوویەکی یاساییانەی
دەوڵەتیی، وەک "باڵاترین ئامانج پاراستنی کرێکاران و ئاشتی جیھانیی
ھەمیشە دابینکراو” نیشان بدەن. دەبوو ئەمە ببێتە "ئامرازێک بۆ یەکگرتن
و تەبایی تەواوی گەل".
لە یەکەمین ١ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی ١٩١٩دا کۆماری شۆڕشگێڕی میونیخ
(Münch) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران.
ھەزاران زیندانی کران و بە کوشتن یا زیندانی ھەمیشەیی سزا دران.
سۆشیالدێمۆکراتی ترسی ئەوەی ھەبوو، کە لە ساڵانی داھاتووشدا ئەم ڕۆژە
دووبارە ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەک کرێکاراندا. ھەر
لەبەرئەوە ئەو "ڕۆژی جەژنی نیشتمانی"یە دەستبەجێ ھەڵوەشێنرایەوە، بەڵام
سەرەرای ئەوەش لە زۆر بەشی (کۆماری ڤایمەر)دا ڕۆژی ١ی ئایار بە ڕۆژی
پشوو مایەوە.
لە ئەپڕیڵی ١٩٢٠دا میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات ڕێگەی دا بە کۆمەکی ھێزی
پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی
ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕ بکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد. ئەو
ھێزە سەربازییانەی، کە "لەپێناو قەیسەر و نیشتمان" شۆڕشی نۆڤەمبەری
١٩١٨یان سەرکوتکرد، سەرلەنوێ بە چاوپۆشی میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات،
بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانیان خەڵتانی خوێن کرد. بەڵام
سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانیان لەو ئاستەدا نەبوون ئەزموون وەبگرن و
بەر بە ھەڵکشانی سۆشیالیزمی نەتەوەیی بگرن.
لە ساڵی ١٩٢٤ەوە خۆپیشاندانەکانی ١ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە)
قەدەخە بوون، لەبەرئەوە لەو سالانەدا ھیچ شتێکی ئاوا نەھاتووەتە ڕوودان.
ساڵی ١٩٢٩ لە وەھا بارێکدا سەرۆکی پۆلیسی بێرلین Zörgiebel خۆپیشاندانی
١ی ئایاری سەرکوت کرد، بۆ ئەوەی بەر بە مانگرتنی ڕۆژی ٢ی ئایار، کە
پارتی کۆمونیستی ئاڵمانیان (KPD) رایگەیاندبوو، بگرێت. لە (بەرلین)
پایتەختی پروس، لەوێ کە ١ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی دەوڵەتی
نیشتمانی ئاڵمان)ەوە ئەم ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی ٨ ھەزار کرێکار لە
گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆپیشاندانی ١ی
ئایاریان بەرپاکرد. ھەرچەندە کە پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان تەنیا
خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناو ھۆڵەکان بوو، سۆشیالدێمۆکراتیک
کوژرا، لەسەر ئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرەکەی دابخات. سەرۆکی
پۆلیس Zörgiebel ی سۆشیالدێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو
ڕۆژی دواتردا ھەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتنی بە چەکی قورسی
وەک دۆشکە سەرکوت کرد. ٣٠ کەس لە نزیکەی ٢٥ ھەزاری خۆپیشاندەری بێچەک
کوژران و سەدان کەسیش بریندار کران.
سۆشیالدێمۆکراتی و کۆنفیدراڵی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB).
شالیاری کاری ئەوسای ولات تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری
"دێمۆکراتی ئابووری"ی بۆرجوازی) لە ساڵی ١٩٢١ەوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی
گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی "ڕێکخراو،
خۆپیشاندان نییە!” لایپارت ھەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر
نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرھەڵستی دژە فاشیستانەی
کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت.
پاش دەسەڵاتسپاردن بە سەرۆکشالیارانی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان ئادۆلف
ھیتلەر Adolf Hitler لە ١٩٣٣دا، لایپارت ھەوڵێکی ناکامی دا
یەکێتییەکانی ئاڵمان بداتە پاڵ میرایەتی یاسایی نازی. لە ترسی
لەنابردنی یەکێتییەکان، ئەو لە دژی ڕامیاریی مانگرتنی جەماوەری لە
قسەکردن بەردەوان بوو و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی زارەکی و بێلایەنیی
ڕامیاریانەی پارتیی، پشتی تێکرد.
دیکتاتۆری نازیی و کولتوری کار (کارپەرەستی).
لە ١٩. ئەپڕیڵی ١٩٣٣دا کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان ADGB
ڕایانگەیاند، ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لە جەژنیی
دەوڵەتیی ئایاردا بەشداری بکەن. کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی
ئاڵمان داوای لە دەوڵەت کرد، کە "ھێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێک لە
دەوڵەت”ی پارتی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (سۆشیال نەتەوەیی). لە ١ی
ئایاری ١٩٣٣دا بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەک نازییەکان بەکردەوە
ڕێپێوانیان کرد. لە بێرلین لەبەردەم یەک ملیۆن ئاڵمانیدا ھیتلەر
ڕایگەیاند "سیمبولی خەباتی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی
بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی
نەتەوە”. ئیتر دژە جولەکەبوون و دژە کۆمونیستبوون کرانە ئایینامەی
دەوڵەت.
لە ڕۆژی دووەمدا (٠٢.٠٥.١٩٣٣) نازییەکان بەھۆی "کۆمیتەکانی چالاکی بۆ
پاراستی ھێزی کاری ئاڵمانی- Aktionskomitee zum Schutze der deutschen
Arbeit"ەوە کۆمەڵە کرێکارییەکان، بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستیان
بەسەردا گیرا و سەرانی یەکێتییەکان (وەک تیئۆدۆر لایپارت) لە "زیندانی
چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجە دران و ھەندێکیان کوژران.
ناسیونال سۆشیالیستەکان (نازییەکان) لەڕێی زۆرەوە خەباتی چینایەتییان
لەنێوبرد و بە "تێکۆشانی نەژادی"ی جێگەیان گرتەوە. لەجێی بەشداریی و
دەنگداریی کرێکاران لە کارخانەدا، "رابەری کارخانە" و "بەرەی کاری
ئاڵمان(DAF) "یان دانا. ھەموو کرێکاران وەک "وەفاداری" کرانە ئەندامی
زۆرەملێیانەی بەرەی کاری ئاڵمانی (DAF) و ئەنجومەنە سەرتاسەرییەکانی
کرێکاران و کارمەندان کرانە یەکێتی یەکەیی [تاک یەکێتی - single
union].
مافی مانگرتن ھەڵوەشینرایەوە و دەبوو "بڕواپێکراوانی کار- Trustees of
the work” وەک میانجیکار لە مشتومڕەکاندا ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان
خاوەنکار و ھێزی کرێکاراندا لە شوێنەکانی کاردا دابین بکەن. دەبوو
ھەموو ساڵێک بۆ ١٢ مانگ ١ی ئایار ناو بنێن و ڕاستەوخۆ لەژێر فەامانی
شالیاریی کاری دەوڵەتی ئاڵماندا بوون. “ڕۆژی خەباتی چینی کرێکار" ی
جاران کرابووە سیمبوڵی "کاری داھێنەرانە” وەک "نیشانەی ھاوپشتی
نەتەوەیی" لە "شۆشیالیزمی نەتەوەیی"دا.
لە ساڵی ١٩٣٤ەوە ١ی ئایار چیتر ھیچ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکارەوە
نەمابوو و ناوی نرا بوو "ڕۆژی پشووی نیشتمانی نەتەوەی ئاڵمان”. دەبوو
بە ڕازاندنەوەی درەختی ئایاری maypoles ، گۆرانیبێژیی، کاروانی ترومبێل
و ڕپێوانی سەربازیی،١ی ئایار وەک جەژنی نەتەوەیی بێتە بەشی سەرەکی لە
ئایدیۆلۆجی شۆشیالیزمی نەتەوەیی (NS). لە زۆر شوێندا وەک
لاساییکردنەوەی پێشەنگیی بێرلین لە ١ی ئایاری ١٩٣٣دا، تەنانەت درەختیان
دەچاند، ئەوەی کە پێیان دەوت "داربەڕووی ھیتلەر”. ھاوکات نازییەکان بە
تیرۆر و ڕاونان پاشماوەی بزووتنەوەی کڕیکاریی (ئاڵمانیا و نەمسا)یان
سەرکوتکرد. زۆرێک لە ئوردووگەکانی قەڵاچۆکردندا لەتەک جوولەکەکان و "ناکۆمەڵایەتییەکان
- Asozialen (لە ڕوانگەی نازییەکانەوە)” بەھۆی کاری زۆرەملێوە لەناو
بران. بەڕێکەوت نەبوو، کە لەسەر دەرگەی ئوردووگەی قەڵاچۆکردنی داخاو
Dachau ، دروشمی : “کار مرۆڤ ئازاد دەکات - !Arbeit macht frei”
نووسرابوو. ئەم بارە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە ھێزەکانی بەرەی دژ
لەپێس ھەموویانەوە یەکێتی سۆڤیەت و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە
٨ی مای ١٩٤٥دا کۆتایی بە دیکتاتۆریی سۆشیالیزمی نەتەوەیی دەھێنن.
یەکی ئایار پاش ١٩٤٥.
لە ساڵی ١٩٤٦دا ١ی ئایار وەک ڕۆژی پشوو لەلایەن ھێزەکانی
ھاوپەیمانانەوە بە فەرمی ناسرا. بەڵام ھێشتاکە دەتوانرا بانگەواز و
کۆبوونەوە ئایارییەکان بەرتەسک بکرێن. ئەمڕۆکە لە ئاڵمانیا یەکی ئایار
ڕۆژی پشووی یاسایی و پاڕێزراوە. لە ڕووی یاساییەوە پرسێکی ھەرێمییە، بۆ
نموونە لە ھەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستفالن NRW ئەم ڕۆژە ناوی " ڕۆژی
پابەندبوونە بە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تەبایی
نێونەتەوەیی و ڕێزی مرۆڤایەتی".
لە دەوڵەتەکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی خۆرھەڵاتیدا، ڕۆژی یەکی
ئایار وەک "خەباتی نێونەتەوەیی و ڕۆژی پشووی خەڵکی کرێکار بۆ ئاشتی و
سۆشیالیزم" لەلایەن فەرمانڕەوایە مارکسیست-لێنینیستەکانەوە دیاری
کرابوو. بەشداریکردن لە ڕێپێوانە سەربازییەکاندا بە بەردەم ڕیزی
ئەندامانی پارت و میوانەکانیاندا، ئەرکی بێچەندوچوونی کرێکاران و
خوێندکاران بوو. وەک سیمبولی ١ی ئایار گوڵەمێخەکێکی سوور پێشکەش دەکرا
یا وەک یاداوەریی سەرکوتکرانی بزووتنەوە کرێکارییەکان دادەنرا.
یەکی ئایار وەک نیشانەی دژەکۆمونیستانەی خۆرائاوا.
پاپ پیوسی دوازدەھەم Pius XII کە لەسەردەمی کارگێڕییەکەیدا لە ساڵی
١٩٣٩وە بەبێ ڕەخنە چاوپۆشی لە فاشیزم کردبوو، لە ساڵی١٩٥٥دا ١ی ئایاری
وەک یاداوەری یوسفی پیرۆز (باوکی عیسی) ڕاگەیاند، کە گوایە دارتاش بووە.
لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست]ەوە لە بێرلین-ی
خۆراوایی (BRD) یەکی ئایار بووەتە سیمبولی جەنگی میلیشیایی
سەرشەقامەکان لەنێوان ئۆتۆنۆمەکان [خودموختارەکان] و پۆلیس. کە تێیدا
سەنگەربەندی جەنگ و زیانگەیاندن، بەشێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکی
کرۆیتسبێرگ Kreuzberg ڕوودەدەن، ھەروا بەرادەیەک دانیشتوانی ئەو گەڕەکە
و کەسانی دیکەی کە لە شوێنەکانی دیکەوە ھاتوون، چالاکانە بەشداری تێدا
دەکەن. بەزۆری ئێوارە خۆپیشاندانی چەپە رادیکاڵەکان، ھەل بۆ توندوتیژی
پۆلیس و پێکدادانەکانی دواتر دەڕەخسێنن.
لە ساڵی ١٩١١ەوە لە ھەندێک شاری ئۆروپیدا ڕێپیوانی "ڕۆژی ئایاری ئۆروپا-
EuroMayday ” وەک ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی
کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانDGB بەرپا دەرکرێن. چالاکان دەیانەوێت
لە وێنای ڕیزبەندی ڕەش و ئاھەنگگێران بە پاپموزیک و پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی
بەرھەڵستکاری کرێکارانی ناڕێکخراو و ناجێگیر، دووری بگرن.
ئەورۆکە لە ئاڵمانیا، نەمسا و بەشێکی سویسرا ١ی ئایار ڕۆژی پشووی
فەرمییە، ھەروەھا لە وڵاتانی وەک برازیل، چاینا، فینلەند، فەرەنسە،
یۆنان، ئیتالیا، مەکسیکۆ، کۆریای باکووریی، پۆتوگال، ڕوسیا، سوید،
تایلاند، تورکیە، عیراق و ھەدێک وڵاتی دیکە پشووی فەرمییە. سەرەرای
ئەوەش ھێشتاکە لە ھەندیک وڵاتدا خۆپیشاندانە ئایارییەکان قەدەخە دەکرێن
و بۆ سەرکەوتیان ڕێگە بە توندوتیژی پۆلیس و گرتن دەدرێت. بەڵام زۆربەی
خۆپیشاندانە ئایارییەکان لەژێر کارایی بزووتنەوەی سوونەتیی کرێکاران و
کۆمونیستەکان و بەرادەیەک پارتە سۆشیالدێمۆکراتەکاندا، لەناو ڕامیاریی
نوێنەرایەتی و پارەلەماندا خۆیان گونجاندووە.
ئەوڕۆکە چیتر "بازرگانەکان و پێشڕەوانی بازار”، بۆ ئەوەی کرێکاران
ئارام و خاو بکەنەوە، پێویستیان بە ١ی ئایار نییە. ئەو کارە یەکە
یەکێتییەکان [یەکێتییە پیشەییەکان]ی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمان
DGB خۆبەخۆیی ئەنجامیان داوە. ھەردەم بەردەام ھەوڵ دراوە، ١ی ئایار وەک
پشووی فەڕمیی ھەڵوەشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەشدا وەک ئاسایی و بەبێ
پاداشتی زیادەی کار، کار بکرێت.
بەڵام چ پشوو بێت یان نا: ئەوە تەنیا مانگرتنی ھاوپشتی، بایکۆت و
خەباتی ڕاستەوخۆن، کە ھەموو ڕۆژیک دەکەنە ١ی ئایار!
____________________________________________________________
سەرچاوەکان:
- ھافبرۆد،
مایکڵ : “مانگرتنی گشتی، ٨ کاتژێر ڕۆژانەکار و یەکی ئایار. گەنجینەی
بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کرێکاری"، ئامادەکردنی بلاکبۆکس ، بیلیفیلد ١٩٩٧.
Halfbrodt، Michael: „Generalstreik، Achtstundentag
und Erster Mai. Ein Kapitel aus der radikalen Arbeiterbewegung“،
Edition Blackbox، Bielefeld
1977
- کاراسێک،
ھۆرست: “ھایمارکت، ئەنارکیستە ئاڵمانەکانی شیکاگۆ. وتە و ژیاننامە.”
جاپکراوی کلاوس ڤاگنباخ، بێرلین ١٩٧٣.
Karasek، Horst (Hg.): "Haymarket. Die deutschen
Anarchisten von Chicago. Reden und Lebensläufe." Verlag Klaus
Wagenbach، Berlin 1973
ماڵپهڕی ههژێن
|