بەشى چوارەم لە:
چەند هەناسەیەکى
ئاشقانە .

هۆشەنگ شێخ محەمەد
لەبارەى فانتازیاوە
عەشق رەنگە موعجیزە خەلق بکات، بەڵام خۆى هەرگیز موعجیزە نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە شەڕى گەورە بە مرۆڤ بکات، بەڵام خۆى جەنگ نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە سەفەرى زۆر درێژ بە مرۆڤ بکات، بەڵام خۆى سەفەر نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە رەنگاورەنگینترین خەونت پێ ببینێت، بەڵام خۆى خەون نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە قوڵترین گەڕانت پێ بکات، بەڵام خۆى گەڕان نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە خوێناویترین چارەنووست بداتێ، بەڵام خۆى چارەنووس نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە هەموو قەدەرەکانت بێنێتە رێ، بەڵام خۆى قەدەر نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە گەورەترین درۆت پێبکات، بەڵام خۆى درۆ نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە بتکاتە پاڵەوان، بەڵام خۆى پاڵەوانییەتى نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە هەموو شتێکت لێ بستێنێ، بەڵام خۆى کارەسات نیە.
* * * * * * *
عەشقە رەنگە بشتکوژێ، بەڵام خۆى چەک نیە.
* * * * * * *
عەشق رەنگە هەموو شتێکت بداتێ، بەڵام خۆى بەخشین نیە.
* * * * * * *
عەشق فانتازیایە، بۆیە نابێتە واقع، ئەکرێت واقعى خۆت تێکەڵى فانتازیا
بکەیت، لێ ناکرێت فانتازیا تێکەڵى واقع بکەیت، عاشقبوون، گەیشتنە بە
فانتازیا، نەک بە واقع.
* * * * * * *
عەشقت تێکەڵى واقع مەکە، خۆت فڕێدە ناو فانتازیا.
* * * * * * *
بڕوامەکە عەشق سەختتر بێت لە خەیاڵ و لە جەنگ.
* * * * * * *
بڕوا مەکە عەشق ریسوا، یا نابووتت بکات.
* * * * * * *
عەشق جنایەت و قەتل و دڵ کون کردن و جەرگ سووتان نیە.
* * * * * * *
عەشق نە ئاگرە بتسووتێنێ و نە ئاوە بتخنکێنێ.
* * * * * * *
گریان و ئێش ، لە فەرهەنگى عەشقدا وشە نین، بەڵکو ئاماژەن.
* * * * * * *
لە عەشقدا رەخنە لە ژیان ناگیرێت، بەڵکو رەخنەگرانە ژیان ئەکرێت.
* * * * * * *
لە عەشقدا شەڕ لەگەڵ دنیا هەڵناگیرسێت، بەڵکو جەنگاوەرانە دەستوورێکى
نوێ بە دنیا ئەبەخشرێت.
* * * * * * *
لە عەشقدا ململانێ لەگەڵ گەردوون ناکرێت، بەڵکو شەڕکەرانە ئەخلاقێکى
نوێ بە ماهییەت ئەبەخشى.
* * * * * * *
لە عەشقدا مرۆڤ لە هەڵوێست ناگەڕێت لەبەرامبەر دنیادا، بەڵکو عاشقانە
لە دنیادا هەڵبژاردن ئەکات.
* * * * * * *
ژیان تەنیا هەڵوێست نیە، ئەگەر نا عاشقەکانیش پەشیمانبوونەوەیان ئەناسى!
* * * * * * *
دنیا تەنیا جەبر نیە، ئەگەر نا عاشقەکانیش بڕوایان بە مێژوو ئەبوو!
* * * * * * *
دنیا تەنیا ئەخلاق نیە، ئەگەر نا عاشقەکانیش بڕوایان بە دین ئەبوو!
* * * * * * *
ژیان تەنیا عەشقیش نیە، ئەگەر نا عاشقەکانیش بڕوایان بە هەقیقەت ئەبوو!
* * * * * * *
ژیان تەنیا جوانى نیە، ئەگەر نا عاشقەکانیش بڕوایان بە راستى ئەبوو!
* * * * * * *
دنیا تەنیا خوا نیە، ئەگەر نا عاشقەکانیش بڕوایان بە یەقین ئەبوو!
* * * * * * *
ژیان تەنیا راستى نیە، ئەگەر نا عاشقەکان نەیانئەتوانى درۆ بکەن!
* * * * * * *
ژیان تەنیا درۆش نیە، ئەگەر نا عاشقەکان نەیانئەتوانى بڕوا بە فانتازیا
نەکەن!
* * * * * * *
ژیان تەنیا شعریش نیە، ئەگەر نا عاشقەکان نەیانئەتوانى بڕوا بە
تراژیدیا نەکەن!
* * * * * * *
ژیان تەنیا تراژیدیاش نیە، ئەگەر عاشقەکان بڕوایان بە شعرییەتى عەشق و
دنیا نەبا.
* * * * * * *
عاشقبوون لە رەهەندێکییەوە، شعرە. شعریش لە رەهەندێکیەوەتراژیدیایە بۆ
خوا و دنیا و ژیان. ژیان خوا و شعر و عەشق و دین و شتەکانى دیکە لە خۆى
ئەگرێت، ئەو شتانەش لە ناو خۆیاندا بەشێکى ژیان پێکئەهێنن، جیاوازى
عەشق لە بابەتەکانى دیکەدا ئەوەیە، ئەکرێت ژیان بکاتە شعر ، بکاتە
تراژیدیا، بکاتە فانتازیا.
دیتنى عاشقانە، بینینێکە ژیانەوەریانە، تراژیدییانە، شعرییانە، کە بە
شێوەیەک، ژیان لە عەشقدا ئەبێتە ئاماژە، نەوەک مانا و جوانى.عەشق
نابێتە دنیا.بەڵکو تەنیا ئاماژەیە. هەروەک شعر. عاشق شعرە، نەوەک شاعر،
عەشقیش شاعرە نەوەک شعر.
بەکورتى عاشق بوونەوەرێکى فانتازیە لە ژیاندا. بۆیە ناکرێت نە عاشقێک
بگریت و نە ناسنامەکەى ببینیت!
* * * * * * *
تۆ جەنگ و جەنگاوەرت هەیە، ئەوەى بەها بە جەنگ و جەنگاوەر ئەبەخشێت
خوێنڕشتن و کوشتنە. بێ خوێن و کوشتن، جەنگاوەر و جەنگ بێ بەهان.ئەوە
بەهاى مێژووە.
تۆ شعر و شاعیرت هەیە، زمان بەها بە شعر و شاعیر ئەبەخشێت، بێ زمان شعر
و شاعیر نین، ئەوە بەهاى ئەدەبە.
تۆ عەشق و عاشقت هەیە، بێ جەستە و ئەقڵ و سۆز و روح و فانتازیا، عەشق و
عاشق نین، ئەوە بەهاى عاشقانەیە.
بەڵام رەنگە تۆ لە جەنگدا بێ کوشتن و خوێنڕشتنیش ببیتە جەنگاوەر، بێ
زمانیش ببیتە شاعر، لێ بێ جەستە و ئەقڵ و سۆز و روح و فانتازیا،زەحمەتە
بگەیتە عاشقبوون.
ئاسانە، تۆ بێ جەنگیش لە ناو مێژوویت، بێ نووسینیش لە ناو ئەدەبیت، لێ
بێ فانتازیا لەناو عەشق نابیت.
* * * * * * *
ئەکرێت بە ئاسانى جەنگێک بۆ مێژوو بەرپاکەیت، بە شعرێک شۆڕشێک لە
ئەدەبدا بەرپاکەیت، لێ بێ فانتازیا سەختە عەشق بەرپاکەیت.
عەشق بەرپاکردن نیە لە شێوەى دنیا، بەڵکو بە فانتازیاکردنى مێژوو و
ئەدەب و دنیایە.
* * * * * * *
عاشقبوون بەرپاکردنى خۆتە، لەناو فانتازیادا.
* * * * * * *
|