په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

بەشى سێیەم لە:                                     

چەند هەناسەیەکى عاشقانە .


هۆشەنگ شێخ محەمەد

لە بارەى ئاوێنەکانەوە .
 

دوو مێروولەى رەش، ماوەیەکى زۆر بە عەشقەوە پێکەوە ژیانیان ئەکرد، لە رۆژێک لە رۆژەکاندا یەکێک لە مێروولەکان هەستى بە تەنیایى و بێتاقەتى و بێزارى کرد لە عاشقەکەى، بۆیە دەستى بەوە کرد بە شتێکى دى، یان مێروولەیەکى دى ئەو تەنیایى و بۆشاییانە پڕکاتەوە کە هەستییان پێ ئەکات. رۆژێکیان تووشى مێروولەیەکى رەنگ سوور بوو، زوو هەستى کرد، ئەو مێروولە سوورە ئەو مێروولەیەیە بتوانێت تەنهاییەکەى بکوژێت و کاروانى عەشقێکى نوێى لەگەڵدا بگرێتە بەر، بۆیە بە مێروولە رەشەکەى گووت: من تۆم ناخۆش ناوێ ، مێروولە سوورەکەم خۆشئەوێ؟! مێروولەى رەش کەوتە بیرکردنەوە و زۆر شتى بە مێشکدا هاتن، لەوبیرانە:
بیکوژم، ئاوێنەیەک وێنەى قاتلێکى پێ نیشان دا.!
تف بکەمە ناو چاوییەوە و بە جێى بێڵم، وێنەى جەلادێکى لە ئاوێنەکەدا دیتەوە!
رقم لێى ببێتەوە، وێنەى دەعبایەکى لە ئاوێنەکەوە دى!
لە کۆتاییدا گووتى هەرسێکمان ئازادین، من عاشقتم و لێشت ناپاڕێمەوە عەشقم بدەیتێ، ئەگەر دوودڵ و راڕا نیت و پێت وایە عاشقى، هەموو رێگاکان لەبەر هەرسێکمانەوە کراونەتەوە.هەر کەسە و رێگەى خۆى ئەبڕێت، من و تۆ و ئەو، ئەوە ئەمێنێتەوە، ئەوەى رێگەى عەشق بێت لە سوچێکدا بەیەک ئەگەنەوە. لەو دەمەدا ئاوێنەکان وێنەى عاشقێکیان نیشاندا، دلخۆش بوو بە وێنەکەى و رێگەى خۆى گرت، زۆرى پێنەچوو، بینى لە رێیەکدا ئەڕوا، ئاوێنەیەک نیشانى دا دەستى لەدەستى مێروولە رەشەکەیدایە، گووتى: (هەى رەشى پیس، بۆ دواکەوتى؟!)

*     *    *    *    *    *
 

- ماندوونەبووى ئەوەندەى ئەو ئاوازانە بۆ من بچڕیت؟ شالوورێک،بەوەى ترى گووت.
- نا بۆ ماندیبم؟ من کارم چڕینى ئاوازە بۆ دەسگیرانەکەم.
- ناترسیت رۆژێک بێت تۆ لە ئاواز چڕین بوەستیت؟
- با زۆر ئەترسم.
- ئەى چى ئەکەیت، تا ئەو رۆژە نەیەت، سەفەر ئەکەیت، یان لە شالوورە گەورەکانەوە هەمیشە فێرە ئاوازى نوێ ئەبیت؟
- نە سەفەر ئەکەم و نە لەشالوورەکانى دیکەوە فێر ئەبم. بەڵکو لە تۆوە هەمیشە ئەبێت ئاوازێک بدۆزمەوە و بیچڕم.
- ئەى ئەگەر من تاقەتم نەما گوێت لێبگرم؟ ئایا چى ئەکەى بەدواى شالوورێکى دیکەدا ئەگەڕێى گووێت لێبگرێ؟
- بێدەنگ و بێ ئاواز سەمات بۆ ئەکەم.
- ئەى ئەگەر لە سەماکەشت بێزار بووم؟
- دەست بە شعر گووتن ئەکەم .
- ئەى ئەگەر لە شعرەکانیشت تێربووم.
- دەست ئەکەم بە تابلۆ کێشان و بە رەنگەکانى هەر چوار وەرزى ساڵ وێنەت ئەکێشم.
- ئەى ئەگەر لە تابلۆکانیشت تاقەتم چوو؟
- دەست ئەکەم بە رۆمان نووسین.
- ئەى ئەگەر تاقەتى خوێندنەوەیانم نەبوو؟
- فێرە بێدەنگى ئەبم.
- ئەى ئەگەر لە بێدەنگیت بێتاقەت بووم؟
- کەواتە چاوەڕێ ئەکەم تا شتێکى تر ئەدۆزمەوە پێیەوە دڵخۆش بى.
- ئەى ئەگەر من تاقەتى چاوەڕێکردنم نەبوو؟
- لە دڵتدا گۆڕێک لێئەدەم و خۆمى تێدا ئەنێژم.
- ئەى ئەگەر دڵم نەیویست گۆریشت پێ ببەخشێ؟
- تۆ وا ئەکەى لە پێست و پەڕ و باڵى خۆم دەرچم!
- ئا عەشق لە پەڕو باڵ دەرچوونە.
- کەواتە ئەبێت لە پەڕ و باڵ دەرچم، بەڵام چۆن؟
- ئەوەیان کارى منە تۆ بیرى لێمەکەوە!
- تۆ چۆن ئەوە ئەکەیت؟
- ئەوەشیان کارى تۆیە لە من مەپرسە!

*     *    *    *    *    *

شەهێنێک بڕى بە چ بەرزاییەک نە ئەشکا بۆ ئەوەى هێلانەکەى تێدا دانێت. تەوارەکەى پێى گووت ئەو لانەیە بۆ وا بڵند بێت؟
- تا لە بڵندترین پنتى ئاسمانەوە تەماشاى زەوى بکەین؟
- بەڵام من نامەوێ ماڵم لە ئاسمان بێت.
- بەڵام من ئەمەوێت پێکەوە لە ئاسمان بین.
- شەهێنەکە تا لانەکەى لە ئاسمان دامەزراند، هەموو هێز و تواناى خۆى بەکارهێنا و لانەکەى ئەوەندە گەورە نەبوو جێگەى هەردووکیان تێدا ببێتەوە.گووتى تاقەتم نیە لەوە زیاتر گەورەى بکەم، سەفەرى ئاسمان و زەوى بڕستى لێ بڕیم.
- تەوارەکە گووتى چى بکەین؟ تۆ نایەیتەوە سەر زەوى و هێلانەکەشمان بەشى هەردووکمان ناکات. ئەگەر بە تەنیا لەوێ بین، ئەوە هەر یەکەمان کاتێک لەوێ بەتەنیایى بەسەر ئەبات و ئەوەى دیکەش لە چیادا هەر تەنیایە، کەواتە هەردووکمان تەنیا ئەبین؟
- بووە مشت ومڕیان، دوایى شەهێنەکە گووتى، ئاسمان بۆ من و چیا بۆ تۆ.
- تەوارەکە گووتى، تۆ ئاسمان ئەبەیتەوە و منیش چیا.لێ هەردووکمان عەشق ئەدۆڕێنین.
شەهێنەکە لە شەققەى باڵى دا و بەرەو ماڵەکەى لە ئاسمان بەرزبۆوە. تا لە چاوان بزربوو. تەواریش گەڕایەوە هێلانەکەى لەسەر چیا.
دواى رۆژگارێک، شتێک لە ئاسمانەوە بەربۆوە ناو لانەى تەوارەکە، شەهێنێکى پیر و کەنەفت و ماندوو،
تەوارەکە گووتى: لە کوێوە دێى؟
-لە ئاسمانەوە تەوارە جوانەکەم، لە ئاسمان.
-لەوێوە تێر تەماشاى زەویت کرد؟
-زۆر بڵندبوو، زەویم لێ دیار نەبوو.
- ئێ وایە لە پپێناو بەدەستهێنانى شتێک ئەبێت شتێکى دى بدۆڕێنێت.
- ئەبوایە لە پێناو زەویدا لەسەر خاک نیشتە جێبام، نەوەک لە ئاسمان.
- لە پێناو عەشقى زەویدا ئاسمانم دۆڕاند، لە پێناو ئاسمانیشدا زەویم دۆڕاند.
- من و تۆش لە زەوى و خاک ئەچین، پێکەوە لە ناو لانەیەکدا جێمان نەبۆوە.
- ئێستا پیرم و ئەبینم، عەشق دەریا نیە، دەریا مەحکومە بە کەنار. عەشق چیا نیە، چیا مەحکومە بە بەرزایى، هەموو شتەکان سنووریان هەیە، سنوورێک بۆ دیتن، بۆ درێژبوونەوە، ماوەیەک خاوەن زەوى بووم، ماوەیەک خاوەن ئاسمان بووم.
- من لەناو قەدى چیاوە ئاسمان و زەویم ئەدیت، بۆیە من زووتر تێگەیشتم کە زەوى ئەدۆزییەوە، ئاسمان ئەبینى. بەڵام عەشق ، عەشق ئەى پیرى کەنەفت، نە لەزەوى بوو نە لەئاسمان؟!
- من دڵم دا بە ئاسمان و تۆش بە چیا.لەوناوەدا عەشقمان بزر کرد.
- ئەى ئێستا چۆن بیبینینەوە؟
- من تەماشاى دڵى خۆم ئەکەم و تۆش تەماشاى جەستەت بکە.
هەردووکیان چاویان داخست و وێنەى ئاسمان و زەوى و دەریا و زەریا و چیا و دارستانەکانیان ون کرد. پێکەوە بوون، لە خاکێکدا ئاسمانێکى شین و دارستانێکى سەوز و زەریایەکى تەڕ و چیایەکى پڕ لە هێلانەیان ئەنەخشاند.
- تازە تێگەیشتم، فڕین بەدواى عەشقدا، چ گەمەیەکى خەسارە. تازە تێگەیشتم چەند پێویست بوو عاشقانە فڕیبام، عاشقانە بەرەو ئاسمانەوە چووبام، عاشقانە نیشتبامەوە، عاشقانە بە زەوى و ئاسمانەکانەوە وەرببام.
- یەعنى چى ئەى پیر، عەشق حیکمەتە؟
- نا عەشق حیکمەت نیە، بەڵام عاشقەکان حەکیمن.
- چۆن؟
- حەکیم لە عەشقدا ئەوەیە، حیکمەت بە زەوى و ئاسمان نافرۆشێت.خۆى بە ئاسمان و زەوییەوە سەرقاڵ ناکات. بەڵکو هەموو شتەکان بە عەشقەوە سەرقاڵ ئەکات. من ئەبوایە سەرقاڵى ئاسمان و زەوى و تۆش نەبام. بەڵکە ئەبوایە ئێوەم بە خۆوە سەرقاڵ کردبا.
تەوارەکە چاوەکانى کردنەوە و گووتى: ئاوێنەکە درۆ ناکات، تۆ ئێستا عاشقیت.