په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٢\٢٠١٦

بە تەڵاقی ''قاچاخچی'' بڕوا نەکەن.

شوان سديق       


کۆچ و ھەڵھاتن. لە کۆمەڵگاو دەسەڵات بەھۆی ھۆکارە نالەبارەکانی ژیان بەردەوامی ھەیە دیارە کۆچ بەھیوای گەیشتنە بەژیانێکی باشتر گەیشتنە بە خەون, گەیشتنە بەو ھیوایەی کە مرۆڤ لە زیدی خۆی بەدەستی نەھیناوە. ئیدی ئەمەش ھۆکاری خۆی ھەیە بۆیە دەیەوێ لە شوینیکی دی بەدەستی بھێنیت. ئەم بەدەست گەیشتنەش وەھا ئاسان نیە دەشێ مرۆڤ ھەوڵی بۆ بداو پشو درێژ بێت. دەنا ھەموو ماندی بوونەکەی بەفیڕۆ دەڕوات.


لە ئان و ساتی ئیستا خەڵک لە ھەرێمی کوردستان بە لێشاو روودەکەنە ھەندەران, دیارە بە ڕێنوێنی خەڵکانی شارەزا ئەو خەڵکانەش پیان دەگوترێ قاچاخچی.


ئەم جۆرە کەسانە بۆ گەیشتنی پەنابەران تا شوێنی مەبەست دابەش بوونە بەسەر چەندین گروپ و کەسدا لە شێوەی باند ھەندیکیان لە ھەرێمی کوردستانن. ئەو کەسانەی دەیانەوی سەفەر بکەن قسە لەگەڵ قاچاخچی کوردستان دەکەن, پاشان بەڕێیان دەکەن. بۆ دەرەوە یان لە وڵاتانی دراوسێی عیراق یەک دەبینن. بەتایبەتی تورکیا وەک دەروازەی ئەوروپاو رۆژئاوا.


ئاشکرایە قاچاخچی کوردستان لە ناوەوەی ھەرێم کاروباریان بە نھێنی نییەو زۆریش شوێن و ناونیشانیان دیارە. بەپێچەوانەوە ھەیانە سەر بە حزب و دەزگا ئەمنییەکانیشن. لەلایەن کەسانی بەرپرس سەرۆک عەشیرەت و خەڵکانی دەستڕۆیشتو ھاوکارییان دەکرێ.


ئەم قسانەی من تۆمەت نیەو دەزگا ئەمنییەکان خۆیان لە ئیمە باشتر دەزانن. بەڵام دیارە سیاسەتی ھەرێمی کوردستان. ئەوھایە نایەوێ ڕیگری لە چوونی ھاوڵاتیان بکەن بۆ دەرەوە, بۆیە کەسانی قاچاخجی بەئاشکرا کاری خۆیان دەکەن.


بەپێی نوێترین ئامار لەسەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەس گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا ھەروەھا نزیکەی ٢٤٠ کەسی تری کۆچبەر لە رێگای قاچاخ و دەریای ئیجەی نێوان تورکیاو وڵاتی یۆنان مردوون. دیارە لە ئاماری دەربازبوان و ئەوانەش مردوون, ھاوڵاتیانی کوردی ھەریمی کوردستانی تێدایە.


بابینە سەر کەسایەتی قاچاخجی و وەعدو بەڵێنەکانیان. بەو کەسانەی کە بە قاچاخ سەفەر دەکەن. ھەڵبەت ئەم قسانە تۆمەت نین. واقیعیکە بەسەر خەڵکدا ھاتووەو ئەوانیش دەیگێڕنەوە. زۆر چیرۆک گەل ھەن باس لە خراپی قاچاخچی و بەڵێنەکانیان دەکەن, کەچی نەک راستگۆ نەبوون بگرە فێڵ و تەڵەکەیان ھێندە زۆرە زۆرجار گیانی مرۆڤیشیان بەلاوە گرنگ نەبووە. کە بوونەتە قوربانی.


پایزی ئەمساڵ لە تورکیا بووم لە یەکێک لە ریستۆرانتەکانی شاری ئیستانبوڵ کوڕێکم ناسی دوای گفتوگۆ باسی کاری خۆیکرد کە لە تورکیاوە خەڵک رەوانەی یۆنان دەکات, ھەروەھا لە فەرەنساش بۆ بەریتانیا.


پرسیاری راستگۆی و گرەنتیمکرد کابرا بەڕاشکاوانە وتی "ئەوەی دەڵێ گرەنتی ھەیە لە کاری قاچاخ درۆ دەکات, ھەرگیز باوەڕ بە سوێند و تەنانەت تەڵاقی قاچاخچیش مەکەن, چونکە کارەکە ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی".


یەکێک لە کارە مەترسی دارو قێزەونەکان کە قاچاخچیەکان بەگیانی کۆچبەرانیەوە دەیکەن. ئەوەیە کە کڕین و فرۆشتن و دەست بەدەست بەو کەسانەوە دەکەن. کە دەیانەوێ برۆنە وڵاتانی رۆژئاوا.


بۆنموونە بەلەمێکی ٦٠ کەسی دەبینی لەلایەن شەش قاچاخچی نەفەرەکان ئامادەکراون. ئەوانیش رادەستی کەسانیکی تریان دەکەن. بەپارە بۆ ئەوەی دەربازیان بکەن. ھەڵبەت ئەم دەستی بە دەستیە وەھا ئاسان نییە دونیایەک چیرۆکی ترسناک و مەرگەسات بار لەخۆ دەگرێت.


مەترسیەکانی ریگای قاچاخ ئەوەیە ئەو کەسانەی ھەڵدەستن بەکارەکەو سەرپەرشتی دەکەن. متمانە پێکراونین. کەسایەتیەکی خراپیان ھەیە شەڕانی و بێ بەڵین و خوڕەوشت خراپن. ھەندێکیان بەکۆمەڵێک تاوانەوە لە کوردستان ھەڵھاتووە. ئیستا لە تورکیا دەستی لەگەڵ ھاوکارە خراپەکانی وەک ئەفغانی و تورک و فارس و عەرەب تێکەڵ کردووە. بازرگانی بەگیانی مرۆڤەوە دەکەن.


ئاشکرایە ئەم جۆرە مرۆڤانە کەمیان گۆێ بە کاری باشە دەدەن و بیر لەوە دەکەنەوە. راستگۆبن ھەروەھا کاری خراپە دەرھەق بەو کەسانە نەکەن. کە رەوانەی دەرەوەیان دەکەن. بەویستی خۆیان ھاتوون و پارەیان دەدەنێ بۆ ئەوەی کۆچ بکەن.


لەھەندێ ناوچە کاریکی تری قاچاخچی ئەوەیە شتومەک لە کەسەکان وەردەگرن, وەک پاسپۆرت و مۆبایل پاش گەیشتنیان. بەپارەیەکی زۆر دەیان دەنەوە چونکە دەزانن ئەوکەسانە ناچارن بۆیە پارەدەدەن. ئیدی گۆی بەھیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و ویژدانی نادەن. لە بەر ئەوەی لە کوردستان کەس دەستگیریان ناکات, بگرە دەستیشیان دەڕوات. بۆیە ئەوانیش بەردەوامن لە کارە قێزەونەکانیان.


ئەو قاچاخچیەی لە تورکیا بینیم نموونەی کارێکی خۆی ھینایەوەو وتی. لە فەرەنسا بۆ بەریتانیا چۆن خەڵک دەپەرینینەوە؟ پێشتر دەبێ ئەو کەسە پارەی خەواندبێت دواتر دەیبەینە گەراجێکی گەوەرە لە سەر سنوور تەنیا بە ئاماژە پێی دەڵێین "بڕۆ نا ئەو ئۆتۆمبیلە بارھەڵگرە. پیشتر لەسەرەوە خیمەکەی بدڕینە برۆ ناوی تابەڕێ دەکەوێت".


پرسیاری ئەوەم لەو قاچاخچیەکرد ئەگەر ئەو ئۆتۆمبیلە بۆ بەریتانیا نەڕوا دواتر چی! ھەروەھا ئەی زەمانەتی گیانی ئەو کەسە؟


کابرای قاچاخچی قومێکی لە جگەرەکەی داو وتی "ئەوە تۆ دەڵێی چی؟ زەمانەتی چی و شتی چی وەڵا خۆت و بەختتە. لەگەڵ ئەوەش زۆر دڵنیا نین ئەو ئۆتۆمبێلە دەپەڕێتەوە بۆ بەریتانیا یاخوود نا ھەندێ جار نەفەر بەھەڵەدا رۆیشتوە. بەڵام لە ھەموو حاڵەتێک ئێمە پارەی خۆمان وەردەگرین, خواکردی ئەو کەسە دەرچو باشە دەرنەچوو ئەگەر ئێمەی دۆزیەوە. ئەوکاتە دووبارە دەی نێرینەوە".


ھەڵبەت زۆربەی قوربانییەکان. بەھۆی کاری درۆ و نائەخلاقی قاچاخچیەکانەوە روو دەدەن. ئەگەر تەنیا رێگای پەڕینەوەی ئیجە بەنموونە بینینەوە. چونکە زۆربەی قوربانییەکان ھی ئەو رێگایەن.


بەلەمێک توانای ھەڵگرتنی ٢٠ کەسی ھەیە کەچی قاجاخچیەکان ٦٠ کەس بار دەکەن. لەوەش مەترسیداتر ئەوەیە ھەموو ئەو ھاوڵاتیانە کە بەرێگەی ئاو بە قاچاخی دەپەڕنەوە. قاچاخچیەکان. سایەق یان بەلەمەوانی خۆیان نانیرن لەکاتی پەڕینەوەی نەفەرەکان لە دەریای ئیجە کۆچبەریک لەناوخۆیاندا ھەڵدەبژێرن پێی دەڵین تۆ ببە بەلەمەوان. گەیشتنە شوێنی مەبەست بەلەمەکە فڕێ بدەن. ئیدی گوێ بەوە نادەن ئەم کەسانە دەمرن یان دەردەچن. گرنگ ئەوەیە بۆ ئەوان پارەکەیان وەرگرتووەو نەفەریشیان داوە بەدەست قەدەری ئاو!

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک