٢\٥\٢٠١٠
بێئومێده‌کانی به‌ر
ده‌رگای ئازادی،
ده‌رگای
کۆیلایه‌تییه‌ک بۆ خۆیان ئه‌که‌نه‌وه و ده‌بن به ده‌رگاوان!
ئامانج پیرۆت
ئه‌و ڕۆژه به‌پێی نه‌خشه و پلانێک که بۆی دانرابوو، به سه‌رکه‌وتوویی
گه‌یشته ناو فڕۆکه‌که. جوانترین جلوبه‌رگی له‌به‌ر کردبوو، له هه‌موو
ژیانیدا ته‌نیا جارێکیش به‌و زه‌وقه‌وه خۆی نه‌گۆڕیبوو: قاتێکی سه‌وزی
کاڵ، کراسێکی سپی، بۆیمباخێکی خه‌تخه‌تی تێکه‌ڵ به‌و دوو ڕه‌نگه،
جووتێک پێڵاوی قاوه‌یی پاک و بریقه‌دار، جانتایه‌کی ڕه‌ش، که له‌وه
ده‌چوو له چه‌رمی ئه‌سڵ دروستکرابێت. هه‌ر ده‌تووت ژوانێکی زۆر گرنگی
هه‌یه و نایه‌وێت که‌مترین خاڵی لاوازی بدات به ده‌سته‌وه. زۆر به
ویقاره‌وه ئه‌و که‌سه‌ی ئاگادار کرده‌وه که له کورسی لای ڕاڕه‌وی
فڕۆکه‌که‌وه دانیشتبوو، زۆر به وشکی قاچه‌کانی به به‌رده‌م نه‌فه‌ره‌که‌دا
کێش کرد و له کورسی لای باڵی فڕۆکه‌که‌وه دانیشت، یه‌کسه‌ر هه‌ستی به‌وه
کرد که نه‌فه‌ره‌که‌ی ته‌نیشتی به بۆنه تیژه‌که‌ی ( تیرۆز) ه‌که‌ی
ئه‌م ناڕه‌حه‌ت بووه و ده‌یه‌وێت به بزه‌یه‌ک ئه‌وه‌ی تێبگه‌یه‌نێت
که ناڕه‌حه‌ت بوونه‌که‌ی به‌ده‌ست خۆی نی یه و هیچ مه‌به‌ستێکی نی یه،
به‌ڵام ئه‌م نه‌ک هه‌ر نه‌یبرده سه‌ر خۆی، به‌ڵکو تۆزێکیش زیاتر خۆی
خست به لایدا...
نیو سه‌عاتێک تێپه‌ڕ بوو بوو، سوپاسکردنی نه‌فه‌ره‌که‌ی ته‌نیشتی بۆ
کارمه‌نده‌که زینده‌خه‌وه‌که‌ی لێ تێکدا، به تووڕه‌یی یه‌که‌وه سه‌یری
هه‌ردوکیانی کرد، کارمه‌نده‌که چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که داواکاری
یه‌کی هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م زۆر به توندی ده‌موچاوی وه‌رگێڕا. که
ویستی دیسان کارمه‌نده‌که ببینێته‌وه ئه‌و له‌وێ نه‌مابوو، به‌ڵام
چاوی که‌وته سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی به‌رده‌ستی نه‌فه‌ره‌که‌ی ته‌نیشتی، نزیکه‌ی
نیوه‌ی نوسرابوو، حه‌زی ده‌کرد بزانێت چی نوسیوه، به‌ڵام هه‌ر زوو
بڕیاری دا بگه‌ڕێته‌وه بۆ دنیای زینده‌خه‌وه‌که‌ی خۆی: چه‌ندین کچ ده‌وریان
دابوو، هه‌ریه‌که‌یان تکای لێده‌کرد ڕوو بکاته ئه‌و، سه‌ری لێشێوابوو
نه‌یده‌زانی ڕوو بکاته کامیان یه‌کیان له له‌یلا عه‌لوی ده‌چوو،
نانسی عه‌جره‌م، کچه‌که‌ی دراوسێ ی خۆیان( که له دوانزه ساڵیدا هه‌ردوکیان
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ده‌رگا سه‌یری یه‌کتریان کرد، فه‌لاقه‌یه‌کی
باشیان خوارد و جارێکی تر ببڕای ببڕ به‌ره‌وڕوو یه‌کتریان نه‌بینیه‌وه!)
، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و کچانه‌ی که له ژیانیدا دڵی لێیدا بوو بۆیان،
هه‌موویان له‌وێ بوون. نه‌ء ئه‌وه‌یان باشه، له هه‌موویان زیاتر لێم
نزیک بووه‌ته‌وه، هه‌ر ده‌ڵێی کچه کارمه‌نده‌که‌ی ناو ئه‌م فڕۆکه‌یه
که کاتی هاتنه ژووره‌وه‌م پێشوازی لێکردم. له‌پڕ گوێی له دنگێک بوو
ده‌یوت:
ـ به‌ڕێز هیچ ناخۆیته‌وه؟
بۆ یه‌که‌م جار له ناو ئه‌م فڕۆکه‌دا بزه‌یه‌ک گرتی و وتی: نه‌ء سوپاس...
ئه‌مجاره‌یان که به‌ئاگا هاته‌وه، هه‌وڵی دا خۆی جه‌م و جۆر کات و
بڕیاری دا واز له زینده‌خه‌و بێنێت، که‌وته بیرکردنه‌وه له چۆنێتی
ئه‌نجامدانی کاره‌که‌ی. ته‌ماشایه‌کی شوێنه‌که‌ی خۆی کرد و له‌سه‌رخۆی
دوو کتێبی ده‌رهێنا که‌یه‌کێکیان بیبل بوو. له‌سه‌رخۆی هه‌ستا و به ده‌نگی
به‌رز هاواری کرد:
میوانه به‌ڕێزه‌کان! له‌م ده‌قه به‌دواوه من سایه‌قی ئه‌م فڕۆکه‌یه‌م،
منیش ده‌مه‌وێ به‌ره‌و ئه‌و دنیا لێی بخوڕم، ئه‌م دنیایه ئیتر نه به‌که‌ڵکی
منی ئیماندار دێت که حه‌زم له به‌هه‌شته و نه به که‌ڵکی ئێوه‌ی
بێئیمانیش دێت که ڕقتان له دۆزه‌خه و ناتانه‌وێت به‌هه‌شتی ئه‌م
دنیاتان له ده‌ست ده‌ربچێت و بگه‌نه ئه‌وێ و هه‌رچی زووه به چاوی
خۆتان حه‌قیقه‌ت ببینن. ئه‌م دنیا یه تا ئێستا وه‌ک دۆزه‌خ وابووه بۆ
من، حه‌زم له هه‌رچی بووه له‌به‌ر ئیمانم نه‌موێراوه به ئاشکرا
بیکه‌م، هه‌میشه سێبه‌ری ترسی خوا به سه‌ر سه‌رمه‌وه بووه، به‌ڵام
ئێوه به بێ ئیمانی خۆتان ئاوتان کردووه به‌سه‌ر ئاگری ئه‌م دۆزه‌خه‌دا
و له‌ززه‌ت له ژیانی ئه‌م دنیاتان وه‌رده‌گرن. هه‌مووی چه‌ند ده‌قه‌یه‌کی
تره ئێوه ده‌گه‌نه دۆزه‌خ بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی ئه‌وه‌تان لێبکرێته‌وه
که له‌م دنیا نه‌تانویستووه له دۆزه‌خدا بژین و منیش ده‌گه‌مه به‌هه‌شت
و یه‌ک یه‌ک حۆری یه‌کان و شه‌رابه‌کان تاقی ده‌که‌مه‌وه و ئیتر له
هیچیش ناترسم. هه‌رکه‌سیشتان ئه‌تانه‌وێت له‌گه‌ڵ مندا بن هه‌رچیم وت
له‌گه‌ڵ مندا بیڵێنه‌وه، به‌ڵکو خوا ڕه‌حمتان پێ بکات.( ئیتر ده‌ستی
برد بۆ خاچێک و هیلالێک و هاواری کرد):
ئه‌ڵاهو ئه‌کبه‌ر، ئه‌شهه‌دو ئه‌ن لا ئیلا..
له‌م کاته‌دا که هه‌ندێک له نه‌فه‌ره‌کان هه‌وڵیان ده‌دا ئه‌و وشانه
بڵێنه‌وه و شپرزه‌یی باڵی کێشا بوو به‌سه‌ر دۆخی فڕۆکه‌که‌دا وکارمه‌ندان
و سێکیوریتی فڕۆکه‌که که‌وتبوونه هه‌ڵه‌داوان، نه‌فه‌ره‌که‌ی ته‌نیشتی
به هه‌ردوو ده‌ست په‌لاماری ده‌ستی دا و توند خاچ و هیلاله‌که‌ی گرت و
نوساندنی به خۆیه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو ده‌نگێک شڵه‌ژان و شپرزه‌یی
گه‌یانده ئه‌وپه‌ڕی خۆی. که‌س نه‌یده‌توانی دڵنه‌وایی ئه‌وی تر بکات و
دڵنیای بکات ئێستا له کام دنیایه، هه‌ریه‌که و لای خۆیه‌وه هه‌ستی
به ئازاره‌کانی هه‌ردوو دۆزه‌خه‌که ده‌کرد: دۆزه‌خێک که ترس و بێ
ئیراده‌یی دروستی ده‌کرد و له‌وه‌ی گه‌نجه‌که ده‌چوو، دۆزه‌خێکیش که
له‌و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه ده‌چوو که گوایه خوا له عه‌بده یاخی یه‌کانی
خۆی ده‌کاته‌وه ، به‌ڵام که‌س هه‌ستی نه‌ده‌کرد گه‌یشتبێته به‌هه‌شت،
ته‌نانه‌ت گه‌نجه‌که‌ش!
هه‌رچۆنێک بوو فڕۆکه‌که به سه‌لامه‌تی نیشته‌وه، به‌ڵام چه‌ندین که‌س
به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌که‌وه بریندار بووبوون، برینی گه‌نجه‌که و نه‌فه‌ره‌که‌ی
ته‌نیشتی له هه‌مووی سه‌ختتر بوو...
دوو ساڵ و نیو تێپه‌ڕیبوو، گه‌نجه‌که هێشتا نه‌گه‌یشتبووه به‌هه‌شت،
به‌ڵام هه‌ستی ئه‌کرد ئاگری دۆزه‌خه‌که‌ی له جاران به‌ڕه‌حمتره،
ئێستا ژیان و مردنی ئه‌و هه‌ردووکیان به‌یه‌که‌وه له وڵاتێکی ئه‌وروپادا
زیندانن و وه‌ک خۆی له یه‌کێک له چاوپێکه‌تنه‌کنه‌کانیدا وتبووی:
دیواره‌کانی زیندان بۆ من ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌یه که شه‌یتانیان لێ
دوور خستوومه‌ته‌وه و ناتوانێت بێت هه‌راسانم بکات: من لێره ڕۆژانه
هیچ ئافره‌تێک نابینم شه‌هوه‌تم بووروژێنێت، ته‌ماع بۆ هیچ فرتوفێڵێک
له هاودینه‌کانم فریوم نادات، گوێ بۆ هیچ مۆسیقایه‌ک ناگرم سه‌مام پێ
بکات و زیکری خوام له‌بیر بباته‌وه، هیچ که‌س ناتوانێت دڵم کرمێ بکات
و گومانی تیا بڕوێنێت، لێره ترسی دایکم و خوشک و براکانم نابینم ، که
ئه‌گه‌ر ته‌په‌ی پێی باوکم بهاتایه، وه‌ک مشکی به‌رده‌م پشیله ئه‌ژنۆکانیان
ده‌شکا، جاری وا هه‌بوو، هه‌ر هه‌مویانی فه‌لاقه ده‌کرد و ته‌نانه‌ت
هه‌ندێک جار (داخ) یشی ده‌کردن و ده‌یوت تا بزانن عه‌زابی ئاگر چه‌ند
سه‌خته و ئیتر له خوا بترسن! نه‌مئه‌زانی پێم خۆش بێت یان ناڕه‌حه‌ت
بم بۆیان، ئاخر باوکم ده‌یوت ئه‌مه له‌به‌ر پاراستنی دین و ئه‌خلاق و
شه‌ره‌ف و حورمه‌تی عایله‌که‌یه، به‌ڵام ئه‌و‌انیش دایک و خوشک و برای
من بوون و جاری وا هه‌بوو ئه‌وه‌نده ئازاریان پێده‌گه‌یشت، له‌گه‌ڵ
گریانه به کوڵه‌که‌یاندا کفریشیان ده‌کرد. وام لێهاتبوو نه‌مئه‌زانی
ئه‌وانه‌ی باوکم ده‌یانڵێت گرنگن یان ئه‌و کارانه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م
ده‌یکه‌ن، که جاری وا هه‌بوو ته‌نیا پێکه‌نینێک بوو، سه‌یر کردنی
فیلمێک بوو، برۆ چاک کردنێک بوو، دره‌نگ جێبه‌جێکردنی ته‌ڵه‌بێکی باوکم
بوو، نه‌شمده‌توانی له‌وه دڵنیا بم که ئه‌وانه‌ی باوکم ده‌یانڵێت
گرنگن یان ئازار نه‌چه‌شتن! ئاخر زۆر جار باوکم ده‌یوت بۆیه ئاوا ئه‌که‌م
بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دنیا به به‌رچاومه‌وه نه‌خرێنه ئاگره‌وه.
جاران شه‌یتان و خوا هه‌میشه له ناخی مندا شه‌ڕیان بوو، شه‌یتان حه‌زی
ده‌کرد وه‌ک خه‌ڵکی ترم لێبکات و شوێن غه‌ریزه و ته‌ماع بکه‌وم، خواش
هه‌میشه ده‌یترساندم و پێی ده‌وتم ئای وه‌ی به حاڵت ئه‌گه‌ر به قسه‌ی
ئه‌و بکه‌یت، به‌رده‌وام کێشمه کێش بوو، هه‌میشه بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه
چۆن ئه‌م کێشمه کێشه یه‌کلا بکه‌مه‌وه و هه‌وڵی جددیشم بۆ دا. ئێستا(
ئه‌گه‌ر به کوفر بۆم حساب نه‌کرێت!) شه‌یتان و خوا له مندا ڕێکه‌وتنێکیان
ئیمزا کردووه ، زیندان بووه‌ته ناوبژیوانیان، شه‌یتانی له ده‌ره‌وه
گیرداوه و منیش له زیندانه‌که‌ی خۆمدا خوام له ناو خۆمدا زیندانی
کردووه، له‌حزه‌یه‌ک چی یه نایه‌ڵم لێم دوور بکه‌وێته‌وه.
له هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌دا بێجگه له یه‌ک دوو ڕۆژنامه‌نووس، که‌س سه‌ری
لێ نه‌دا، بۆیه ئه‌و ڕۆژه‌ی که وتیان که‌سێک هاتووه و ئه‌یه‌وێت
بتبینێت، زۆری لا سه‌یر بوو. به سه‌جانه‌که‌ی وت نامه‌وێت که‌س ببینم،
من که‌سم نی یه سه‌رم لێبدات. دوای سێ جار به نابه‌دڵی ڕازی بوو. که
ڕۆشت که‌سێکی بینی وه‌ک له خه‌وێکی کۆندا بینیبێتی وابوو. ده‌موچاوێکی
پڕ له چاڵ و چۆڵ و خه‌ت خه‌ت، دوو نیوه ده‌ست، به‌ڵام هه‌رکه ئه‌می
بینی به بزه‌یه‌کی پڕ له به‌رائه‌ت و به‌زه‌یی یه‌وه پێشوازی لێکرد
و یه‌کسه‌ر ده‌ستی کرد به قسه کردن و وتی:
ـ سڵاو، باشت کرد هاتی. ڕاستی یه‌که‌ی بێ‌ئومێد بوبوم.
ئه‌م یه‌کسه‌ر قسه‌که‌ی پێ بڕی‌و وتی، به‌ڵام من ئێستا بێ‌ئومێد بووم،
هیچ قسه و مه‌وزوعێکم نی یه له‌گه‌ڵ تۆدا، بڕۆ!
ـ ڕاسته‌که‌یت، تۆ وا هه‌ست ده‌که‌یت، به‌ڵام من ئه‌و کاته‌ی که ڕێکه‌و‌تی
یه‌کمان کرد، له‌وانه‌یه بیرت بێته‌وه، هه‌ندێک شتم نوسی، ئه‌و شتانه
په‌یوه‌ندی به تۆوه هه‌بوو، خۆشبه‌ختانه ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه له ناو
جانتاکه‌مدا مابوو. ئێستا حه‌ز ده‌که‌م بیبینیت.
ئه‌م قسه‌یه فزولیه‌تێکی لای گه‌نجه‌که دروست کرد و بێده‌نگی یه‌که‌ی
درێژه پێدا. نوسه‌ره‌که‌ش که ئه‌مه‌ی بینی، به فرسه‌تی زانی و به
سه‌جانه‌که‌ی وت:
ـ ئه‌گه‌ر زه‌حمه‌ت نه‌بێت، له گیرفانی لای چه‌پمدا په‌ڕه کاغه‌زێک
هه‌یه ده‌ریبێنه و پێی بده.
گه‌نجه‌که له‌سه‌رخۆ که‌وته خوێندنه‌وه‌ی نوسینه‌که:
+ ئه‌مڕۆ هه‌رکه سه‌رکه‌وتمه ناو فڕۆکه‌که، له هه‌رکاتێکی تر زیاتر
ئه‌و هه‌سته‌م لا دروست بوو، که ڕۆژ به ڕۆژ ئینسانه‌کان وه‌ک که‌روێشکی
سه‌رما برده‌ڵه‌ی ناو به‌سته‌ڵه‌ک، تا دێت خۆیان گرمۆڵه ده‌که‌ن و
بچوکتر ده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری سه‌رماکه‌یان له‌سه‌ر که‌م
بێته‌وه. ده‌ڵێی ژیان بێجگه له ته‌سلیم بوون هونه‌رێکی تری فێر نه‌کردوون
بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رما و به‌سته‌ڵه‌که‌که ببه‌زێنن! ئه‌مڕۆ پشکنین به
جۆرێک بوو، مه‌نع کردنی هه‌ندێک له خواردن و خواردنه‌وه و پێداویستی
یه‌کان به ڕاده‌یه‌ک بوو، که زۆربه‌مان بێزار بووین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا زۆر گوێ ڕایه‌ڵ بووین و هه‌رچی یان بووتایه ده‌مانوت باش.
ئێستا گه‌نجێک له ته‌نیشتمه‌وه دانیشتووه، ده ساڵێک له من مناڵتره،
ده‌مویست پێش ئه‌وه‌ی بێم بۆ کۆنفرانسه‌که، بیر‌و بۆچونه‌کانم له‌گه‌ڵ
که‌سێکی تریشدا موناقه‌شه بکه‌م. بۆ نا خۆ ئه‌میش ئینسانه و ئه‌ونده‌ش
که ئێمه له دنیای ئێستا دا ده‌یبینین و تێبینی ده‌که‌ین و به‌ڵگه‌مان
له‌به‌ر ده‌ستدایه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری
ئینسانه‌کان له ژیانی خۆیان یان له هه‌ندێک دیارده هه‌راسان و
ناڕازین، په‌یام و هه‌وڵی ئێمه‌ش شتێک نی یه جگه له‌وه‌ی که ئینسانه‌کان
وشیارانه تر بیر بکه‌نه‌وه و هه‌ڵوێست بگرن بۆ باشتر کردنی ژیان و که‌مکردنه‌وه
و ته‌نانه‌ت نه‌هێشتنی یه‌کجاره‌کی نه‌هامه‌تی یه‌کان. به‌ڵام به‌داخه‌وه
هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌وت، گوێ یه‌کانی مۆمی لێدرابوو، چاوه‌کانی زوخاوی
ڕق و قینیان لێده‌چۆڕی، ڕه‌فتاره‌کانی ناچارم ده‌کات پرسیاره‌کانم ببه‌مه
ئاستێکی تر: بۆچی ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زایه‌تی یانه‌دا، که
له به‌شی خۆیان هه‌یانه،که‌چی زۆربه‌ی ئینسانه‌کان له‌م به‌شه‌ی
خۆیان( وشیاری و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن) ڕازین! پێویسته به‌شێک له کاره‌کانی
ئێمه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه بێت، نه‌ک بانگه‌واز کردن و ئیعاز دان!
که نامه‌که‌ی ته‌واو کرد، زۆر بێمنه‌تانه خستیه سه‌ر مێزه‌که و وتی:
تازه ئه‌مه چ په‌یوه‌ندی یه‌کی به منه‌وه هه‌یه؟ هه‌ی نه‌فام ئه‌گه‌ر
تۆ ڕێگه‌ت له‌من نه‌گرتایه ئێستا نه تۆ خۆت به‌م وه‌زعه ده‌بینیه‌وه
و نه منیش هێشتا له‌م دنیا بووم.
نوسه‌ره‌که‌ش له‌سه‌رخۆ پێی وت:
ڕاسته‌که‌یت من ڕێگه‌م له تۆ گرت که : 88 که‌س بکوژیت، چه‌ندین خێزان
خه‌فه‌تبار بکه‌یت، ویژدانی ملیۆنه‌ها ئینسان ڕابچڵه‌کێنیت، مشتی
نائومێدی بده‌یت به ناوده‌می هه‌موو ئه‌وانه‌دا که ده‌ڵێن ئینسان هه‌ر
ئینسانه، قه‌ڵه‌م و زمان و نه‌ڕه نه‌ڕی ئه‌وانه‌ش سوارتر بکه‌یت که
ده‌یانه‌وێت جه‌بهه‌ی ئینسانه‌کان زیاتر پارچه پارچه بکه‌ن، تا
بتوانن ئینسانه‌کان بچوکتر بکه‌نه‌وه و باشتر قووتیان بده‌ن، بیانووی
ده‌زگا ئه‌منی یه‌کان زیاتر بکه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رکات ویستیان
ناچارمان بکه‌ن هیچ خسوسیاتێکمان نه‌مێنێت و ئه‌گه‌ر حه‌زیشیان لێ‌بوو
به ڕووتی سه‌فه‌ر بکه‌ین، هه‌زاران سه‌عات کارکردنی کرێکار و کارمه‌ندی
ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ملیۆنه‌ها سه‌عاتی ژیانی خه‌ڵکی دنیا به هه‌واڵه‌که‌یه‌وه
مه‌شغوڵ بکه‌یت، ملیۆنه‌ها دۆلار به فیڕۆ بده‌یت، فڕۆکه‌یه‌ک
تێکبشکێنیت، خۆت بکه‌یت به پاڵه‌ون و ببیته نمونه بۆ ئه‌وانه‌ی وه‌ک
تۆ ده‌ژین. به‌ڵام تۆش ڕێگه‌ت له‌من گرت بڕۆم پرسیارێک به‌سه‌ر بیر و
هۆشی هاوڕێکانمدا زاڵ بکه‌م، که لانی که‌م ته‌مه‌نه‌که‌ی دوو ساڵ و
نیو له ئێستا گه‌وره‌تر بوو. منێک به دوای وه‌ڵامه‌که‌یدا ده‌گه‌ڕام
که دوو ده‌ستم هه‌بوو پێیان بنووسم، تۆ منت ناچار کرد له چرکه‌یه‌کدا
بڕیار بده‌م و هه‌ردوو ده‌ستم ده‌رخواردی خاچ و هیلاله‌که‌ت بده‌م!
گه‌نجه‌که له‌سه‌رخۆ هه‌ستا و به سه‌جانه‌که‌ی وت: من ده‌مه‌وێت
بڕۆمه‌وه بۆ ژووره‌که‌ی خۆم.
به بێ خواحافیزی لێیداو ڕۆیشت...
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که نوسه‌ره‌که حه‌زی نه‌ده‌کرد گه‌نجه‌که وا زوو
بڕوات، به‌ڵام مورتاحیش بو به‌وه‌ی که توانیویه‌تی ئه‌وه‌نده ببینێت
و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێت ئه‌وێی به‌جێهێشت....
دوای ئه‌م یه‌کتر بینینه هه‌ریه‌که‌یان هه‌ستێکی تایبه‌ت و جیاوازی هه‌بوو:
نوسه‌ره‌که هه‌ستی ده‌کرد کێرڤی تراژیدیای بینینه‌که‌ی یه‌که‌مجاری ده‌ستی
کردووه به دابه‌زین، ئه‌و له‌م بینینه‌یاندا توانی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندی
یه موماره‌سه بکات که جاری یه‌که‌م نه‌یتوانیبوو به‌کاری بێنێت، له
نێوان ئه‌م دوو جاره‌دا ئه‌و زۆر جار ڕه‌خنه‌ی له خۆیی و هاوڕێکانی ده‌گرت
و ده‌یوت:
ئێمه و بیروباوه‌ڕمان و به‌شێکی به‌رین له به‌شه‌ریه‌ت قوربانی ڕاسته‌وخۆ
و ناڕاسته‌وخۆی ئه‌م توندوتیژیانه‌ین، ئه‌گه‌ر تا زووه پێداویستی یه‌کانی
موماره‌سه کردنی تایبه‌تمه‌ندی یه به‌هێزه‌کانمان په‌یدا نه‌که‌ین،
ئه‌وا یان ڕوباری باج و قوربانی یه‌کانی ئه‌م حاڵه‌تانه قه‌پاڵ قه‌پاڵ
به‌شی زۆربه‌ی ئینسانه‌کان له ژیان و ئازادی و که‌رامه‌تی ئینسانی و
مه‌وقعیه‌تی ئینسانه‌کان لووش ده‌دات، یان سبه‌ی ناچار ده‌بین بۆ دیفاع
کردن په‌نا بۆ تایبه‌تمه‌ندی یه لاوازه‌کانمان ببه‌ین. من خۆم به‌کرده‌وه
ئه‌مه‌م به‌سه‌ر هات، نه‌متوانی مۆمی گوێی ئینسانه‌که‌ی ته‌نیشتم ده‌رکه‌م،
به‌ڵام دواتر ناچار بووم به ده‌سته‌کانم ڕێگه له ته‌قینه‌وه‌ی خاچ و
هیلاله‌که‌ی ده‌ستی بگرم. ئه‌مه بۆ تێکڕای مه‌سه‌له‌که‌ش وایه. قوه‌تی
ئێمه به‌ر له هه‌ر شتێک له ئێستادا له وشیاری و وشیارکردنه‌وه‌دایه،
ئه‌گه‌ر ناوشیاری( وه‌یان فریوخواردن) جۆرێک له هه‌ڵوێست بۆ هه‌ندێک
ئینسان ده‌کاته ئه‌مری واقع، وشیاری ئێمه فریونه‌خواردن به‌رهه‌م
دێنێت و ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی له دوو توێ دایه که به قازانجی ئینسان
خۆین. ئێمه ده‌بێت هه‌رچی زووه پێداویستی یه‌کانی گه‌یشتنی ئه‌م
وشیاری یه فه‌راهه‌م بکه‌ین، ئه‌گینا دره‌نگتر ده‌بێت.
دوای گه‌یشتنه ماڵه‌وه‌ی و ئیسراحه‌ت کردنی، یه‌کسه‌ر به هاوسه‌ره‌که‌ی
وت، که لاپتۆپه‌که‌ی بۆ حازر بکات. به هێمنی که‌وته ئاماده‌کردنی
فایلێکی سه‌وتی له‌سه‌ر ئه‌م چالاکی یه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بینێرێت بۆ
هاوڕێکانی:
هاوڕێیان:
ده‌توانم بڵێم سه‌فه‌ره‌که‌م سه‌رکه‌وتوو بوو. سه‌رکه‌وتنه‌که ئه‌م
قۆناغانه‌ی هه‌بوو:
یه‌که‌م: دوای سووربوونم له‌سه‌ر بینینی، گه‌نجه‌که بڕیاری دا بمبینێت.
ئه‌مه گرنگترین قۆناغی سه‌رکه‌وتوویی کاره‌که‌مان بوو، که به‌بێ ئه‌مه
نه‌مانده‌توانی کاره‌کانی تر ئه‌نجام بده‌ین.
دووه‌م: که هات ئاماده بوو نوسینه‌که‌م بخوێنێته‌وه.
سێیه‌م: گوێی بۆ هه‌ندێک قسه‌م گرت.
ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر وه‌زع و سیسته‌می ئابووری و سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و پێکهاته‌ی خێزان و مه‌وقعیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی
یه‌کانی ئه‌ندامه‌کانی و خه‌ڵکی وڵاتی ئه‌و گه‌نجه و چۆنێتی ژیان و
چۆنێتی مامه‌ڵه کردنی خه‌ڵک و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئه‌وروپا
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا که دێنه ئه‌وروپا( هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش دابڕاو نی
یه له وه‌زعه ئابووری و سیاسی یه‌که‌ی ئه‌وروپا) خوێندوومه‌ته‌وه،
له‌گه‌ڵ یه‌کتر بینینه‌که‌ی ئه‌مڕۆدا تێهه‌ڵکێش بکه‌م، ده‌توانم ئه‌وه
بڵێم که ئه‌م دوو زروفه وه‌ک ئه‌و دوو زروفه وایه که به‌سه‌ر
پارچه‌یه‌ک ئاسندا دێت: له‌یه‌که‌میاندا تا ئه‌وپه‌ڕی تاو ده‌درێت و گه‌رم
ده‌بێت، له دووه‌میشدا ده‌خرێته ئاوێکی سارده‌وه، ئاسایی یه که یه‌کێک
له به‌کارهێنانه‌کانی ئه‌م ئاسنه خاراوه ده‌کرێت بۆمبێک بێت( وه‌ک
ئه‌و هه‌موو بۆمبه‌ی که ده‌یان کۆمپانیا ڕۆژانه هێز و ئنێرژی و
سامانی کۆمه‌ڵگه بۆ دروستکردنی ده‌خه‌نه گه‌ڕ). به‌ڵام ئه‌وه‌ی که
گومان هه‌ڵناگرێت ئه‌وه‌یه که هه‌روه‌ک چۆن له هه‌بوونی هه‌ردوو
زروفه‌که‌دا ئیراده و به‌رژه‌وه‌ندی چینێک ده‌ور ده‌بینێت و بڕیار به‌ده‌ستی
یه‌که‌مه، هه‌روا له چۆنێتی مامه‌ڵه کردنی ئه‌م ئیراده به‌ده‌ستانه
له گه‌ڵ ئینسانه‌کاندا وه‌ک (ئاسن، نه‌ک وه‌ک ئینسان) و له چۆنێتی به‌کارهێنانه‌که‌شیدا(
وه‌ک ئامێر ، وه‌ک بۆمب) ئیراده‌ی ئه‌م چینه بڕیار به‌ده‌ست و سودمه‌ندی
ئه‌وه‌ڵ و ئاخره.
به‌وپێیه ده‌مه‌وێت ڕاشکاوانه ئه‌وه‌تان پێ بڵێم که به داخه‌وه ئه‌م
گه‌نجه ته‌نیا یه‌کێکه له‌و سه‌دان هه‌زار بۆمبانه‌ی که له‌و
زروفانه‌دا دروست کراون وه‌یان دروست ده‌کرێن ( که ئینسان له پێشدا
به پێی قازانجێکی چینایه‌تی ئیراده‌ی لێ زه‌وتکراوه و کراوه به
ئاسن، دواتریش به پێی قازانجی بازاڕ و به‌پێی هونه‌ر و ده‌ستڕه‌نگینی(
واته سیاسه‌ت) ی جۆراوجۆر، به‌شه‌کانی ئه‌و چینه له بوارێکی تایبه‌تدا
بۆ به‌ده‌ستهێنانی قازانج بڕیارده‌ده‌ن ئه‌م ئاسنه بکرێت به‌چی و یه‌کێک
له‌و بواره قازانجدارانه‌ش دروستکردنی بۆمبه.
له‌م دیداره‌دا زیاتر ئه‌وه‌م بۆ ده‌رکه‌وت که ئه‌م ئینسانانه، کاتێک
ده‌که‌ونه به‌رامبه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی که ژیان دروستیان ده‌کات وه‌یان
فه‌رزیان ده‌کات:
ـ ڕێژه‌ی بێ ئیراده‌یی یه‌که‌یان له ئاستێکی زۆر به‌رزدایه. بڕیاره‌کانیان
زۆر پشت به لۆجیک و باوه‌ڕی جێگیر و دیراسه‌کراو نابه‌ستێت. ته‌سه‌ورکه‌ن
گه‌نجه‌که دوای دوو جار ڕه‌فز کردن بڕیاری گۆڕی و هاته دیده‌نیم!
ـ ڕاده‌ی هه‌ست به نه‌قس کردنیان له ئاستێکی به‌رزدایه و له‌ڕاده‌بده‌ر
فزولن بۆ ئه‌و ڕاو بۆچون و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی که له‌سه‌ر شه‌خسی
خۆیانه. هه‌میشه له حاڵه‌تێکی دیفاعیدان و وا ده‌زانن هێرشیان له‌سه‌ره،
چونکه ئه‌مانه به‌ر له هه‌رکه‌س ئه‌وه ده‌زانن که شه‌خسی یه‌تیان
شه‌خسی یه‌تێکی پڕ له ناکۆکی یه، هه‌میشه ده‌یانه‌وێت ئه‌وه بزانن
ئایا توانیویانه ئیدیعاکانیان سه‌رکه‌وتووانه به‌رجه‌سته بکه‌ن. ئه‌وان
به پرۆسه‌یه‌کی هه‌مه لایه‌نه‌دا( که پێشتر ئاماژه‌م پێکردن) گه‌یه‌نراونه‌ته
شێوه‌یه‌ک له ژیان ، که له شانۆگه‌ری یه‌کی زۆر ئاڵۆز و تایبه‌ت ده‌چێت:
هه‌رکه‌س ده‌توانێت ده‌ور ببینێت و ده‌رهێنه‌ریش بێت سیناریۆ نوسه‌که
له دوو ده‌قی سه‌ره‌کی دا ئه‌و مافه‌ی داوه به هه‌موو که‌سێک. ئه‌م
مافه به‌ڕاده‌یه‌که که هه‌ندێک ده‌رهێنه‌ر ده‌توانن ملیۆنه‌ها
ئینسان بگه‌یه‌ننه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که ڕۆژانه ده‌وره‌کانی: لێدانی
ژن و مناڵه‌کانی (له لایه‌ن پیاوه‌وه) ، قه‌بووڵ کردنی( له‌لایه‌ن ژن
و مناڵه‌وه)، ته‌ده‌خول کردن له ژیانی خه‌ڵکی تردا بۆ ئه‌وه‌ی ناچار
بکرێن وه‌ک ئه‌مان بیر بکه‌نه‌وه و ژیانی واقعی به‌جێ بێڵن و له‌م
شانۆگه‌ری یه‌دا به‌شداری بکه‌ن، ئیهانه کردن و تیرۆر کردنی شه‌خسیه‌تی
هه‌موو ئه‌وانه‌ی که وه‌ک ئه‌مان نین، ژه‌هراوی کردنی مێشکی مناڵان و
خه‌ڵکی تر به خورافه و پرسیار و وه‌ڵامی ژه‌نگ گرتوو، سووکایه‌تی
کردن به ئافره‌ت و ناساندنی وه‌ک فریوده‌ر، به‌کارهێنانی هه‌موو وه‌سیله‌یه‌ک
بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک به تایبه‌تی کرێکاران له کاریگه‌ری ڕێنوێنی و پێشڕه‌وایه‌تی
ئه‌و ڕابه‌رانه‌یان دوور بخه‌نه‌وه که وه‌ک ئه‌مان بیر ناکه‌نه‌وه.
له‌مه‌ش زیاتر هه‌ندێک ده‌رهێنه‌ر هه‌ن که به سوود وه‌رگرتن له‌و ده‌قانه
و له‌و مافه ده‌توانن زۆر به ئاسانی ئه‌وانی تر( که سێبه‌ری مردن به‌سه‌ر
سه‌ریانه‌وه ئه‌وه‌نده خه‌سته، تیشکی ژیان زۆر به لاوازی ده‌گاته
مێشک و ده‌روونیان) زۆر به‌ئاسانی ده‌گه‌ن به‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که ده‌وره‌کانی:
خۆ ته‌قاندنه‌وه، خه‌ڵک کوشتن، مل په‌ڕاندن ببینن. جاری واش هه‌یه
ئه‌کته‌ره‌که خۆی له ده‌قه‌کاندا ئه‌م ده‌ورانه ده‌بینێت و به دڵی
ده‌بێت و نمایشیان ده‌کات !
به‌ڵام له واقعدا ئینسان به‌ر له هه‌ر شتێک و له سه‌روو هه‌ر بیر و
باوه‌ڕێکه‌وه له ڕووی غه‌ریزه‌وه پێویستی به ڕه‌گه‌زه‌که‌ی تره، هه‌موو
ئینسانێکی ساغ و عاقڵیش هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات له ناو گوڵدانی ڕێز و
خۆشه‌ویستی دا موراعاتی ئه‌م غه‌ریزه‌یه بکات. که‌واته نواندنی ده‌ورێکی
وه‌ک ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه نایه‌ته دی به بێ ئه‌وه‌ی که ئینسانه‌کان
نه‌خۆش و بێ عه‌قڵ نه‌کرێن و چێژ و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌کی نه‌خۆشی بۆ ئه‌کته‌ره‌که
تێدا نه‌بێت! ئه‌ی ده‌بێت چ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ک بتوانێت ده‌وری
ئازاردانی مناڵ بخاته جێگای ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی یه‌ک که ته‌نانه‌ت
له گیاندارانیشدا به‌رامبه‌ر بێچوه‌کانیان هه‌ستی پێده‌کرێت؟! ئه‌ی چه‌ند(
ترس) ده‌بێت تێکه‌ڵ بکرێن بۆ ئه‌وه‌ی ژن، مناڵ لێدان و ئازاره‌که‌یان
لا ئاسایی بێت؟! ئه‌مانه ته‌نیا نمونه‌یه‌ک بوون له‌سه‌ختی ئه‌و ده‌وره‌ی
که ده‌بێت ئه‌م ئه‌کته‌رانه بیبینن و بێ عه‌قڵی و نه‌خۆشی یه‌که‌یان
ده‌گه‌یه‌ننه قۆناغێکی خراپتر.
ئه‌گه‌ر بتوانین وردتر ئه‌وه لێکبده‌ینه‌وه که کردنی ژیانی واقعی به
شانۆگه‌ری یه‌ک که ده‌قه‌کانی پڕن له ده‌وری دژی ئینسانی و بوونی ئه‌و
هه‌موو ئازادی یه‌ی که هه‌رکه‌س هه‌یه‌تی له ده‌وربینین و ده‌رهێناندا
له (قازانج) ی کێ وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و کۆنتۆی ئه‌و لایه‌نانه
بدۆزینه‌وه و که‌شفیان بکه‌ین که ئه‌و ده‌وربینینانه ( قازانج) یان
ده‌خه‌نه سه‌ر، ئه‌وا زۆر ئاسانتر ده‌توانین:
ڕێگه له کردنی ژیان به شانۆگه‌ری چه‌ند سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر بگرین و
کارێک بکه‌ین ملیۆنه‌ها ئینسان بگه‌ڕێنه‌وه ژیانی واقعی و تیایدا زه‌مینه‌ی
هه‌ڵوێستی واقعی یان پته‌و تر بێت.
کاتێک که به گه‌نجه‌که‌م وت له‌سه‌ر تۆ شتم نوسیوه، یه‌کسه‌ر ڕازی
بوو، چونکه له‌ماوه‌ی زینداندا زۆر ئه‌و فرسه‌ته‌ی بۆ هه‌ڵنه‌که‌وتووه،
که‌سێک ده‌وربینینه‌که‌ی هه‌ڵبسه‌نگێنێت......
که ته‌واوی کرد به هاوسه‌ره‌که‌ی وت تا به هه‌ندێک ده‌سکاری شێوه‌ی
ده‌ربڕینه‌که‌یه‌وه بینوسێته‌وه.
هه‌رچی گه‌نجه‌که بوو، به پێچه‌وانه‌وه، هه‌ستی ده‌کرد سه‌ره‌تای
تراژیدیایه‌کی تر ده‌ستی پێکردووه: سه‌ری لێشێوابوو نه‌یده‌زانی چۆن
قه‌ناعه‌ت به خۆی بکات ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت ڕاست نی یه، ئه‌و که‌سێکی
وای نه‌بینیوه که ئه‌م بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوو ده‌ستی ببن به
کۆته‌ره، که‌چی هێشتا هاتووه به‌م بڵێت، به‌ر له‌وه‌ی تۆ خاچ و
هیلاله‌که له‌یه‌ک بده‌یت، من حه‌زم ده‌کرد قسه‌ت له‌گه‌ڵ بکه‌م و هیچ
مه‌به‌ستێکی شه‌خسیشم نه‌بوو، ته‌نیا ده‌مویست هه‌ندێک له‌و قسانه‌ت بۆ
بکه‌م که قه‌رار بوو له شوێنێک به قازانجی خه‌ڵک بیکه‌م . ئاخر ئه‌و
هه‌تا ئێستا وا له زۆربه‌ی خه‌ڵک( به تایبه‌تی دانیشتوانی ئه‌وروپا)
گه‌یشتووه، که تا بڵێی ژیانیان خۆش ده‌وێت و خۆپه‌رست و ترسنۆکن و هه‌میشه
به شوێن له‌ززه‌ت و ته‌ماعه‌وه‌ن، حه‌ز به ته‌نیایی ده‌که‌ن و زۆر
هاتوچۆ و تێکه‌ڵاوی یان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا نی یه، زۆر که‌م پیاو و پیاو
ده‌بن به هاوڕێ( مه‌گه‌ر بێ ئه‌خلاق بن) زۆربه‌یان به خه‌ڵکی وڵاته‌کانی
تر مورتاح نین، ته‌نانه‌ت له موناقه‌شه‌یه‌کدا جارێکیان مه‌لایه‌ک به‌می
وت:
ترسی کۆمۆنیسته‌کانت نه‌بێت، ئه‌وان ئێستا زۆر له‌وه لاواز ترن بتوانن
به‌ر به‌م سه‌حوه‌ی دینه بگرن. نابینی کرێکار به کرێکاری خۆی ئیهمالی
کردوون، که جاران ئه‌وان قسه‌یان بۆ ده‌کردن و ته‌نزیمیان ده‌کردن و
نه‌قابه‌کانیان بۆ به‌ڕێوه ده‌بردن و به هۆی ئه‌وانه‌وه بووبوون به
که‌ڵه‌گا و هه‌رچی حوکمه‌ت بوو لێیان ده‌ترسا. ئه‌م دوانه وا تێکه‌ڵ
بوو بوون که‌س له‌یه‌کی جیا نه‌ده‌کردنه‌وه، تا وای لێهاتبوو گاڵته
کردن به دین و خوا و پێغه‌مبه‌ره‌کانی بوو بوو به باو، ئێستا ئه‌وانه
له جیاتی شیعاری کرێکارانی جیهان یه‌کگرن، ده‌ڵێن: ئیشی خۆمان بۆ
کرێکاری خۆمان!
ئێستاش چۆنێتی قاقای مه‌لاکه‌ی له بیر ماوه، ئه‌وه‌شی بیر هاته‌وه
که کاتی خۆی به پێچه‌وانه‌ی مه‌لاکه‌وه، ئه‌و قسانه نامورتاحی کرد
و کۆمه‌ڵێک گرێ و پرسیاری بۆ دروست کرد که وه‌ڵامه‌کانی دواتری مه‌لا
نه‌یانتوانی بۆی بکه‌نه‌وه و قه‌ناعه‌تی پێ بکه‌ن. ئه‌و پێی ناخۆش بوو،
که کۆمۆنیسته‌کان وا ناسراون دیفاع له کرێکار به گشتی و کرێکاری
په‌نابه‌ریش ده‌که‌ن، حه‌زی ده‌کرد که‌س گوێی له‌مه نه‌بێت و به‌مه
نه‌زانێت. ئه‌و حه‌زی ده‌کرد وا بناسرایه‌ن که تا پێیان ده‌کرێت ڕقی
کرێکار به پێی دین و وڵات و قه‌وم به‌رامبه‌ر یه‌کتر ئه‌ستور ده‌که‌ن،
چونکه له‌وه ده‌ترسا خه‌ڵک له‌به‌ر خاتری مه‌عیشه‌ت و ئیشه‌کانیان
به قسه‌ی کۆمۆنیسته‌کان بکه‌ن. ئه‌وه‌تا ئه‌م خۆی حه‌ز ده‌کات یه‌کێک
هه‌بێت دیفاع له کرێکاره په‌نابه‌ره‌کان بکات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌م
ئه‌وه‌نده موته‌ده‌ین نه‌بوایه و ئه‌وه‌نده ڕقی له کۆمۆنیسته‌کان
نه‌بوایه، ئه‌وه له‌وانه بوو یه‌کسه‌ر خۆشی بویستایه‌ن و گوێی بۆ
قسه‌کانیان بگرتایه، به‌ڵام خۆ هه‌موو که‌س وه‌ک ئه‌م نی یه! خۆی باش
ده‌زانێت زۆربه‌ی خه‌ڵک ئیمانیان زه‌عیفه و ته‌ماع و ماڵی دنیا و خۆشی
ژیان وا له زۆربه‌ی ده‌کات هه‌موو ڕێ یه‌ک تاقی بکه‌نه‌وه. ئه‌ی
ئه‌وه نی یه ئه‌و هه‌موو گه‌نجه پۆل پۆل ڕوو ده‌که‌نه ئه‌م وڵاته
کافرانه و لێره‌ش مه‌سه‌له‌که بۆنی ئه‌وه‌ی لێدێت که ته‌نیا سابیقه
و شیعاری کۆمۆنیسته‌کان به قازانجیان بێت!
له‌پڕ به ده‌نگی خۆی له زینده‌خه‌وه‌که‌ی ترازا، که ده‌یوت: نا،
نه‌ده‌بوو ئه‌مه وابێت!
دیسانه‌وه چووه‌وه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی نوسه‌ره‌که، دوای دوو ساڵ و نیو
جارێکی تر ئه‌و هه‌سته‌ی لا دروست بووه‌وه که هێرشێکی له‌سه‌ره و
ده‌بێت به هێرش وه‌ڵامی بداته‌وه، ئه‌وه‌نده هه‌بوو، پێشتر وای
هه‌ست ده‌کرد که هه‌موو خه‌ڵک به: نه‌ترسانیان له خوا و ئاگری
دۆزه‌خ، به عه‌بدایه‌تی یان بۆ ته‌ماع و شه‌هوه‌ت، به په‌یڕه‌وی
نه‌کردنیان له قورئان، هه‌موو ئان و ساتێک هێرش ده‌که‌نه سه‌ر ئه‌م،
به‌ڵام ئێستا ئه‌م نوسه‌ره: به که‌سایه‌تی یه جیاوازه‌که‌ی له‌و
ته‌سویره‌ی که بۆ ئینسانی ئه‌وروپی هه‌یبوو، که مومکین نی یه ئه‌مه
له بیروباوه‌ڕێکی به‌هێزه‌وه سه‌رچاوه‌ی نه‌گرتبێت، هێرش ده‌کاته
سه‌ر زانیاری و قه‌ناعه‌ته‌که‌ی، به‌ڵام تا ئێستا جگه له چه‌کێکی
بێده‌سڵاتانه( که ئه‌ویش حه‌سودی بوو) هیچ وه‌سیله‌یه‌کی دیفاعی تری
شک نه‌ده‌برد. حه‌زی ده‌کرد ئه‌و نوسه‌ره هه‌رچی بێت به‌س کۆمۆنیست
نه‌بێت. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد هه‌ستی کرد خه‌ریکه له دڵی خۆیدا خۆی بۆ
یه‌کتر بینینه‌وه‌یه‌کی تر ئاماده ده‌کات...
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که نوسه‌ره‌که هه‌میشه ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئه‌وه
ده‌کرده‌وه که ده‌بێت هه‌رچی زووه که‌ڵک له دیراسه‌کردنی ئه‌و
گه‌نجه وه‌ک حاڵه‌ت و ئاکامێکی ئاشکرا و به‌رجه‌سته‌ی سێ ڕه‌وه‌ند،
وه‌ربگیرێت، به‌ڵام ده‌شیویست به‌و جۆره هه‌نگاو بنێت و مامه‌ڵه بکات
که گۆمه‌که نه‌شڵه‌قێت و ماسی یه‌که ڕانه‌کات. ئه‌و له‌و ماوانه‌دا
که ڕاسته‌وخۆ ته‌ماسی له‌گه‌ڵ گه‌نجه‌که نه‌بوو، هه‌وڵی دا له چه‌ند
وتارێکدا ئه‌و ڕاوبۆچونانه‌ی که به هاوڕێکانی ده‌وت، بۆ خوێنه‌رانی
بڵاوکراوه و سایته‌که‌شیان ڕوونبکاته‌وه، ئه‌و هه‌میشه به‌ڵگه‌ی نوێ
و ڕوونتری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌هێنایه‌وه، که ئه‌مڕۆ پرۆسه‌یه‌کی زۆر
هه‌مه‌لایه‌نه و زاڵ له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک به ئه‌رز
و ئاسمانه‌وه، بکرێن به پرۆژه‌ی(قازانج) لێوه‌رگرتن. ئه‌م پرۆسه‌یه
ئیتر ته‌نانه‌ت نه‌ک ژیان و بیرکردنه‌وه و ئاوات و ئامانجه‌کانی تاک
تاکی ئینسانه‌کانی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵکو ڕه‌نگی پێست و پارچه پارچه‌ی
له‌شیشیانی بۆ خۆی ده‌سته‌مۆ کردووه. به‌ڵام ئه‌مه هه‌روا به‌ئاسانی
ڕووی نه‌داوه و ناپارێزرێت و ناچێته پێش، چونکه ئه‌وه‌ی له‌م
پرۆسه‌یه‌دا ناتوانرێت بشاررێته‌وه ئه‌وه‌یه که هه‌ر له خلالی
پرۆسه‌که‌دا به‌شێکی به‌رین له ئینسانه‌کان: له موڵکایه‌تی
داده‌بڕێن، ماندوو ده‌کرێن، هه‌ژار و بێکار و برسی ده‌کرێن، به
به‌رچاویانه‌وه سه‌روه‌ت و سامانی کۆمه‌ڵگایان لێ زه‌وت ده‌کرێت، به
کوشت ده‌درێن، تووشی جۆره‌ها نه‌خۆشی ده‌کرێن، ئیهمال ده‌کرێن،
فریوده‌درێن و ده‌ترسێنرێن و سه‌رکوت ده‌کرێن، به‌خته‌وه‌ری یان لێ
زه‌وتده‌کرێت، دڵنیایی یان هه‌ڵده‌وه‌رێنرێت، بێمتمانه ده‌کرێن،....
ئێمه‌ش ڕۆژ به ڕۆژ هه‌ست به‌وه ده‌که‌ین ئه‌وان له زمانمان ناگه‌ن،
شه‌ڕه‌که‌مان زانستی ناکه‌ین، ده‌مانه‌وێت به ده که‌س و به به‌ردی
گه‌وره له دڕنده‌که بده‌ین، به‌ڵام هه‌وڵناده‌ین به‌رده بچوکه‌کانی
هه‌زار که‌س به‌کار بێنین!
شوباتی
2010
ماڵپه‌ڕی
ئامانج پیرۆت
|