په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١١\٢٠١٤

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"

لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتەی ھیندستان نمایشکرا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە بەشی پێشبڕکێی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە وڵاتی ھیندستان نمایشکرا.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە نووسینی ھاوبەشی "مەممەد ئەکتاش" و "شەوکەت ئەمین کورکی" بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان، کاتژمێر ٣٠/٧ی ئێوارێی ڕۆژیی دووشەمە ١٧ تەشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە ھۆڵی پۆرباسریی لە وڵاتی ھیندستان لەگەڵ کۆمەڵێک فیلمی دیکە چووە سەر پەردەی سینەما.


سەرۆکایەتیی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سینەماکارانی ئافرەتی ئەم فیستیڤاڵە لە ئەستۆی ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران خاتوو "نیکی کەریمی"دا بوو، و ھەر لەم فیستیڤاڵەدا بە بۆنەی تەمەنێک چالاکی ھونەری و خزمەت بە ھونەری سینەما ڕیزی تایبەتی لێگیرا و لە بەشێکدا کۆمەڵێک لە فیلمەکانی وەکوو ئەکتەر و دەرھێنەر نمایشکران.


ئەم فیستیڤاڵە چەندین بەشی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سینەماکارانی ئافرەت"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا"، بەشی "چاوخشاندنێک بە ڕابردوودا"، بەشی "سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر سینەمادا"، بەشی "مامۆستای گەورەی سینەما جیھان ستەنلی کۆبریک"، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای وڵاتانی عەڕەبی"، بەشی "ئاسۆی نوێی ـ چاوخشاندنێک بە بەرھەمەکانی خاتوو نیکی کەریمی"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "ھەڵبژاردەی سینەمای ھیندستان"، بەشی "تایبەت بە منداڵان"، بەشی "پانۆڕامای بەنگاڵ"، بەشی "ڕێزلێنانی تایبەت" و ھەروەھا بەشی "سینەمای کلاسیکی فەڕەنسا".


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە بە بەشداری بەرھەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان، لەوانە: ئیسپانیا، سویسڕا، ئیتاڵیا، یۆنان، ھیندستان، ئەفغانستان، کۆماری چیک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ھەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕۆژانی ١٠ تا ١٧ تشرینی دووەمی ٢٠١٤ لە شاری کەڵکەتەی وڵاتی ھیندستان بەڕێوەچوو.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری پارێزگای دھۆک "ئەیووب ڕەمەزان"، لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی مرواریی ڕەش بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

بۆ زانیاریی پتر:

http://kff.in/memoriesonstone.php
 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد".
ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک