په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٥\٢٠١٨

بەغدا لە نێوان برێت ماکگۆرک و قاسم سلێمانیدا.


عەلی مەحمود محەمەد  


تا نیوەڕۆی ١٢ ی مانگ، سندوقەکان بەتاڵ بوون، لە نوێژی نیوەڕۆوە فتواکان دەستیان پێکرد بۆ ھاندانی خەڵک بۆ پڕکردنەوەی سندوقەکان، پەنجە شایەدمانە مۆرکراوەکانی پیاوانی ئاینی رو لە ئاسمان بەرز کرایەوە بۆ ھاندان، تا نیوەڕۆ تسۆنامی بایکۆت سەرکەوتوو بوو، لە کوردستانیش حیزبییەکان سیناریۆی سەیرسەیریان بەناو ئەندامانیان بڵاو دەکردەوە تا زوو بیانێرنە سەر سندوقەکان، گوایە نەیارانیان بۆ ئێوارە قەرەباڵغی دروستە کەن، لە بەرامبەر ئەو بێئومێدییەی خەڵک لە ئەنجامی دەسەڵاتی نادادپەروەر لە ھەموو ھەرێمەکانی عێراق پەیڕەو دەکرا، بەتایبەتیش لەو پەرلەمانتار و بەرپرسان ەی بەغدا کەسیان لە گەندەڵی بێبەری نەبوونە لە رابردوو، لە کۆتاشدا رێژەی دەنگدان ھەر ١٧.٤٨٪ ی کەمتر بوو لە خولی پێشوو، وێڕای دەنگدان بە لیستە نوێکان بۆ خۆی سزادانی کۆنەکان بوو، راچەڵەکینی ئەو بەیانیانە مەترسیدار بوو بۆ رەتکردنەوەی چینی فەرمانڕەوای عێراقی،

لە بیرمان بێت, شەوی یەک شەمەی ١٥ی ئۆکتۆبەر ی ٢٠١٧ قاسم سلێمانی پشووی کۆتایی ھەفتەی قۆستەوەو گۆڵی خۆی لە برێت ماکگۆرک کرد لە کەرکوک کە لە ھەوڵدا بوو شەڕ نەبێت, ماکگۆرک ١٤ ساڵە بە فەرمی کار لە ناو کونج و پێچە ئاڵۆزەکانی سیاسەت لە عێراق دەکات ئەو شەوە حاجی قاسمی کرێکاری بیناسازی گۆڵی لێکرد, ئەزموونی کرێکارێکی بیناسازی سەرکەوت بەسەر شەھادەی باڵای زانکۆی بەناو بانگی کۆڵۆمبیا, بەمەش لە ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە تورکە قزڵباشیە شیعەکانی لە دوز کردەوە بە فەرمانڕەوا, وێنایەکی دیکەی شەڕی نەغەدەو قاڕنێ و قەڵاتانیان دوبارە کردەوە لە دەڤەری کەرکوک, کەرکوکیش تەسلیم بە سەفەوییە عەرەبیەکانی سەر بە ھادی عامری کرایەوە, مێژووی شا ئیسماعیلی سەفەوی لە کەرکوک زیندو کردەوە, ئەگەر فەرمانڕەوایی یەکەمیان ٢٦ ساڵی خایاندبێت (١٥٠٨-١٥٣٤), پێی دەچێت فەرمانڕەوایی ئەمجارەیان لە کەرکوک کەمتر لە ٢٦ مانگ تەمەنی بێت, ئێستا ئەم دوو پیاوە, یەکیان لە نێوان خەزراو ھەولێرەو ئەوی دی لە نێوان خەزراو سلێمانییەوە ھەوڵی خۆیان چڕ کردۆتەوە, بۆ ئەوەی گۆڵی خۆیان بکەن و حکومەتی پاشکۆی خۆیان لە بەغدا دامەزرێنن, حکومەتێک بەناو عێراقی و ھەڵبژێردراوی عێراقییەکان بێت, لێ پەیوەستی دایکی و رۆڵایەتی پێیانەوە ھەبێت, لە پاشکۆ پاشکۆتری سیاسەتەکانیان بێت لە قۆناغە ھەستیارەکەی ئەمڕۆ, بەتایبەت لە ئێستادا بۆ ھەر کامیان گرنگە بەغدا بۆخۆی ببات و پارسەنگی ھێزی ھەرێمایەتی بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە, لێ بۆ کورد و ھێزە عەلمانی و چەپ و نەتەوەییەکان دوبارە گەڕاندنەوەی سیناریۆی ئێرانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٢ ە, لە کۆتادا چارەنووسیان وەک سنجابی و بازرگان و موجاھدین و تودەو کۆمەڵەی و دیموکرات دەبێت بەدەست ئەم مەلا چەفیە رەش و سپیانەوە.

ماکگۆرک لە دایک بووی ٢٠ی ئەبرێلی ١٩٧٣ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا, ھەڵگری دکتۆرا لە یاسا لە زانکۆی بەناوبانگی کۆڵۆمبیای ئەمەریکی, لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ ەوە لە بەغدا تێکەڵ بە جەنجەڵیەکانی سیاسی ئەم وڵاتە بووە, لە زۆرێک گفتوگۆ دورو درێژە ئاڵۆزییەکان بەشداری کردووەو ئەزموونی پەیدا کردووە, ھەرچی حاجی قاسمی سلێمانییە, ھەندێک لە ئێرانییەکان پێیان وایە بە رەچەڵەک تورک زمانە, ١٦ ساڵ پێش ماکگۆرک لە گوند رابوری کرمان لە دایک بووە, کرێکاری بیناسازی بووە و بەھۆی ھەژارییەوە تا قۆناغی خوێندنی ناوەندی خوێندووە, لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دەبێتە پاسدار, لە گەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی رۆژھەڵاتی کوردستان ١٥٠٠ کیلۆمەتر دەبڕێت و چالاکانە بەشداری دەکات لە سەرکوتکردنی شۆرشی گەلی کورد, ئەو یەکێک لەو چەکدارە ٢٢ ساڵانەی ئیمامی زەمان بوو پۆستاڵەکەیان لە پێ دانەکەند تا گرتنەوەی شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر فەرمانڕەوایی حکومەتی ولایەتی فەقی, چۆن کەرکوک و دوزیشی گەڕاندەوە بۆ ژێر فەرمانڕەوایی ھاوڕێی دیرینی ھادی عامری.

بە پێچەوانەی برێت ماکگۆرک نێردەی ئەمریکا لەھاوپەیمانی دژی داعش کە بە دۆستی کوردەکانی رۆژئاوا دێتە ژماردن, قاسم سلێمانی سیاسەتی بە کوشتوبڕی کوردی رۆژھەڵات دەستپێکردووە و لە شەڕی عێراق ئێرانیشدا چالاک بوو لە گەرمکردنی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە,باسکەکانی خوێنی عێراقییەکانی لێ دەتکێ, ئێستاش لە درێژەی ئەو مێژووە بەردەوامە لە کارەکانی لە عێراق, شەڕ لای ئەو کۆتا نەبووەو بەردەوامە.

ھێزە سیاسیەکان ئەوەی پێیان کرا لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ئەنجامیان دا, لە شکاندنی شکۆی یەکترو ناشرینکردنی پیرۆزییەکانیان و تا دروستکردنی فلیم و ھەڵبەستنی تۆمەتی ئەخلاقی,ھاوکات ٣ بۆ ٤ ملیاردۆلار لە ھەڵمەتەکان خەرجکران, بۆرسەی دەنگ کڕین رۆژ بە رۆژ لە بەرز بونەوەدا بوو,پارە بە بار خۆی دەکرد بە عێراقدا, لە تاریکیدا ھەموو پارەکان خەرجکران, یەک لیستیش لە عێراق خەرجییەکانی ئاشکرا نەکرد, ھیچ پێوانەیەک بۆ رێگری لە دەستێوەردان لە رێگای پارەوە نەبوو, بەو پارەیەی لە ھەڵبژاردنەکە خەرجکرا دەکرا ھەژاری پێ بنەبڕ بکرێت, وەلێ بۆ کورسییەکانی پەرلەمان چنگ گیرکردن لە حکومەت تەرخانکرا, ھەڵبژاردنی عێراق سێیەم تێچوی ھەڵبژاردنەکانی جیھانی ھەبوو دوای وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ھیندستان.

گۆڵی یەکەم ئەو لایەنە کردی دەنگەکانی ھەژمارکردو بەشی باشی بۆخۆی برد, گۆڵی دووەم و سەرەکی ئەوەیە پێگەی خۆی قایم دەکات لە خەزرا, حکومەتی ئەمجارە پێ دەچێت کۆتا جار بێت سەری ترامپ و حاجی قاسم سلێمانی لە مەنجەڵێکدا کۆبکاتەوە وەک رابردوو, حکومەتی خۆڵەمێشی نەما, پارت و ھێزی خۆڵەمێشیش پێی لە ھەردوولا بێت کۆتایی دێت بە توندبونەوەی ململانێی ئەمەریکا و ئێران, قاسم سلێمانی چۆن ١٦ی ئۆکتۆبەر ھەوڵەکانی ماکگۆرکی لەباربرد بۆ ئاشتی, گومان ھەیە ئەمجارە لە ھەوڵەکانی وەک ٧ مانگ لەمەوپێش سەرکەوتوو نەبێت بژاردەکانی مالکی- ھادی عامری لە خەزرا شین بکاتەوە, وەلێ ھێشتا پێگەی ئێران لەناو پارتە ئیسلامییە شیعەکان بەھێزەو ناتوانرێت حیسابی بۆ نەکرێت, خۆ لە ساڵی ٢٠١٠ ئەمەریکا فشارێکی زۆری کرد تا مالکی لەسەر کورسی سەرۆک وەزیرانی دانا, کەچی ئێستا لە لیستی رەشیدایە, عەبادی و کاندیدی ھەموو پارتە ئیسلامییە شیعەگەراکان لە کۆتادا ھەروا دەردەچن.

ئێستا ماکگۆرک و حاجی قاسم سلێمانی کە لە " ماکگۆرک١٣ - ١٤قاسم سلێمانی"ی مانگەوە میوانی عێراقییەکانن و لە بەغدان , بۆ رێگا گرتن لە یەکتری , ھەر یەکەی گڵۆپێکی سەوزیان بە دەستەوەیە بۆ لایەنگرانیان لە خەزرا, ھەموو چاوەکان لەسەر جوڵەو ھەوڵە دیبلۆماسیە ئاشکراو نھێنییەکانی ئەم دوانەن, جوڵەکانیان زیاتر لە جوڵەی دوو پاڵەوان دەچێت لە زۆرانبازیدا بن, ئەرکیان وەک ٣ جاری پێشوو سەردەمی بۆش و ئۆباما ھاوکاریکردن یەکتر نییە, ئەوان ئێستا وەک جاران ناوبژیوانیکەر نین وڵات بۆ ئاشتی و تەبایی رێک بخەنەوە, ئەوان ئەمجارە عێراق بۆ شەڕی داھاتووی خۆیان رێک دەخەنەوە بەرامبەر یەکتر, شەڕی ئەمەریکا- ئێرانیان ھێناوەتە خەزرا-ھەولێر-سلێمانی, خەریکی پاشقول گرتنن لە یەکتری نەک ھاوکاری, ئیتلافی فەتح ھاتنی مەکگۆرکی بە ھەوڵ بۆ گۆڕینی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن زانی, وێنەی ھاککەرێکی لە ماکگۆرکدا وێنا کرد., ئێستا زەمەنی ھاک بە کۆتا گەیشت ئیتر زەمەنی کورسی کڕین و چاو سورکردنەوەو ھەڕەشەی پەراوێز خستن ھاتۆتە پێشەوە, تا ١٦٥ کورسی بۆ حکومەتە پڕ پینەو پەڕۆکە کۆبکرێنەوە, ئێران پارەیەکی زۆری لە ھەڵبژاردنەکە خەرجکرد, تا ھەنووکە ٨٧ کورسی مەزموونی ھەیە.

لە نێوان ئەلتەرناتیفی ھەردوولا, ھێزێک قیت بۆتەوە بەناوی سائیرون کە ھەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانیان دەکات, بەم بارودۆخە کە حکومەتی تەوافقی ھەردوولا کۆتایی پێ ھاتووە وەک ٣ خولی پێشوو, وە شکستیشی خواردووە, ناتوانرێت گوێ لە ھێزەکانی دژ بەھەردوولا نەگرترێت, عەلی ئەکبەر وڵایەتی راوێژکاری مورشیدی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی شوباتی رابردوو ١٠٠ رۆژ پێش دەنگدنە پڕ لە نائومێدییەکە, ھەڵوێستی ئێرانی لەسەر ئەم ھاوپەیمانییە دەربڕی و وتی رێگا نادەین شیوعی و لیبراڵی و عەلمانییەکان لە عێراق دەسەڵات بگرنە دەست, شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی مانگیش ئەوان وەڵامی خۆیان بە دروشمی بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە ئێران بۆ دەرەوە دایەوە, وەلێ ١٤ مانگ قاسم سلێمانی خۆی کرد بە بەغدایا.

سائیرون ھاوپەیمانییەکی لیچتقی عێراقییە و دەیەوێت کۆتایی بە باڵا دەستی ئێران بھێنێت لە عێراق, وەلێ باڵە بەھێزەکەی دژ بە شێوازی ئیسلامیانەی حوکمڕانی نییە, لە رابردوو خۆشیان لە گەڵ ئەمەریکا تاقیکردۆتەوە, جیاوازیان تەنھا ئەوەندەیە لەگەڵ ئەوانی دی لە بڕی قوم پەیڕەو لە نەجەف دەکەن, لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تەوژمی سەدری دژ بە ئێران و قاسم سلێمانی دروشم دەڵێنەوە.

کاریگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە رێکەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران, راستەوخۆ لەسەر پێک ھێنانی کابینەی حکومەتی داھاتووی عێراق دەبێت, کێشمە کێشەکان توندتر دەکاتەوە, کاری حاجی قاسمی سلێمانی و مستەر ماکگۆرک سەختر دەکات, شەڕی ھەردوولا پێش سوریاو ئێران لە عێراقەوە دەبێت, ئەگەر راگەیاندنی ئەنجامەکان لە بری ٦ دەقە ٦ رۆژی ویست کە دەبوایا دوای ٤٨ کاتژمێر رابگەیەنرایا, بێشک پێک ھێنانی حکومەت زۆری دەوێت.

زۆربەی سیاسییەکان عێراق قەرزاری ئەم دوو وڵاتەن, بەشێکیشیان پەیوەندی ژێر بەژێریان لەگەڵ ھەردولا ھەیە, رۆڵی یاری سێو بە باخەڵ دەگێڕن, ئەوان نەبونایە ھەر دەبوایا خەونیان بە گەڕانەوە بۆ عێراق ببینیایە نەک حوکمڕانی.

پەرلەمانتاران پارەیەک زۆریان خەرجکردووە, دەیانەوێت زووو بَێنە مایە لە رێگای حکومەتەوە, وەلێ پێی ناچێت ئەمجارە رێگای حکومەت و گەیشتن بە خەزرا وەک جاری جاران ئارام بێت, عێراق چاوەڕوانی گەشتی یەکەمی شەڕی ئەمەریکا- ئێران دەکات, سەری دوو بەرانەکە نەک مەنجەڵەکە پێکەوە نایان کوڵێنێت, بگرە ئاگادار بن مەنجەڵیش دەشکێنێت.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک