٤\١١\٢٠١٠
به‌غدای
خوێناوی؛ جه‌رگه‌ی بنبه‌ستی دیموکراسی!

حه‌مه غه‌فور
مانشێتی ڕاگه‌یاندن‌و تۆڕه‌کانی میدیا‌و په‌خش‌و وه‌شاندنی جیهان، هێشتا
ڕووماڵی هه‌واڵی کاره‌ساتی که‌نیسه‌یه‌کی مه‌سیحیه‌کانی به‌غدای پایته‌ختی
به ته‌واوی نه‌کردبوو، که ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی ڕابردوو ژماره‌یه‌ک چه‌کدار
په‌لاماریان برده سه‌ر که‌نیسه‌که‌و زیاتر له سه‌د که‌سیان له کاتی
نوێژدا له‌و که‌نیسه‌یه‌دا به بارمته گرتبوو، وه بووه هۆی کوژرانی
52 که‌س‌و برینداربوونی 67 که‌سی دیکه، به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه
هه‌واڵی زنجیره‌یه‌ک ته‌قینه‌وه‌ی یه‌ک له دوای یه‌ک له گه‌ڕه‌که
جیاجیاکانی شاری به‌غدا سه‌رله‌نوێ مانشێتی تۆڕه‌کانی هه‌واڵی جیهانی‌و
لۆکاڵیشی داگیر کرده‌وه. ده‌ره‌نجامی ئه‌و هێرشانه هه‌تا ئێستا 63
قوربانی‌و زیاد له 200 برینداری لێکه‌وتۆته‌وه! هه‌شت ساڵه ئێمه
به چاوی خۆمان ئه‌بینین چۆن ته‌واوی ژیانی هاوڵاتیانی سڤیلی عێراق،
کراوه‌ته بارمته‌ی بردنه پێشه‌وه‌ی پرۆسێسی سیاسی عێراق‌و گوایا بۆ
به‌رقه‌رارکردنی دیموکراسیه تیایدا!
پێشهاتنی ئه‌م کاره‌سات‌و تراژیدیایه له ناو جه‌رگه‌ی شاری به‌غداو
ته‌نانه‌ت به ته‌نیشت ناوچه‌ی سه‌وزی مۆڵگه‌ی هێزه کۆماندۆکانی سوپای
ئه‌مریکاوه، سه‌رنج‌و تێڕامانمان ئه‌بێ بگێڕێته‌وه بۆ سه‌ر دۆخی
شپرزو داغانی پرۆسه‌ی سیاسی عێراق که نزیک به هه‌شت مانگه دوای هه‌ڵبژاردنی
پارله‌مانی عێراق درێژه‌ی هه‌یه‌و بۆ ساتێکیش بازاڕی گه‌رمی کێشه‌و
گرفت‌و ململانێی نێوان هێزو لایه‌ن‌و قه‌واره سیاسیه ڕه‌نگاو ڕه‌نه‌گاکان
ئارامش‌و نزیکبوونه‌وه له ڕێکه‌وتن‌و ته‌وافوقی هێزو لایه‌نه‌کانی
کایه‌ی سیاسی عێراقی بۆ ساتێکیش لێ نه‌که‌وتۆته‌وه.
یه‌کشه‌ممه‌ی خوێناوی، سێشه‌ممه‌ی خوێناوی، به‌غدای خوێناوی، تراژیدیا‌و
ده‌یان هه‌زار جه‌سته‌ی پاره‌پاره‌ی ده‌می بۆمبی ته‌وقیت کراو، یان
وێرانه‌ی به‌جێماوی پاش ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژ کراو، پێویسته‌و
ده‌بێت سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای عێراق، ویژدانی مرۆڤایه‌تی‌و ئیهتیمامی
جیهانی شارستانی ڕاکێشێته سه‌ر ئه‌و لێدوان‌و هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شانه‌ی
وا که‌سایه‌تیه پله یه‌که‌مه‌کان‌و نوێنه‌ره ڕه‌سمیه‌کانی وه‌کو ئه‌یاد
عه‌للاوی‌و هاشمی‌و سه‌درو موتڵه‌گ‌و مالکی‌و ته‌نانه‌ت بارزانی‌و ناوه‌نده
ڕه‌سمی‌و پایه‌باڵاکانی ده‌وڵه‌تانی ئێران، تورکیا، عه‌ره‌بسانی سعودی‌و
سوریا‌و ئه‌مریکاو ئیسرائیل، له به‌رامبه‌رکێ‌و ململانێ "دیموکراسیانه‌کانی"
نێوانیاندا ڕایئه‌گه‌یه‌نن! سه‌رچه‌شمه‌ی ئه‌م ته‌قینه‌وانه ته‌سریحاته‌کانی
ئه‌وان خۆیانه له بنه‌ڕه‌ته‌وه. خۆیان ئه‌م ڕاستیه ناشارنه‌وه.
ده‌یان جار گوێمان لێ بووه که سه‌رۆکی لیستی عێراقیه، ئه‌یاد عه‌للاوی
ڕایگه‌یاندووه له‌به‌رده‌م زوومی کامێرای ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی ناوخۆ‌و
جیهانیدا، که ئه‌گه‌ر گوشاری ده‌ره‌کی، مه‌به‌ستی له ئێران، ئه‌مریکا
یان ئیسرائیل‌و ته‌نانه‌ت ئه‌وانی دیکه‌ش بووه، لیسته‌که‌ی ئه‌وان له
پرۆسه‌ی سیاسی‌و مافه‌کانی گوایا خۆیان دوور بخاته‌وه، دۆخه‌که ئاڵۆز
تر ئه‌بێت. به ده‌ق ووتوویه‌تی؛ جه‌نگ ڕوو ئه‌دات، ووتوویه‌تی؛ خوێن
ئه‌ڕێژرێت! تا بگات به‌وه‌ی که به ڕاشکاوی دووپاتی کردۆته‌وه که شه‌ڕی
تائیفی هه‌ڵئه‌گیرسێته‌وه‌و ئۆقره‌یی‌و ئارامش حه‌رام ئه‌کرێت له کۆمه‌ڵی
عێراق! ئه‌مریکا به زمانی دیکه ئه‌م شتانه‌ی ڕاگه‌یاندووه، ئێران به
هه‌مان شێوه، تورکیا، سوریا‌و سعودیه‌و ..تد.
ئه‌م هاوکێشه‌یه چۆن شیکاری ئه‌کرێت؛ ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده له‌سه‌رو
به‌ندی مۆرکردنی ته‌وافوق‌و پێکهاتنه‌کاندا ئه‌کشێته دواوه‌و سه‌رکرده‌و
ئه‌میره‌کانی ده‌سگیر ئه‌کرێن‌و لاواز لاواز ئه‌بێ تا سنووری سڕینه‌وه‌ی
کۆتایی، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێک له‌و هاوکێشه‌یه‌ش بگۆڕێت که به‌دوای
لابردنی ڕژێمی سه‌دام حسه‌یندا، ڕیزبه‌ندی هێزه‌کان‌و خشته‌ی
ململانێکانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسه‌تی عێراقی هه‌تا ئه‌مڕۆی ڕه‌سم
کردووه!؟ له‌پڕ له‌گه‌ڵ بنبه‌ستی سیاسه‌ت‌و گفتوگۆکان‌و هه‌ره‌سی ڕێکه‌وتنه‌کانی
نێوانیان، ئه‌لقاعیده وه‌کو دێوێک په‌یدائه‌بێته‌وه‌و ده‌ست ئه‌کاته‌وه
به وێرانکاری‌و کاری تیرۆریستی! ئه‌مه چی له‌غزێکه، چی داهێنانێکه
ئه‌مریکاو دیموکراسی ڕۆژائاوایی هێناویه‌تیه نێو فه‌رهه‌نگی سیاسه‌تی
جیهانه‌وه!
وه‌ڵامی ئه‌م له‌غزه، یان وه‌ڵامی ئه‌م هاوکێشه لاسه‌نگه زۆر ڕۆشن‌و
ڕاشکاوانه ڕۆژانه له میدیا‌و ڕاگه‌یاندن‌و ته‌سریحاته‌کانی سه‌رۆک‌و
نوێنه‌رانی ڕه‌سمی لایه‌نه‌کانه‌وه گوێمان لێی ئه‌بێت! ئه‌وان، هه‌موویان
له کاتی گفتوگۆ‌و جه‌ڕولحه‌بلی سه‌روبه‌ندی ململانێی سیاسی گوایا
دیموکراسیانه‌یاندا، هاوده‌نگ ئه‌ڵێن؛ ئه‌مه پرۆسێسی سیاسی عێراقه‌و
پێشڕه‌ویه‌کی گه‌وره‌یه دوای ڕژێمی سه‌دام پێشهاتووه. ئه‌ڵێن؛ ئه‌مه
ژانی له‌دایکبوونی دیموکراسیه‌ته له عێراق! خۆ کایه‌ی مناڵان نیه
هاتنه‌ئارای پارله‌مان‌و پرۆسه‌ی دیموکراسیانه‌و هه‌ڵبژاردن قوربانی گه‌ره‌که،
خوێنی هاوڵاتیانی گه‌ره‌که. هه‌موو پێویسته ملی بۆ ڕاکێشین! ئه‌ڵێن؛
له‌بیرتان چوو ڕژێمی سه‌ددام چۆن به زه‌برو زه‌نگ‌و به‌رپاکردنی جه‌نگ‌و
ئه‌نفالی هاوڵاتیان‌و کیماوی‌و حه‌وزی تێزاب، ده‌سه‌ڵاتی خۆی سه‌پاندبوو
به‌سه‌ر عێراقدا!؟ ئێستاش نۆره‌ی دیموکراسیه قوربانی خۆی له‌م خه‌ڵکه‌و
له‌م کۆمه‌ڵگا خێرنه‌دیوه بگرێت، هه‌تا ئارامش‌و ئۆقره‌یی بێته‌کایه‌وه!
پێمان ئه‌ڵێن؛ لێگه‌ڕێن با هێزه بۆرژواییه‌کانی عێراق به‌م شێوازه‌ی
ئه‌یبینین، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ووڵات له‌سه‌ر بنه‌مای میللی‌و قه‌ومی‌و
ئیتنی جیا‌و تائیفه‌و عه‌شیره‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ له‌نێوان خۆیاندا دابه‌ش
که‌ن‌و بگه‌نه ڕێکه‌وتنێکی کۆتایی!
به‌ڵام وا بۆ هه‌شت ساڵی ڕه‌به‌ق سه‌رئه‌کێشێت، ئه‌م درۆ شاخداره به‌رده‌وامه‌و
درێژه‌ی کێشاوه‌و هێشتاش سانتیمه‌ترێک له جێگیریی سیاسی‌و ڕێکه‌وتن‌و
پێکه‌وه هه‌ڵکردن‌و ژیانی دیموکراسیانه نزیک نه‌بووینه‌ته‌وه.
پێناچێت ئه‌م پرۆسێسه سیاسیه‌ی له‌م هه‌شت ساڵه‌دا بینیومانه، به‌ده‌ردی
گرفت‌و مه‌سه‌له‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه بشێت‌و بتوانێت وه‌ڵامی مێژوویی،
جا هه‌ر وه‌ڵامێک، به‌م نزیکانه به مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌و ده‌وڵه‌ت
بداته‌وه. ئه‌م پرۆسێسه بنبه‌ستی خۆی، شکستی خۆی به کرده‌وه ڕاگه‌یاندووه.
دیموکراسی ڕۆژئاوایی له عێراق شکستی خواردووه ته‌واو بوو.
به‌م جاره‌وه، ئه‌مه چه‌ندهه‌مین که‌ڕه‌ته به‌غداد خه‌ڵتانی خوێن ئه‌کرێ‌و
ئابڕوو و جه‌سته‌ی هاوڵاتیانی سڤیل له‌نێو ئاگرو خوێندا داستانێکی شه‌رماوه‌ری
تر بۆ پرۆسه‌ی سیاسی عێراق‌و بۆ بۆرژوازی عیراقی تۆمار ئه‌کات!؟ ئه‌م
دیموکراسیه خوێناویه‌مان ناوێ. ئه‌م پرۆسێسه پڕ شه‌رمه‌زاریه شایسته‌ی
کۆمه‌ڵگای عێراق‌و هاوڵاتیانی نیه. پێویسته سه‌رکرده سیاسیه‌کانی
ئێستای عێراق مل بۆ ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگاو بۆ مێژوی مرۆڤایه‌تی درێژ بکه‌ن.
پێویسته ده‌ست له په‌خشی درۆی گه‌وره‌و شاخدار هه‌ڵگرن. به خۆیاندا
بچنه‌وه‌و بزانن پرۆسێسی دیموکراسی چی ڕۆژگارێکی تاریکیان بۆ ووڵات
پێشهێناوه! ته‌ماشاکه‌ن چی چاره‌نووسێکی پڕته‌نگانه‌تان بۆ دوو نه‌وه‌ی
ئه‌م کۆمه‌ڵگا 30 ملیۆنیه خولقاندووه! پێموانیه چیتر ئه‌مه جێگای په‌سه‌ندی
ڕیزی ملیۆنی خه‌ڵکی عێراق بێت.
به‌ڵام نوێنه‌رانی چینی بۆرژوایی‌و سه‌رمایه‌داران، به قسه‌ی خۆش ده‌س
له به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی خۆیان هه‌ڵناگرن‌و له‌پێناو به‌رقه‌رارکردنی
ده‌ورو دوکانی سه‌روه‌ریی چینه‌که‌ی خۆیاندا، بۆ به‌رقه‌رارکردنی سیسته‌می
ده‌سه‌ڵاتدارێتی چینایه‌تی خۆیان، ئاماده‌ن کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به‌ره‌وڕووی
ڕۆژگاری له‌مه‌ی ئێستاش ڕه‌شتر بکه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ی له عێراق ڕوو ئه‌دات،
په‌یام‌و مانیفێستۆی بۆرژوایی عێراقیه به عه‌ره‌بیه‌وه به کوردیه‌وه
، به شیعه‌یه‌وه به سوننه‌یه‌وه‌و به مه‌سیحی‌و که‌مایه‌تیه‌کانیشیه‌وه،
پرۆگرامی بۆرژواییه به ئیسلامی‌و قه‌ومی‌و مۆدێرنیشیه‌وه! ئه‌مڕۆ
چینی بۆرژوایی سه‌ره‌ڕای جیاوازی‌و جه‌نگ‌و ده‌عواشیان، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر
به ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری ملیۆنی خه‌ڵکی عێراقدا هه‌ر هه‌موویان
هاوبه‌شن. هه‌موویان به‌رژه‌وه‌ندیان له‌وه‌دایه خه‌ڵکی دوور له
سیاسه‌ت بن، ده‌خاله‌ت نه‌که‌ن له سیاسه‌تداو هه‌ر هه‌وڵێک بۆ به‌شداری
کردنی جه‌ماوه‌ری خه‌لکی له دیاریکردنی سه‌ربه‌خۆو ئازادانه‌ی چاره‌نووسی
کۆمه‌ڵگاکه‌یاندا، به توندترین شێوه سه‌رکوت ده‌که‌ن. به شێوازی به‌عسیه‌کان
لێی ئه‌ده‌ن.
چینی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشان‌و ده‌ست ته‌نگانی ووڵات، ئیتر پێویسته
ستادی پێشڕه‌وی خۆیان، یانی کۆمۆنیزم‌و بزووتنه‌وه‌ی چه‌پی کرێکاری‌و
کۆمۆنیستی ته‌ره‌قی پێبکه‌ن‌و بره‌و به هێنانه به‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی
ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری خۆیان بده‌ن. هێزی ملیۆنی خۆیان ڕێکبخه‌ن‌و له‌پێناو
ئایینده‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا پێ بخه‌نه مه‌یدانی سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه‌وه.
ته‌نها ئێوه، ته‌نیا ئه‌م هێزه ملیۆنیه ئه‌توانێ سنوورێک بۆ ئه‌م
چاره‌نووسه خوێناویه‌ی کۆمه‌ڵی عێراقی دابنێت. هه‌موو ده‌بێت هه‌وڵ ده‌ین
ئه‌م هێزه بێته مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه. له‌م ڕێگایه‌وه هاوکێشه‌که
وه‌ڵام وه‌رئه‌گرێته‌وه‌و کایه‌که‌ش هه‌ڵاودیو ئه‌بێت له به‌رژه‌وه‌ندی
مرۆڤایه‌تی. به‌م شێوازه بنبه‌ستی دیموکراسی ئه‌توانرێ ببێته خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی
مێژوویی کۆمه‌ڵی عێراق بۆ گه‌وره بوونی کۆمۆنیزم و له‌وێشه‌وه به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی
ده‌سه‌ڵات‌و چاره‌نووسی ووڵات له‌لایه‌ن کۆمۆنیسته‌کان و چینی کرێکاره‌وه.
2\11\2010
ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌غه‌فور
|