٢٢\١٠\٢٠١٦
بەخێربێی شەهلای شووشەیی.

نەژاد عەزیز
سورمێ
''ھەموو ئاویان لێڵ دەکەن،
تا قووڵ بنوێنن..''.
(نیتچە).
بەخێر بێی میوانی تاراپۆش .
بەخێر بێی دونیای خەمۆکی بێدەنگ..
ئەو درەوشانەوەم پێ ببەخشەوە ،
لە گەواڵەیەکی چڕی شەرمەوە دێ ،
تارمایی ببینم ..
ساوی (با) م بە سەردا ھەڵبکا
غەریبی نێرگسی لێ بتکێ..
بەخێر بێی شەھلای شووشەیی نووستوو !
ئەوەی ھات دڵی خۆی نەدیت و پێی لێ نا..
ئەوەی چوو بازی کێوییانی ون کرد
نھێنی ڕێکەوت و
ورشەی ئازار و
مەوسیمی جودایی
لە شکانی شەختە و
مەرگەمەلەی کەنار و
کێشمانەی سپێدەدا دیتبوو..
بەخێر بێی بۆ دەرگای تۆنێڵ و
باوەشی بەسۆزی
سرووتی کسپە و
ئاوازی لاتی و
فەرشی باران ..
بەخێر بێی دونیای خەمۆکی بێدەنگ ،
میوانی تاراپۆش !
تۆسەیری ،
کۆتری حەوشەی خانەقا چەند شادن
چەند شادن کۆتری حەوشەی خانەقا
گڕی شین لە بنباڵ ھەڵدەگرن
ئاسمانگەڕ ،
لە بۆسەی بەسامی فەنتازیا
دەچنەوە باوەشی
سرووتی کسپەو
ئاوازی لاتی و
فەرشی باران ..
شەھلای شووشەیی نووستوو !
میوانی تاراپۆش
بەخێر بێن بۆ شایی گوڵاڵە سپییەکان..
نیسانی ٢٠١٠
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|