٢١\١\٢٠١٧
بێ خوێندنگە.
سیروان
حەسەن عەبدوڵا
لە
ئاقاری پەکخستنەکانی خوێندن بایکۆت،
و تێکچوونی دۆخی ئاسایی خوێندن، هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوون و
تەشەنەسەندنی خوێندنگە ئەهلیەکان و بەتایبەتیکردن و پارەکردنی پرۆسەی
پەروەردە، ئەمە سەرباری گرفت و کێشە ئەزەلیەکانی کەرتی پەروەردە لەم
ووڵاتەدا و چەندین گرفتی پەیوەست پێوە، تێکڕا پرۆسەی خوێندن و
پەروەردەیان خزاندوەتە لێواری هەرەس. لێرەوە مرۆڤ دەرگای چەندین پرسیار
و گومانی لەسەر ئایندەی خوێندن و خوێندنگا و گریمانەی لاوازبوون یا
نەمانی ڕۆڵی لە کۆمەڵگادا وە پرسی بەدیلەکانی خوێندنگەی لەکۆمەڵگادا بۆ
واڵا دەبێت!
ئەوەی دەمەوێ لێرە بیخەڕوو ئەگەر و بوونی دونیابینیەکە بەبێ بوون و
ڕۆڵێ خوێندنگاکان، هەرچەندە وروژاندنی وەها بابەتێک پێشبینی
ڕووبەڕووبونەوە و پەرچەکردارێکی وادەبێت کە نەک ئاستەنگکردن بگرە
ئاستەمی ئەکەن لە ئێستادا؛ ئەمەش بەهۆی ئەو پێگە بەهێزی خوێندنگەکان
لەکۆمەڵگادا.
بێگومان خوێندنگە وەک دەزگایەکی خاوەن هەژموونی فرە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی،
مێژوی، ئابووری... ، بەڵام ئەمەش بەدەری ناکات لە ڕەخنە و ناشکرێت
ڕێگربێت لە گەڕانمان بەدوای دەرفەت و ڕێگاکانی گەشەسەندن و
پەروەردەکردن و فێربوونی زانست لەدەرەوی دونیای خۆیدا. لە دیارترین ئەو
دونیابینی و ئاراستانەش دید و تێڕوانینی ڕەوتی ناخوێندنگەییەکانە
کە لە کورتیدا بریتین لە ئاراستەیەکی تاڕادەیەک نوێ لە فێرکردن کە
تێڕوانینیان بیناکراوە لەسەر گرنگیپێدان بەخواست و ئارەزو و
ئامانجەکانی تاک بەشێوەیەک کە ئازادی تەواو دەبەخشێت بە فێرخواز
لەهەڵبژاردن و دەست نیشانکردنی کات و شوێن و شێوازی فێربوون لەدەرەوەی
سیستەمی خوێندنگاکان و خوێندنی ناچاری.
دروست ناونیشانی بابەتەکەش هەمان تایتڵی کتێبە بەناوبانگەکەی
(ئیڤان ئیلچ)ە
بەناوی (De Schooling Socites) کە
یەکێکەلە دیاترین بیرمەندەکانی سەربە ڕەووتی نــاخوێندنگەییەکانە،
کە ئەم ڕەوتە سەرلەبەری وجود و سیستەمی خوێندنگاکان ڕەتدەکەنەوە، بەڵام
من لێرەدا ئەمەوێ بەخواست و مەغزایەکی کەمێک جیاوازتر و گونجێدراو
بەژینگە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیەکەمان بیخەمەڕوو، ئەمە سەرباری سرنج
خستنەسەر وە جۆرێک لەبراوردکردن لەگەڵیدا.
هەرچەندە بیرۆکەی ئەم ئاراستەیە پێشینەیەکی مێژویی هەیە و دەگەڕێتەوە
بۆ سەدەی ۱۸ز و لە سەردەستی جان جاک ڕۆسۆە کە دژی شێوازی پەیمانگاکانی
ئەوکات بوو ، بەڵام دواتر ودوای گۆڕان و گەشەی شانۆی کۆمەڵایەتی و
ئابووریەکانی ڕۆژئاوا ئەم ڕەوتە زیاتر
بەدەرکەوت . یەکەم کەس کە چەمکی(ناخوێندنگەیی
بەکارهێنا نوسەری ئەمریکی جۆن هالت بوو لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو،
پاشان چەندین کەسایەتی تر لەسەر هەمان ڕێچکە ڕۆیشتن لەوانەش ایلچ
وجودمان و افریت ڕیمر چەندی تر...
لێرەدا زۆر بەکورتی هەندێک لەو هۆکار و پاڵنەرانەیان دەخەینەڕوو کە
بێگومان بەشێکیان گرفتی سەرەکی پەروەردەی ئێمەشە، لەوانە:
٭ بڕوایان وایە کە خوێندنگاکان شوێنێکن بۆ کوشتنی تواناو بەهرەی تاک ،
پێیان وایە کە خوێندنگاکان لۆجیکی کارگەیی جێ بەجێ دەکەن (یەک پێوانە
بۆ هەمووان ) لە چوارچێوەی معریفەیەکی دیاریکراودا بەند دەکرێن وە
ئازادیەکانی تاک سنوردار دەکات، کە لەئایندەدا تاکی سست و بێ ئیرادە
بەرهەم دەهێنێ (کە بێگومان لەسیستەمی خوێندنی ئێمەدا زۆر ڕوونتر ئەمە
بەدەردەکەدەکەوێت).
٭ نـاداپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەمەش پەیوەستە
بە دۆخ و توانای ئابووری، کە کەمینەکی دەوڵەمەند زیاتر تێیدا سودمەند
دەبن، کەئەمەش جیاوازی چینایەتی دروست دەکات ، بەجۆرێک ڕیمر لە پێناسەی
قوتابخانەدا دەڵێت " خۆێندنگەکان هیچ نین جگەلە ئالەتێک بەدەست چینی
بۆرژوازەوە بۆ سەپاندنی پێوەر و کلتوری خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا" هەڵبەت
لێرەش هەنگاو ڕووەو ئەم جیاوازیانە نراوە.
٭ تێچووی خوێندنگاکان، ئەمە بەجۆرێکە کە بارگرانی و گرفتی توشی زۆرینەی
وڵاتان کردووە لەدابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندنگاکان ( دۆخی خراپی
هەرێمەکەی خۆمانیش لەپێش چاوە لەم ڕووەوە) .
٭ هەروەک ڕەخنەیان لە سەر دیاریکردنی تەمەن بۆ خوێندکاران و تەمەنی
وەرگرتنی منداڵان لەخوێندن هەیە.
٭ خوێندنگەکان شوێنێک بۆ بەفیڕۆدانی کات نەک بۆ فێربوون،ئەوان دەڵێن
مرۆڤ بۆ فێربوونی کارێک پێویستی بەو چەندساڵە لە پابەندبوون نیە لە
خوێندنگاکان، بەڵکو کۆمەڵگا پڕە لە توانا و دەرفەتی بەکارنەهاتوو کە
مرۆڤ لەهەر کات و شوێنێکدا دەتوانێت لێیان سودمەند بێت، ئەوان خوێندنگا
زیاتر وەک شوێنک بۆ بەخشینی بڕوانامە دادەنێن نەک فێربوون.
بە ووردبوونەوەی زیاتر خاڵی نەرێنی خوێندنگاو وە هەروەها ڕووی لێکچووی
کەموکورتیەکانی خۆمانیشمان بۆ ڕوون دەبێتەوە . هەڵبەت لە وەها
بانگەوازیکدا بۆ نەهێشتی خوێندنگاکاندا، پرۆژە و پێشنیازی بەدیلی ئەوان
بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و کەلێنی پەروەردە و فێرکردن لە کۆمەڵگادا وەک
ئەوەی ایڤان ایلچ پێشنیازی چەند ڕێکارێک دەکات کە خۆی دەبینێتەوە لە
:
٭پێویستە دەرفەتی بەکارهێنانی سەرچاوەی گونجاو بڕەخسێنرێت بۆ هەر
فێرخوازێک کە خواستی فێربوونی هەیە.
٭ هەل بڕەخسێنرێت بۆ هەموو ئەوانەی خواستی فێرکردنیان هەیە و خاوەن
ئەزموون و معریفەیەکن بۆ ئەوەی بیگوازنەوە بۆ فێرخوازان
٭هەروەک جەخت لەسەر هاریکاری فێرخواز لەڕووی مادی و دانانی بانکی
تایبەت و واڵاکردنی دەرگای دەزگاو شوێنەکان بەڕووی فێرخوازان.
٭سەبارەت بە منداڵانیش پێویستە بەسروشتی و لەناو دونیای شتەکانی
دەوروپشتی فێرببێت ئەمەش بە ڕێ نیشاندەری کەسانی دەروبەری.
لەگرنگترین ڕەخنەکانی سەریان ئەوەیە شانۆی کاریان زیاتر لەدۆخی
پێشکەوتوی ڕۆژئاوایە، هەروەک دڵنیا نەبوون ناڕوونیەک لە بەدیلە
پێشنازکراوەکانیا.
ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە ئەوەیە دڵنییاین گرفت و ڕەخنەکان لەم کۆمەڵگەیەدا
زۆر زیاتر و ڕووبەڕوویان دەکرێتەوە، بەڵام دانیشین بەدیار گرفت و
چاومان تەنها لەسەر کێشە هەنوکەیەکان و چارەسەرە کاتیەکان بێت؟ ئەمەوێ
ڕووڕاست بم بەچارەی قەیرانی دارای قەیرانی پەروەردە چارە نابێت بەڵکو
درێژەدانە بە کۆمەڵێ دەردی کوشندەی ئالودەبوو بەسیستەمەکە، بۆیە پێوستە
بنەبڕ بکرێن، وەمن بە پێچەوانەی ڕای باو و گشتیەوە ئەڵێم باشترین کات
بۆ هەر گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی و گورزوەشاندێک لە هەر ستراکچەر و
بونیادێکی پتەو لە کۆمەڵگادا پێویستە لە لاوازترین و خراپترین دۆخیدا
ئەوکارە بکرێت، دۆخی ئێستای پەروەردەش کاتێکی گونجاوە بۆ دەستبردن بۆ
هەر گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی، کە نەک بە گۆڕینی پەیڕەو دەستکاری بابەت و
مەنهەجێک بەڵکو دەبێت دەرگا واڵا بکرێت بۆ هەر پرۆژە و پێشنیاز و
توێژینەوەیەک کەبتوانێ بەتەواوی شێواز و کار و ئامانجی خوێندنگاکانی
ئێستا لاواز یا بگۆڕێت، یا هیچ نەبێ دەتوانرێ سود لە بیرۆکەی
ناخوێندنگەیەکان وەربگیرێ و بگونجێنرێت و بهێنرێتە نێو خۆێندن و شێوازی
کاری خۆێندنگەکانمان، بەوەی ئازادی زیاتر و سەرچاوەی زیاتر بخرێنە
بەردەستی فێرخواز و هێندەش پەیوەست نەکرێن بەچوارچێوەی خوێندنگاکانەوە
لە ئایندەدا.
حەتمەن شاراوەش نیە ئەقڵیەتی دەستەڵات و ئیدارەی حکومەت جێگای ئومێدنین
لە درک کردن و پاشان فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئەم جۆرە کارانە،
کە دەیان گرفت لە کۆڵ حکومەت و وەزارەتی پەروەردەش لەئایندەدا دەکاتەوە.
بۆیە لەئێستادا و ڕۆچوون و نەمانی ڕۆڵی خۆیندنگا بە خێرایی و بێ هیچ
پلان و زەمینەسازیەک بۆ جێگرەوەی لێکەوتی ترسناکی دەبێ و ملنانە بەناو
تاریکیەکی زەنگدا ، لەکۆتایشدا هەر ناچارین دەستبگرین بەوەی کە هەیە و
ئەو ڕستە باوە بەمجۆرە لە ئێستادا بڵینەوە " داخستنی دەرگای
قوتابخانەیەک واتا کردنەوەی دەرگای بەندینخانەیەکە".
sirwanbahozy@gmail.com
|