به‌یاننامه‌ی مه‌جلیسی گشتیی پاک به‌بۆنه‌ی سێهه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی گیانبه‌ختکردنی شوانه سه‌ید قادر و راپه‌ڕین و مانگرتنی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ئه‌مڕۆ 18 پوشپه‌ڕی 2708 کوردی (9 ژولای 2008) سێ ساڵ به‌سه‌ر شه‌هیدکرانی "شوانه سه‌ید قادر" ئه‌ندامی چالاکی پارتی ئازادیی کوردستان و ده‌ستپێکی ئه‌و راپه‌ڕینه‌ی که خوێنی شوانه بووه چه‌خماخه‌ی و یه‌ک به‌دوای یه‌ک زۆربه‌ی شاره‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانی گرته‌وه، تێده‌په‌ڕێ!
شه‌هید شوانه‌ی سه‌ید قادر که به ناسنامه ناوی "سه‌ید که‌ماڵ ئه‌سفه‌رم" و ناوی حیزبیی "کوردۆ" بوو، ساڵێ پێش شه‌هید بوونی بۆ خه‌باتی رێکوپێک له پێناو ئازادیی و سه‌ربه‌خۆییدا، هاتبووه نێو ریزه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستان و پاش تێپه‌ڕاندنی خو‌لێکی په‌روه‌رده‌یی، بۆ گوڕوتیندان به خه‌باتی شار، به‌ڕێکرایه‌وه مهاباد. شه‌هید شوانه، تاکاتی شه‌هید بوونی دڵسۆزانه بۆ گه‌یاندنی په‌یامی نه‌ته‌وه‌خوازیی پارتی ئازادیی کوردستان و به هێزکردنی بنکه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی، تێده‌کۆشا و رۆژانه چالاکی جۆراوجۆری به‌ڕیوه ده‌برد و راسته‌وخۆ له پێوه‌ندیی به‌رده‌وامدا بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کاک حسه‌ین یه‌زدانپه‌نا. هه‌ر بۆیه دام و ده‌زگاکانی رێژیم قینێکی زۆریان لێهه‌ڵگرتبوو و به بێ دادگایی‌کردن "حوکمی تیر"یان بۆ ده‌رکرد بوو. سه‌ره‌نجام به‌و ته‌رزه دڕندانه شه‌هیدیان کرد.
ئه‌و ڕاپه‌ڕینه، ته‌قینه‌وه‌ی رق و قینی په‌نگخواردووی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو که له خولی نوێی خه‌باتیدا نزیکه‌ی 30 ساڵه له‌به‌ر زه‌بر و زه‌نگ و کوشتاری رێژیمێکی داگیرکه‌ردایه. شه‌هیدکرانی شوانه‌ی سه‌ید قادر خۆشه‌ویستی لاوانی مهاباد به‌و ته‌رزه، چه‌خماخه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه سه‌رانسه‌رییه بوو. هه‌ر له‌و کاته‌شدا، هاوزه‌مانیی شه‌هید کردنی شوانه له‌گه‌ڵ 16 هه‌مین ساڵی تیرۆری نه‌مر د. عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو، گوڕ و تینی پتری دایه ره‌وت و پرۆسه‌ی راپه‌ڕین له شاری مهاباد.
ئه‌و راپه‌ڕینه، ره‌تکردنه‌وه‌ی داگیرکه‌ریی بوو. هاتنه مه‌یدان بۆ پچڕاندنی کۆتوبه‌ندی دیلی و رادانی ده‌سه‌ڵات و هیزی داگیرکه‌ر له کوردستان بوو. هاوار بۆ رزگاری و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بوو. ئاڵقه‌یه‌ک له زنجیره‌ی ئه‌و شۆڕش و بزووتنه‌وه رزگاریخوازییه مێژوییه بوو که شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری و سمکۆ و پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هه‌زاران رۆڵه‌ی کورد له چاره‌گه سه‌ده‌ی رابردوودا به ئاواتی رزگاری کوردستان و دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ ژیان و گیانی خۆیان له پێناودا به‌خت کردوه. شه‌کانه‌وه‌ی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و خرۆشی سروودی نه‌ته‌وه‌یی "ئه‌ی ره‌قیب هه‌ر ماوه قه‌می کورد زمان" و دروشمه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان له‌و راپه‌ڕینه‌دا، ده‌ربڕی ئه‌و ئامانجانه و سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییانه بوون. شه‌هید شوانه‌ش که خوێنی بووه چه‌خماخه‌ی ئه‌و راپه‌ڕینه، خه‌باتگێڕی قوتابخانه‌ی ره‌سه‌نی کوردایه‌تی و ناسیونالیزمی ئازادیبه‌خشی پارتی ئازادیی کوردستان بوو و جێی شانازی حیزبه‌که‌ی و هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانییه‌تی.
له ماوه‌ی راپه‌ڕینی رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد دا کۆماری ئیسلامی سه‌لماندییه‌وه که کوردستان بۆ ئه‌و، پارچه‌یه‌کی قووتنه‌چووی داگیرکراو له قه‌ڵه‌مره‌وی فه‌رمانڕه‌واییه‌تی. هه‌ر بۆیه زمان و ره‌فتاری، جگه له سه‌رکوت و هێرشی سه‌ربازی و وه‌رێخستنی قشوونی سه‌ربازی و په‌لاماردانی خه‌ڵک له عه‌رد و ئاسمانه‌وه شتێکی دیکه نه‌بوو. به یه‌ک رسته، ئه‌و راپه‌ڕینه نه‌به‌ردێکی دیکه له شه‌ڕی نێوان داگیرکه‌ر و داگیرکراو بوو.
ئه‌و راپه‌ڕینه یه‌ک مانگییه‌ی ڕۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد، هێمایه‌ک له یه‌کگرتوویی و یه‌کریزی و هاو چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌یی هه‌موو رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بوو. رووداوێکی دابڕاو له رابردوو نه‌بوو. له پاوانی هیچ هێز و لایه‌نێکی سیاسی‌دا نه‌بوو، به‌ڵام ئه‌ندامان و تێکۆشه‌رانی هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کانی کوردستان هه‌رکام به پێی توانا و قه‌واره‌ی خۆیان تێیدا به‌شدار بوون.
پارتی ئازادیی کوردستان که به شه‌فافییه‌ت و راستگۆیی سیاسی راهاتووه، هه‌ر له‌و کاته‌دا ناتوانێ داخ و که‌سه‌ری خۆی له‌وه ده‌ر نه‌بڕێ که: له کاتێکدا، رۆله‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌و ته‌رزه یه‌کگرتووانه له مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ رێژیم و له ژیر زه‌بروزه‌نگی هێزه داگیرکه‌ره‌کاندا له خوێن ده‌گه‌وزان، سه‌رکردایه‌تی حیزب و رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان نه‌یانتوانی تاکه یه‌ک راگه‌یه‌ندروای هاوبه‌ش در بکه‌ن، چ بگا به رێبه‌رایه‌تی کردنی یه‌کگرتووانه‌ی راپه‌رین.
له‌و ڕاپه‌ڕینه‌دا رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد به ده‌ستی خاڵی و به پشت به‌ستن به خۆیان و ره‌وایی کێشه‌که‌یان ملیان وه‌به‌ر ملی رێژیمی داگیرکه‌ر نا، به‌ڵام بێده‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له حاند کوشتار و سه‌رکوتی ئه‌وان، له بیره‌وه‌ریی کوردستانییه‌کاندا، هه‌رگیز ناسڕێته‌وه. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه رێگا به خۆی ده‌دا، بپرسێ بانگه‌شه بۆ مافی مرۆڤ و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ تێرۆریزم چه‌نده له‌گه‌ڵ بێده‌نگی به‌رانبه‌ر تێرۆر و کوشتار و راپێچی مرۆڤی کورد له لایه‌ن ماشینی تێرۆر و سه‌رکوتی کۆماری ئیسلامییه‌وه، یه‌کده‌گرنه‌وه؟ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌رکی سه‌رشانییه‌تی که له سه‌رده‌می نه‌مانی پیرۆزیی چه‌مکی "حاکمیت" و هاتنه ئارای پرسی ده‌ستێوه‌ردانی ئینسانی‌دا، به هانای نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه بێ که له بنده‌ستی کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵاتداری تێرۆریست و تێرۆریست په‌روه‌ردایه.
له ره‌وتی ئه‌و خۆپیشاندان و راپه‌ڕین و مانگرتنه‌دا و له ئاکامی په‌لاماری دڕندانه‌ی هێزه‌کانی رێژیمی داگیرکه‌ردا ژماره‌یه‌ک له رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان گیانیان به‌ختی رزگاری وڵاته‌که‌یان کرد و ژماره‌یه‌ک بریندار بوون و زیاتر له 1000 که‌سیش ده‌ستگیر و راپێچی زیندانه‌کان کران. مه‌جلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان جارێکی دیکه له حاست شه‌هیدانی ئه‌و راپه‌ڕینه سه‌ری رێز و حورمه‌ت داده‌نه‌وێنێ.
سه‌رده‌می کۆیله‌تی نه‌ته‌وه‌یی ئیتر به‌سه‌ر چووه. نه‌ته‌وه‌ی ئێمه ده‌بێ لێبڕاو بێ بۆ پاککردنه‌وه‌ی وڵاتی خۆی له هه‌ر داگیرکه‌رێک. به‌ده‌سته‌وه گرتنی چاره‌نووسی سیاسی و دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و پێکه‌وه‌نانی ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتی، ئه‌و بایه‌خانه‌ن که ده‌بێ رۆڵه‌ی کوردی سه‌رده‌م سازشیان له‌سه‌ر نه‌کاو له‌سه‌ر وه‌دیهێنانیان سووربێ. به‌بێ وه‌دیهاتنی ئه‌و مافه ره‌وایانه‌ش باسکردن له ئاشتی و سه‌قامگیریی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌نیا قسه‌یه‌کی رووته و عه‌مه‌لیی بوونیان ناموومکین!
نه‌ته‌وه‌ی کورد له خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ و کوردایه‌تی له هه‌موو خانه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌وارییدا به‌ده‌یان چه‌شن و شێوازی جۆراوجۆر له جووڵه دایه. ئه‌و تاوان و جینایه‌ته‌ش که ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیرکه‌ر ده‌رهه‌ق به نه‌ته‌وه‌ی ئێمه ده‌یخولقێنن، په‌له‌قاژه‌کانی ده‌می هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و ڕمانی ته‌خت و به‌ختی داگیرکه‌رییانه.
ده‌با رۆڵه خه‌باتگێڕه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو شار و شارۆچکه‌کانی وڵات، هه‌ر له ماکۆوه تا ئیلامی هه‌میشه کوردستان، رۆژانی خۆپیشاندان و راپه‌ڕین و مانگرتنی مێژوویی ساڵی 2705 (2005)، له دڵ و مێشک‌دا وه‌ک خۆی بێڵنه‌وه و خۆیان بۆ نه‌به‌رده‌کانی داهاتووی راماڵینی داگیرکه‌ران و رزگاریی وڵات ساز و رێکخه‌نه‌وه.
سڵاو له شوانه‌ی سه‌ید قادر ئه‌ندامی به‌وه‌جی PAK و چه‌خماخه‌ی راپه‌ڕین وسه‌رجه‌م شه‌هیدانی راپه‌ڕین سه‌رکه‌وێ خه‌باتی رزگاریخوازیی نه‌ته‌وه‌یی کورد شه‌کاوه بێ ئاڵای رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان
مه‌جلیسی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان 18 / پووشپه‌ڕی/ 2708 8 / جوولای/ 2006
|