٢٨\٨\٢٠١٢
بەیاننامەی
ئاگادارکردنەوە بۆ سەرجەم تەلەفزیۆنەکان و کەناڵەکانی دیکەی راگەیاندن:
لە رۆژی ١-٩-٢٠١٢ ـەوە
دەستدەکەین بە تۆماری پێشێلکارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانتان و لە
سەرەتای مانگی ١٠-٢٠١٢
لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەوانییدا راپۆرتی پێشێلکارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانتان
بڵاودەکەینەوە.
دوای بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەمان لەسەر کاریگەری بڕگە توندوتیژەکانی
دراماکان لەسەر منداڵان، بۆ بەردەوامیدان بە ھەڵمەتەکەمان، چەند
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی و دەروونی ھەستاین بە دروستکردنی (گرووپی ئاشتی
بۆ پرسە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان).
بەداخەوە رۆژانە ھەواڵی شەڕو توندوتیژی و کوشتار دەبیستین لە
کۆمەڵگاکەماندا، بۆیە بە پێویستمانزانی لە ڕێگەی دامەزراندنی گروپێکەوە
کاربکەین لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی کۆمەڵگاکەمان.
سەرەتای کارەکەشمان بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتی پێشێلکارییە دەروونی و
کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵەکان دەست پێ دەکەین.
واتە بەشێوەی خولی و مانگانە، راپۆرتی خۆمان بڵاودەکەینەوە لەسەر ھەموو
کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و کەناڵەکانی دیکەی راگەیاندن، لەبارەی ئەو
پێشێلکارییانەی کە دەیکەن لە بوارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکاندا، واتە
لە یەکەمین راپۆرتماندا کە لەسەرەتای مانگی ١٠-٢٠١٢ لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەوانییدا بڵاویدەکەینەوە، ناوی ئەو کەناڵانە دەنوسین و
بڵاودەکەینەوە ، کە لەمانگی ٩-٢٠١٢ دیمەنی توندوتیژی و خوێنڕشتنیان
بڵاوکردووەتەوە و لێیان نەنوسیوە "نا بێت منداڵ سەیری بکات". و ھەموو
مانگێک راپۆرتی پێشێلکارییەکان بڵاودەکەینەوە.
لەسەرەتا کاری گروپەکەمان بەوشێوەیە دەست پێدەکەین، لەپاشان قسە لەسەر
بواری دیکەش دەکەین.
لەکاتی بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەمان بەناوی (منداڵانی کوردستان بپارێزن
لە شمشێرو تیری دراما کۆرییەکان) لە ١٣-٨-٢٠١٢ دا، خۆشبەختانە زۆربەی
دەزگاکانی راگەیاندن ھاتن بەدەم ھەڵمەتەکەمانەوە و بەشێوەی جیاجیا ئەو
پرسەیان وروژاند، ھەروەھا زیاتر لە سەدان کەسایەتی و مامۆستای زانکۆ ،
رۆژنامەنوس و رێکخراوو گروپەکان پشتیوانی خۆیان بۆ ناردووین، لێرەوە
جێی خۆیەتی سوپاسی ھەموویان بکەین.
ھیوادارین لە ھەموو لایەک لەم ھەنگاوەشماندا پشتگیرمان بکەن و لەپێناو
کارکردن بۆ بنیاتنانی ئاشتەوایی دەروونی و کۆمەڵایەتی لە
کۆمەڵگاکەماندا ھاوکار و پشتیوانمان بن.
راپۆرتی تۆمارکردنی پێشێلکارییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی کەناڵەکان،
کارێکی گەورەو گرنگە، بۆئەوەش ئەم داواکارییانەمان ھەیە لە سەرجەم
ھاوڵاتیان و چین و توێژەکان و کەناڵەکان:
١- داواکارین لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن چ ناوخۆیی چ ئاسمانییەکان، تکایا
لەسەر ھەموو ئەو بڕگەو فیلمانەی کە توندوتیژی رەفتاری و گوفتارییان
تیایە ، بنوسن بۆ منداڵ شیاو نییە تەماشای بکات، چونکە ئێمە لە رۆژی
١-٩-٢٠١٢ دەستدەکەین بە تۆمارکردنی و وەک پێشێلکاری بواری دەروونی و
کۆمەلایەتی تۆمارو بڵاویدەکەینەوە. و ھەموو مانگێک راپۆرتی
پێشێلکارییەکان بڵاودەکەینەوە.
٢- داوا لە ھەموو توێژەکان دەکەین، بە ناردنی پێشنیارو سەرنج
ھەنگاوەکەمان دەوڵەمەندبکەن، .ئێمە بۆ بەردەوامیدان لەسەر ئەم کارەمان
پێویستمان بە ھاوکاری ھەموو چین توێژەکان ھەیە.
٣- تکایا ھاوکار و دەستبارمان بن بەناردن و تۆمارکردنی ھەر
پێشێلکارییەکی دەروونی و کۆمەلایەتی کە تەلەفزیۆن و کەناڵەکان دەیکەن،
دەتوانن بە مۆبایل یان بە ھەر شێوەیەکی دیکە، پێشێلکارییەکە تۆماربکەن
بۆ ئەو ئیمەیڵ و ناونیشانانەی خوارەوە بۆمان بنێرن. یەکێک لەو
پێشێلکارییەی کە ئێمە لەم قۆناغەدا کاری لەسەر دەکەین و تۆماری دەکەین،
نیشاندانی دیمەنی توندوتیژ و خوێنڕشتن، ئەگەر لەسەری نەنوسرابێت
"تەماشاکردنی بۆ منداڵ شیاو نییە".
تکایە بەم ناونیشانانە پەیوەندییمان پێوە بکەن و پێشێلکارییەکانمان بۆ
بنێرن:
groupi.ashti@gmail.com
ژمارە مۆبایل: ٠٧٧٠٢٢٠١٨٩٨.
ناونیشانی پەیجەکەمان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک:
www.facebook.com/GroupiAshti?sk=wall
گرووپی ئاشتی بۆ پرسە
کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان
|