په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەیاننامەی گۆڤارى لڤین

دەربارەى دەست بەسەراگرتن و سوتاندنى گۆڤارى لڤین لە شارى زاخۆ و

دەستگیرکردنى برایەکى خاوەن کتێبخانەى مەتینى یەک لە لایەن ئاسایشى پارتیەوە.

 


دوێنێ رۆژى سێ شەمە بەروارى 23/6/2009 کاتژمێر (1)ى دواى نیوەرۆ هێزەکانى ئاسایشى پارتى دیموکراتى کوردستان لە شارى زاخۆ هەڵیان کوتایە سەر کتێبخانەى (مەتینى یەک)لەو شارە پاش هەڕەشەکردن لەخاوەنى کتێبخانەکە، برایەکى خاوەن کتێبخانەکەیان بەناوى (باوەڕ احمد مقداد بەروارى) تەمەن هەژدە ساڵیان بۆ ماوەى بیست و چوار کاتژمێر دەستگیرکرد وە پێیان وتووە کە نابێت جارێکى تر گۆڤارى (لڤین)بفرۆشێت و تەواوى ژمارە (94)کۆڤارى (لڤین)یان لە زاخۆ کۆکردەوەو سوتاندیان.


ئەم روداوە لەکاتێکدا بوو کە دوێنى سەرۆکى هەرێم لەگەڵ ڕۆژنامەنوسانى کوردستان کۆبووە بەڵێنى ئەوەى پێدان کە لەپشت میدیاوە دەوەستێت و هاوکارییان دەکات بەڵام بەداخەوە وتەکانى سەرۆکى هەرێم لەم بارەیەوە تەنها یەک کاتژمێر بڕیان نەکردو هێزەکانى ئاسایش لە شارى زاخۆ دور لە هەموو عورفێکى دیموکراسى هەڵیانکوتایە سەر کتێبخانەى (مەتینى یەک) لە شارى زاخۆ برایەکى خاوەنەکەیان دەستگیر کردو تەواوى ژمارە (94) گۆڤارى (لڤین)یان کۆکردەوەو سوتاندیان.


ئەمە لە کاتێکدا کە گۆڤارى لڤین چووەتە قوڵایى ناخى هەموو تاکێکى کوردەوە لە زاخۆ تا خانەقین و بەشێوەیەکى فەرمى بڵاودەبێتەوەو پابەندى یاساو رێساکانى کارى رۆژنامەگەرییەو هەروەک چۆن ئەخلاقیاتى کارى رۆژنامەنووسى رەچاودەکات زۆر بەچاکیش مافە یاساییەکانى خۆى دەزانێت لە بارەى بڵاوکردنەوەو ئازادى رادەربڕینەوە هەربۆیە هەتا ئێستا لە دادگاکانى کوردستاندا تەنها یەک دۆسیەشى نەدۆڕاندووە، بۆیە ئێمە لە گۆڤارى لڤین وێڕاى بەتوندى ئیدانەکردنى ئەم کارە نادیموکراتیانەى ئاسایشى زاخۆ داواکارین لە سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان لێپێچینەوە لەم بارەیەوە بکات و هەروەها داواکارین لە سەندیکاى رۆژنامەنووسان هەڵوێستى رونیان هەبێت لەم بارەیەوەو ئەم کارە نایاساییەى ئاسایشى زاخۆ ئیدانەبکەن.


وەکو گۆڤارى (لڤین)یش داوا لە گشت رێکخراوەکانى بوارى ئازادى رادەربڕین لە ناوخۆو دەرەوەى کوردستان دەکەین لەسەر ئەم کارە قێزەونە کە رێگرتنە لە ئازادى وتن و رادەربڕین بێنەدەنگ و ئەم کارەى ئاسایشى زاخۆ ئیدانەبکەن.


بە بڕواى ئێمە کۆکردنەوەو سوتاندنى گۆڤارى لڤین لە شارى زاخۆ جۆرێکى ترە لە تیرۆر کە بەرامبەر بە ژیان و دیموکراسیەت و ئازادى رادەربڕین دەکرێت لە کوردستاندا، باشتریشە بۆ حورمەتى حکومەتەکەو پاراستنى ناوبانگى ئەزمونەکە لەبرى دەسگیرکردنى فرۆشیاران و کۆکردنەوەو سوتاندنى (لڤین) پەنا بۆ یاسا ببرێت کە هەمیشە خاڵى بەهێزى ئێمەبووە.


- لڤین: گۆڤارێکی سەرەبەخۆ و بێلایەنی سیاسییە، لە مانگێکدا سێ ژمارە لە شاری سلێمانی دەردەچێ و لە سەرتاسەری کوردستان بڵاو دەکرێتەوە.

 


گۆڤارى لڤین
24/6/2009

www.lvinpress.com