په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٣\٢٠١٢

بەیاننامەی ھاوبەش: رێز و پێزانین بۆ ئیرادەی خەباتگێڕانەی خەڵکی کوردستان.
 


خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!


رۆژی ١٢ی رەشەمەی ئەمساڵ،جارێکی دیکە دەرفەتێک بۆ دەرکەوتنەوەی ئیرادەی نەتەوەیی، ئازادیخوازانە و خەباتگێڕانەی ئێوە وبڕیاری یەکلایەنەی رێژیمی دیکتاتۆر و کۆنەپەر‌ستی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وەڕێخستنی شانۆگەریی ھەڵبژاردن خوڵقا‌یەوە. ئاشکرایە بڕیاری رێژیم، ھێز و دەزگای نیزامی و سەرکوتکەر ،راگەیەن و دام و دەزگا تەبلیغاتییە حکوومەتییەکان و سەروەت و سامانی گشتیی دەستبەسەرداگیراوی خەڵکی ئیران و ئیمکاناتی بەرفرا‌وانی دەوڵەتیی لە پشت بوو، بەڵام ئێوە لە حاڵێکدا لە ئازادیی دەربڕینی ھەلوێستی خۆتان و ریکخستنی نارەزایەتی بێبەش بوون، کەمترین ئیمکانتان بۆ پیوەندی پێکەوەگرتن و داکۆکی لە ویست و داخواز و مافەکانتان بە دەستەوە بوو. ھەر بۆیە ھەڵوێستی خۆڕاگرانە و راوەستانتان لە بەرانبەر ویستی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامیدا جێگای پێزانین و ڕێزلێگرتنە.


ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە وەڕێخستنی ئەم بە ناو ھەڵبژاردنە لە کەس شاراوە نەبوو: بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنێک کە خۆپاڵاوتن و ملبەملەی بە دەستھێنانی دەنگ، تەنیا و تەنیا لە پاوانی کەسانی جێی متمانەی دامودەزگاکانی ئەو رێژیمە دابێ، و ھاوکات راکێشانی زۆرترین خەڵک بە ھەر فێڵ و بەڵێن و ھەڕەشەیەک بۆ ‌ بنکەکانی دەنگدان! بەر لە بەڕێوەچوونی ئەو"ھەڵبژاردنە، "رێبەری نیزام" ، گەورە کاربەدەستانی رێژیم و دامودەزگا تەبلیغاتییەکانی کۆماری ئیسلامی، دەریان خستبوو کەنیازیان نیشاندانی بەشدارییەکی سەرووی ٦٠%یی خەڵک لەو ھەڵبژاردنە دایە. بەڵام دیتمان سەرەڕای ھەموو ھەوڵەکانی کاربەدەستانی رێژیم، ھەڵبژاردنی نۆیەمین خولی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی،لە بەشێکی زۆری شار و ناوچەکان و بنکەکانی دەنگداندا، لە گەڵ تەحریمێکی بەرچاو و ھەستپێکراودا بەرەوڕوو بوو.


مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان و خۆبواردنیان لە چوون بۆ بنکەکانی دەنگدان لە پێشنیوەڕۆی ھەینی ١٢ی ڕەشەمە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی رۆژھەڵاتی کوردستاندا ئەوەندە بەرچاو بوو کە دامەزراوە و ھێز و دەزگا سەرکو‌تکەرەکان، ناچار بوون بۆ تیکشکاندنی ئیرادەی تەحریم لە نێو خەڵکدا، بە ھەموو تواناوە وەخۆ کەون و بە ھەڕەشە کردن لە رێگای تەلەفۆن، بە ناردنی ھێزەکانیان بە شوێن خەڵکدا، وەڕێخستنی سندووقی گەڕۆک و چوونە بەر دەرگای ماڵان و لە رێگای جۆراوجۆری دیکەوە، خەڵک ناچار بە دەنگدان بکەن. بەڵام کە دڵنیا بوون ناتوانن رێژەیەکی بەرچاوی خەڵک لە ماڵەکانیان بێننە دەر، ھەوڵیان دا بە خستنەوە سەر یەکی ئەو رێژە کەمەی دەنگدەران و ھێشتنەوەی زۆرەملییان لە بنکەکانی دەنگدان، بەشی فیلم لێھەڵگرتن و تەبلیغات پێوەکردن قەرەباڵغییەک لە ھێندێک ناوەندەکانی دەنگدان ساز بکەن. سەیر ئەوە بوو کە ماوەی دەنگدانیان درێژ کردەوە بۆ ئەوەی وا بنوێنن کە بەشداریی خەڵک ئەوەندە گەرموگوڕە، زۆریان فریای دەنگدان نەکەوتوون! ئامادەش نەبوون رێگە بە میدیای ئازاد و ھەواڵنێرانی دەرەوە بدەن کە بچنە نێوخەڵک و لای بنکەکانی دەنگدان تا راپۆرتی واقیعی لە بارەی بەشداریی خەڵک لە دەنگداندا بڵاو بکەنەوە و ناراستبوونی بانگەشە و ئیددیعاکانیان لەقاو بدەن.


ئەوە کە بەشێکی کەمی خەڵک لە ژێر ھەرەشە و گوشاردا بە تایبەتی لە نێو کارمەندانی حکوومەتیدا ناچار بوون دەنگ بدەن،یا لە چەند شار و ناوچەیەک، و لە ھێندێک بنکەی دەنگداندا، بە ھەر ھۆیەک بووبێ ‌ رێژەیەک لە خەڵک چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان ، ھیچ لەو راستییە ناگۆڕێ کە ئەم بە ناو ھەڵبژاردنە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی کوردستان لە گەڵ کەمترین پێشوازی بەرەوڕوو بوو. ئەو ئامارانەی کۆماری ئیسلامی لە بارەی دەنگی ھەر کاندیدایەک و رادەی بەشداریی خەڵکی ھەر شار و ناوچەیەکی کوردستان بڵاوی کردوونەوە،نەک ھەر ناتوانن بەڵگەی بەشداریی ھەراوی خەڵک لە دەنگداندا بن، بە پێچەوانەوە، راست نیشانەی لە ژێر پرسیاردابوونی پڕۆسەی دەنگدان و بژاردنی دەنگەکانن. کۆماری ئیسلامی تەنانەت ئەو کاتانە کە دەرەتانیکیش بۆ جۆرێک حوزوور و چاوەدێریی خەڵک لە رەوتی دەنگوەرگرتن و ژماردنی دەنگەکان دا ھەبووە، لە ھەر جێیەک کە پێویست بووە لە پڕکردنی سندووق ‌ لە دەنگی ساختە ‌، لە سەرخستنی کاندیدای دڵخواز و راگەیاندنی ئاکامی موھەندیسیکراو غافڵ نەبووە، ھەر بۆیە شتێکی زۆرچاوەڕوانکراوە کە ئەمجار بە رادەیەکی زیاتر ئەم کارانەی دووپات بکاتەوە.


بە ھەڵسەنگاندنی ئێمە،خەڵکی کوردستان سەرەرای ھەموو ئەو کوسپ و گوشارانەی لە سەریان بوو، ئەوەندەی ئیمکان ھەبوو وشیاریی سیاسی و نەتەوەیی خۆیان لە رووبەروو بوونەوە لە گەڵ رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا جارێکی دیکە نیشان دایەوە. رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە ھەر جێیەک بۆیان کرا سەلماندیان لە ھەڵبژاردنێک دا کە نەتوانن ئازادانە دەنگ بدەن ، نەتوانن نوێنەری راستەقینەی خۆیان ھەڵبژێرن و تەنیا وەک ئاپۆرایەک بۆ دەرخستنی پێگەی جەماوەریی رێژیمێکی دیکتاتۆر کەلکیان لێ وەربگرن،بەشدار نابن. ئەگەر لە چەند شوێنێکیش رێژەیەک لە خەڵک دەنگیان داوە، ھۆیەکەی نەک متمانە و بڕواھەبوون بە کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو ھەڕەشە و زەبر و زەنگی دامودەزگا سەرکو‌تکەرەکان لە لایەک و ھێندێک ململانێی خۆجێیی ورووژێنراو لە لایەکی دەکەوە بووە.


ئێمە ٤ حیزب و سازمانی رۆژھەڵاتی کوردستان کە پێکەوە و یەکگرتووانە داوای تەحریمی ئەو بە ناو ھەڵبژاردنەمان لە نەتەوەکەمان کرد، بە بۆنەی بەشداری نەکردنی بەرینی ‌ خەڵکی خەباتگێڕ و وشیاری کوردستان لە دەنگدان و رەوتی ئەو شانۆگەرییەدا و سەبارەت بە نوێترین نموونەی خۆراگری و "نا" وتنیان بە دیکتاتۆری و کۆنەپەر‌ستیی دەسەڵاتدار، پیرۆزبایییان لێدەکەین و سوپاس و پێزانینی گەرمی خۆمانیان پێڕادەگەیەنین.


بە باوەڕی ئێمە، ھەڵوێستی ئەمجارە و ئەزموونی نوێترین سەرکەوتنی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، پێویستە بکرێتە دەسمایەی خەباتی مەدەنی و جەماوەریی لەمەودوا گەڵ ئەو رێژیمە. دەبا بە یەکگرتن و یەکھەڵوێستیی ھێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و یەکێتیی نەتەوەیی ریزەکانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی کاریگەرتر خەباتی رەوامان دژ بە بێمافی ، بندەستی ، داگیرکەری و دیکتاتۆری، لە پێناو ئازادی، دێموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا، بەرەو پێش ببەین.


سازمانی خەباتی کوردستان
پارتی ئازادیی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی دیموکراتی کوردستان

١٤ی رەشەمەی ١٣٩٠ - ٤ی مارسی ٢٠١٢
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک