په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١\٢٠١١

بەیاننامەى کۆمەڵێک رۆشنبیرانى سه‌یدسادق سەبارەت بە سزادانى(د. فەرهاد پیرباڵ).


خەڵکى پێشکەوتووخوازى کوردستان..
هونەرمەندان و نوسەرانى کوردستان..
ڕۆژنامەنوس و رۆشنبیرانى کوردستان..


وەک ئاگادارن ساڵانێکە هێرشێکى ناڕوا بەرامبەر،هونەر،نوسین،بەشێک لەکلتورى کورد لەلایەن هەندێک لایەنى سیاسیەوە ، بەکەڵک ئاوەژوو وەرگرتن لەیاسا و لەدین،لەڕێگەى مینبەرى مزگەوتەکان و (tv)هەندێک لایەنى سیاسیەوە بەبێئەوەى بۆ واتاى ڕاستى دیوە هونەریەکەى بگەڕێنەوە،بۆ بەئەفغانستانکردنى کوردستان  و بەتالیبانکردنى دەسەڵات بەڕێوەیە. بۆ ئەم مەبەستەش هونەرو نوسین بەشێوەیەکى پێچەوانە بۆ خەڵکى ئاسایی تەفسیر ئەکرێن.


لەکاتێکدایە لەنێوەندى ئەدەبى کوردیداو، لاى کەسانێکى خواناسیش لەکۆندا ئەمجۆرە سەبکى کارکردنە نەک هەر حەرام نەبووە ،بەڵکە لەلوتکەدابووە.ئەوەتانێ عەرەبیش نەک هەر بەحەرامى نازانن شانازیشى پێوە ئەکەن.فارسیش شانازى بەحافزو خەیام و مەولاناوە ئەکات،کەچى تازە بەتازە لەکوردستان هەوڵى لابردنى سرودى نەتەوەیی (ئەى ڕقیب)ئەدرێت.ئەو سرودەى سیمبوڵى یەکپارچەیی هەموو کوردە بەکوردانى وڵاتانى ڕوسیاو دراوسێکانیشیەوە!! لەکاتێکدایە لەئەدەبى کوردى و لاى کەسانی خواناسیش ئەمجۆرە سەبکانەى کارکردن لەلوتکەدابووە، لەوانە شیعرەکانى شێخ ڕەزاى تاڵەبانى و شیعرە سۆزداریەکانى وەفایی و قانیع و قەسیدەى مەستورەى نالى و بەشێک لەشیعرەکانى مەحوى ،گۆرانیەکانى سەیدعەلى ئەسغەرو عەلى مەردان  و حەسەن زیرەک تائەگاتە خالقى و فەتانەى وەلیدى و عەدنان کەریم و بەهجەت یەحیاو دیارى قەرەداغى و کانى و..دنیایەک کەسى تر لەبوارى گۆرانى چڕیندا.سەربارى ئەمەش هەڵپەڕکێ و هۆرەو لاوک و نیگارکێشان و حەیران و سیاچەمانەو خورشیدو ئائایی بەشێکى ڕەسەنى کلتورى کوردى بوون، کەسیش کەسى بەکافرو بەڕەڵا و بێڕەوشت ناونەبردووە. هاوکاتیشە لەگەڵ بڵاو بوونەوەى کتێبگەل و وتارگەلێک بۆ هاندانى تیرۆرو ڕەشەکوژى و، تیرۆرو حەرامکردنى ئازادى و، لەناوبردنى ڕوەجوانەکەى کلتورى کوردى و، بەتالیبانکردنى کلتورى کوردستان لەڕێگاى کەناڵى هەندێک لایەنى سیاسی و، تەنانەت لەڕێگاى مینبەرى مزگەوتەکانیشەوە، پەرەى پێئەدرێت !لە کلتورى کوردیشدا نە گۆرانیبێژ بەڕەڵا و ،نەنوسەریش بێئەخلاق بووە،لاى خواناسانى کوردیش وەک م.عەبدولکەریمى مودەڕیس و مەحوى و نالى و شێخ محەمەدى خاڵ.


بۆیە ئێمە وەک بەشێکى ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانى قەزاى سه‌یدسادق، پێمان وایە پێویستە یاسا لەدیدگاى هونەرەوە سەیرى هونەربکاو، ڕێزى دینیش بگرێ و ،دینداریش لەدیدى کەسێکى شارەزا لەدینەوەسەیربکات بۆ ئەوەى ئەم هەرێمەش نەکەوێتەژێر هەڕەشەى تیرۆرو داخستنى زانکۆو پەیمانگاى هونەرەجوانەکان و، بێبەرى کردنى ژنان لەخوێندن و کۆیلەکردنیان . پێمان وایە شتێکى ناڕەوایە نوسەرێکیش لەسەر نوسین وەک دز،تلیاکى، حەشیشکێش، پیاوکوژ، مامەڵەى لەگەڵدابکرێت و لەناویاندا بەند بکرێت، سنورێکیش بۆ ژێرنوسى (t.v)یەکانى ئەو لایەنەسیاسیانە دابندرێت کەسایەتى ڕۆشنبیر ناشیرین ئەکەن و لەڕێگاى کەڵکئاوەژو وەرگرتن لەدین و،مزگەوتەکانەوە ئەیانەوێت ئازادى بخنکێنن، وڵات بگەڕێننەوە بۆ زنجیرەى کوشتنى(سیلسیلەى قەتلى )نوسەران و ڕۆشنبیران ،هاوکات دیموکراسى و دیندارى پێکەوە بۆمەرامى سیاسى و کورسى دەسەڵات ناشیرین ئەکەن.


خەڵکى ئازادى دۆست و هونەرپەروەرى کوردستان..
بەرپرسان و یاسا ناسان و کاربەدەستان..


کاتى ئەوە هاتووە سنورێک بۆ خنکاندنى ئەم ئازادیە دابندرێت ڕوبارێک خوێنى شەهیدانى بۆدراوە،کاتى هاتووە سنورێک بۆ ئەوە دابندرێت چیتر لەمینبەرى هەندێک لەمزگەوتەکانەوە نوسەران و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بەکافرو تاغوت و مولحید ناونەبرێن.ئاخر ئێمە هەموو خواناسان و شاعیرانى وەک مەحوى ونالى و سالم و شێخ ڕەزا...هتد لەکلتورى کوردى دەربکەین، شیعریان بۆجوانى ژن و عیشق نوسیوە، نەتەوەکانى دیش گەورە نوسەرانیان لەکلتورى نەتەوەکانیان بێبەرى بکەن و مولحیدیان بدەنە قەڵەم، ئەوا پێشئەوەى سوکایەتى بێت بەوزاتانە، سوکایەتیە بەمێژووى ئیسلام ڕەجاڵکردنیەتى لەهۆشمەندان و کەڵەنوسەران.
وەک ئاگادارن لەباشورى عێراقدا ئەم شەپۆلە توندڕەوە لەسەدەى ئینتەرنێت و مایکرۆچیپ و مانگى دەستکردو خێرایی وکوالێتى دیجیتاڵدا، تازەبەتازە دێت پەیمانگاکان دائەخات و هونەرو جوانى حەرام ئەکات!!!ئەمەش ڕێک هاوکاتە لەگەڵ دادگایی کردنى (د.فەرهاد پیرباڵ)لەکوردستان و لەسەر وەڕگێرانى چیرۆکێک وپێشتر لەوڵاتانى عارەبى بڵاوبووەتەووە!لەوەش خراپتر بەیاساى سزادانى عێراقى ژمارە(403)بەسى گۆڕبەگۆڕ و ئێمەش لەپارلەمانى کوردستان یاساى ڕۆژنامەنوسى مان هەیە! خاوەنى حکومەتێکین دەریایەک خوێنى بەخشى تا ئەم ئازادیە دروستبکاو ئەو یاساو ئایدۆلۆژیایە لەگۆڕبنێ کوردى پێئە کوژرا کەهەنێک لایەن تاقە شەهیدێکیان بۆنەداوە!


بۆیە داوا لەحکومەتى هەرێمى کوردستان ئەکەین یاسا سەروەر بێت و سنورێک بۆ ئەو لایەنانە دابنێت کەسایەتى نوسەر ورد ئەکەن، لەڕێگاى کەسانێکى هەلپەرستەوە ئەیانەوێت کۆمەڵگا بگێڕنەوە بۆ سەدەتاریکەکانى تیرۆر کردن لەپێناو مەرامێکى سیاسیدا.هاوکات ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین سوکایەتى بەئاینى ئیسلامیش بکرێت وەک چۆن لەگەڵ ئەوەدا نین سوکایەتى بەنوسەرو هونەرمەندان بکرێت .داوائمەکەین یاسا سەروەر بێت نەک بەرژەوەندى سیاسى و ئەم ڕەوشە بەمەترسیدارو ترسناک ئەزانیین لەسەر ئێستاو ئایندەى هەرێمى کوردستان و، ، ڕێزلەیاساکانى پارلەمان بگرێت و مینبەرى مزگەوتەکان نەکرێت شوێنى دادگایی کردن و سوکایەتیکردن بە نوسەران،کەئەمە لەشوێنە وێرانەکانى وەک ئەفغانستاندا بوونى هەبووەو ئەمەش بەرلەوەى ناشیرینکردنى بەرامبەر بێت ناشیرین کردنى ئیسلامیشە.