په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٢

بەیاننامەی لێژنەی کاتیی سەبارەت بە یەکگرتنەوەی

ھەردوو کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی ھەولێر و کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی سلێمانی.


سڵاوی کار و زانست..

پاش ئەوەی زیاتر لەدوو ساڵ تێپەربوو بەسەر شەرعییەتی یاسایی و مەعنەوەی ھەردوو (ھەردوو کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی ھەولێرو کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەرونناسانی سلێمانی) دا.. چەندین کەس کرابوون بەدەستەی بەڕێوەبەردن، بێ ئەوەی کەس دەنگی پێدابن یاخود نوێنەری ھەڵبژێردراوی توێژەران بن.. چەندین کەسی دەستەی بەڕێوەبردن دەستیان لەکارکێشابوەوە بێئەوەی راگەیاندرابێ.. سەدان توێژەری تازە دامەزراو دەنگیان نەدابوو لەسەر جومگەکان و پرسەکانی کۆمەڵە، ئەوانە ھەمووی جێگەی نیگەرانی بوون بۆ سەدان توێژەر.

بۆیە ئێمە بەخۆبەخشانەو لەسەر ویست و ئیرادەی چەندان توێژەر ھەستاین بەدروستکردنی لیژنەیەک بەمەبەستی فشارخستنە سەر دوو کۆمەڵەکە تا یەکبگرنەوە و کۆنگرە و ھەڵبژاردنێکی شەفاف سازبدرێت، بۆبنیاتنانی یەک سەندیکای بەھێز و چالاک کە جێگەی متمانەی توێژەرانی کۆمەڵناسی دەروونناسانی بێت نەک وەک حاڵی ئێستا کە دووکۆمەڵەی کارتۆنی و بێئیرادەو حیزبی مافی توێژەرانی کردبوە چەک بۆ بەدیھێنانی خواستە شەخسیەکان .

لەماوەی رابردوودا چەندین کارو کاریگەرمان ھەبوو، لەوانەش:


- پرسی دوو کۆمەڵەی ماوەبەسەرچوو، پرسی ھەڵبژاردن و کۆنگرەمان، کرد بەبابەتی دەیان کەناڵی راگەیاندن.
- گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرورامان دروستکرد لەلای کۆمەڵناسان و دەروونناسان و توێژەران لەبارەی ئەم پرسەوە.
- کاریگەریمان ھەبوو لەسەر ھەر دوو کۆمەڵەی ماوەبەسەرچوو، تا ھاتنەسەرخەت و کەوتنەخۆیان و چەندین لێدوان و کۆبوونەوەیان ئەنجامدا.
- سەردانی لایەنە پەیوەنیدارەکانمان کرد، تا کارگەیشتە ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ بەئەرکی خۆی ھەستاو بەنوسراوی ژمارە(٧٨٥٧) لە(٢٩/٣/٢٠١٢) دا کە ئاراستەی ھەردوو پارێزگای ھەولێرو سلێمانی کراوە تا ھەردوو کۆمەڵەکە ئاگادار بکەنەوە کە رۆژی (٧/٤/٢٠١٢) لەوەزارەت ئامادەبن بۆ مەبەستی وتووێژ لەسەر یەکگرتنەوە و کۆنگرە، ئەوەبوو لەرۆژی (٨/٤/٢٠١٢) لەجیانی (٧/٤) ھەردوو کۆمەڵەکە لەوەزارەتی ناوخۆو بەئامادەبونی دوان لەئەندامانی لیژنەی کاتی کۆبونەوەکە ئەنجامدراو سەرەنجام لەژێر گوشاری وەزارەت بریار درا کە دەبێت لەماوەی (٣٠) رۆژدا ھەردوو کۆمەڵەکە یەکبگرنەوە ئەوەش بەنوسراوی ژمارە(٩١١٣) لەرۆژی(١١/٤/٢٠١٢)ی وەزارەتی ناوخۆ دا ئاماژەی پێدراوە  و دواجار لەرۆژی ١٦-٦-٢٠١٢ ئیعلانی یەکگرتنەوەیان کرد.

ئێمە لەلیژنەی کاتی ئامادەسازی کۆنگرە ، ھەنگاوی یەکگرتنەوە بەئیجابی دەزانین، چونکە ئەم ھەنگاوە یەکێک بوە لەداواکاریە بنەرەتیەکانی لیژنەکەمان، بەمەبەستی بنیاتنانی کۆمەڵەیەکی چالاک و ئەکتیڤ، ھاوکات ئەم رەخنانەمان ھەیە لەسەر شێوازی یەکگرتنەوەکە:


١- بەگشتی ئەم یەکگرتنەوەیە زیاتر بۆ رازیکردنی ویستی دوو حیزبی دەسەڵاتدار بوو، نەک بۆ بەرژەوەندی توێژەران، بەبەڵگەی ئەوەی کە یەکگرتنەوەکە رەنگدانەوەی دوو ئیدارەیی و دوو حزبی دەسەڵاتداری پێوەدیارە، ئەویش بەدابەشکردنی پۆستەکان بەشێوەی پەنجابەپەنجا، سێ مانگ سەرۆکایەتی بۆ نوێنەرەکەی پارتی و سێ مانگیش بۆ نوێنەرەکەی یەکێتی. کە ئەوە جێگەی نیگەرانییە.


٢- سەبارەت بەخاڵی دووەم لەرێکەوتنەکە کە دەڵێت: (ھەموو کۆمەڵناس و دەرونناسێک دەبێتە ئەندام و دێتە کۆنگرە بەمەرجێک ممارەسەی کاری توێژەری بکات و عنوانی وەزیفی (ناونیشانی پیشەیی)توێژەری کۆمەڵایەتی و دەرونی بێت و لەسەر میلاکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بێت) ئێمە ئەم خاڵە رەت دەکەینەوە داوا دەکەین دەست بەجێ لاببرێت لەبەر ئەوەی کە:


ا- ئەگەر ئەم خاڵە بسەپێت ئەوا خاڵی یەکەم لەرێکەوتنامەکە پووچەڵ دەبێت و دەبێت بگۆردرێت بە(کۆمەڵەی توێژەرانی کۆمەڵناسی و دەرونناسی)
ب- بەم خاڵە گشت توێژەرانی فەلسەفە کە ئێستا ئەندامن لەکۆمەڵەی ھەولێر لەئەندامێتی دەکەون.
ج- بەم خاڵە گشت توێژەرانی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا و تەندروستی لەئەندامێتی دەکەون.
دـ- ئەگەر ئەم خاڵە وەک خۆی لەم رێکەوتنامە حیزبیەدا بمێنێت ئەوا توێژەرانی خاڵی (ب.ج) لەرێگەی دادگاوە دەتوانن ناونیشانی کۆمەڵەکە لەبەرێزتان بسەننەوە.


٣- لەخاڵی ھەشتەمدا نوسیویانە: سکرتارییەتی ھاوبەشی کۆمەڵە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە پێکدەھێنێت.


* ئێمە رەخنەمان ھەیە لەم خاڵە، لەبەرئەوەی رون و ئاشکراو بێپاساوە کە سکرتارییەتی نوێی کۆمەڵە (کە پێکھاتەی دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەن)، دەتوانن لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە پێکبھێنن کە بەخواست و مەرامی دوو حزبی دەسەڵاتدار بێتو تا رێگە خۆشکەربێت چۆنیان ویست کۆنگرە بەقازانجی خۆیان کۆتای پێبھێنن.


بۆیە ئێمە داواکارین لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە لەدەرەوەی ستافەکانی دوو کۆمەڵەکە پێکبھێنرێت لەکەسانی سەربەخۆو بێلایەن و جێ متمانەی توێژەران. تەنانەت گرنگە بەلامانەوە بەھەلبژاردن پێکبھێنرێت.

٤- سەبارەت بەخاڵی نۆیەم و دەیەم، رەخنەی توندمان ھەیە.


پێویست ناکات بەنۆرە، جارێک نوێنەرەکەی پارتی سێ مانگ سەرۆک بێت و دواتر نوێنەرەکەی یەکێتی، لەبنەڕەتەوە بوونی یەک دەستەی ئامادەکاری بێلایەن، کافییە بۆ راپەراندنی کارەکانی ئەم قۆناغە، نەک بوونی سەرۆک.

ھاوکات ئێمە دڵنیانین لەوەی:


یەکەم: لەماوەی ئەم شەش مانگەدا، ئیستغلالی پۆستە حکومییەکان و ئیمکانیاتی کۆمەڵە نەکرێت بۆ مەرامی شەخسی و کۆکرنەوەوەی دەنگ بۆ کاندیدی دوو حزبی دەسەڵاتدار.
دووەم: دڵنیانین کە لەم ماوەیەدا منەت بەسەر توێژەراندا نەکەن بەوەی "فلان کارمان بۆ کردوون" یان (دامان مەزراندوون)، ئێمە پێمانوایە کە توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەبەر پێداویستی کۆمەڵگە لەشوێنە جیاجیاکانی حکومەت دامەزراون، بۆ کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسان لەئێستاو داھاتوشا نییە، منەت بکات بەوەی کە ئەوان توێژەرانیان دامەزراندوە،  و منەتباریان بکەن تا دەنگ بەکاندیدەکانیان بدەن.

ئێمە گومانمان ھەیە لەوەی ھەڵبژاردن‌و کۆنگرەکە جیاوازبێت لەھەموو کۆنگرەو ھەڵبژاردنی رێکخراوەکانی دیکە، کە خوازیارین رێگەنەدرێت لیستی حزبی ھەبێت، و توێژەران و کۆمەڵناسان‌و دەروونناسان دابەشنەکرێن بەسەر لیستی حزبەکاندا، چونکە ئێمە ئامانجمان کۆمەڵگەیە، نەک خزمەتی حزب و بەرزکردنەوەی نفوز و رەسیدی حیزبەکان. جەختدەکەینەوە لەوەی کە لیستی کاندیدان لەسەر ئاستی تاکەکەسی و شیاوی بێت، نەک لەسەر لیست و تەزکییەی حزبی.

ئێمە چاوەڕوان دەکەین لەھەموو کۆمەڵناسان و دەرووناسانی بەڕێز، کە رێگەنەدەن کەس مافەکانیان بخوات، و لەسەر بنەمای تەزکییەی حزبی دەنگنەدەن بەکاندیدەکان، ئێمە کارمان بەرجەستەکردنی نفوزو رەسیدی حیزبەکان نییە، بەڵکو مەبەستمان بنیاتنانی سەندیکایەکی ئەکتیڤ و چالاکە.

ھاوکات پێشنیاردەکەین کە:


لەماوەی شەش مانگی داھاتوو، بڵاوکراوەیەکی دەوری دەربچێندرێت بەناوی بەرەو کۆنگرە، بۆئەوەی ئاڵۆگۆڕی بیرورای تیابکرێت، لەبارەی ئەوەی کە چۆن کۆنگرەو ھەڵبژاردنێکمان دەوێت، ئەو بڵاوکراوەیە دەکرێت مانگانە دووجار دەربچێت، بەتیراژی ژمارەی توێژەران چاپکرێت و بگەیەندرێتە دەست ھەموو توێژەران، و دەرگای بخاتەسەرپشت بۆ بیروراو بابەت و وتاری ھەمووان بەبێ جیاوازی.

تێبینی:


یەکەم: ئەگەر ئەو داواکاریی و خاڵانەی لەم بەیاننامەیەدا خستومانەتەڕوو لەبەرچاونەگیرێت، ئەوا ھەڵوێستمان دەبێت.
دووەم: لەبەر پێویستی قۆناغەکە، لیژنەکەمان ھەڵوەشاندەوە، کە لیژنەیەکی کاتی بوو بەناوی (لیژنەی کاتی ئامادەسازی بۆ کۆنگرەو و ھەڵبژاردن)، واتە لەدوای ئەم بەیاننامەوە شتێک نییە بەناوی لیژنەی کاتی ئامادەسازی کۆنگرەو ھەڵبژاردن.

ھاوکات بەنیازین لەداھاتوویەکی نزیکدا گروپێک بەناوی (گروپی چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردن و کۆنگرە) دروستبکەین، بۆ چاودێری ھەر لادان و خروقاتێک کە لەلایەن کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانەوە بکرێت، کە لێی بێدەنگ نابین و رای گشتی و توێژەرانی لێ ئاگاداردەکەینەوە.

ھەر بەڕێزێک دەیەوێت ناوی لەو لیژنەیەدا ھەبێت تکایا ئاگادارمان بکات و ناوی سیانی خۆیی و ئیمەیڵ و ژمارە تەلەفۆنی خۆی بنێرێت بۆمان.

لەگەڵ رێزمان بۆ ھەموو لایەک.
بەھیوای بنیاتنانی کۆمەڵەیەکی ئەکتیڤ و چالاک بۆ سەرجەم کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان.
 

 

٢٩\٦\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک