په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٦\٢٠١٠

بەیاننامەی ناڕەزایى رۆژنامەنووس و رۆشنبیران و رێکخراوەکانى قەزاى شارەزوور.


بەڕێزان لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان..


ئێمە وەک سێزده‌ رێکخراوى ئەنجومەنى راوێژکارى رێکخراوەکانى قەزاى شارەزوور و ژمارەیەک لەرۆشنبیرو رۆژنامەنووس ناڕەزایى خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەنەکردنەوەى بنکەى رۆشنبیرى قەزاى شارەزوورو سەنتەرى گەنجان لە هەڵەبجەى تازە و پشتگوێخستنیان لەلایەن وەزارەتى رۆشنبیریەوە، کە زیاتر لەماوەى ساڵێکە بیناکەى تەواوبووە تائێستا دەوامى تێداناکرێت، لەهەمانکاتدا رەخنە لەلایەنە بەرپرسەکان دەگرین کەبەدواداچونى جدیان بۆنەکردووەو لەئێستاشدا دەنگۆى ئەوەهەیە بەبێ پرس و راوێژى گەنجان و رۆشنبیران و رێکخراوەکانى ناوچەکە کەسانێکى نەشیاو بکرێن بەبەرپرس و بەڕێوەبەرى ئەو ناوەندانە، بۆیە ئێمە(ئەنجومەنى راوێژکارى و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانى قەزاى شارەزوور) وەک ناڕەزاییەک بڕیارمانداوە خۆپیشاندانێک ئەنجامبدەین لەرۆژى کردنەوەى بنکەى رۆشنبیرى قەزاى شارەزوورو لەهەمانکاتدا بایکۆتکردنى ئەو ناوەندانە ئەگەربێت و پرسمان پێنەکرێت لەدانانى کەسەکاندا.


جێگەى ئاماژەیە زیاتر لە دوومانگە بەڕێوەبەرى گشتیى رۆشنبیریى و هونەرى سلێمانى(عەباس عەبدولرەزاق) بەڵێنى پێداوین سەردانمان بکات و لەنزیکەوە راوێژمان پێبکات، بەڵام زیاتر لە دوومانگ تێپەڕیوەو هێشتا نەمانبینیوە و ئەمەش بەئاماژەى پشتگوێخستن و پەراوێزخستنمانى دادەنێن، بۆیە داواکارین لەوەزیرى رۆشنبیریى حکومەتى هەرێم رێگەنەدات بەهیچ لایەنێک دەستوەربداتە کاروبارەکانمانەوە و، پێویستە کەسانێک لەو ناوەندانەدا دابنرێن کەلەئاست ئەو بەرپرسیارێتیەدابن تاناوەندەکان ببن بەشوێنێک بۆ کۆکردنەوەى تواناکانى رۆشنبیرانى ناوچەکە.


تائێستا قەزاى شارەزوور نەتوانراوە لەبوارى رۆشنبیریدا ئاوڕى جدى لێبدرێتەوە و ئەم ناوندانەش تەنها شوێنە کەجێگەى هیواو ئومێدى رۆشنبیرو هونەرمەندان و رێکخراوەکان بێت، بۆیە رێگە نادەین بەهیچ شێوەیەک لەلایەن هیچ کەس و لایەنێکەوە مۆنۆپۆل بکرێت و بۆ بەرژەوەندى تایبەت بەکاربهێنرێت، بەڵکو دەبێت شوێنێک بێت بۆ هەموان و لەدانانى کەسەکانیشدا پرس بەهەمووان بکرێت.

بۆ وەرگرتنى زانیارى پێویست دەتوانن پەیوەندى بکەن بەیەکێک لەم ژمارانەوە:
07701945107، 07701428232، 07701593162، 07701434651

 

 

رۆژنامەنووس و رۆشنبیران و رێکخراوەکانى قەزاى شارەزوور