په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١١\٢٠١٣

بەیەکگەیشتنى (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ) و (پاشاى خەمبار) لەسەر شانۆى عیشقێکى شیعریدا.


بڵند رۆستەم     


شیعر دونیایەکە سەربەخۆ . سەربەخۆیى دونیاى شیعر سنووردارە . شیعر سەربەخۆییەکى سنووردار سەربەخۆیە . ئەوەى سنوورى سەربەخۆیى شیعر دیاریدەکا، فیکرە. ئەوە فیکرە وا دەکا شیعر سەربەخۆ بێت ، وەلێ فیکر خۆشى دیارخەرى سنوورە . کەواتە فیکر سەربەخۆییەکى سنووردار دەبەخشێ بەو دونیایەى ناوى شیعرە. سنوورەکانى شیعر کە فیکر دیاریکردوون ، پێویستین . لەودیو ئەو سنوورە سروشتییانەى شیعردا ژانرە ئەدەبییەکانى تر بوونیان هەیە. سنووردارکردنى سەربەخۆیى شیعر دوا جار بەخشینى سەربەخۆییەکى تەواوە بە شیعر ئەوکاتەى قسە دێتە سەر (شیعرى جوان) . واتە بۆ نووسینى شیعرێکى جوان ، بوونى ئەو سنوورە جوانانە پێویستین ، چونکە جوانییەکى فیکرى دەبەخشن بە شیعر . ئەگەر ئەو سنوورانە گوزارشتێکى ڕووت بن لە خودى فیکر ، کەواتە دەرکەوت شیعر پێویستى بە فیکرە و فیکریش پێویستى بە شیعرە ، لە کاتێکدا فیکر و شیعر دەکەونە نێو یەک بازنەى خودییەوە ، واتە ئەگەر شیعر بازنەیەکى هەبێت ، یەکێک لە ئەندامانى ئەو بازنەیە فیکرە ، وە بە پێچەوانەشەوە ، ئەگەر فیکر بازنەیەکى سروشتى هەبێت ، ئەوا شیعر کەلێنێک لەو بازنەیەدا پڕ دەکاتەوە.


بوونى زمانێکى شیعرى ، سەلمێنەرى بوونى شیعرێکە . ئەوەتا زمانى سۆفیزم شیعرییە ، شیعریەتەکەى لەو ئاستەدا باسى دەکرێ ، کە شتەکان وەکو ڕەمز مانیفێست دەبن . بەو زمانە ، ئەزمونى سۆفیزم دەسەڵاتى بنیاتنانى جیهانێکى دەبێت لەنێو جیهاندا . ئەوەى زمانى سۆفیزم لە زمانى ئاینى جیادەکاتەوە ، بابەتى واقیعە ، چونکە لە ئایندا شتەکان وەک ئەوەى ڕویانداوە دەگێڕدرێنەوە و ڕەمز بوونى نییە لە گێڕانەوەکەدا . هەڵبەت ئێمە نامانەوێ زیاتر لەبارەى سۆفیزمەوە بڵێین ، چونکە مەحاڵە بتوانین وتارێک لەبارەى میتۆدى سۆفیزمەوە بنووسین ، مەگەر لە دەرەوە وەسفى بکەی ، دەکرێ جیاوازییەکى نێوان سۆفیزم و سوریالیزم لەوەدا بێت ، کە ئەمیان میتۆدەکەى بەو جۆرەیە کە باسمان کرد ، بەڵام ئەویان میتۆدەکەى دەتوانرێ لەبارەیەوە بنووسرێ کە (بریتۆن)یش هەر وا دەڵێ ، گەرچى سوریالیزم وەکو عەقیدەیەک بەیان نابێت وەک ئەوەى (ئاراگۆن) باسى دەکا*.
لە ڕوانگەى بڕیاردانمان لەسەر ئەو ڕوانگە شیعرى و فیکرییانە ، قسە لەسەر دوو بەرهەمى شیعرى دەکەین ، یەکەمیان کتێبى ( تۆ مەچۆ بۆ شەڕ)ى ( ماردین ئیبراهیم)ە و دووەمیان قەسیدەى (پاشاى خەمبار)ى (لازۆ)یە کە بۆ (ماردین ئیبراهیم)ى نووسیوە.


جۆرێک لە بەریەککەوتن و لەنێو یەکترى توانەوە و کۆنتاکتم بینى لەنێوان ئەو دوو بەرهەمەدا ، بەتایبەتى لە بابەتى یار و عیشقدا ، بۆیە بەیەکەوە باسیان دەکەم بەبێ ئەوەى جیاوازى ئاستە شیعرییەکانى نێوان ئەو دوو بەرهەمە لە بیر بکەم ، لێرە باسى ئەو جیاوازییانە ناکەم ، باسى یەکسانى و پەیوەندییەکان دەکەم کە پەیوەستن بە ناخودئاگایى شاعیرەکانەوە . هەردوو شاعیر خودئاگایانە گەڕاونەتەوە بۆ ناخودئاگایى خۆیان و لەپاڵ ئەو ناخودئاگاییەى خۆیاندا ، جۆرێک لە شیعریان بەرهەم هێناوە ، قاچێکى لە خودئاگایدایە و قاچەکەى ترى لە ناخودئاگایدایە ، ئەوەشى تەحەکوم بە خودئاگایى و ناخودئاگایى (ماردین) و (لازۆ)وە دەکا ، گەمەیەکى زمانەوانییە . دوو شاعیرەکە هەوڵدەدەن وەکو سوریالییەکان شێوازى بەکارهێنانى زمان بگۆڕن ، ئەوان چاویان بە زمان نەگێڕایەوە و بڕوایان پێکرد ، بەڵام دوا جار (ماردین) و (لازۆ) سوریالى نین . سوریالییەکان خۆیان جیاکردەوە لە کۆمەڵگا و ئەخلاق و ئیستاتیکا ، بە مەبەستى لەدایکبوونى مرۆڤێکى هەمەکى ، ئەوە لە کاتێکدا دوو شاعیرەکەمان بانگەشەى ئەخلاق دەکەن و ئامادەگییان تیایە بۆ قوربانیدان لەپێناوى یاردا ، ئەوەتا (ماردین) لە خوارەوەدا قوربانى دەدا بۆ یارەکەى:


((لەبەر خاترى من تۆ مەچۆ بۆ شەڕ
لەبەر خاترى من لەسەر بان بخەوە
لەبەر خاترى من سەیرى کشانى نەیزەکەکان بکە
کە شەڕ هەڵگیرسا با من لە جوانى بێبەش بم
بەڵام تۆ یچۆ لەسەر بان بخەوە))
(تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، ل: ١٨).


لە قەسیدەى (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ)ى نێو (تۆ مەچۆ بۆ شەڕ )دا ، قوربانیدانى خود لەپێناوى ئەویتردا دەبینرێ ، خودێک کە (شاعیر)ە و ئەویترێک کە (یارى شاعیر)ە . خود داوا لە ئەویتر دەکا لەپێناوى (خود)دا پارێزگارى لە خۆى بکا ، وەلێ ئەمە تەنها سۆزێکى خودییە ، ئەگینا خود ئەو بایەخە زۆرە بە خۆى نادا تا ئەویتر بکاتە قوربانى لەپێناوى خۆیدا ، ئەوەتا شاعیر دەڵێ : (لەبەر خاترى من مەچۆ بۆ شەڕ ) ، ئەمەش ئاماژەیەکى تیایە کە خود دەیەوێ خاترى بگیرێ ، وەلێ ئەو بابەتى خاتر گرتنە تەنها لەپێناوى ئەویترە . خود بە ئەویتر دەڵێ : (با من لە جوانى بێبەش بم) . کەواتە خود لەپێناوى ئەویتردا داوا لە ئەویتر دەکا خاترى خود بگرێ و پارێزگارى لە خۆى بکا.


(ژان ژاک ڕۆسۆ) وەکو بیرمەندێکى فرە ڕەهەند ، لە یەکێک لە ڕۆمانە ڕۆمانسییەکانیدا کە تیایدا کار کراوە بۆ تێکشاندنى سنوورى دەستکردى نێوان فەلسەفە و ئەدەبیات و بەشێک لە ئایدیاکان لەو بەرهەمەدا هەڵگیراون ، باسى عاشق و مەعشوقێک دەکا . (سەینت)ى کارەکتەر عاشقى (جولى) دەبێت . باوکى (جولى) ڕازى نابێت (جولى) بدات بە (سەینتت) ، چونکە ئەرستۆکراتى نییە . (جولى) شوو بە پیاوێکى تر دەکا . ئەو پیاوە کەشێکى خۆش بۆ (جولى) دەخوڵقێنێ ، بە ڕاددەیەک لەو کەشەدا (جولى ) هەست بە ئاسوودەیى دەکا ، وەلێ ئەو پیاوە لەڕێگەى بەقوربانیکردنى خودەوە ئەویتر دڵخۆش ناکا وەک ئەوەى (ماردین ) کردوویەتى .( ماردین ) خۆى دەکاتە قوربانى ئەویتر لەپێناوى ئاسوودەیى ئەویتردا . دوا جار ئەو پیاوەى لە ڕۆمانەکەی (ڕۆسۆ)دا هاتووە ، هەست بە خۆشەویستى نێوان (جولى) و (سەینت) دەکا ، بەمەش (سەینت) داوەتى ماڵەوە دەکا ، ئەمەش وا لە (جولى) و (سەینت) دەکا بگەنە ئەو بڕوایەى کە ئەو خۆشەویستییەى لە ڕێگەى هاوڕێیەتى ئێستاوە پێیگەیشتوون ، بە ڕێگاى تر نەیاندەتوانى پێیبگەن ، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ (جولى) تا دواى مردنیشى (سەینت) لە بیر بکا . کەواتە هەر سێ کارەکتەر بەبێ ئەوەى خۆیان بکەنە قوربانى ، مومارەسەى عیشق و خۆشەویستى خۆیان دەکەن ، وەلێ لاى (ماردین ) خۆکردنە قوربانى گوزارشتە لە بوونى (عیشقێکى شیعرى ) کە عیشقى خودى (ماردین)ە . (ماردین) عاشقە بە ئەویترێک کە خۆى لەپێناوى عیشقەکەیدا دەکاتە قوربانى.
ئەوەى ئاسوودەیى بۆ خود دەهێنێ ، (ئاسوودەیى ئەویترە) . ئەوکاتەى خود داوا لە ئەویتر دەکا لەسەر بان بخەوێ و پشوو بدا ، ئەوا دوا جار تەنها ئەویتر پشوو دەدا و ئاسودە دەبێت (ئەوەى دەخەوێ ئەویترە نەک خود) ، ئەوەى دەبێت سەیرى کشانى نەیزەکەکان بکا و چێژ لەو دیمەنە وەربگرێ ، ئەویترە نەک خود ، وەلێ لە دەرەنجامى هەموو ئەمانە ، (ئەویترێکى ئارام و چێژ وەرگر) دەخوڵقێ ، ئەمەش خوڵقێنەرى (خودى ئارام) و (خودى چێژ وەرگرە) ، واتە ئەوکاتەى ئەویتر دەکەوێتە خۆشییەوە ، خود هەست بە خۆشى دەکا و دڵى خۆشدەبێت کە ئەویتر دڵى خۆشە ، خودێک وەک لە سەرەوە گوتمان شاعیرە و ئەویترێک کە (یارى شاعیر)ە.


ئەمەى خوارەوە نموونەیەکە لە قوربانیدانى (لازۆ) لەپێناوى یاردا ، قوربانیدانێک ، سەرەتاکەى عیشقە و کۆتاییەکەى عاشقبوون:


((من دەمگو : ئەو هەموو وێنەیەم بۆ ناخرێتە
یادەوەریمەوە
ئەو ڕێگە دوورەت بۆ پێ بڕیم؟
ئەو ئاگرەت بۆ لە ماڵەکەى مندا کردەوە؟
تۆ چۆن وێرات بێیتە باخەکانى منەوە؟
بۆ باڵندەکانى خۆت تێبەردام؟
بۆ باڵندەکانى خۆت تێورووکاندم پاشا؟
ئەو سەفەرەم لەگەڵ تەواو بکە پاشا))
(پاشاى خەمبار).


لەو پارچە شیعرەى سەرەوەدا ، خود قوربانى دەدا ، بەوەى غەدرەکانى کەسێک دەچێژێ . ئەو کەسەى شاعیر غەدرەکانى دەچێژێ ، هەمان ئەو کەسەیە کە قوریانى بۆ دەدا ، واتە شاعیر بەر ڕەحمەتى غەدرى کەسێک کەوتووە ، کە قوربانى بۆ دەدرێ ، ئەوەشى قوربانى بۆ دەدا، هەر ئەو کەسەیە کە غەدرى لێدەکرێ ، وەها غەدرێک کە یار لە (لازۆ)ى دەکا لە شیعرەکەدا ، دەشێ گوزارشت بێت لە خاوێنى یار و ئەو غەدرانەشى باسیان دەکرێ ، دەکرێ گوزارشتێکى شیعرى بن لە جوانى و نیانییەکانى یار ، ئەمەش هەر ئەو گەمە شیعرییەیە کە (لازۆ) بەردەوام لە شیعرەکانیدا دووبارەی دەکاتەوە.


بوونى سەفەرێک کە شاعیر حەزدەکا تەواوى بکا لەگەڵ (یارى غەدار)دا کە یارێکى جوانە ، ڕووبەڕووى تاقە ڕێگایەکمان دەکاتەوە ، ئەویش ئەوەیە کە وێنا و کەسایەتى یار لە شیعرەکەدا شێوێنراوە و ئەو شێواندنەش جوانى بەخشیوە بە شیعرەکە ، دەکرێ ئەمە وەکو جۆرێکى ترى قوربانیدانى دەرەکى چاوى لێ بکرێ . شاعیر وێناى یار لە شیعرەکەدا دەشێوێنێ بۆ ئەوەى شیعرێک کە هەڵگرى جوانییە بخوڵقێ ، هەر ئەمەشە پێى دەگوترێ: (قوربانیدانى شیعرى).


(لازۆ ) لە شیعرەکەدا بە عەقڵ و جەستە قوربانى دەدا . کێشە گەورەکەى (دیکارت) ئەوەبوو کە چۆن ماهیەتە جیاوازەکان (عەقڵ و جەستە) پەیوەستن . مرۆڤ (عەقڵ + جەستە)یە . جیاکردنەوەى عەقڵ لە جەستە گونجاو نییە و پێناسەکردنى ئەو دووانە وەکو دوو ماهیەتى سەربەخۆ ڕەوا نییە . لاى (سپیونزا) عەقڵ و جەستە دوو بەشى یەک ماهیەتن . بۆچونێکى تریش پێیوایە ئەو دووانە جیاوازن و پەیوەندییان نییە بەیەکەوە ، وەک ئەوەى لاى (لایبنز)دا هەیە . (لازۆ) لە شیعرەکەیدا سەر بە بۆچونەکەى (سپیونزا)یە ، ئەوکاتەى لە ڕووى جەستەییەوە ئازار دەدرێ و باڵندەى تێبەردەدرێ ، ڕاستەوخۆ عەقڵ هەڵوێست وەردەگرێ، ئەو هەڵوێستەى عەقڵیش لە شیعرەکەدا دەردەکەوێ.


((تۆش فریوى دنیات خوارد
دنیا وایە خەدیجە!
یەکەم جار پەپوو سلێمانەکانت پیشان دەدا
ئینجا ئەبابیلەکان
یەکەم جار مانگ بە تریفەکانیەوە دەنێرێت
ئینجا دووپشکەکان
کە دڵبەستى بوویت وەک ناپاکێک پشتت تێدەکا))
(تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، ل: ٧).


لە قەسیدەى ( خەدیجە)دا کە بۆ ( خەدیجە گوڵاوى) نووسراوە ، (ماردین) لەپاڵ عیشقى (خەدیجە)دا باسى عیشقى دونیا دەکا (عاشقبوون بە دونیا) ، باسى ئەوە دەکا کە مرۆڤ عاشقى دونیا دەبێت ، سەرەتایەکى شیرین و کۆتاییەکى تاڵ تاڵ چاوەڕێیەتى .مرۆڤێک کە عاشقى دونیا دەبێت ، فیکرى دەفڕێت بۆ سەرزەمینێکى نەبوو کە کەس ناتوانێ بوونى پێببەخشێ ، مەگەر کەسێکى نەبوو لە بازنەى نەبووندا . عاشقبوونى مرۆڤ بە دونیا ، ناپاکیکردنە لە عیشقە گەورەکان کە مرۆڤ بەرەو شەقامى ئارامى دەبەن ، ئارامى بە ماناى پشوودان نایەت ، بە ماناى بیرکردنەوەى قوڵتر و تێگەیشتنى باشتر دێت . گەڕان بەدواى ئارامى ، نامانگەیەنێتە هیچ ئارامییەک . ئارامى شتێک نییە بە شێوەیەکى سەربەخۆ هەبێت تا بەدوایدا بگەڕێین ، بەڵکو دەرەنجامى کارەکانمانە.


کاڵبوونەوەى ڕووە دزێوەکەى دونیا لە دیدى هەر یەکێکمان ، دەرکەوتن و گەشانەوەى ڕووە جوانەکەى دونیا بەدواى خۆیدا دەهێنێ . کە دەگەینە جوانییەکانى دونیا ، تێدەگەین دزێوییەکانى دونیا چەند ئازار بەخشن ، کە دەگەینە ئارامى ڕاستەقینە ، تێدەگەین ئارامى ڕووکەش چەند دزێوە.


دەکرێ لە هەندێک باردا ڕووە دزێوەکەى دونیا بکرێتە کەرەستەیەک بۆ گەیشتن بە ڕووە جوانەکەى دونیا . دەکرێ ئارامى ڕووکەش وەسیلەیەک بێت بۆ گەیشتن بە ئارامى ڕاستەقینە . ئەوەتا شیعرى (ڕیلکە) مۆرکێکى ئارامبەخشى تیایە ، ئەمەش دەرەنجامى ژیانى (ڕیلکە)یە کە تەژییە لە ململانێى نێوان دڵەڕاوکێ و دڵنەوایى . (ڕیلکە) لە قەسیدەى (بازنەکانى شەو)دا دەڵێ:


((ژیانم لەنێو بازنە فراوانەکاندا دەبەمە سەر
لەنێو کۆمەڵێک شتى درێژەوەبوو
ڕەنگە نەتوانم بازنەى کۆتایى تەواو بکەم
وەلێ هەوڵدەدەم)).


دونیا لە شیعرەکەى (لازۆ)دا نزیکە لە مەرگ . نزیکبوونەوە لە مەرگ ، ماناى بوونى ژیانێک دەدا ، ژیانێک کە بە مەرگ کۆتایى دێت . کە مەرگ دێت و کۆتایى بە ژیانێک دەهێنێ ، ئیتر ئەوەى دەمێنێتەوە ، ئێستاى مەرگ و ڕابردووى ژیانە .ئەوەى بوونى ژیانێک دەسەلمێنێ، مەرگە ، ئەوەشى ناسنامە بە مەرگ دەدا ، ژیانە . ژیانێک کە لەنێوان دوو مەرگدایە ، هەمیشە نزیکترە لە مەرگى دووەمینەوە، بەهۆى ئەو مەودایەى لەنێوان مەرگى یەکەمین و مەرگى دووەمیندا هەیە .مەرگى دووەمین مەرگێکى موگناتیسییە و هەموو شتێک بۆ خۆى کێش دەکا بە مەرگە یەکەمییەکەشەوە ، مەرگە یەکەمییەکان ئەو مەرگانەن لە ماوەى ژیانماندا دەیانچێژین ، مەرگى دووەمین ئەو مەرگەیە لە کۆتایى ژیانماندا دەیچێژین کە بە ماناى کۆتایى و نەمان دێت.


((ئەوە بۆ ئەوەندە مەرگ نزیکە؟
ئەوە بۆ ئەوەندە ئاسمان نزیکە؟
ئەوە تۆ بۆ ئەوەندە دوورى؟
برینمان تێکەوت و خوێنمان درەوشایەوە
عەشقمان ژاکا و ڕەشمان پۆشى))
(پاشاى خەمبار).


بوونى برین و خوێنى درەوشاوە ، ئازارێکى نائاسایى بەیان دەکەن . عەشقى ژاکا و ڕەشپۆشى ، خەفەتێک مانیفێست دەکەن . ئەوکاتەى خۆشى لە شیعرى (لازۆ)دا هەوڵدەدا جێگاى خەفەت بگرێتەوە ، کردەى جێگۆڕکێ ڕوودەدا ، وەلێ خۆشى جێگاى خەفەت ناگرێتەوە ، ئەوەى جێگاى خەفەت دەگرێتەوە ، خەفەتێکى ترە. ئەو خەفەتە تازەیە باڵادەستە و کۆى شیعرەکە دادەپۆشێ بە پەردەیەکى تەنک کە لەودیو ئەو پەردەیەدا شتگەل دەبینین ، بەتایبەتى خۆشییە کپ کراوەکان و شادییە گۆڕاوەکان ، ئەو شادییانەى گۆڕاون بۆ خەفەتێکى دێرین و سامناک . لەو ئاستەدا لە شیعرى (لازۆ)دا هەست بە میتافۆڕ دەکەین . زمانى ئەدەبى لە سروشتە میتافۆڕییەکەیدا جێى ئاماژەیەکى تر دەگرێتەوە و ڕاستەوخۆ قسە ناکا لەسەر بابەتێک ، ئەمەش دیدەکەى (دێمان)ە کە بۆچونەکانى لەمەڕ میتافۆڕەوە بۆ (نیتشە) دەگەڕێنەوە . ئەو دیدە بۆ دونیا کە لە شیعرەکەى (لازۆ)دا هاتووە ، وا دەکا زیاتر بیربکەینەوە ، ئەمەش ئامانجەکەى (نیتشە) بوو لە کتێبى (ویستى هێز)دا کە زۆر کەس بە باشترین دەقى (نیتشە)ى دادەنێن ، چونکە فیکرى ئەو لەو کتێبەدا دەگاتە لوتکە .هەڵبەت (نیتشە) لە ماوە ژیانیدا چاپ بوونى کتێبەکەى نەبینى ، دواى مردنى کە چاپکرا ، لەسەر کاغەزێک (نیتشە) نووسیبووى : ئەو کتێبە بۆ بیرکردنەوەیە ،تەنها بیرکردنەوە. (ویستى هێز) بریتییە لە هێزێکى تایبەتى مرۆڤ ، جەوهەرى ئەو کارە چەسپاندنى بەهایە . ژیانى تاک و کۆمەڵ بریتییە لە بوونى بەهایەک ، هەر ئەوەشە مرۆڤ دەکاتە مرۆڤ . ژیان بریتییە لە زاڵبوون بەسەر (خود)دا ، بەهایەک کە لە خزمەتى ژیان دایە ، مەرجى ئەو ژیانەیە ، ژیان پەیوەستە بە بەهاوە و بەهاش مەرجى بوونى خۆیەتى . لێرەدا ژیان و بەها هەڵگرى مۆرکى ئەو شتە نین کە هەیە ، هەڵگرى مۆرکى ئەو شتەن کە دەبێت هەبێت.


((ماریانا!
زەردەخەنەت بەربوونەوەى سێوێکە
بۆ بەردەم نیوتنەکەى موحیبەت
دوو دڵیت کرمێبوونى هەرمێیەکە لە چاوەڕوانى
دەستەکانى گۆدۆیەکدا
ماڵئاوایت تێپەڕینى شەمەندەفەرێکە))
(تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، ل: ١٤٣).


بەربوونەوەى سێوەکەى نیوتن ئاماژە بوو بۆ هێزى کێش کردنى زەوى ، زەردەخەنەکانى یاریش ئاماژەن بۆ بوونى هێزى کێش کردنى پیاوێکى عاشق کە شاعیر خۆیەتى . زەردەخەنەکانى یار وا لە شاعیر دەکەن ، هەوڵى ڕاکێشانى یار و نزیکبوونەوە لە یار بدا . (لە چاوەڕوانى گۆدۆ)دا ئەو بەرهەمەى (بێکێت)ە کە زۆر باسى دەکرێ .شاعیر دوودڵى یار دەچوێنێ بەو هەرمێیەى لە چاوەڕوانى گەیشتنى گۆدۆدا کرم دەیگرێ و گۆدۆش هەر ناگات . خود چاوەڕوانى ئەوەیە گۆڕانکارییەک بەسەر یاردا بێت ، لە پێناوى ئەو ئامانجەشیدا ، پەنا بۆ قسەکردن دەبا . کردەى قسەکردن لەگەڵ یارێکى دوودڵدا ، کردەیەکى شیعرییە و قابیلى هەوڵوەستە لەسەر کردنە لە ڕوانگە و سوچ و کون و کەلەبەرى جیاوازەوە . لە سەرەوەدا یار کەسێکى دوودڵ و بە گومانە . مرۆڤ بۆ ڕزگاربوون لە شتە دووبارەکان ، هانا بۆ کردنەوەى دەرگا و پەنجەرەکانى گومان دەبا ، وەلێ لە هەندێک باردا ، خودى گومانیش بە گومانە لێمان .(گومانکاران) وەکو فەلسەفەیەکى یۆنانى پاش (ئەرستۆ) ، لە سەدەى چوارەم و سێیەمى بەر لە زاین خوڵقا و تا سەدەى یەکەم و دووەمى زاینى درێژبوویەوە . لەوێدا بڕیار و هاودژى یەکێکن و مەحاڵە بتوانین بڕیار لەسەر شتەکان بدەین . بێ بڕیارى هێمنى و شادى و بەختەوەرى بەدواى خۆیدا دەهێنێ ، ڕاستییەکانیش چەسپاوییان بۆ نییە . ئەو دیدە گومانکارانەیە تووشى بەیەکداکەوتن دەبێت لەگەڵ ڕێبازى ژیرایەتى . لەوێدا هۆش بە بێ تاقیکردنەوە لە ڕاستى جیهان تێدەگات و توانادارى عەقڵى مرۆ ڕاستى و زانیارییەکان ڕێکدەخا و ڕاستى نوێ دێتە پێشەوە.


((ڕۆژە دووبارەکان بێرەدا ڕەتبوون
سەربازەکان بێرەدا نائومێدییان پرژاند
من دەچوومە زیارەتان
بەردى وردم دەنا بە کێلى پیاوچاکانەوە
بۆ یەکەم بەرد خواستم ببمە دەزگیرانى پاشا)).


خود بە گومانە لە گەیشتن بە پاشا، ناچار هانا بۆ کێلى پیاوچاکان دەبا ، ئەمە ڕێگاى گەیشتنن بە یار بۆ خود کورتدەکاتەوە (گەیشتن بە ئەویتر). ئەوکاتەى سەربازەکان نائومێدییان لێدەپرژێ ، بەشێک لەو نائومێدییە بەر خودیش دەکەوێ لە بابەتى گەیشتن بە پاشادا . ئامانجى یەکەمى خود گەیشتنە بە پاشا و ئامانجەکانى تریشى پەیوەستن بە قۆناغى دواى گەیشتن بە پاشا . ئەوکاتەى خود بە ئەویتر دەگات ، خۆزگەى گەیشتن دەگۆڕێ بۆ خۆزگەى پەیدابوون ، پەیدابوونى منداڵ . لاى (شۆپنهاوەر) عاشقان هەڵخەڵەتێنراون لەلایەن بلیمەتى جنسى بەشەرییەوە .لەو ئاستەدا چێژ واتاى حەزى خستنەوەى وەچە دەگەیەنێ و دوو عاشقەکە لە خزمەتى خستنەوەى وەچەدان . خود مەبەستیەتى ژیانێکى چاک دروست بکات ، ئەوەشى ئەو ژیانە بینا دەکا ، هاتنى پاشایە . ئەو ژیانە خۆشەى خود دواى کەوتووە، پەیوەستە بە چێژەوە و خود هەوڵى دەستکەوتنى چێژ دەدا کە ئەمە لە کایەى فەلسەفیدا باسیکراوە و (ئەبیکۆر)یش دیارترین ئەو کەسانەیە لەو بابەتە دواون و پێیوایە ژیانى خۆش تەژییە لە چێژ ، وەلێ ئەو چێژەى خود داواى دەکا ، چێژێکى ئاسایى نییە ، چێژێک نییە بە مانا تەقلیدییەکە ، بەڵکو بەستراوەتەوە بە ئازارەوە . خود چێژ لەو ئازارە وەردەگرێ کە لەپێناوى هاتنى پاشادا دەیکێشێ ، چێژ لەو ئازارە وەردەگرێ کە لە دەرەنجامى قوربانیدان لەپێناوى ئەویترێک کە پاشایە تووشى دەبێت. (لازۆ) دەڵێ:


((هەر کە پاشا هات من بەپێى پەتى ڕام کرد بۆ کۆڵان
بە کچەکانى گەڕەکم گوت : پاشا هاتووە بۆ دیدەنیم
پاشاااااااااااا...
کچێنى خۆمى لەبەر پێدا سەر دەبڕم)).

________________________________
* الصوفیة والسوریالیة، ادونیس، دار الساقى، بیروت، ٢٩٩٢.
سەرچاوەکان:
١- تۆ مەچۆ بۆ شەڕ، ماردین ئیبراهیم ، شیعر، لە زنجیرە بڵاوکراوەکانى ناوەندى غەزەلنووس، ٢٠١٣.
٢- پاشاى خەمبار، لازۆ، شیعر، ئیتاڵیا، ٢٠٠٦.
٣- الصوفیة والسوریالیة، ادونیس، دار الساقى، بیروت، ١٩٩٢.
٤- ه. استیوارت هیوز، اندیشة اجتماعى (١٩٣٠-١٩٦٥)، ترجمة: عزت اللە فولاوند ، تهران ، چاپ اول، ١٣٧٧.
٥- Vi ci no. All a fine s tra، Introduzione di: Dario antiseri،Italia،1977.
٦- ApArta men to، Introduzione di: Fernanda pivano، Italia،1982.

 

ماڵپه‌ڕی بڵند رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک