په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٥\٢٠١٢

بەزمی سەرکۆمار و یەکی ئایار لە فەرەنسا.


سەلام عارف      

 

ئەگەر پرسیار دەربارەی بەزمی سەرکۆماری نوێی فەرەنسا بکرێت و پرسیارەکەش بەم جۆرە بکرێت "ئەرێ ئەوە بەزمی سەرکۆمارەکەی دیکە گەیشتە کوێ؟".


خولی یەکەمی دەنگدان بۆ بەزمەکەی سەرکۆمارچییەتیی ٢٢ی ئەپڕیڵ تەواو بوو، کاندیداکانی ھەموو پارت و گروپە چەپەکان، ‌کەسیان ھیچان بە ھیچ نەکرد و فتکران.کاندیدای پارتی ڕاستڕەوی خاوەندەسەڵات (نیکۆلا سارکۆزی) پلەی دووەمی دەستخست و بۆ خولی دووەم مایەوە. کاندیدای پارتی سۆسیالیست (فرانسوا ھۆلەند) پلەی یەکەمی دەستخست و بۆ خولی دووەم مایەوە، واتە بۆ بەدەستھێنانی تەختی سەرکۆماریی پێشبڕکێکە لە نێوان ئەو دووانە (نیکۆلا سارکۆزی)و (فرانسوا ھۆلەند)دایە و لە ھەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە،کە کاندیدای بەرەی نەتەوەیی - نیۆنازییەکان- (مارتین لۆپێن) لە سەدا ٢٠ی دەنگەکانی دەستخست و پلەی سێھەمی ھێنا و توانی بۆ خولی دووەم ببێتە ھێزێکی یەکلاکەرەوە، جا لەوەھا بارێکدا کەشی ڕامیاریی فەرەنسا ئەم پرسیارەی ھێناوەتە پێش:
لەو دوو کاندیدە زەبەلاحانە کامیان دەبێت بە سەرەککۆمار؟


بە بیرووبۆچوونی من کەس نییە، بتوانێت بە وردی ئەوە دیاری بکات، کامیان دەبێتە سەرکۆمار بۆ؟


لاتان سەیر نەبێت، گەر بڵێم پرۆسەی ڕامیاری بە تایبەتی لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا سەیروسەمەرە و بزێوە و ئاڕاستەکەشی ڕۆشن نییە. پڕۆسەی ڕامیاری زیاتر لە کەوچکێک جیوە دەچێت،کە کرابێتە سەر ڕووبەرێکی سافوسفت،یان باشتر بڵێم، لە فیشەکە شێتەیەک دەچێت،کە بە ھەموو لایەکدا پڕیشک دەھاوێژێت، ئەوەی ئەو نەسرەوتن و ئاڕاستە تاریکەی پرۆسەی ڕامیاری لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە، بە بیروبۆچوونی من لەوێوە سەرچاوەی گرتوە، کە لە کاتی ھەڵبژاردنەکاندا جەمسەربەندی (پۆلاریزاسیۆنی - الإستقگاب) چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان و ھێزە ڕامیارییەکان زۆر خێرا گۆڕانی بەسەردا دێت، ھەندێک جاریش ھۆکارەکانی ئەو خێرایی گۆڕانانە یا دیارنین، یان بە ڕواڵەت ھیچیان تیادا بەستە نییە، جەمسەربەندییەکەش پابەندی ئەو بارەیە، لەبەرئەوەیە کەس نییە بتوانێت پێشکات بە وردی ئەنجامی ئەو دەنگدانەی خولی دووەم دیاری بکات. ھەندێک جار ئەم و ئەو پێش کاتی ڕووداوەکە دەکەون و حوکمی خۆیان دەردەکەن، بەڵام ئەو حوکمدانە تەنھا مەزەندەکردنە و ھیچیتر، ئێستاکە پێشبڕکێکە وا لە نێوان پلەی یەکەم (فرانسۆ ھۆلەند)و پلەی دووەمی (نیکۆلا سارکۆزی)دا و (نیۆنازییەکان)یش بوونەتە ھێزی ئەو یەکلاکردنەوەیە و سەرەنجامی کۆتایی خولی دووەمیش کەوتووەتە کاتژێری٨ی ئێوارەی ئەم یەکشەمەیە، واتە٦ ڕۆژی ی ئایار، ھەنووکە چارەنووسی ئەویان یان ئەمیان کەوتووەتە سەر ھەڵوێستی چەپەکان و ڕاستڕەوە پەڕگیرەکان، ھەروەھا ئەو بەشەی خەڵک،کە لە خولی یەکەمدا نەچوونەتە پای دەنگدان.


یەکی ئایار و ھەڵبژاردنەکە.


ئەم ساڵ ئاوا ڕێکەوت بۆنەی ١ی ئایار (ڕۆژی جیھانی خەباتی کار و کارگەرانی دنیا) کەوتە گەرمەی ئەو پرۆسە ڕامیارییەوە، دەسەڵات ئەوەی بە ھەلزانی بۆ کەرتکردن و بە ڕامیاریکردنی ئەم بۆنەیە، دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان دوای ھەوڵێکی زۆر و پارەخەرجکردنێکی زۆر ئەم ڕۆژەیان کردە جەژنێکی ڕامیاریی بۆ ڕاوکردنی دەنگەکان و ئەوە بوو چەند کۆبونەوەیەیەکی جەماوەری بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخران:


١- کۆبونەوەی پارتی ڕاستڕەوی خاوەندەسەڵات (نیکۆلا سارکۆزی).
٢- کۆبونەوەی پارتی ڕاستڕەوی پەڕگیر (نیۆنازیەکان) (مارتین لۆپێن).
٣- کۆبونەوەی بەشێکی زۆری خوارەوەی کۆمەڵگە و سەندیکاکانن.
٤- کۆبونەوەی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسی (فرانسوا ھۆلەند)*.

١- کۆبونەوەی پارتی ڕاستڕەوی خاوەندەسەڵات، توانی لە مەیدانێک لە مەیدانەکانی دوو گەڕەکی دەوڵەتمەند، گەڕەکی١٥و ١٦ی پاریس نزیکەی٢٠٠ ھەزار کەس کۆ بکاتەوە،(نیکۆلا سارکۆزی)ی وتاربێژ سەری زمان و بنی زمانی بوو بوو بە پاڕانەوە بۆ دەسەڵاتی دەوڵەت و جامبازەکانی بواری پارەوپول (بانکەکان) و ھێرشکردنە سەر کۆمونیزم و سۆسیالیزم و کارەگەرانی بیانی، گوایە ئەوە ئەوانن بوونە سەرچاوەی گەڕەلاوژێ و مەترسی پاشەڕۆژێکی ڕەش بۆ دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و نیشتمان و (٣٥ کاتژێر کارکردنی حەوتانە)ی کردبووە فاکتەری سەرەکی ھەموو نەکبەتییە ئابویریی و کۆمەڵایەتییەکان و داوای سنورداشکردنەوەی بیانییەکان و داخستنی سنوورەکانی دەکرد. (سارکۆزی) بەسەر ھێرشکردنەسەر کۆمونیزم و سۆسیالیزم و سروشتی نێونەتەوەیی ڕۆژی ١ی ئایاردا بازینەدا و بەناوی یەکێتی و تەباییبوونیشەوە، پەیتا پەیتا داوای لە کارگەران دەکرد (ئاڵا سوورەکانیان فڕێ بدەن و ئاڵای -سوور و سپی و شینی- نەتەوەیی) بەرز بکەنەوە و بەرەی نیشتمانی بەھێز بکەن و فەرەنسا بپارێزن، چونکە تەنھا لەوێوە دەتوانن پاشەڕۆژێکی بەختیار بۆ خۆیان دابین بکەن و بیپارێزن.


٢- کۆبونەوەی پارتی ڕاستڕەوی پەڕگیڕ (نیۆنازییەکان) لە گۆڕەپانی (جەندارک) - جەندارک کابرایەکی ناسیۆنالیستی پەڕگیری مرۆڤکوژ بووە،گوایە شەھیدی نەتەوەیە- لەو کۆبوونەوەیەدا چەند ھەزار کەسێک بەشداربوون، وەکو باسمکرد ئەو پارتە لە سەدا٢٠ی دەنگەکانی ھێناوە، سەروەری پارتەکە (مارتین لۆپێ) لە وتەکەیدا، ھەر قسەکانی(سارکۆزی)ی دەکردەوە، دەتگوت نیو کاتژێر لەوەوپێش پێکەوە ئەو قسانەیان داڕشتووب، یان لەو بارەوە قسەوباسیانکردوە و لەسەر خاڵە سەرەکییەکانی ڕێکەوتوون. ئەویش وەک(سارکۆزی)دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی بە زیاد دەزانی و داوای ئەوەی دەکرد ، کە ژمارەی کرێکارانی بیانی بگەیەنرێتە(٠) واتە ھیچ، بێجگە لەمە خەریکی کوڕووزانەوە بوو بۆ نەتەوە و پشتگوێنەخستنی پەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، سەرباری ئەوە تیژکردنەوەی ڕکوکینە لە کۆمونیزم و سۆسیالیزم و بیرکردنەوە و دەرک و گیانی نێونەتەوەیی.


گەر بە وردی تەماشای بزووتنەوەکان بکەین، لە وڵاتە ئەوروپییەکان بە باشی ھەڵکشانی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی پەڕگیر بە باشی دەبینین، ئەو ھەڵکشانە مەترسیدارە زۆر لە ھەڵکشانی بزووتنەوەی فاشیستی کۆتایی ساڵەکانی٣٠ی سەدەی ڕابوردوو دەچێت ھتلەر لە ئەڵمانیا، فرانکۆ لە ئیسپانیا، موسولونی لە ئیتالیا ، جەنەراڵ پوتان لە فەرەنسا، زیادبوونی ئەو ھەڵکشانەی بزووتنەوەی نازیی مەترسی ئەوە دروستدەکات، دیسانەوە مرۆڤایەتی بەرەو مەرگەساتێکی دیکە ببرێت.


لەڕاستیدا چۆن جێگەی سەرسوڕمان و حەسرەتە،کە لە وڵاتێکی وەک فەرەنسادا،کە بە وڵاتی شۆڕشەکان و ڕاپەڕینەکان و مانگرتنە سەرسەختەکان و مافەکانی مرۆڤ و لانەی گیانی نێونەتەوەیی ناسراوە،بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی بەو چەشنە چوبێتە پێشەوە، ئاواش جێگەی سەرسوڕمان و ئاخوداخە،کە ھەندێک کەس ھەن، لە ھیچی نەبوو لە خۆیانەوە قەشمەری بە ڕۆژی ١ی ئایار و ناوەڕۆکە ئینتەرناسیۆنالیستییەکەی دەکەن ، ئەوەش بە بیانووی ئەوە کە کارگەران ،ھێندە بەشمەینەتن دەبێت لەبری شایی شین بکەن، بە بیروبۆچوونی من ئەو جۆرە کەسانە لەوانەن، کە ھەنووکە بە تیۆری حازربەدەست مامەلە لەگەڵ واقعە مادییە کۆمەڵایەتییەکە دەکەن، ئەوانە کەسانی دابڕاو و گروپچین.چونکە نایانەوێت لەوە تێبگەن، کە تەنھا بە گیانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیۆنالیستی دەتوانرێت دژایەتی گیانی ناسیۆنالیزمی پەڕگیر و خۆپەرست بکرێت، ئا ئەوەیە کڕۆکی ڕۆژی جیھانی ١ی ئایار، ڕۆژی کارگەرانی دنیا ،نەک چەلەحانێ و جوینەوەی تیۆرە حازربەدەستەکان، بۆ نموونە جوینەوەی تیۆری (شۆڕشی کوتوپڕیی تاکە وڵاتی، واتە داگیرکردنی کۆشکەکان) ‌ھەر بەو واتا ئینتەرناسیۆنالیستییەی بۆنەکە و بڕوانەکردن بە لۆجیکی بزوێنەری ڕەھای دەرەوەی چین و وتنەوەی ئەم گۆرانییە لەو ڕۆژی خرۆشانەدا پڕ بە پێستی ڕۆژەکە (بۆنەکە)یە:
(کارگەرین جەنگاوەرین، بۆ قەڵای سەرمایەدار تێکدەرین ...).


خۆپیشاندانەکانی خەڵک و سەندیکاکان.


خۆپیشاندانی خەڵک و سەندیکاکان وەک ھەموو جارێکی دی لە پاریس، لە مەیدانی (باستی)یەەوە دەستیپێکرد، مەیدانی (باستی) شوێنەواری بەندیخانەی(باستی) سەردەمی پاشایەتیە، ئەو مەیدانە، ھەر لە دێر زەمانەوە بۆتە سەمبۆلی دژایەتیکردنی جەور و ستەمکاری، خۆپیشاندانەکە نزیکەی ٥٠.٠٠٠ کەس تیایدا بەشداربوو، خۆپیشاندانە جەماوەری و سەندیکاییەکان، ھەموو شار و شارۆچکەکانیان گرتبووەوە، ئەو ڕۆژە ٢٠٠ خۆپیشاندان بە ڕێوەچوون ، وەکو ئاماژەی پێدەکرا ، کۆی بەشداربووان گەیشتبووە ملیۆن و نیوێک کەس، لە خۆپیشاندانەکاندا ئازادی بە ھەموو پارتە ڕامیارییەکان درابوو تاوەکو بەشداری بکەن،بەڵام بەو مەرجەی کە:


* خۆپیشاندانەکە نەکرێت بە گەمە و ئامرازی ڕامیاریی بۆ ھەڵبژاردنەکە، چونکە خۆپیشاندانە تەنھا بۆ ١ی ئایار ڕێکخراوە و ھیچیدیکە.
** نابێت پارتە ڕامیارییەکان لەڕیزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەوە بن و وەک سوورەی بەر لەشکر سنگ دەرپەڕێنن، ئەو پارتەی بەشداری دەکات، دەبێت ببێت بە پاشکۆی خۆپیشاندانەکە و ئاژاوە و بە ڕامیاریکردنیش بڤەیە، ئە ئاواھی بوو، بەرەی (باستی)، پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکەش ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و چەند کەسێک لە پارت و گروپە شۆڕشگێڕەکان بە گوڵێکی زۆرەوە سەردانی ئەو جێگەیەیان کرد،کە بەرەی نەتەوەیی (نێۆنازییەکان) -کرێکارێکی مەغریبی-یان تێدا کوشتبوو، لاشەکەشیان فڕێدابووە ڕووباری سێنەوە.


بەڵێ بەڵێ ١ی ئایار ڕۆژی جیھانی خەباتی کرێکارانی سەرتاسەری دونیایە و دیاری دەستی پیاوماقوڵان نییە، بەرھەمی خەباتی خوێناوی کارگەران خۆیانە!


بە بیروبۆچوونی من شاییگێڕانی ئەو بۆنەیە ئەو واتایە دەبەخشێت،کە کرێکاران ھەردەم لەسەر بەردەوامیدان بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی ئینتەرناسیۆنالیستی خۆیان سوورن و خۆشیان لەو خەباتەدا دەیسەلمێنن،ئەوەی کە دەیکەن، دژی گیانی ناسیۆنالیستیی بۆرژوازییە!


دروشمەکان:


لەبەرخۆلادان لە ئاڵۆزکردنی باسەکە، بە باشمزانی،خۆپیشاندانەکانی ئەو ڕۆژە بکەم دوو بەشەوە و ناویان بنێم:
* بەرەی ڕاستڕەو و ڕاستڕەوی پەڕگیر ناو دەنێم بەرەی (جەندارک).
* بەرەی خەڵک و سەندیکاکانیش ناوئ دەنێم بەرەی (باستی).


* دروشمی سەرەکی و ناوەندی (جەندارک) بەگشتی داواکاریی دەرکردنی بیانییەکان و داخستنی سنوورەکان بوو، بەرتەسکردنەوەی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان بوو، گەیشتن بەدەسەڵات و چاکسازی ئامێرەکانی دەسەڵات و سیستەمی بانکەکان و لابردنی ٣٥ کاتژێری حەوتانە بوو، ئەو دروشمانە و زۆری دیکەی دژی مرۆڤەکانی ژێر ئاڵا سوورەکان بوون.


* بەرەی (باستی) تەواو بەپێچەوانەی (جەندارک)ەوە بوو، بانگەواز بوو بۆ بەرزنرخاندنی ١ی ئایار و لەیادنەکردنی و سووربوون بوو لەسەر خەباتکردن بۆ پاراستنی دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان و زیادکردنیان، بە تایبەتی لەبواری خوێندن و تەندروستیدا، گەڕاندنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ٦٠ ساڵی، زیادکردنی لانی کەمی موچەی بێکاری بۆ ١٧٠٠ یۆرۆ مانگانە و قەدەخەکردنی ھورژمی دەرکردنی کرێکاران، کەمکردنەوەی باج لەسەر موچەی کرێکاران، پاراستنی ٣٥ کاتژێری کارکردنی حەوتانە، بەخۆڕاییکردنی ئامرازەکانی ھاتوچۆکردن بۆ ھەژاران، لابردنی ھەموو بەربەستە ڕامیاریی و یاساییەکان لەبەردەمی جموجۆڵی سەندیکایی، ڕاگرتنی ھێرشی دڕندانە و تۆقێنەر بۆ سەر کرێکارانی بیانی و کۆتاییھێنان بەو بیرکردنەوەیە، کە پێیوایە برسێتی کرێکارانی فەرەنسی لە بوونی کرێکارانی بیانییەوە سەرچاوەی گرتوە، ئەو دروشمانە و زۆری دیکەیش،کە زۆر زەق دیارنەبوون، جگە لەوە گوتاری ڕامیاریی کەسی و پارتی بڤە بوون.


من لە قوڵایی دروشمەکانی ئەمان و ئەواندا دوو ھەڵوێست و ئەقڵیەتی دژ بەیەکم دەبینی:


لە دروشمەکانی بەرەی (جەندارک)دا "بمرێ ژیان"م دەبینی و لە دروشمەکانی بەرەی (باستی)یشدا "بژی ژیان"م دەبینی، بەکورتی و بەکوردی شەڕەکە شەڕی نێوان دوو ھەڵوێست و دوو بیرکردنەوەی دژ بەیەک بوو، واتە ھەڵوێست و بیرکردنەوەی "بمرێ ژیان" و ھەڵوێست و بیرکردنەوەی "بژی ژیان". ئەگەر بە وردی سەرنجی خەبات و ململانێی ھەزاران ساڵەی نێوان چەوساوان و لایەنگرانی چەوسانەوە بدەین، ئەگەر بە روردی سەرنجی خەباتی ١٢٦ی کرێکارانی جیھان لەم سەر تا ئەو سەری دونیا لە ڕۆژی یەکی ئایاردا بدەین، ئەوا دەبینین، کە جەنگ و پێکدادانەکان لەنیوان بەرەی ئازادی و سۆشیالزمخواز و بەرەی ناسیونالیزم و دەسەلاتخوازیدا، ھەر لەسەر ناکۆکی و دژبەیەکبوونی ئەو وتەیە بووە "بمرێ ژیان" و "بژی ژیان".

____________________________________________________________
* پارتی سۆشیالیستی فەرەنسی (فرانسوا ھۆڵەند): لە یەکی ئایاردا ھیچ جموجوڵەیەکیان نەکرد، لەبەئەوەی بڕیاری خۆپیشاندانی خەڵک و سەندیکاکان ئەوە بوو ، نابێت ھیچ پارت و لایەنێکی رامیاریی خۆپپشاندانەکە بکاتە سەکۆی پاگەندەی ڕامیاریی و راکیشانی دەنگی خەڵکی نارازی بۆ گەییشتن بە کورسی دەسەڵات، لەبەرئەوە فرانسوا ھۆڵەند توخنی خۆپیشاندانەکە نەکەوت و چووە سەر گۆڕی کۆنە سۆشیالیستیکی سەروەر، کە پیشتر سەرۆکشالیاری فەرەنسا بووە.
 

٥\٥\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی سه‌لام عارف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک