٢٤\٥\٢٠٢٥
''بیبی مۆخیکا''
پێوەر بۆ رەوشتی سەرۆک.

عەلی مەحمود محەمەد
کاتێک
پزیشکەکەی لە سەرەتای ئەمساڵدا هاتە لای بۆ ئەوەی ئاگاداری بکاتەوە کە
پشکنینی تاقیگەیی دەریخستووە کە جەستەی وەڵامی دواین چارەسەری ئەو
شێرپەنجەیە ناداتەوە کە ساڵانێکە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، موخیکا سەرۆکی
پێشووی ئۆرۆگوای وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە من بڕۆم، منیش بە
ئامادەییەوە چەکەکەم دادەنێم”. بەم شێوەیە ئەم چەند مانگەی بە هێمنی
بردە سەر، تەنانەت سەرەتای ئەم مانگە نەیتوانی بەشداری هەڵبژاردنی
شارەوانیەکانی وڵاتەکەی بکات و دەنگ بە پارتەکەی بدات.، مەرگ ئەوەندە
دڕندە بوو رێگای نەدا هەفتەی داهاتوو ئاهەنگی ٩٠ ساڵەی لە دایک بوونی
بگێڕێت، بەلام بەشداری سەرکەوتنی کاندیدەکەی لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ پۆستی
سەرۆک کۆماری یاماندۆ ئۆرسی لە بەرەی بەرفراوانی چەپگەرا کرد، ناوی
سەرکەوتنەکەی نا دیاری بەجێهێشتن.
تا مرد لە گەڵ سەگەکەی مانوێلا و تراکتۆرە مۆدێل ١٩٨٧ ەکەی ئۆتۆمۆبیلە
فۆلکس فارگۆنەکەی بوو کێڵگە کشتوکاڵییەکەی لە لادێ بەجێ نەهێشت، لە
گەڵیان سەری نایەوە، وەلێ کولتورێک لە رەوشت بەرزی و ئازایەتی بۆ
مرۆڤایەتی جێهێشت..
بیبی کێیە؟
خوسی ئەلبەرتۆ مۆخیکا کوردانۆ ناسراو بە بیبی لە باوکێکی بە رەچەڵەک
باسکی-ئیسپانی بە ناوی دیمیتریۆ و دایکێکی ئیتاڵی بەناوی ولوسی کوردانۆ
لە ٢٠ی ئایاری ساڵی ١٩٣٥ لە شاری مۆنتفیدیۆی پایتەختی ئۆرۆگوای لە دایک
بووە، لە تەمەنی ٦ ساڵی باوکی مردووە، بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی ملی
کارکردن دەگرێتە بەر لە کێڵگەی کشتوکاڵی، لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە خولیای
پاسکیل سواری بووەو پەیوەست بووە بە چەندین یانەی وەرزشییەوە، لە
تەمەنی لاویدا پەیوەست دەبێت بە پارتی یەکێتی گەلەوە، دواتریش تێکەڵاو
بە بزووتنەوە چەپگەراکان دەبێت، تەمەنی ١٥ ساڵ نەبوو، بەشداری
خۆپیشاندانی کردووە بۆ کرێ دادپەروەرانە بۆ کرێکاران، زانکۆ تەواو
ناکات خولیای سیاسەت دەبێت، سەرەتا بیری نەتەوەیی دەبێت، لە گەشتی
سیاسی بۆ کوبا جیڤارا دەبینێت، لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە چووە ریزی بزاڤی
تۆبامارۆسەوە، دوای ٨ ساڵ لە پێشینەی کاری سیاسی لە ریزی بزاڤی چەپ، لە
نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا بزووتنەوەکە بە شێوەی فەرمی خۆی راگەیاند، کە
لەساڵی ١٩٦٠ دامەزرابوو لە لایەن راول ساندیکەوە، لە ٢ ساڵی پێشوتر لە
لایەن دامەزرێنەرانییەوە کاری سەربازی ئەنجامدرابوو، وەلێ وەک رێکخراو
بە فەرمی خۆی رانەگەیاندبوو، مۆخیکا جەنگاوەرێکی گەنجی بزوتنەوەی
رزگاری نیشتمانی تۆبامارۆس بوو، بە توندی داکۆکی لێدەکرد و تا مەرگ
باوەڕی پێ بوو.
بیبی لە ژیانی گەریلاییدا ٤ جار زیندانی کراوەو ٩ گولەی پێوەیە، لە
چەندین چالاکی سەربازییدا لە ناوجەرگەی پایتەخت بەشداری کردووە، کە
سروشتی بزووتنەوەکەو وڵاتەکە وابوو خەباتی ناو شار هەڵبژێرن، بەهۆی
ئەوەی وڵات شاخی تێدا نەبوو، گەریلا مارکسیستەکانی تۆبامارۆس تێکۆشانە
چەکدارییەکەیان زۆرجار لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان ئەنجام دەدا بۆ
گەڕاندنەوەی مافەکانیان، ئەمە جیای دەکردنەوە لە بزاڤە چەکدارییەکان
دی، بۆیە گۆڤاری تایمی ئەمەریکی نووسی ئەمانە لەسەر شێوازی رۆبن هود
خەبات دەکەن .
بیبی لە ساڵی ١٩٦٩ بەشداریکردووە لە گرتنی شاری باندۆی نزیک پایتەخت،
کە بۆ ماوەیەکی کەم تۆبامارۆسەکان دەستیان بەسەردا گرت.
لە دوا نیوەرۆیەکی ساڵی ١٩٧٠ بیبی لە گازینۆیەک لەگەڵ هاوڕێیانی
دانیشتبوون لە بیر لافیای پایتەخت دوای ئاشکرا بوونی لە لایەن
پۆلیسەوە، لە شەڕێکی دەستەویەخەدا دوو پۆلیس بریندار دە کات و خۆشی ٦
گولە بەر سنگی دەکەوێت، لە نەخۆشخانەی سەربازی هاوڕێیەکی چارەسەری
دەکات ١٢ بوتڵ خوێنی دەداتێ، دواتر دەینێرن بۆ زیندانی بۆنتا کاریتاس ،
مۆخیکا لەو زیندانە هەڵدێت، مۆخیکا لە
ئەو لە نێو زیاتر لە ١٠٦ توپامارۆسیە و ٥ زیندانییەەی دی بوو کە لە
مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٧١ لە زیندانی پۆنتا کارێتاس هەڵهاتن بە
هەڵکەندنی تونێلێک لە ناو زیندانەکەوە کە دەچووە ژووری میوانی
خانوویەکی نزیک، کە بە یەکێک لە نەبەردییە گەورەکان مێژووی نوێ دێتە
ژماردن و کراوە بە فلیمی بەناو بانگی ز دۆگ، موخیکا دوای کەمتر لە
مانگێک دوای هەڵهاتنی جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە، بەڵام لە نیسانی
ساڵی ١٩٧٢دا جارێکی دیکە لە پۆنتا کارێتاس هەڵهات. لەو بۆنەیەدا ئەو و
نزیکەی دوانزە هەڵهاتووی دیکە لە تونێلەکەوە هەڵهاتن کە لە لایەن
توپامارۆسەکانەوە لە دەرەوەی زیندانەکەوە هەڵکەندرابوو.
جارێکی تر بۆ دواجار لە ساڵی ١٩٧٢ دەستگیرکرایەوە، نەیتوانی بەرەنگاری
دەستگیرکردن بێتەوە. لە چەند مانگی دواتردا وڵاتەکە تووشی کودەتای
سەربازی ساڵی ١٩٧٣ بوو، لەم نێوەندەدا موخیکا و هەشت توپامارۆی دیکە بە
شێوەیەکی تایبەت هەڵبژێردران بۆ ئەوەی لە ژێر دەستی سەربازیدا بمێننەوە
وەک بارمتە و لە دۆخێکی خراپدا بمێننەوە. بە گشتی ١٣ ساڵ لە دیلدا
ژیانی بەسەر بردووە.
ئابی ١٩٧٢ ، لە کاتێک خەوتبوو لەو دەشتە، بە رەشاش و بۆمبێکی دەستییەوە
دەستگیرکرایەوە، ١٣ساڵ لە زیندانی تاکە کەسییدا بوو، خۆی و هاوڕێکانی
هیچ کەسێکیان نابینی، ٧ ساڵ پەرتوکیشیان پێی نەدا بیخوێنێتەوە،
زیندانەکان میزی خۆیان دەخواردەوە، گەورەترین کێشەیان میز کردن بوو، تا
دایکی میزدانێکی بۆ هێن، وەلێ پۆلیسەکان نەیاندا پێی، تا رۆژێک لە
بەردەم شاندێکی بیانی ناڕەزایەتی دەربڕی و بووە خاوەند جێیەک تا میزی
تێدا بکات، کە لە زیندان ئازاد کرا لە ساڵی ١٩٨٥ میزدانەکە بەشانییەوە
بوو ، بەخۆی میزدانەکەیەوە لە دەرگای زیندان هاتە دەرەوە بەرەو ئازادی
و خەباتی سیاسی پاش ئەوەی وڵات گۆڕا بۆ دیموکراسیەت.
بەهۆی ئەوەی چەندین جار لە زیندان هەڵات و گرترایەوە، بۆ زیندانی ژوری
تاکە کەسی لە ناو بیرە قوڵەکان گواسترایەوەو ٢ ساڵ لەو جهەنەمە بە
تەنها مایەوە، پانتایی زیندانەکەی تەنها مەترێکی چوارگۆشە بوو، لەناو
بیرەکە بۆقی بەخێودەکرد و جرجی تێر دەکردو زۆر لە کاتەکان لە زیندان
تەنها مێرولەی دەبینی و هاوڕێی بوون.
بیبی یەکێک بو لە ٩ بارمتەیەی تۆبامارۆس کە رژێم هەڕەشەی کرد بە لە
سێدارەدانیان ئەگەر رێکخراوەکەی چەک هەڵبگرێتەوە.
١٣ ساڵی دوایی بێ دادگایی زیندانی کر، وەک دیل لای سوپا هێڵرانەوە ، کە
هاورێکانی دەست بدەنەوە چەک ئیعدام دەکرێن.
بیبی بەردەوام لە زندانەوە لە پەیوەندیدا بوو لە گەڵ راول ساندیکی
دامەزرێنەری تۆبامارۆس، لە ئازاری ساڵی ١٩٨٥ لەو کاتەی لێبوردنی گشتی
درا بۆ زیندانیان درا و دیموکراتیەت گەڕایەوە بۆ وڵات ، حکومەتی
دیکتاتۆری کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی بوو روخ، لە گەڵ
رائۆڵ سندیک ئەنتۆناشیۆ
و ١١ لە سەرکردەکانی دی تۆبامارۆس بە یەکەوە ئازاد کران، ئیتر لێرەوە
قۆناغێکی دیکەی خەباتی ناو شار دەستی پێکرد.
کە خۆی و خۆشەویستە گەریلاکەی لە زیندان دەردەچن، بەهۆی خراپی
گوزەرانەوە، خۆی کاردەکات لە کێڵگەی کشتوکاڵی و هاوسەرەکەی لۆسیا
تۆبۆلانسکی(٢٥-٩-١٩٤٤-) " ئەندازیاری تەلارسازی، لە ساڵی ١٩٦٩ پەیوەست
بووە بە تۆبامارۆسەوە، لە کاتی چالاکی سەربازی ناسی، کە دواتر دەبێتە
جێگیری سەرۆک کۆمار" لە بارێکدا کار دە کەن تا ساڵی ١٩٨٦.
" لوسیا لە ساڵی ١٩٦٧ ەوە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ مۆخیکا دەبەستێت و
پێکەوە ژیاون، جگە لە ١٣ ساڵ دابڕانی سەردەمی زیندانی مۆخیکا، لە ساڵی
٢٠٠٥ هاوسەرگیرییان کردووە، لە هەڵبژاردنی ٣١ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤ دا،
سەرۆکایەتی لیستی چەپی بەرەی بەرفراوانی کردووەو و بە تەنها زیاتر لە
پارتی کورالادۆی دەسەڵاتداری ئەوکات دەنگی هێناوەتەوە "
بیبی هەرچەندە چەندین جار لە دزینی بانکەکان بەشداریکرد بۆ هاوکاری
خەڵک، رۆبن هودێکی راستەقینە بوو، بەلام کە لە زیندان دەرچوو تەنها
خاوەند میزدانێک بوو بە شانییەوە، سامانەکەی هەر هێندە بوو.
بیبی و بزوتنەوەی تۆبامارۆس.
تۆبامارۆس یەکێک لە گروپە چەکدارە ئەفساناوییەکانی ئەمەریکای لاتین ،
کە لە سەرتاسەری جیهان لایەنگر و بزاڤ و دەروێشی خۆی هەبوو، ئەم
رێکخراوە بەناوی تۆباک ئەمارۆی دووەم (هیندییە سورەکانە) ناو نرا کە
سەرکردەیەکی ئەلینکای ئەمەریکای لاتین بوو لە ساڵی ١٥٧٢ بە دەستی
ئیسپانیەکان کوژرا.
بەرەی رزگاری نیشتمانی FLN ناسراو بە (Tupamaros ) لە ساڵی ١٩٦٠ لە
ئۆرۆگوای لە لایەن گروپێک کەسانی مارکسیەوە بە سەرۆکایەتی راول ساندیکی
مارکسیستی پارێزەرەوە دامەزرا ("راول ساندیک ئەنتۆناکسیۆ لە بەرواری
١٦-٣-١٩٢٥ لە دایک بووە، لە بەرواری ٢٧-٤-١٩٨٩ کۆچی دوایی کردووە، بە
پسپۆری پارێزەر، وەلێ نەیان هێشت ببێتە خاوەند پیشەکە، لە پەنجاکان
پەیوەست بوو بە پارتی سۆسیالستی ئۆرۆگوایەوەو وەک پارێزەرانی کرێکارانی
کشتوکاڵی دەستی بەکار کرد،لە کۆتایی پەنجاکان بزووتنەوەیەکی دروست کرد
بەناوی لە گەڵ ساندیکا دەبینە خاوەند زەوی، لە ساڵی ١٩٥٨ نوێنەرایەتی
سۆسیالستەکانی ئۆرۆگوای کرد لە کۆنگرەی سۆسیالستی جیهانی لە کوب، بووە
پارێزەری یاسایی کرێکارانی پیشەسازی شەکر، باوەڕی بە نا ناوەندی لە
بەڕێوەبردن هەبوو لە ژێر کاریگەری فکری برۆدۆند، هەرچەندە لە خەباتی
چینایەتی پەیڕەوی لە بۆچونەکانی مارکس دەکرد، لەساڵی ١٩٦٢ گروپی کاری
راستەوخۆی دروستکرد، دوایی گۆڕا بۆ کۆمەڵەی تەنسیق، پاشان بوو بە
تۆبامارۆس، لە ساڵی ١٩٦٢ لە گەڵ کرێکارانی قامیشی شەکر پەلاماری یەکێتی
ئۆرۆگوایان دا لە شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت و سوتاندیان ، ئەمە یەکەم
چالاکی رێکخراوەکە بوو، لە ساڵی ١٩٦٣ش پەلاماری یانەی سویسرایان دایەوە
لە پایتەخت و چەند چەکێکیان بە دەستکەوت گرت کە بووە هەوێنی بزوتنەوە
چەکدارییەکەی تۆبامارۆس، مێژووی چالاکیەکەش بە بەرواری دامەزراندنی
تۆبامارۆس داریکر، لە ساڵی ١٩٦٣ بەهۆی هەوڵی گرتنی راول سادیکەوە لە
لایەن حکومەتەوەو خۆشاردنەوەو یاخی بوونی سەرۆکەکەیەوە، رێکخراوەکە
چووە قۆناغی خەباتی ژێر زەمینییەوە، بەشێک لە هاوەڵانی ساندیک خۆیان
تەرخان کرد بۆ پاراستنی راول سادیک و بەشەکەی تریان بۆ راهێنانی
سەربازی چوون بۆ کوب، لە ئابی ١٩٧٠ دەستگیر کر، لە سەپتەمبەری ١٩٧١ لە
گەڵ ١٠٥ تۆبامارۆس کە بیبیشی لە گەڵدا بوو، لبە یاوەری ٦ زیندانی دیکە
هەڵاتن.لە یەکی سەپتەمبەری ١٩٧٢ لە روبەروبونەوە لە گەڵ پۆلیس لە شاری
مۆنتیفیدیۆی پایتەخت، پاش برینداربوونی بە سەختی لە دەموچاوی دەستگیر
دەکرێت، دوای ١٣ ساڵ زیندانی لە ئازاری ١٩٨٥ لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی
تۆبامارۆس بە لێبوردنی گشتی ئازاد بوو ") .
بەهۆی ئەوەی ئەو کات ٨٠٪
دانیشتوانی ئۆرۆگوای شارنشینی بوون و نزیک بە نیوەیان لە شاری
مۆنتینیگرۆدا دەژیان و لایەنگرانیان لە پایتەختدا بوون، هاوکات وڵات
شاخی تێدا نەبوو وەک ئەو وڵاتانەی ئەوکات چەپەکان تیایاندا دەستیان
دابووە خەباتی چەکداری دژ بە زەبروزەنگی سوپاس و حکومەتە راستگەراکانی
پاشکۆی ئەمەریک، بۆیە تۆبامارۆسییەکان خەباتی خۆیان لە شارەکانەوە
دەستپێکرد بەتایبەت پایتەخت کرایە چەقی خەباتی چەکدارییان.
ئەم رێکخراوە لە یەکگرتنی چەندین گروپی مارکسیستی سەر بە دەستە و
بۆچونی جیاجیا پێک هات ژمارەیان لەسەروبەندی گەشەکردندا بە ٦٠٠٠ بۆ
١٠٠٠٠ گەریلا دیاریدەکر، کە پێک دەهاتن لە سۆسیالستەکان و ماوی و
ئانارشیستەکان ......، هێزەکانی دەوڵەتیش لە ١٢٠٠٠ سەرباز و ٢٢٠٠٠
پۆلیس پێک دەهات.
ئامانجیان لە خەباتی چەکداری ناو شار ئەوەبوو زەمینەی شۆرشی سۆسیالستی
خۆش بکەن، کە ئیلهامیان لە شۆڕشی کوباوە وەردەگرت،چالاکی
تۆبامارۆسییەکان لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان زیادی کرد کە
بریتی بوو لە رفاندنی کەسانی کاریگەر لە ریزی حکومەت لە پێناو
ئاڵوگۆڕپێکردنیان بە بەندکراوەکانی رێکخراوەکە و دەستبەسەردا گرتنی
بانک و خۆراک و دابەشکردنی بەسەر هەژاراند،رفاندنی کەسانی گەندەڵ لەناو
حکومەت، سوتاندنی لقی کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆڕ، رفاندنی فەرمانبەرانی
پلە باڵای بانکەکان، چالاکیەکانی رێکخراوەکە لە ساڵی ١٩٧٢ سنوری
ئۆرۆگوای تێپەڕاند و پەڕیوەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر و مەترسی لەسەر
وڵاتانی راستگەرای نۆکەرو پاشکۆی ئەمەریکای لەناوچەکە دروستکرد، لە
مەکسیک بزووتنەوەی ٢٣ی سەپتەمبەری کۆمۆنیستی و چەپی شۆرشگێر لە شیلی و
سوپای سور لە یابان و گروپی سوپای سور ناسراو بە راف لە ئەلمانیا و
ئەلویەی سور لە ئیتاڵیاو گەریلا چەپگەراکانی تورکیا و فەنزوێلا .....ئیلهامیان
لە تۆبامارۆسەکان وەردەگرت و هەمان رێچکەی تێکۆشانیان گرتە بەر، بەهۆی
ئەو چالاکییە سەرکەوتوانەی تۆبامارۆسییەکان ئەنجامیان دەدا کە لە
بەرژەوەندی خەڵکدا بوو .
بزووتنەوەکە چالاکییەکانی بە پەلامار بۆ سەر بانکەکان و کۆمپانیاو ئەو
شوێنانە دەست پێکرد کە خواردنی زۆر لێبوو پاشان بەسەر هەژاندا دابەشیان
دەکرد ، بۆیە لەسەرەتاوە وێنای رۆبن هودی بەخۆوە بینی کە ئێستا بۆتە
ئارمی بزووتنەوە ناڕەزایەتیەکانی هەژاران کە بە بزووتنەوەی ٩٩٪
ناسراوە لە سەرتاسەری جیهان.
لە ساڵی ١٩٦٩ ئەمەریکا دان میتریۆنی لە ئێف بی ئایەوە نارد بۆ ئۆرۆگوای
تا بە ناوی رێکخراوی ئەی ئای دی مرۆڤ دۆستەوە کار بکات، بۆ راهێنانی
پۆلیسی ئۆرۆگوای بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی تۆبامارۆس، کە پێشتر
ناوبراو لە سەرەتای شەستەکان لە پێکهێنانی تیمەکانی مەرگ لە بەرازیل دژ
بە چەپگەراکان هەمان رۆڵی هەبوو، لێ لە ئۆرۆگوای کاری ناوبراو راهێنانی
پۆلیس بوو بۆ ئەشکەنجە دان بە کارەب، تۆبامارۆسییەکان توانیان ناوبراو
برفێنن و لە بەرامبەریدا داوای بەردانی زیندانییەکان بکەن، بەڵام کە
وەڵامیان نەدرایەوە کوشتیان، بەهەمان شێوە باڵوێزی بەریتانیاشیان رفاند.
بەهۆی قەیرانی دارایی و گەندەڵی حکومەت لە ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧١ حکومەتی
ئۆرۆگوای پشتیوانی گەلی لە پشت نەما و کەوتە ناو قەیرانەوە، لە مانگی
نۆڤەمبەری ١٩٧١ بڕیاردرا هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان چەپەکان بە تۆبامارۆسییەکانەوە بەرەی
بەرفراوان (ئەمپیلۆ)یان دامەزراند، سەرجەم پارت و رێکخراوە چەپگەراکانی
ئۆرۆگوای لە ریزەکانی خۆی کۆکردەوە لە سۆسیالست و شیوعییەکانەوە تا
لاهوتی ئازادیبەخش ، توانیان ١٨،٦٪ی
دەنگەکان بهیننەوە، ئەمە یەکەم بەشداری تۆبامارۆسییەکان بوو لە
هەڵبژاردنەکان، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پارتی سور توانی ٤٠،٣٪ی
دەنگەکان بهێنێتەوەو حکومەت پێک بهێنن و بەدوایدا بڕیاری شەڕی
تۆبامارۆسی دا و تێسرەواندنی کاریگەریان لە بزووتنەوەکە دا و سەرۆک و
١٢ سەرکردەی دیکەیان لە ناویاندا بیبی کەوتنە زیندانەوە تا لە ساڵی
١٩٨٥ ئازادکران، هاوکات لە بەرواری ٢٧-٥-١٩٧٢ زیندانی گەل کە دیلەکانی
تۆبامارۆسییەکانی تێدا بوو لە پایتەخت ئاشکرا بوو کە باڵوێزی بەریتانیا
جیفری جاکسۆن لەناو دیلەکاندا بوو، پەلاماری زیندانەکە در، بەدوای
شکستهێنانی سەربازی بەسەر تۆبامارۆسدا کودەتای سەربازی ئەنجامدراو
پارتە سیاسییەکان قەدەغەکران و پەرلەمان هەڵوەشایەوە .
لە ساڵی ١٩٨٩ کە ساڵی مردنی راول ساندیکی دامەزرێنەرە، تۆبامارۆسییەکان
بزووتنەوەی بەشداری خەڵکیان دامەزراند کە لە گەریلاکانی پێشوو و چەند
گروپێکی دیکە پێک دەهات، بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٤ بەرەی بەرفرانیان
راگەیاند کە لە ١٨ پارت و رێکخراوی سیاسی پێک دێت لە گەریلاکانی
تۆبامارۆسەوە بۆ شوعیەکانی سەر بە سۆڤیەت و سۆسیالستەکان و سۆسیال
دیموکراتەکان و دیموکراتە کریستانەکان و لاهوتی رزگاریبەخش ......... .
لە کۆتایدا یادگارییەکی رۆبون هودیانەی تۆبامارۆسییەکانتان بۆ
دەگێڕمەوە، شەوێک تۆبامارۆسییەکان دەدەن بەسەر یانەیەکی
دەوڵەمەندەکاندا یەکێک لە دروشمە هەرە بەناو بانگەکانیان لەسەر دیواری
یانەکە دەنووسنەوە ((یان هەموو سەما دەکەن، یان کەس سەما ناکات))،
لەوساوە ئەم درووشمە بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو بوەوە، بە پێچەوانەی
سەرمایەدارەکانی کوردەوە کە دەڵێن خەبات دەکەین لە داهاتوودا ئێوەش وەک
ئێمەتان لێبێت، نەک لە ئێستادا هەموو وەک یەک بین و پێکەوە سەما بکەین،
وەک لە خشتە بردنێکی خەڵک، ئەمان وتیان یان ئێستا هەموو سەما دەکەین
یان کەس سەما ناکات.
لە کۆتا رستەدا دەڵێم تۆبامارۆسییەکان خاوەند ویژدانێکی زیندوو بوون
وەک کۆمۆنارەکان، بەڵام سیاسەت دەبێت ریالیستیانە بچێتە پێشەوە بۆ
ئەوەی بەردەوام و سەرکەوتوو بێت، بۆیە لە قۆتاغی یەکەم شکستیان هێن، لە
قۆناغی دووەم سەرکەوتن.
تۆبامارۆس و خەباتی سیاسی.
تۆبامارۆس لە ساڵی ١٩٩٤ دوو ئەندامی پارتەکەی بۆ یەکەمجارچوونە
پەرلەمانەوە یەکیان بیبی بوو، ئەو سەردەمە بەوە ناسرا بە ماتۆڕ هاتوچۆی
پەرلەمانی دەکرد، دوای ١١ ساڵ کە سەرکەتن لە هەڵبژاردنەان، بیبی لە
نێوان ساڵانی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٨ وەزیری کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی ئۆرۆگوای
بوو لە یەکەم حکومەتی چەپگەرای لە مێژووی ئۆرۆگواید، پاشان لە پۆستەکەی
دەستی کێشایەوە بۆ جێگیرەکەی وتی من شارەزایم لێ نییەو هەموو کارەکان
ئەو دەیان کات با بۆ خۆی وەزیر بێت، لە مارسی ٢٠١٠ەشەوە بووە سەرۆکی
ئیکوادۆر، ئەو رۆژگارە کاتە بەتاڵەکانیان لەگەڵ هاوسەرەکەی کە لە روی
حیزبییەوە بەرپرسی بیبیە خەریکی چاندن و پەروەردە کردنی گوڵن بون بۆ
باشتر کردنی باری ئابوورییان، بیبی باوەڕی بە بیری ئاینی نەبوو،
بۆینباخی نابەستی و بەرگی فەرمی سەرۆکایەتی لە بەرناکرد ، بە شێوازە
سادەییەکەی سەردانی وڵاتانی دەوروبەر و سەرۆکەکانیانی دەکرد، بەمەش
بووە یەکێک لە سەرکردە ئاوازەکان .
بیبی هیچ ژمارەیەکی بانکی نەبوو بۆیە قەرزاریش نەبوو، پارەشیی نەبوو،
ئەمە گەورەترین بەختەوەری بوو بۆ ئەو، بە نرخترین شت کە هەیبوو سەگەکەی
بوو بەناوی مانوێلا و ئەو ئۆتۆمۆبیلە بۆقیە فۆلکس واگن بیتڵەکەی بوو کە
نرخەکەی لە بازاڕی وڵاتەکەی بایی ١٩٤٥ دۆلار بوو، لە وڵاتانی بیانی بە
تایبەت یەکێتی ئەوروپا چەند سەد دۆلارێکی کەم زیاتر ناکات، لە موچە
مانگانەکەشی کە ١٢٥٠٠ دۆلارە تەنها ٧٧٥ دۆلاری بۆ خۆی هەڵدە گرت ئەوی
دیکە وەک سەردەمی گەریلاییەکەی بەسەر رێکخراوە خێرخوازییەکان و
هەژاراندا دابەشی دەکرد رۆڵی رۆبن هودییەکەی لە دەستبەسەردا گرتنی
بانکەکانەوە گۆڕیوە بۆ دابەشکردنی داهاتی خود، لە دابەشکردنی گیرانی
سەرمایەدارانەوە بۆ دابەشکردنی گیرفانی خود.ئەو دەیووت ئەوەندەم بەسە
زیاترە لە داهاتی زۆر لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەم چونکە زۆربەی گەلەکەم بە
برسیەتی دەژێن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شەرافەتمەندانە بژێم بەسمە.
لە سەردەمی دەسەڵاتداریەتی بیبیدا گەندەڵی بە ئەندازەیەکی زۆر بە پێی
ئامارەکانی رێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی لە ئۆرۆگوای دابەزی ، ئێستا
ئۆرۆگوای یەکەم وڵاتە لە بواری کەمی گەندەڵی لە ناو وڵاتانی ئەمەریکا
لاتین و ناوەندد، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا هەژاری لە ٣٨٪
ەوە دابەزی بۆ ١١٪،
لانی کەمی کرێ بە رێژەی ١٠٠٪
زیاد کرد.
لەو کێڵگەیەی کە ستۆدیۆ ٤٥ مەترییەی کە کەوتۆتە ناو کێڵگە
کشتوکاڵییەکەی هاوسەرەکەیەوە، ١٤ پیاوی پیری دیکە دەژێن، لە دەوروبەری
خانویان دروست کردووە، وەک پیرخانەی لێهاتووە، بیبی لە ناو گەڕەکەکان
لە گەڵ مناڵان یاری دەکرد، سەماو قسەی خۆش لەگەڵ هاووڵاتیانی سەر
رێگاکەی دەکرد، هیچ پارێزەر و شوفێرێکی نەبوو، تەنانەت رێگای ماڵەکەی
خۆڵ بوو تا ئێستاش قیرتاو نەکراوە، لە روی بیروباوەڕەوە ئەو خۆی بە
چەپێکی نیمچە ئانارشیست دەزانی، وێڕای ئەوەی قسەکەرێکی لێهاتوو زیرەک و
وردە لە سیاسەت و خوێنەرێکی جدی بوو، هاوکات ئەفسانەیەکی ئەرێنی
سیاسییە جیگواراو گاندی و ماندێلا لە کەسایەتی ئەودا هەموو پێکەوە
رەنگیان دایەوە، وەک جیگوارا جەنگاوەر بوو، پاڵەوانی شەڕی شەقامەکان
بوو، عاشقی پەرتووکە سورەکان بوو، وەک گاندی سادە بوو، تەنانەت لە چینی
براهماش نەبوو، بۆیە نەهرۆو گاندی تێپەڕاند، وەک ماندێلا لێبوردەیە کە
بووە سەرەک کۆمار لێپرسینەوەی لەوانە نەکرد ١٣ ساڵ بە ئەشکەنجەوە لە
زیندان هێشتیانەوە، تەنانەت داوای لێیان نەکرد دان بەتاوانەکانیان بنێن
و داوای لێبوردن بکەن وەک پرۆسەی داننان بە راستییەکانی باشوری ئەفریقا.
بیبی دژ جگەرە کێشان بوو، لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا کەوتە کێشەوە لەگەڵ
کۆمپانیای فیلیپ مۆریس، هاوکات لەسەردەمی حوکمڕانی ئەودا ، بڕیاری مافی
لە باربردن، زەواجی هاوڕەگەزەکان ، چاندنی مەرەگۆنا بە ئاشکرا در، لە
گەڵ ئەمانەشدا مرۆڤ دۆستێکی نێونەتەوەییە ، بە شێوازی جیا پێشوازی کرد
لە قوربانیانی شەڕی ناوخۆیی سوری، لە کۆشکی کۆماری پێشوازیکرد لە ١٠٠
منداڵی هەتیوی سوری، هەرچەندە گەریلا بوو، بەشداری شەڕی شەقامەکانی
دەکرد، لێ دژ بە جەنگ بوو، نەک تەنها لە ناو وڵاتەکەی لە دەرەوەش سادەو
ساکاربوو، لەسەردەمی حوکمڕانیدا فرۆکەی و ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی و قافڵەی
پاسەوانی ئاشکراو نهێنی وەک سەرۆکەکانی دیکەی نەبوو، تەنها ئۆتۆمۆبیلە
بۆقییەکەی ئامرازی گواستنەوەی بوو، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ کە چووە
ئەستەمبوڵ لە میوانخانەیەکی ٣ ئەستێرەیی خۆی و هاوسەرەکەی دابەزین،
هەرچەندە کار بۆ هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای دەکات وەلێ هاوکات سۆسیالستێکی
نێونەتەوەییشە، یەکێکە لە ئەستێرەکانی کۆڕبەندی ساوپاولۆ ، کە پارت و
بزووتنەوە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین لە ژێر چەترەکەیدا خۆیان
رێکخستووە، هەرچەندە قسە لە روەوەو زۆر لێدوانی توندی دژ بە سەرکردە
چەپەکانی ئەمەریکای لاتین داوە بە بزنی شێت و کوێرەو شتی وا ناوزەدیانی
کردووە، لێ لە کاتی کێشەکاندا هاوڕێیەکی بەوەفایان بووە، لە زیندان
سەردانی لۆلای کرد و پشتیوانی بۆ دەربڕی، پشتیوانی حکومومەتی فەنزویلای
کرد بەرامبەر شەڕی ئۆلیگارشییەکانی ناوخۆو ئەمەریک، تا گەیشتە هاوسۆزی
دەربڕین بۆ گەلی کورد لە باکوری کوردستان، لە هەرکوێیەک پێویست بکات
ئەو ئامادەیە.
هەمیشە لە پێشەوە.
مۆخیکا لە ساڵی ١٩٩٤ وەک ئەندامی پارلەمان هەڵبژێردر، لە ساڵی ١٩٩٩ وەک
ئەندامی ئەنجومەنی پیران ، لە ساڵی ٢٠٠٤ زۆرترین دەنگی لە لیستی بەرەی
بەرفراوان هینایەوە ،لە ساڵی٢٠٠٥ بووە وەزیری سامانی ئاژەڵ، لە ساڵی
٢٠٠٨ لە وەزیری دەستیکێشایەوەو گەڕایەوە ئەنجومەنی پیران.
مۆخیکا لە هەڵبژاردنی ٢٥ی ئۆکتۆبەری سەرۆکایەتی ئۆرۆگوای کە ٨٩،٩٪ی
دەنگدەران بەشداریان تێیدا کرد لە کۆی ٢٥٦٣٣٩٧ دەنگدەر ٢٣٠٣٣٣٦ کەس
پشکداریان کرد لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا ١٠٩٣٨٦٩ کەس کە دەیکردە
٤٩،٦٪ی
دەنگدەران دەنگیان پێی داو نزیکترین پاڵێوراو نیوەی دەنگەکانی ئەوی
هێنایەوە لە ناو ٥ پالێوراوەکەی سەرۆکایەتی، لە خولی دووەمدا کە لە ٢٩ی
نۆڤەمبەری ٢٠٠٩ ئەنجامدرا توانی بەهێنانی ١١٨٣٥٠٣ دەنگ کە دەیکردە ٥٤،٨٪
دەنگدەران بیباتەوە، هەرچەندە زۆربەی کاندیدەکان لە دژی هاوپەیمانیەتی
موقەدەسیان پێک هێنا.
چەپ و حوکمڕانی لە ئۆرۆگوای .
ئۆرۆگوای لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠٠٢ بەهۆی دابەزینی ریالی بەرازیلی
ونەخۆشی تای مانگاو قەیرانی دارایی ئەرجەنتینەوە تووشی داڕمانی ئابووری
هات، داهاتی نەتەوەیی بە رێژی ١١٪دابەزی
،بێکاری بە رێژەی ٢٠٪
بەرز بوەوە بە تایبەت لە ناوچە لادێیەکان، ٤٠٪ی
هاووڵاتیان باری ژیانیان بۆ ژێر هێڵی هەژراری دابەزی، لە ساڵب ١٩٣٠ دا
ئۆرۆگوای یەکێک بوو لە ١٠ وڵاتە دەوڵەمەندەکەی جیهان، هاوکات یاسای
گرنگی هەبوو وەک ٨ سەعات کار لە رۆژێک، پشوی دایکایەتی ،بۆیە ناونرابوو
سویسرای ئەمەریک، داهاتی تاک لە دابەزینی بەردەوامدا بوو، بە ناچاری
وڵات ٣،٢ ملیار دۆلاری لە سندوقی دراوی نێو دەوڵەتی قەرز کرد، ئەم
قەیرانە ئابورییە رێگای بۆ چەپگەراکان خۆش کرد تا تاباری فاسکۆیزی
پزیشک و سۆسیالست خوازی مارکسیست لە ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٤ سەرۆکایەتی
بەرەی بەرین بکات بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، ناوبراو لایەنگرێکی سەرسەختی
هەژاران و پێشتر پارێزگاری شاری مۆنتینیگرۆی پایتەخت بوو، کە گەیشتە
دەسەڵات دەرگای کۆشکی کۆماری بۆ هەژاران خستە سەر پشت، ئەوەی شایانی
باسە لە ساڵی ١٩٩٤ هەردوو پارتی رکابەری سەرمایەداری دەسەڵاتداری پێشوو
یەکیان گرت دژ بە بەرەی بەرفراوان بۆ ئەوەی نەگات بەدەسەڵات کاتێک
تاباری فاسکۆیز مایەوە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردن.
خۆسێکا مۆخیکا ناسراو بە بیبی پشتیوانی فاسکۆیز بوو، تەنانەت ئەم
گەریلایە لە کاتی سوێندخواردنەکەی لە تەنیشتییەوە بوو، چەپەکان پاش بە
دەسەڵات گەیشتنیان لە نۆفەمبەری ٢٠٠٦ هەموو قەرزەکانی سندوقی دراوی
جیهانیان دایەوە و رێککەوتننامەکەی لە گەڵیا هەڵوەشاندەوەو بێکارییان
کەمکردەوە ، هاوکات لەسەردەمی فاسکوێزدا سەرۆکی پێشووی وڵات ماریا
بوردابیری و جەنەرال غریغۆریۆ ئەلزاریز زیندانیکران بەهۆی پێشیلکاری
مافی مرۆڤەوە دژ بە تۆبامرۆسیەکان و چالاکانی سیاسی، ئەمەش پاش
بڵاوبونەوەی پەرتووکی لۆس ئەنیۆس ئۆسکۆرۆس ١٩٦٧-١٩٨٧ لە نووسینی
مێژوونووسی ئەمەریکی سکوت مایرز رویدا.
کاتێک خۆسیە مۆخیکا خۆی پاڵاوت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری راستگەراکانی
ئۆرۆگوای ترسیان لێ نیشت ئەم گەریلا مارکسیستە بگات بە دەسەڵات،
تەنانەت رکابەرە سەرەکیەکەی لویس لاکای لە هەڵمەتەکەیدا بە رابردووی
تۆبامارۆسیەکەی ویستی نەیارەکانی بترسێنێت و لە خۆی کۆیانبکاتەوە ، لێ
هاووڵاتیانی ئۆرۆگوای سەیری مۆخیکایان وەک گەریلای تۆبامارۆس و وەک
سیاسیەکی میانەڕەو دەکرد لەم نێوەدا دابەش ببوون بەسەر دووبەرەد،
توندڕەو و میانەڕەو ، بە تایبەت لایەنگرانی ئەو لە کرێکاران و جوتیاران
پێک دەهاتن و چاوەڕوانی گرتنە بەری سیاسەتێکی ئابووریانەی رادیکاڵیان
لێدەکرد ، مۆخیکا وتی من وەک تۆبامارۆس هەڵنەبژێردراوم، وەلێ نکۆڵی لە
رابردووم ناکەم، کە راستگەراکان دەسەڵاتیان بەجێ هێشت پاش ئەو قەیرانەی
وڵاتی تێکەوت، بەرهەمی نەتەوەیی داڕمابوو بۆ ١٢،٠٦٧ ملیار دۆلار لە
ساڵێک،کە بیبی کورسی سەرۆک کۆماری جێ هێشت بەرهەمی نەتەوەیی وڵات
گەیشتە ٤٠،٢٨٥ ملیار دۆلار ، بیبی تەنها ژیانی خۆی چاک نەکرد، باری
ژیای هەمووانی گۆڕی، بۆیە جێی خۆیەتی بە باوکی راستەقینەی گەل
ناوببردرێت، ئەو ناوە تەنها پڕ بە پێسستێتی سیاسییەکی ئەفسوناوی ئاوایە.
ئێستا دوای مەرگی بیبی، کە ئۆرۆگوای بەجێهێشت، پۆستی سەرۆک کۆماری و
پارێزگاری پایتەختیان بە دەستەوەیە.
ئەزموون لە بیبییەوە.
١٤ ی "ئابی ٢٠١٨" سەرۆکی پێشووی ئۆرۆگوای مۆخیکا ناسراو بە بیبی، وەک
هەمیشە، جارێکی دیکە خۆی ئۆتۆمبێلە شینە بۆقییەکەی بونەوە سەردێری
هەواڵەکانی جیهان، وەک سیاسییەک جیا لەوانی دی نیشان درایەوە، پاش
ئەوەی دەستی لە ئەندامێتی ئەنجومەنی پیران کێشایەوە بێ وەرگرتنی
خانەنشینی، کە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە ئەندامی ئەنجومەنەکە بوو، هەرچەندە خۆ
کاندیدکردنی بۆ پۆستی ئەنجومەنی پیران خۆی لە خۆیدا نیشانەی سادەیی ئەم
سیاسەتمەدارەیە کە بە باوکی هەژاران لە وڵاتەکەیدا ناسراوە، پێشتر
سەرۆکی وڵات بوو، ناوبراو رایگەیاند لە ئێستا بەدواوە خۆی تەرخان دەکات
بۆ کاری سیاسی بزووتنەوەی بەشداری گەل (MPP)، بیبی باوەڕی وایە ، ئەوەی
عاشقی پارەیە جێگای نییە لە سیاسەت، منیش ئەوەی بۆ زیاد دەکەم بەتایبەت
لە بزاڤی چەپدا جێگای عاشقانی پارە نابێتەوە، لە نێوان گیرفانی خود و
گیرفانی گەلدا دەبێت وەک بیبی گیرفانی گەل هەڵبژێردرێت، چەپەیاتی تەنها
ریزکردنی وشەی دادپەروەری و یەکسانی نییە، تەنها بوون بە ئەندام لە
پارتێکی شیوعی یان مارکسی یاخود سۆسیالستی نییە، بەڵکە سەرەتا کوشتنی
ئارەزوە کەسییەکانە و تاواندنەوەیەتی لەناو داخوازەکانی خەڵک، خود بۆ
خەڵک، نەک خەڵک بۆ خود، چەپایەتی پێش ئەوەی فکر بێت پەیمانێکی
ئەخلاقییە، دیارە بە بێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە دروست
نابێت، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەش ئەگەر ئاکارو رەوشت و هەڵسوکەوتی
شۆڕشگیڕانە بەرهەم نەهێنێت ئاکامی داڕمانە.
بیبی رۆیی وەک جەستە، وەلێ وە ئاکار سەلماندی سەرۆک دەتوانێت دیوارو
پەرژینی کۆشک و ماڵەکەی لە گەڵ خەڵک بڕوخێنێت، زیندانەکان بکات بە
باخچەی گوڵ و رێحانە، نەک باخچەکان بکات بە بەنزینخانە.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|