١\٣\٢٠١٦
بکوژی باران.

نەژاد عەزیز
سورمێ
''تاریکایی لووتکە
و بەندەنی داپۆشین
برووسکەیەک درەوشایەوە و
ئاگرێ ھەڵبوو،
دونیا مەرگی باراند،
ھەرچی دەکەوت، دەبووە خۆڵەمێش''.
داستانی گەلگامش).
(١)
/ ڕێژنەیەک/ لە/ نیوەشەودا/ خەونی/
/ لەبیر/ بردمەوە/ نمەیەک/ بەبیری/ ھێنامەوە/
/ لەنێوان/ لە بیرچوونەوەو/ وەبیرھاتنەوەدا/ لەگەڵ/
/ ئاوازە/ شەکەتەکانی/ سرووشتدا/ تێکەڵ/ بووم/
پەلکەگیای تەنیا ،
بەئاوی کڕدا دەچن ..
شەقامی ئەستێران ،
چەند مەترێ ھەناسەو
تاوێ بارانی دەوێ ..
شەقامی ئەستێران،
باجی خەرمانەو ڕۆژلێبڕان دەخوازێ.
(٢)
/ ئاسان/ نییە/ لە/ نەزمی/ ھەڵبوون/ بگەین/
/ ئاسان/ نییە/ شارە/ مێروولەیەک/ لە/ نیشتیمانی/
/ ئاسانستاندا/ دڵنیا/ بکەینەوە./
خۆت بە یەکتەنی و بێنیازی
بسپێرە…
تارمایی درەختان لە تەمدا
چەند جوانە، چەند شۆخ..
با ئیتر بگەڕێینەوە
با بگەڕێینەوە پەیکی لەشان و پیل کەوتوو
ئێمە خەریکە دەگەینە
ئاسۆی ئاڵوودەیی.
بابگەڕێینەوە
خۆمان بە یەکتەنی و بێنیازی بسپێرین.
(٣)
/ گەرەکە/ قەسیدە/ قەڵمڕەوی/ بەھەشت/ بێ/
/گەرەکە/ زمانمان/ لە/ وەرزەکانی/ زیاتر/
/ لێ/ بەوەلەد/ بێ../
/ گەرەکە/ مانگمان/ لە/ ھەرێمی/ درەوشانەوە/
/ ئاوا/ نەبێ/ ئاسمانمان/ بێگەرد/
من بۆیە دەڵێم چاوی دڵ
چاوی دڵ ،
ئەزەلە، ئەزەل.
بۆیە دەڵێم چرای ڕاز
چرای ڕاز ،
کوانووی
ھەڵوەدایانە ، چرای ڕاز.
ئامان ژەنگاری پەتیارەیی
ئامان.
(٤)
/ دادپەروەری/ لە/ وشەدا/ نیییە/ دادپەروەری/
/ لە/ پیتدایە/
/ ئەندێشەی/ دوابڕاو/ پڕشنگ/ ئەدا./
/ نیوەشەو/ شەرابێکی/ سپی/بوو/
/ ئێمە/ بە/عەکسی/ شەراب/ لە/ پیتێک/
/ دەگەڕاین/ پیتیکی/چارۆگەدار/ لاسەنگی/
/ ھاوسەنگ/بکاتەوە/
/ ئێستایش/ دەگەڕێین/
دەرگای ئومێد ،
بەکلیکی بێئومێدی ناکرێتەوە .
شاباش بۆ ئەو گڕەی دونیای سووتاندو
دڵ باکی پێ نەبوو
شاباش بۆ پاسەوانی
مەملەکەتی تەنپۆڵایی و دەرفەت.
(٥)
/ پەیامی/ بێھوودەیی/ ھەندێ/ جار/ گەوھەری/
/ لێ/ دەردەکەوێ/ وەک/ ئەو/ مۆتەکانەی/
/ لە/ بێداربوونەوەدا/ بە/ زیندوویی/ لێیان/
/ ئازاد/ دەبین.
لەباران بەھرە وەرگرە
سۆزی مەستیی لێ دەتکێ
لەباران بەھرە وەرگرە
ڕووە خەمبارەکان ،
بەلای خەراباتان وەردەگێڕێ
ئای باران
سەھەندی پشکۆ
نھێنی ئەو چاوانەی ،
عاشقیان تێدا دەتوێنەوە
شێتیان لە ناودا ون دەبن
ئای باران
شایەدی دوورونزیک
دوا پەیمانەمان بە بەتاڵی مەھێڵەوە.
(٦)
/ پەلکەزێڕینە/ دەبینم/ بڕوام/ بە/ بەرپابوونەوە/
/ لەق/ دەبێ/
/ نازانم/ دەتوانی/ مانایەک/ بە/ غەفڵەتی/
/ شەوەزەنگ/ بدەی/؟/
/ نازانم/ دەتوانی/ ئەو/ زەمەنە/ ڕابگری/
/ داگیرکەرانی/ زەمەن/
/ ئاو/ و/ ھەوایان/ لێ/ بڕیوە؟/
/ دەتوانی/ بۆ/ ڕۆژگارێکی/ دیکەی/ ھەڵدەی؟/
ئەو ھەناسەیە چییە
نوقمی گێژەنە،
نە دەخنکێ، نە ڕزگاری دەبێ؟
ئەو دڵە چ دڵێکە
دەوەستێ و لە لێدان ناکەوێ؟
ئەو مۆمە چییە
تا ئەبەد دەسووتێ؟
تۆ دووری، ئەی پرسیاری ناخ
داد نییە
بە تۆ گەیشتن
لە کێوی قاف دوورتر بێ.
(٧)
/ سیڕەی/ دەرگا/ لە/ غەریبیدا/ ئاھەنگێکی/
/ ئەفسووناوی/ ھەیە/
/ ھاووڵاتییانی/ گەلگامش/ سەریان/ لەسەر/
/ پەیمانەیەک/ دانا/ لە/ ترسی/ ڕۆژگارە/
/ خۆڵەمێشییە/ دیماھینەھاتووەکان/
/ ھەڵبزڕکابوو
بۆ تۆ، سەر لەڕێ
کوێت بوێ دەچم .
لەم زەنەکەدا، بە تەنیا
ناتوانی بپەڕیەوە.
تا، تا، تا،
تا (ھەتاو لە سنگمان دەڕوێ)
لەگەڵت دەبم .
تا، تا، تا،
تا ئەم خاکە و خۆڵە مابێ،
بۆ تۆ
سەر لە ڕێ
کوێت بوێ دەچم.
(٨)
/ مێژوومان/ وێنەی/ قەسیدەیەکی/ نیوەچڵ/
/ لە/ کۆڵدا/ ھاتووە/ تەبعی/ پەژموردەیی/
/ خەرەندێکی/ ھەزار/ بە/ ھەزارە/ بە/ بەر/ چاوی/
/ ئادەمییە/ سەر/ھەتاوەکانەوە/ ھەڵماندەلووشێ/
/ دەبێ/ نەھێڵین/ئەو/ ڕوناھییە، بکوژێتەوە/
ھەمیشە تەسلیمی ئەو خەندەیەم،
لە سیماتدا ھەڵدێ.
ھەمیشە خەون بە دڵەکوتەی
ئەو دەروێشانە دەبینم
بە ھەڵاوی جوانی دەسووتێن.
بار لە کۆنترۆڵ دەرچووە، کریڤ !
خەمسەرایە، خەمسەرایە، خەمسەرا.....
ئەیلوولی
٢٠١٣
nazhadsurme@gmail.com
|