|
٢٨\١٢\٢٠٢٥
بمهەژێنە
ئەی کۆتا ساتەکانی ساڵ
بمهەژێنە.

خولیا
حوسێن
وەک ڕەشەبای دواین
ساتەکانی پایز
کە درەختان دەهەژێنی
بمهەژێنە
دامتەکێنە
لە هەموو
ئومێدە وشکەوەبووەکانی
زەمەنێکە بوونەتە چەپەری چڵکنی بەردەم ڕووبارەکانی شادمانییم
بمهەژێنە و
دامتەکێنە لە گشت خەونە هەڵبزڕکاوە کابووسیەکانی
مانگە شەوەکانیان
لێ کردمە شەوی تار.
ئەی دەمە کورتەکانی کۆتایی ساڵ
شەنەبامکە
شەنەبامکە
شەنەبا
جیامکەرەوە
لە پووشوپەڵاش و
زیوان و زەردەواڵە زیانبەخشەکان
شەنەبامکە
شەنەبا
بە شەنە پەنجە زیوینییەکانی سەر جۆخینی منداڵییم
تا وەکو قوبەی
یاقووتی
گەنمە ئەسمەرییەکانی
بەرهەتاوی تەمووزی تەمەن
دەبریسکێمەوە
هەر شەنەبامکە و
مەوەستە
تاوەکو هەموو
ئومێدە وشکەوەبووکان و
خەونە کابووسییەکان و
پووشوپەڵاش و
زیوانە زیانبەخشەکانم لێ جیادەکەیتەوە
هەر شەنەبامکە و
مەوەستە
منیش
ڕووناکیی هەموو گلۆپە داگیرساوەکانی سەری ساڵ
لەسەر شەقام و
لە ماڵەکان و
لە نێو کلێساکان و
بازاڕەکان هەیە
دەیانگوازمەوە نێو شادەمارەکانی بوونم و
دابەشیان دەکەم بەسەر
ناخ و دڵ و
دەروونی هەر هەمووتان
تا سبەینێ و
ساڵی تازە و
هەموو سات و
کات و ڕۆژ و مانگ و ساڵەکانی داهاتوومان
بکەینە چراخانی هەمیشەیی و
ئاوازی پێکەنینمان بگاتە ئەستێرەکان و
خەندەی خۆری بەیانیانیش
بگوازینەوە سەر
لێوە خەندە لێ دزراوەکانمان.
ماڵپهڕی خولیا حوسێن
|