٧\٦\٢٠١٦
بنەماکانی دەوڵەتی
سەربەخۆ.

محەمەد بەرزی
ئاشکرایە ئەمڕۆ بە هۆی کێشەکانی کورسی دەسەڵات و سیاسەتی چەوتی حیزب و
سەرکردەکانەوە ، کە نەیانتوانیوە نان و کار و ئارامی و ئاسایش بۆ
خەڵکەکەیان دابین بکەن ، کۆمەڵگای کوردی گەیشتۆتە لێوارێکی پڕ مەترسیی
گەورە و گران ، کەچی کاک مەسعود بارزانی لە ناو گێژاوی ئەو ئاڵۆزیانەدا
بەردەوام بانگاشە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆ دەکات .بێگومان ئەمەش ئەوە
دەگەیەنێت ناوبراو یان بە تەواوی ئاگاداری بارودۆخی نالەباری
کۆمەڵگاکەمان نییە ، یان ئەو دۆزە پیرۆزە بەکاردێنێت بۆ پڕوپاگەندە و
خۆڵکردنە چاوی خەڵکی بە مەرامی ئەوەی بە نایاسایی لەسەر کورسی دەسەڵات
بەردەوام بێت... ئەوەی شایانی باسە دەوڵەتی سەربەخۆ هەر تەنها بە
بانگاشەدانامەزرێت ، بەڵکو بریتییە لە پێناسە و کۆمەڵێک بنەمای زانستیی
تایبەت بە خۆی ، کە وا لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان بۆ دەکەین ، تا
بزانیین کۆمەڵگاکەمان بەم بارودۆخە خراپەی ئێستایەوە تا چ ئەندازەیەک
ئەو بنەمایانەی لە خۆگرتووە و تا چ ڕادەیەکیش ئامادەی ئەو قۆناغە گرنگە
هەستیارەیە ، کە خواست و ئاواتی بەرز و پیرۆزیهەموو کوردێکی بەشەرەفە و
لە پێناویدا فرمێسک و خەم و خوێنی ئێجگار زۆری بۆ ڕژاوە:
دەوڵەتی سەربەخۆ بریتییە لە ڕژێمێکی کۆمەڵایەتی ئارامی خاوەن توانا و
داهات ، کە لە ژێر هەژموون و فشار و سێبەری هیچ دەوڵەتێکدا نەبێت و هەر
خۆشی بەرپرسیاربێ لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ناوەوە و دەرەوەی بە شێوەیەک
شکۆ و سەروەری وڵاتەکەی بپارێزێت و دەسەڵاتی خۆشی بەسەر
دانیشتووانەکانیدا بسەپێنێت ، کە لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراودا دەژین .
بە گشتیش بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ بریتیین لە : دانیشتووان
، خاک ، ڕژێم و سەروەری. هەر دەوڵەتێکیش بە پێی ئەو بنەمایانە
دانەمەزرابێت ، ئەوا بێگوماندەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە ، سا یان ژێر
دەستەیە ، یان پاشکۆیە . جا بۆ زانینی ڕاستییەکان و بەرچاو ڕوونی
هەمووان وا چاکە بە خێرایی ڕووناکی بخەینە سەر یەک بە یەکی ئەو بنەما
زانستییانە:
١- سەروەری : ئاشکرایە چەندین ساڵە بە بێ ڕەزامەندی میللەتەکەمان سوپای
داگیرکەری تورکی فاشست بارگە و بنەیان لەسەر خاکەکەمان داناوە و بە
بەرچاوی خۆمانەوە تەراتێن و سیخوڕیی بە سەرمانەوە دەکەن و بەردەوام
وڵاتەکەمان کاول و وێراندەکەن بەبێ ئەوەی ڕێگایان لیێ بگیرێت . بەمەش
سەروەری وڵاتمان بە تەواوی لە دەستداوە . جا ئەگەر مەسعود بارزانی بە
بوونی ئەو سوپایەوە دەوڵەت دروستدەکات ، ئەوا ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی بێ
شکۆی پاشکۆیە و ناچێتە خانەی دەوڵەتی سەربەخۆوە ، ئاخر ناکرێت لە
لایەکەوە لافی سەربەخۆیی لیێ بدەین و لە لایەکی ترەوە هێزی بێگانە
بهێنینە وڵاتەکەمانەوە . هەمووش باشدەزانیین ئامانجی هێنانی ئەو هێزانە
چین و لە دژی بزوتنەوەی ڕزگاریمان پەیڕەوی چ بەرنامەیەکی
مەترسیداردەکەن . جا باشتر وایە بەرلەوەی مەسعود بارزانی بیر لە
ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ بکاتەوە ، با لە پێشدا بچێت وڵات لە هێزە
دەرەکییەکانی تورکی فاشست و عەرەبی داگیرکەرپاکبکاتەوە . تا یەکێک لە
بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی سەربەخۆ ، کە سەروەرییە بە جوانی لە
دەوڵەتەکەیدا بدرەوشێتەوە.
٢- دانیشتووان : مەبەست لە دانیشتوان ئەو کەسانە دەگرێتەوە ، کە لە
ڕووبەرێکی دیاریکراودا بە بەردەوامی نیشتەجێن و ئاستی کۆمەڵایەتییان
گەیشتۆتە ئاستێکی بەرز و تەبای ئەوتۆ یەک هیوا و ئامانجی سیاسی
کۆیاندەکاتەوە و دەبن بە پارێزەر و قەڵغانی ڕاستەقینەی شکۆ و سەروەری
دەوڵەت ، لە هەمان کاتیشدا ملکەچی یاسا و رێساکانیشی دەبن . بێگومان
دانیشتووانی هەرێم لە سایەی سیاسەتی چەوت و خراپی حیزبەکاندا ئەوەندەی
ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ناکۆک و ناتەبا و برسی و پەرت نەبوون ، بەمەش یەکێکی
کە لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتە سەربەخۆکەی بارزانی کورت دەهێنیت.
٣- خاک : کاتێک وەک بنەمایەک ئاماژە بۆ خاک دەکەین ، ئەوە مەبەستمان
لەو ڕووبەرە جوگرافیا دیاریکراوەیە ، کە خەڵکەکەی تێدا دەژی و یاسا
کانی دەوڵەتی تێدا جێبەجێدەکرێت و سنور و کەوشەنی دەبێتە هێڵی
جیاکردنەوە لە وڵاتانی دراوسێی و دەوڵەتانی دنیاش دانی پێدا دەنێن ،
بەڵام بە داخەوە ئەوە بۆ ٢٦ ساڵدەچێت حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە ناوچە
دابڕاوەکان بگەڕێنیتەوە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان و لەگەڵ ئەو هەموو
قوربانییە زۆرانەشدا هەتا ئێستا نەیتوانیوە نەخشە و سنورێک بۆ ئەو
دەوڵەتە چاوەڕوانکراوەی خۆی دیاریی بکات.
٤- ڕژێم : پێویستە دەوڵەتی سەربەخۆی ئازاد بۆ ڕاپەراندنی کار و
ئەرکەکانی هەموو دامەزراوە گرنگەکان بگرێتە خۆی ، ئەو دامەزراوانەش
بریتیین لە هەرسێ دەسەڵاتە سەرەکییەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و
دادوەری ، ئەمە سەرباری دەزگاکانی چاودێری دارایی و دەسەڵات . ئەوەی
شایانی باسە لە کاتێکدا مەسعود بارزانی سەرۆکی دەوڵەت نەبووە ، باوەڕی
بە هیچ کام لەو دەسەڵاتانە نەبووە و بە ئارەزووی خۆی پەرلەمانی پەک
خستووە و ڕێزی لە سەروەری یاسا و بەرژەوەندی گشتی نەگرتووە ، جا ئەو
کاتەی بە نایاسایی خۆی دەکات بە سەرۆکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ، دەبێت لە
سایەیدا ئەو دەزگایانە چ دەزگایەکی کارتۆنی شەق و شڕی بێ نرخ و بایەخ
بن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوەدا ئەمڕۆ هیچ بنەمایەکی بوونی دەوڵەتی
سەربەخۆ لە هەرێمەکەماندا نییە ، هۆکارەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ ئەو
دەسەڵاتە خۆسەپێنەرە نەزانەی ، کە ساڵەهای ساڵە شەیدای پۆست و پارە و
کورسییە و بیریی لە دروستکردنی بنەماکانی دەوڵەتی سەربەخۆ نەکردۆتەوە .
بێگومان تا ئەو کەموکورتییانەی ئاماژەمان بۆ کردوون بە تەواوی
چارەسەرنەکرێن و گشت ئەو بنەمایانە ئامادەییان نەبێت ، ئەوا مەحاڵە
دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئازادی خاوەن شکۆ بە چاوی خۆمان ببینیین ، کە
باڵای بە قەد باڵای تێکۆشان و قوربانییە زۆرەکانی نەتەوەکەمان بێت . بە
مەش فرسەتێکی گەورەی مێژووی لە دەست خۆمان دەدەین ، ئاخر هەموو کاتێک
فریشتەی بەخت یاری کورد نابێ ... خۆ ئەگەر هاتوو بە بێ ئەو بنەمایانە
دەوڵەتمان دامەزراند ، ئەوا بێگومان دەوڵەتێکی پاشکۆی بێ سەروەریی
دەبێت و لەژێر هەژمون و فشاری داگیرکەری کۆن ، یان تازەدا ژیانی
ژێردەستی دەباتە سەر ، ئەمەش دەرمانی دەردی کێشەی کورد ناکات و لە
ئاکامدا ڕووبەڕووی هەرەس و نسکۆی گەورە و گرانمان دەکاتەوە.
mkbarzy@hotmail.com
|