براوەى
هەڵبژاردنەکان و ئیمتیحانێکى قورس.

بێستون حەسەن
زۆرێک قسەو باس هەیە لەمەڕ دوواین گۆڕانکارییەکانى ئەودیو پرۆسەى
هەڵبژاردن و وەرگرتنەوەى دەسەڵاتى سیاسى و دروست کردنى کابینەى نوێى
حکومەت لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە کە ئاخۆ لەپاش دەرخستنى هەموو
پێوەرە ئینسانى و ئەخلاقى و سیاسیەکانیان ، تا چەند ئەم دوو هێزە
گەورەیەى سەر گۆڕەپانى دەسەڵات و حکومەت سوودیان لەو داتایانە
وەرگرتووە کە بەم دووایانە لەڕێى دەرخستنى دەنگى هاوڵاتیانەوە بینییان
و بۆیان یەکلایی بوویەوە کە تاچەند کارو پرۆژەکانیان گەیشتوەتە ناو
هاوڵاتیان و تاچەندە متمانەیان هەیە بە خەڵکى و ئاستى جەماوەرییان تا
کوێیە . بۆیە ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ کە ڕاستییەکەو دەبێ هەموومان
بیزانین کە ئەم هەڵبژاردنە گەورەیەى بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتى هەرێم
ئەنجامدرا ، قسە گەلێک و زۆرێک دید و بۆچوونى جیاجیاى هێنایە گۆڕێ کە
پێشتر نەدەوتران و نەدەبینران لە نێو ململانێکانى ناو میدیاى ئازاد ،
لێرەوە ڕاستییەک خۆیمان نیشان ئەدا ئەویش بوونى ئۆپۆزسیۆنە کە هەموو
لایەک پێشوازى لێدەکەن تا دەگاتە سەرکردایەتى سیاسى کورد و
دییارترینیشان سەرۆکى نوێى هەڵبژێردراوی هەرێمى کوردستان بە ئاقارێکى
نوێو شتێکى جوانى وەسف دەکاو لە میدیاکانەوە بە ئاشکرا باسیان لێوە
دەکا ..
ئەمانە هەموو دەبنە کۆمەڵە پرسیارێک ، وێڕاى ئەوەى دەبێتە قورس کردنى
ئەو ئیمتیحانەى کە هێزى باڵا و دەسەڵاتى یەکەم دەیکا لەهەمان کاتیشدا
بەرپرسیارێتییەکى گەورە و مێژوویشیان دێتە پێش کە خۆى لەوەدا
دەبینێتەوە ئەو خەڵکانەى کە متمانەیان بەخشیوەتە ئەمان و دەنگیان
داونەتێ ، سبەى لەژێر سایەى حکومەتێکى خزمەتگووزار و سەرۆکێکى خەمخۆردا
پاداشت وەرگرنەوە و پەشیمان نەبنەوە لەو متمانەیەى کە بەخشیویانەتە ئەم
دوو هێزە سیاسییە . ئەگەر ئاوڕێکیش لە بوونى ئۆپۆزسیۆنى ئەمجارە
بدەینەوە دەبینین جیاواز لە جارانى ترو کابینەکانى تر هاتوونەتە نێو
حەرەمى بیناى پەرلەمانەوە ، ئەویش بە قورساییەکى زۆر و دەنگێکى زۆرەوە
. لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازییەکى ڕەها نابینرێن لە ڕووى ئەداى سیاسى و
فۆرمى خزمەتکردنى هاووڵاتیانەوە لەنێوان هێزى دەسەڵات و هێزى ئۆپۆزسۆن
، تەنها ئەوەندە هەیە کە بەهۆى بیرو بۆچوونى ناچونیەکى سیاسى و
دەرئەنجامە سیاسییەکان کۆمەڵێک ئارەزووى بەشدار نەبوونیان دەکەن لە
حکومەت و دەچنە بەرەى ئۆپۆزسیۆنەوە و کۆمەڵەکەی تریش دەبێتە هێزى یەکەم
و هەر ئەویش ئەرکى تەشکیل کردنى حکومەتى پێ ئەسپێردرێت . لێرەوە
ئەرکەکان و مافەکان بەڕوونى دەردەکەون ، لێرەوە هەیمەنەى حیزبى و
ناحیزبى لەیەک جودا دەکرێنەوە ، لێرەوە ئەرکى مێژوویى و سیاسى بەرامبەر
میللەت زیاد دەکات کە چیتر کاتى ئەوە هاتووە کە ئەو کەسە هەل پەرستانەى
دوێنێ ماڵ و سامانى ئەم میللەتەیان بەهەدەر دەبرد و نامەسئوولانە لە
خزمەتى تاکدا بەکاریان دەهێنا ، ئەم جارەیان لە ڕۆشنایی هەبوونى هەموو
هێزە جۆراو جۆرەکان کە لە ناو حکومەت و لە دەرەوەى حکومەت دەبینرێن ،
ڕێگر دەبن لەو خەمساردییەو ڕێگر دەبن لە چەواشەکردنى گەلەکەیان ، چونکە
دەزانن و درک بەوە دەکەن کە میللەت زۆر لەوەزیاترى قابیلە کە بۆى کراوە
، دەزانن دەبێ بە هەموو لایەکمانەوە چ دەسەڵاتى سیاسى چ دەسەڵاتى گەل و
هەموو پێکهاتە جۆراوجۆەکانى دى خزمەتێکى وەها پیشانى ئەم هەرێمە بدەن
کە شایەنى ئاماژە بۆکردن بێ . لێرەوە ئەرکى هەموو ئەندام پەرلەمانێکیش
زیاتر دەبێ لەڕووى کارکردن و دەرخستنى ڕاى میللەت بە پەرلەمان و جێبەجێ
کردنى هەموو ئەو داوایانەى کە پێشتر نەکراوە بەهەرهۆیەک بێ لە
هۆکارەکان و گەیاندنى دەنگى حەق ڕەوانەى ئەوانەش کە بۆ ساتێکیش ئاوڕیان
لێنەدراوەتەوە و هەمیشە بەشخووراو بون لە مافە تایبەتى و
سەرەتاییەکانیاندا ، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرن کە ئەوان لەخۆوە نەچونەتە
ئەو شوێنەو لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان نەماوەتەوە تا لافى تاکە کەسى
لێبدەن بەسەر ئەو هاوڵاتیانەى کە بوونەتە هۆى سەرخستنى پرۆسە و دانانى
هەموو ئەندام پەرلەمانێک کە دواتر بە پەرلەمانتار ناوزەند دەکرێن .
ئەگەر چى تا دوێنێ گۆڕەپانى سیاسى لە ژێر هاژەو هوژى میدیاکان و
دەسەڵاتى نەیارندا بوو ، ئەمڕۆ پێکهاتەى ناو پەرلەمان بەجۆرێکى ترەوە
دەبینرێن کە وا دەکات چیتر ڕێ بەکەس نەدرێت لەودیو سنوورەکانى
بێئاگاییەوە قسە گەلێک هەڵڕژێننە ناو بەرەى سیاسى و دەسەڵاتى
بەڕێوەبردنى میللەتەوە ، ئەمانە هەموو کۆمەڵە خاڵێکن کە دەبێت هێزى
یەکەمى دەسەڵات کە پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى
کوردستانن زۆر چاک لەبەرچاوى بگرن و بەهەند بیزانن کە ئەگەر تا دوێنێ
بەهۆکارى جودا جودا و قۆستنەوەى هەلى سیاسى لەلایەن کەسانێکى مشەخۆرەوە
بووبێ چیتر ڕێگە نەدەن کەس دزە بکاتە نێو موڵک و ماڵى میللەتەوە و
هەموو ئەوانەش بە سزا بگەیەنن کە ڕۆژانێک ویستوویانە میللەت و تاکى ئەم
هەرێمە لە خشتەبەرن بەهۆکارى نەبوونى خزمەت گوزارى و ئاوەدان کردنەوەى
وڵات ، دەبێ بە یەک دەست و یەک بازوو هاوشان لەگەڵ هێزى ئۆپۆزسیۆندا
کار بکەن بۆ سەقامگیر کردنى هەرێمى کوردستان و بنبڕکردنى گەندەڵى تاک و
بەرجەستەکردنى ژیانێکى فرە لایەن و خۆشگووزەران بۆ تەواوى هاوڵاتیانى
هەرێمى کوردستان لە سایەى پەرلەمان و حکومەتێکى جووڵاو و ئەکتیڤ لە
هەموو بوارە جۆراو جۆرەکانى خزمەت کردندا .
دەبێ چاوکراوانەتر لە ئایندەى ئەم گەلە بڕوانرێت و ئاگایان لە کەم و
کوڕییەکانیان بێت ، هەر ئەو میللەتەیە بووە هۆى دەسکەوتنى ئەم ئازادییە
و دروست بوونى ماڵى کوردى و حکومەتى سەربەخۆى خۆماڵى ، دەبێ ئەم
تاقیکردنەوەیە بە هەند وەربگیرێت و بۆ چوار ساڵى ئایندە کار بکرێت نەک
ببنە جێى نیگەرانى خەڵک و ئەو متمانەیەشى کە پێیانداون لێیان
بسەنرێتەوە . ئێمە دەزانین لە هەموو جێگەیەکدا خەڵکانى باش و بە
ئەزموون هەیە و خەمخۆرى میللەتەکەى خۆیانن لە هەر پلەو پایەیەکدا بن ،
بەڵام خەڵکانى وەهاش هەیە هەمیشە هەلەکان دەقۆزنەوە بۆ مەرامى تایبەتى
و چەواشەکارى کردنى دەور و بەر ، حەق وایە کار بکرێت بۆ ئایندە لەسەر
ڕۆشنایی ئەو ڕابردووەى کە زۆرێک تەنگەژەو نا یەکسانى تاکەکانى تیادا
بوو ، ڕاستر وایە بڵێین پارتى و یەکێتى کە ئێستە سەرى گەورەى حکومەت و
پەرلەمانن ، بە چاوخشاندنەوە بە دوێنێ و بەوانەى کە نامەسئوولانە
ڕەفتاریان دەکرد دژ بە میللەت و تەواوى خەڵکى کوردستان ، ئایندەیەکى
جوانتر پیشانى گەلەکەیان بدەن و زۆرترین خزمەت و ئاوەدانکردنەوە
پێشکەشى ئەم هەرێم و وڵاتە بکەن ، زیاتر کار لەسەر ئەوە بکەن با میللەت
هاوشانى دەسەڵاتى سیاسى بەشدار بن لەو بڕیار و پرانسیپانەى کە دادەنرێن
بۆ خزمەت کردنى بەرامبەر و توێژى فەقیر و کەم دەستان . با بڕیار تاک
لایەنانە نەدرێت و هەموو ئاراکان بچێتە ناو کرۆکى خەڵکەوە و خەڵکى خۆى
بڕیار بدات لە چارەنووسى خۆى ، هەڵبەت دەسەڵاتى سیاسیش هاوڕا دەبێ
لەگەڵ ئەمانەدا چونکە دەسەڵاتیش هەڵبژێردراوى گەلە و حوکمیش لەوێوە
تەشەنە دەکات.
تەمەننا دەکەین پەرلەمانى داهاتوو و ئەو پەرلەمانە بێت کە گشتگیرتر و
هەمەلایەنتر لە ڕووداوە سیاسى و ئابوورى و کلتوورییەکان و تا دواتریش
بڕوانێ ، دەخوازین هێزى ئۆپۆزسیۆنیش لە ئاست ئەو ئەرکەدا بن کە میللەت
دەیەوێت و نەبنە هۆکارى ئاستەنگ و گرژى نانەوە ، دەبێ بە هەموو
لایەکمانەوە کار بکەین بۆ سەرخستنى پرۆسەى تەبایی و یەکسانى لەناو
یەکتردا و وەلاوە نانى کێشە و دروست کردنى ڕاى جیاواز لە سەرەوە بۆ
ناوەندى خەڵک و گەڕانەوەى بۆ ناوەندى بڕیاردان .
Bestoon1617@yahoo.com
|