٩\٢\٢٠١٠
بیره‌وه‌ریه‌کانی شایه‌تحاڵێک ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه.

حه‌مه غه‌فور
له‌پێناو هه‌قدا بۆ ڕۆژی خۆی با بیره‌وه‌ریه‌کانمان سه‌باره‌ت به
کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه تۆمار بکه‌ین.
- به‌شی
دووه‌م -
له پێنجوێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه.
چیرۆکی ئاواره‌بوونم بۆ باوه‌شێکی ئارام!
له‌م به‌شه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کانمدا، بۆ ئه‌وه‌ی ڕایه‌ڵی داستانی په‌یدابوونی
په‌یوه‌ندی واقعی و ویژدانیم له‌گه‌ڵ ژیانی
هه‌ڵه‌بجه‌و شادی‌و ئازاره‌کانیدا بڕێک ساناتر
و جوانتر لێکگرێده‌م، به باشی ئه‌زانم
به‌سه‌رهاتی په‌یوه‌ندی گه‌ڕانه‌وه یان ئاواره بوونم له شارۆچکه‌ی
پێنجوێنه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه لێره‌دا عه‌رزی خزمه‌تتان که‌م. ئه‌م
زنجیره بیره‌وه‌ریانه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت هه‌تا وێنایه‌کی واقعی
و زیندوو له کاره‌ساتی ژاربارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی خه‌مناک
نیشانبده‌م.
من خۆم که له‌دایکبوی شارۆچکه‌ی پێنجوێنم، په‌روه‌رده‌ی ئاو و هه‌وای
سازگار و دیمه‌نه ڕه‌نگین
و دڵڕفێنه‌کانی بلکیان و چوارباخ
و ده‌ڤه‌ری دیوی ئه‌ودیوی ناوچه‌ی هه‌ورامان
و لوتکه و زنجیره چیاکانی سورێن
و که‌ش و کێفه ده‌ماخبه‌رزه‌کانی
هاوسێی تاوگۆزی و به‌مۆ
و مه‌وله‌وی و گۆران
و ئاوه نازداره‌که‌ی سیروانم، که سروشت به لوتفێکی بێوێنه‌وه
هه‌زاران ساڵه به‌خشیویه‌تیه ده‌شتی شاره‌زوور
و له‌گه‌ڵ چرپه‌یه‌کی هه‌میشه‌ییدا به میهر
و سۆزێکی سه‌رفرازه‌وه له که‌لێنی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه
ماڵئاوایی له پێده‌شتی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ورامان
ئه‌کا و ڕوو له گه‌رمیان‌و ده‌شتی که‌لار
و جه‌له‌ولاو شاره‌بان ئه‌کا و ژیان
و شادی و ئاوه‌دانیی ئاژین به
پێده‌شته‌کانی گه‌رمیان ئه‌کات، و هه‌میشه
و به‌رده‌وام مۆسیقای تاڤگه و مه‌نگیه‌کانی
له گوێی گه‌رمیانیه‌کاندا ئاوانابێ، به‌ڵام دایک
و باوکم له دایکبووی بیاره و سۆسه‌کانن،
که‌چی ڕۆژگارێک ته‌نگژه و چه‌ڵه‌مه‌ی ژیان
هه‌ڵیگرتوون و گه‌یاندوونیه پێنجوێن
و له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه.
ساڵی هه‌شتای سه‌ده‌ی به‌روو له‌گه‌ڵ هه‌ڵایسانی ئاوری جه‌نگی عێراق-
ئێران، شارۆچکه‌ی پێنجوێن‌و ده‌وروبه‌ری هه‌ر زوو بوویه مه‌یدانی جه‌نگ‌و
هه‌ر له یه‌که‌م په‌لاماری بۆمبارانی تۆپه قورس‌و دوورهاوێژه‌کانی
ڕژێمی ئیسلامی ئێران‌دا، زیاتر له 180 که‌س بوونه قوربانی‌و گۆشتی ده‌م
تۆپه‌کان. من خۆم جه‌سته‌ی تێکشکاوی مناڵێکی یه‌کێک له هاوسێکانمانم،
که سه‌رله‌به‌یانی زوو کاتی نانخواردنی سبه‌ینان تۆپ که‌وتبوه نێو
سفره‌ی ماڵیانه‌وه، گرته باوه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌نمه خه‌سته‌خانه،
به‌ڵام له‌کاتێکدا هێشتا گه‌رمایی له‌شی تاویئه‌داو چاوه گه‌شه‌کانی
وورشه‌یان ئه‌هات، هه‌ستم به ڕژانی گه‌رمایی شیله‌ی ژیانی کرد‌و خوێنی
ئه‌م په‌پوله بێئاگایه له جه‌نگ‌و ده‌عوا به‌سه‌رده‌ست‌و مه‌چه‌ک‌و
باوه‌شمدا هاته خوارێ‌و کاتێک زیاتر لێی ووردبوومه‌وه بینیم به
ئاسته‌م سه‌ری به‌سه‌ر لاشه‌یه‌وه ماوه‌ته‌وه! مووچڕکێکی دڵته‌زێن سه‌رتاپای
جه‌سته‌می داهێزراندو هه‌نگاوه‌کانمی گه‌وره‌تر کرد، به‌ڵام کاتێک که‌سێکی
تر ویستی لێم وه‌ربگرێ تا ئه‌و بیگه‌یه‌نێته جێگا، به‌ده‌م قوڵپی
گریانه‌وه هه‌ردوکمان، ووتی؛ حه‌مه گیان ته‌واو بووه، باوه‌ڕ بکه
ته‌واو بووه! له‌و ساوه من له دوتوێی ویژدانمدا ڕقێک سه‌وز بووه له
دژی جه‌نگ، وه‌کو هێزێکی بێهاوتا به‌رده‌وام تاوی داوم بۆ وه‌ستانه‌وه
به‌ره‌وڕووی هه‌موو جه‌نگ‌و شه‌ڕه‌نگێزیه‌ک. هه‌ر ئه‌و پنته‌ش بوویه
ناوکۆکه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێگای به‌رگری‌و خه‌بات‌و تێکۆشانی چه‌پڕه‌وی‌و
کۆمۆنیزمم کرده تاجێک دام له هه‌ست‌و بیر‌و ویژدانم. داستانی جه‌رگبڕی
ته‌فروتوونابوونی ئه‌و ده‌یان ئینسانه بیئاگایه له شاری پێنجوێن،
سیگناڵێکی ئاشکرابوو بۆ دانیشتوانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره تا شوێنی ژیانی
باوباپیرانیان جێبێڵن‌و ملی ڕێی ئاواریی بگرنه‌به‌ر. ماڵی ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ
وورووژمی ئاواره‌بوونی خه‌ڵکی ئه‌و شارۆچکه به‌دبه‌خته‌ی، ئاواره‌یی
هه‌میشه به‌شێک بووه له چیرۆکی ژیانیان، ئاواره بووین‌و گه‌ڕاینه‌وه
بۆ هه‌ڵه‌بجه‌و ماوه‌یه‌ک له ئۆردوگای سیروان نیشته‌جێ بووین‌و دواتر
به ته‌واوی چووینه ناو شاری هه‌له‌بجه‌و یه‌که‌م جار له گه‌ڕه‌کی
کانی‌عاشقان گیرساینه‌وه.
پێموابێ ساڵی دوای ئه‌وه ئاماده‌یی پیشه‌سازی له شاری هه‌ڵه‌بجه
کرایه‌وه‌و ژماره‌یه‌ک له هاوڕێ هاوشاریه‌کانی پێنجوێنم له‌وێ وه‌رگیران.
ئه‌م ئاماده‌ییه بوویه هۆیه‌ک بۆ په‌یوه‌ندی‌و تێکه‌ڵاوبوونی گه‌نجانی
پێنجوێن‌و سه‌ید ساده‌ق له‌گه‌ڵ خوێندکارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا. ئه‌م تێکه‌ڵاوبوونه
بۆ منیش ڕایه‌ڵێک بوو تا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه
درووستبکه‌م. چونکه من هه‌م له په‌یوه‌ندیه‌کی پته‌وی سیاسی‌دا ئه‌ژیام
له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی گه‌نجانی پێنجوێن که هاتبوونه هه‌ڵه‌بجه بۆ خوێندن،
هه‌م ساڵی 982 له‌گه‌ڵ کاکه (عومه‌ر ڕه‌حیم)، که گه‌نجێکی هه‌ڵه‌بجه‌یی
بوو نیگارکێشی ده‌کرد ئاشنابووم‌و پاشان پێکه‌وه دوکانێکی بچکۆله‌مان
دانا. من کاری خۆشنووسیم ئه‌کردو ئه‌ویش نیگارکێشی ده‌کرد. له‌م دوکانه‌وه
له‌گه‌ڵ زۆرێک له گه‌نجانی هونه‌رمه‌ندو هونه‌ردۆستی هه‌ڵه‌بجه
هاوڕێیه‌تیم په‌یدا کرد، هه‌ر له‌وێشه‌وه تێکه‌ڵاو بووم له‌گه‌ڵ سفیری
زیندو وه باوی هونه‌ری‌و سیاسی هه‌ڵه‌بجه. کاکه (ئه‌سغه‌ر ڕه‌شید)
که شێوه‌کارێکی باش بوو بوویه ئاشنام‌و دواتریش پێکه‌وه له یه‌کێک
له دوکانه‌کانی حاجی نووری‌دا نوسینگه‌یه‌کمان کرده‌وه بۆ کاری وێنه‌و
خۆشنووسی‌و ڕیکلام دروستکردن. ئه‌م کاره‌و ئه‌م نوسینگه‌یه زۆر خێرا
بوویه پردێکی په‌یوه‌ندی باش وه ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ل فه‌زای هونه‌ری‌و
کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی ڕۆشنبیری‌و سیاسیش له‌م شاره بۆ من. ته‌نانه‌ت وای لێهات
نوسینگه‌که‌ی ئێمه وه‌کو ناوه‌ندێکی ڕۆشنبیری جێکه‌وتبوو که هه‌موو
گه‌نجانی هه‌ڵه‌بجه ڕوویان تێده‌کرد. ئه‌م کاره بۆ من زۆر دڵخۆشکه‌ر
بوو، وه ئێجگار بایه‌خداریش بوو، چونکوم سه‌قامگیریه‌کی له ناخ‌و
ڕۆحمدا درووست کردبوو. ڕۆژ به ڕۆژ هه‌ستی غه‌ریبی‌و ئاواره‌یی له‌لام
ئه‌ڕه‌ویه‌وه‌و له قووڵایی ویژدانمدا هه‌ستی هاوشاری‌و هه‌موڵاتیم له‌لا
به‌هێزتر ئه‌بوو. له‌جێی هه‌ستی ئاواره‌یی، هه‌ڵه‌بجه‌ی وه‌فاو لانکی
ڕۆشنبیری‌و هه‌ڵکه‌وتن‌و پێشڕه‌وی‌و شارستانیه‌ت، باوه‌شی گه‌رمی بۆم
کرده‌وه‌و منیش وه‌کو تامه‌زرۆیه‌کی باوه‌شی دایکێکی دابڕاو خۆم
هاویشته ئه‌و باوه‌شه گه‌رمه‌وه‌و ئارامم تێیدا گرت.
به‌ڵام مه‌خابن تۆڕی جاسووسی‌و ئه‌من‌و ئیستیخباراتی ڕژێمی هارو
فاشیستی به‌عسی له هه‌ڵه‌بجه، که له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌فره‌ت‌و
بێزاریی هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دانیشتبوو، ئه‌م باوه‌شه ئارامه‌ی
لێ تێکدام‌و ساڵی 985 پاییزێکی دره‌نگ خۆم‌و دایکم‌و دوو برازای نزیک
له ڕۆحمه‌وه به شێوازێکی تایبه‌تمه‌ند ناچاربووم ماڵ بگوێزمه‌وه بۆ
سلێمانی‌و له خانوویه‌کی مسه‌له‌حی ڕه‌ق‌و ته‌قدا له گه‌ڕه‌کی شیخ
محێدین جێگیربووین.
له به‌شی دواتردا ئه‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ دوای 10مارس988، که ئێواره‌که‌ی
گه‌یشتمه ماڵی خاوه‌ری خوشکم. سبه‌ینێکه‌ی که ده‌چم بۆ ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌و
بۆ لای هاوڕێیانم. تا به‌شی داهاتوو سه‌رفرازیتان
بۆ ئه‌خوازم.
7 ی شوباتی
2010
|