٢٧\٩\٢٠١٤
''بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد''
لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیای کازاخستان نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت
ئەمین کورکی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیا لە وڵاتی
کازاخستان نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت
ئەمین کورکی" و "مەممەد ئەکتاش" و لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت
ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە لە
دووەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان
لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیا
لە وڵاتی کازاخستان نمایشکرا.
ئەم فیلمە کوردییە لەگەڵ ١١ فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، ئێران، کۆریای
باشوور، ئاڵبانیا، ئستونیا، ئیسرائیل، کرۆواسیا، کازاخستان، ژاپۆن و
ڕووسیا چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی ٣٠ وڵاتی جۆراوجۆری
جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی سەرەکی، بەشی "تایبەت بە ٣٠ ساڵ سینەمای
کازاخستان"، بەشی تایبەت بە سەدەمین ساڵوەگەڕی لە دایکبوونی فیلمسازی
ناوداری کازاخستانی "شاکیم ئیمانۆف"، بەشی "سینەمای کۆریای باشوور"،
بەشی "شەوی کورتە فیلم"، بەشی "سینەما پردێک لە نێوان ڕۆژھەڵات و
ڕۆژئاوا"، بەشی "ڕووداوە تایبەتەکان" و بەشی "سینەمای وریای کازاخستان"
لە ڕۆژانی ١٥ تا ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە شاری ئاڵمائاتی گەورەترین شاری
وڵاتی کازاخستان بەڕێوەچوو.
"یێرمەک ئامانشایۆف" لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی دەیەمین خولی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی یۆرۆئاسیا گوتی: ئەم فیستیڤاڵە لە ھاوکاری نزیک لە
نێوان فیلمسازانی کازاخستانی و وڵاتانی ئەورووپی و ئاسایی بۆتە یەکێک
لە گرینگترین ڕووداوەکانی سینەمایی جیھان.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە یەکەمین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "شەوکەت ئەمین کورکی"، ئەکتەری
سەرەکی فیلمەکە "حوسێن حەسەن" و ھەروەھا نووسەر و بەرھەمھێنەری فیلمەکە
"مەمەد ئەکتاش"، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی "ئاسۆکان"ی
چل و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری لە وڵاتی
چیک نمایشکرا و لە لایەن بینەران، ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسانەوە
پێشوازیی لێکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ١٧٣ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری
جیھان لە ڕۆژانی ٤ تا ١٢ی تەموزی ٢٠١٤ لە شاری کاڕڵۆڤی ڤاری لە وڵاتی
کۆماری چیک بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://eurasiaiff.kz/en/program/main-competition/614-memories-on-stone.html
بەڕێوەبەرایەتیی
راگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی ''بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد''
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|