٤\٦\٢٠١٥
"بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد"
سێ خەڵاتی
فیستیڤاڵی "ریڤێرران" لە ئەمەریکای بەدەستھێنا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی"
سێ خەڵاتی سەرەکی ١٧مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" لە
ئەمەریکای بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی
ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی
سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری
بەخوڕ" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی
دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت
ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە
کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن"
ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری
مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: "نیکۆلاس
چادیۆرگ" دەرھێنەر و ھەڵگری چەندین خەڵاتی جیھانی لە وڵاتی فەڕنسا، "کارێن
چین" بەرێوەبەری ھونەریی و ھەڵگری چەندین خەڵاتی سینەمایی لە وڵاتی
کۆریا و ھەروەھا "کریستییەن ھۆلێری" بەرنامەداڕێژیی سینەمایی و
مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە بە یەکێک لە گرینگترین
فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی
بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین
بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە
دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا
٢٦ی حوزەیرانی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" تا ئێستا لە کۆمەڵێک
فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان، لەوانە: لە بەشی
"ئاسۆکان"ی چل و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاڕڵۆڤی ڤاری"
لە چیک، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یۆرۆئاسیا"
لە کازاخستان، لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە بیستەمین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "کەڵکەتە" لە ھیندستان، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە
ناونیشانی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە نۆزدەیەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "پووسان" لە کۆریای باشوور، لە بەشی
دەرەوەی پێشبڕکێی بیست و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس"
لە سویسڕا، لە بەشی "ئاسۆکان" لە بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "ترۆمسۆ" لە نۆروێژ، لە سی و ھەشتەمین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە سوید، لە ٣٠مین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "سانتا باربارا" لە ئەمەریکا، لە سی و نۆیەمین
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کلیلوەند" لە ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "دێت ماتێر" لە ھۆڵەندا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "دۆحە" لە قەتەر، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھۆنگ
کۆنگ" لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میدڵ
ئێست نۆو" لە ئیتالیا، لە پازدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
"تیبۆڕن" لە ئەمەریکا و ھەروەھا لە سی و چوارەمین فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا.
ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوون لە فیستیڤاڵە جیھانییەکانی
فیلم، چەندین خەڵاتی گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لەوانە:
خەڵاتی تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی لە بەشی
پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەبووزەبی"
لە وڵاتی ئیماڕات، خەڵاتی "باشترین دەرھێنان" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی
سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" لە وڵاتی
مەکەدوونیا، خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا
پاراستنی جۆری کەلتوورەکان" لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا
پەسیفیک" ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی
سەرەکیی "باشترین فیلم" و خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی
دەرھێنەران" و ھەروەھا خەڵاتی "ڕەخنەگرانی سینەما" لە سی و پێنجەمین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" لە وڵاتی پورتوگال.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری
نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "ئاشتی لە زەوی" لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی لە وڵاتی
ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم
فیستیڤاڵەوە خەڵاتی "باشترین فیلم" بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و
"مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|