١٧\٦\٢٠١٤
بیرەوەریی
گەریلایەکی پەکەکە.. خیانەت.

موراد تورک |
وەرگێڕانی: رێبوار
|
بە منەوە ٤ هەڤاڵ بووین ، هەڤاڵان ئامەد ،
ئەریز و ڕۆژهات و من ، شوێنەکەمان زۆر خراپ بوو ، شوێنێکی زۆر تەنگ و
بێ دار کە هیچ بۆ شەڕ گونجاو نەبوو ، هێزی دوژمن چواردەورمانیان گرتبوو
، ئەوەی لە ئێمەوە نزیک بوو تەنها دار گوێزێک بوو ، لە شاری بینگۆلەوە
نزیک بووین ، دەمانتوانی بە دووربین تەماشای بینگۆل بکەین ، لە خواروی
گوندێکەوە خۆمان حەشار دابوو ، ئێمە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک هاتبووینە
ئێرە تاکو کەشفی ناوچەکە بکەین ، بە نیازبوین کە ئێوارەیەک بە نهێنی
بچینە شاری بینگۆلەوە و چالاکییەک ئەنجام بدەین.
ئێوارەکەی ئەو ملیسەی کە پێمان وابوو زۆر باوەڕپێکراوی ئێمەیە بۆ
کەشفکردن ڕەوانەی شارمان کردبوو ، ئێمە بێ ئاگابوین ملیسەکەمان لەجیاتی
ئەوەی کەشفی ناوچەکەمان بۆبکات کەچی خەبەری ئێمەی دابوو بە دوژمن ، ئەم
خاینە بەوەشەوە نەدەوەستا کە ئیخباری ئێمەی کردبوو بەڵکو ببوو بە
سوورەی بەر لەشکری دوژمن و شان بەشانی ئەوان دژی ئێمە شەڕی دەکرد ،
دەمەوبەیان کە دەچوینە خواروی گوندەکەوە روبەرووی چەند دارێکی سنەوبەر
بوینەوە ، من پێشوتر باوەڕم نەدەکرد کە کەسانی تێکۆشەر و شەڕکەر
هەستیان زۆر بەهێزە هەرواش بوو لەناکاو بە هەڤاڵانم ووت با نەچینە لای
ئەوە دار سنەوبەرانە بابچینە نزیک ئەو دار گوێزە ، هەڤاڵانیش ئەم قسەی
منیان قەبوڵکرد.
جەندرمە و جاش و تیمی تایبەت دەمەوبەیان دەستیان کردبوو بە ئەنجامدانی
ئۆپەراسیۆن ، ئەم هێزە تاکو دوای نیوەڕۆ تاکو نزیک کاتژمێر ٣ لە نزیک
دار سنەوبەرەکانەوە بەشوێن ئێمەدا گەڕابوون ، ئەگەر ئێمە بچوینایەتە
چواردەوری دار سنەوبەرەکانەوە ئەوە دەبوایە هەر لە بەیانی زووە روبەڕوی
شەڕی دەستەویەخە ببوینایەتەوە ، ئێمە هەر ٤ گەریلا بووین ئایا دەکرا
بەرامبەر ئەو هێزە بێژومارە شەڕمان بکردایە بێگومان مەحاڵ و زەحمەتە ،
کاتێک هێزی دوژمن پاشەکشێیان کرد کەوتنە پشتمانەوە ، ژمارەیان کەم بوو
چەکەکانیان دەبریسکایەوە ، لەناکاو لەچاوان وونبوون ،دوایش لەناکاو
بوون بە سەدان و ئێمەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە ، نێوانی ئێمە و
ئەوان هەر ٢٠ یان ٣٠ مەترێک بوو ، ژمارەیان ئەوەندە زۆر بوون ئەگەر هەر
یەکەو بەردێکیشی تێبگرتینایە ئێمەیان دەکوشت ، من نەمتوانی بگەمە
چەکەکی خۆم کەلە پەنای دارێکدا دامنابوو ، بەڵام هەڤاڵ ئەرێز چەکەی بۆ
تێگرتم ، هەڤاڵ ئامەد کەوتبووە ناو شەڕێکی باشەوە ، ڕۆژهات خەڵکی
بینگۆل بوو ، هەربۆیە چاوساغمان بوو ، رۆژهات گەریلایەکی نوێ هەڵە نەبم
هەر ٣ یان ٤ مانگێک بوو ببو بە گەریلا.
لە سەرەتای دەست پێکردنی شەڕدا فیشەکێکی زۆریان پێوەناین ، هەر
لەدەستپێکی شەڕی دەستەویەخەکەماندا ئەرێز قۆڵی بریندار بوو ،
برینەکەیمان پێچی ، لێژاییەکمان لێوە نزیک بوو ، لە لێژایەکە بە تەقڵە
خۆمان لێژکردەوە و چوینە خوارەوە بۆ چەمەکە ، لە قەراغی چەمەکە
کەوتمینە ڕێکردن ، هەستمان کرد کە گروپێکیان بەرەو ڕووی ئێمە دێن ،
کەوتینە نێوانیانەوە پشتمان و پێشمان هێزی دوژمن گرتبووی چارنەما بوو
شەڕێکی دەستەویەخە لە چاوەڕوانی ئێمە بوو ، پشتمان گردێکی روتەڵە بوو ،
پشتی خۆمان بە گردەکەوە نا و لە ٣ لاوە شەڕمان لەگەڵ هێزی دوژمندا
دەکرد ، بەردەوام بە بڵندگۆکەکانیان بانگەوازییان لێدەکردین ( خۆتان
بەدەستەوە بدەن ) ، ئێمە بە دروشم ووتنەوە وەڵامی ئەوانمان دەدایەوە ،
پشتی خۆمم بە دارێکی رزیوەوە نابوو ، زاتەن داریتری لێنەبوو ،
جەندرمەیەک تەقەی لێکردم ، سەرەتا هەستم بە هیچ نەکرد ، چەکەکی دەستم
هەر تەقە تەقی لێوە دەهات ، بەسەدان فیشەک بەر چەکەکەم کەوتبوو ، ویستم
تەقە بکەم ، بەڵام نەمدەتوانی تەقە بکەم ، پەنجەی دەستەڕاستم فیشەکی
بەرکەوتبوو ، دوایش لەناکاو هەستم کە قاچی ڕاستم دەلەرزێت ، ئەگەر
فیشەکەکان بەر چەکەکم نەکەوتبونایە لەوێ کوژرابووم ، هەموو ئەمانە لە
ماوەی چەند چرکەیەک هاتنە ئاراوە ، بەخێرا بە دەستی چەپم چەکەکەم
هەڵگرتوو کەوتمە تەقە کردن ، دەست و قاچم خوێنیان لێوەدەهات ، بەرچاوم
تاریک دەبوو ، حاڵەتی وا زۆر گرنگە وە منیش لەبارەی بریندار بونەوە
ئەزمونم نەبوو ، پشتوێنەکەم کردەوە ، سەرەتا دەستم دوایش قاچم بەست ،
خوێنێکی زۆرم لێدەچۆڕی ، خوێن لەناو پێڵاوەکەم دەچۆڕی ، نەمدەتوانی
خوێنلێچونم راگرم ، تازەبووم لە بۆتانەوە هاتبووم بۆ ئێرە ، من خۆم لە
ناوچەی گابار بووم ، لەو ناوچەیە پشتوێن زۆرە ، نزیکەی ٢٠ مەترێک دەبێت
پشتوێنەکان ، برینەکانم پێچی بەڵام خوێن هەر دەچۆڕی.
من لەدواییدا حاڵی بووم کە بەم کارەم خۆم لە مردن پاراستووە ، مرۆڤ
مەحاڵە ئەو دیمەن و ئەو ڕەوشە بە سانایی لەبیر بچێتەوە ، چرکە بە چرکە
ئەو ٥ کاتژمێرەم هەر وەک خۆی لەیادە ، ئێمە هیچ بێورە نەبووین ،
جەندرمەیەک بەردەوام بانگی لێدەکردین " لێدراون رزگاربونتان مەحاڵە
خۆتان بدەن بە دەستەوە " ئێمەش بەردەوام فیشەک لە دوای فیشکەمان دەنا
بەو شوێنەوەی کە دەنگەکەی لێوە دەهات ، من بە دەستی چەپم تەقەم دەکرد
کە نەشمدەتوانی دەستی چەپم بەکاربهێنم ئەرێزیش بە دەستی ڕاست تەقەی
دەکرد توانیم بەم شێوەیە نزیکەی ٥ کاتژمێر بەرگری بکەین ، ڕۆژهات شەڕی
نەکرد ، ئەو خۆی ڕادەستی هێزی دوژمن کرد ، هەڤاڵ ئامەد ئێمەی لەو شوێنە
ڕزگار کرد ، ئەگەر هەڤاڵ ئامەد نەبوایە ئێمە شەهید دەبووین.
هەڤاڵ ئەرێز بەردەوام تەماشای سەعاتەکەی دەستی دەکرد و دەیووت " دەی
کات کەی دەروات کەی تاریک دادێت ؟ " هەڤاڵ ئەرێز دەیزانی کە تاریکی
داهات ڕزگارمان دەبێت ، جارێکیان تەماشایەکی سەعاتەکەی قۆڵمم کرد ،
کاتژمێر ٧ و ٤٥ خولەک بوو بە ئەرێزم ووت " تەنها ٤٥ خولەک خۆڕاگرین
ڕزگارمان دەبێت " هەرچیمان دەکرد تاریکی دونیای نەدەگرتەوە ، بەیەک
دەست جگەرەیەکم پێچایەوە ، ئەمە لەوانەیە کارێکی شێتانە بێت کاتێک
جگەرەکەم دا بە هەڤاڵ ئەرێز روحێکی نوێی بەبەردا هاتەوە ، ئەرێز پێی
ووتم " لێرە دەرئەچین ڕزگارمان دەبێت " منیش ووتم " تەنها ڕۆژێکی
زەحمەت بوو بۆ ئێمە " ، ڕاستە ڕۆژێکی زەحمەت بوو بۆ ئێمە بەڵام وەک
فیشەک خێراو دژوار بوو ، دەمەو ئێوارە لە ٢ قۆڵەوە هێرشیان بۆهێناین ،
ڕومانە و ئاربێجیان پێوە دەناین ، لە هەر خولەکێکدا پێنجدانەیەکیان
پێوە دەناین ، بەڵام ئێمە بەیەک ڕیز خۆمان دەچەمانەوە و لە پشت ئاوی
چەمەکەوە دەستمانکرد بە ڕێکردن ، بەیەکەوە نوسابوین ، لە پشت هێزی
دوژمنەوە تیشک و روناکی گلۆپی شارم دەبینی ، لەناکاو کە تیشکەکان
تێکەڵی ناو هەور بوون ناچارماین خۆمان لەناو ئاوەکە درێژ بکەین ،
ئاوەکە بردمانی ، هێزی دوژمن خۆیان دادایە سەر پێدەشتەکە ، جارێکی تر
لەسەرەوە کۆبونەوە و گوێمان لێبوو دەیان ووت " لەکوێن ئەمانە؟".
بەسەر بەرزاییکەوە زۆرمان لەخۆمان کرد بە گرتنی دەوەن و دڕک و گرتنی
چڵی دروختەکانەوە توانیمان بچینە سەر ڕێگای گوندەکە ، زریپۆش بەسەر
ڕێگاکەنەوە بوون ، بەخێرایی بەسەر ڕێگاکەدا پەڕینەوە ، کاتێک ویستمان
بە لێژاییەکدا شۆڕبینەوە لە خوارەوە چاومان بە تیشک کەوت ، گردێکی قیت
بوو ، توانیمان خۆمان لێژبکەینەوە و خۆمان بگەهێنینە لێواری چەمەکە ،
لەناو ئاوەکە ڕاوەستاین ، هەناسەیەکی ڕەحەتمان هەڵکێشا ، هێشتا گوێمان
لە تەقە دەبوو لە شوێنی شەڕەکەمانەوە ، تەڵقەتەنورەیان دەکرد بە
ئاسماندا ، بۆئەوەی شوێن پێمان ئاشکرا نەبێت هیچ لە ئاوەکە دەرنەچوین
تاکو ڕۆژی دوایی لە ئاوەکە ماینەوە واتا ١٠ کاتژمێر بەوحاڵە ڕێمان کرد
، بەدرێژایی ئەو ماوەیە کە تەماشایەکی دواوەم کرد بۆمدەرکەوت کە هەر
٢٠٠ یان ٣٠٠ مەترێکمان بڕی بوو ، هێزی دوژمن سەر گردەکانیان گرتبوو ،
هەڤاڵ ئامەد بەو هەموو ماندوبونەوەمان ئێمەی بردە شوێنێکەوە کە هەمووی
دڕک بوو ، دڕکەکانی لاداو من و ئەرێزی کردە ژێر دڕکەکانەوە ، ئەو
ڕۆژەمان زۆر چەتون بەسەر چوو ، ڕۆژێکی زۆر گەرم بوو ، بەگوێرەی کاتی من
دەبوایە ٨ ی ئابی ساڵی ٩٤ بێت ، بە درێژایی ڕۆژ لە نێوان خۆمان سەرەرای
ئازار و ماندوبون و جارناجارێک بورانەوەمان و تینوبون و برسێتیمان کەچی
دەمانتوانی گاڵتە لەگەڵ یەکدا بکەین و باسی ئەو شەڕوشۆرە بکەین و
هەندێک گاڵتەش بەیەک بکەین ، بەڵام هەرسێکیشمان گرێدراوی ژیانێکی پر
خۆسەویستی و واتادار بوین ، توانیمان ئەمڕۆژە بەسەر بەرین و ئێوارە
داهات ، هەڤاڵ ئامەد ئەویش لەناو کۆمەڵەدڕکێکی بەردەممان خۆی حەشاردا
بوو ، ئەگەر هێزی دوژمن بهاتنایە دەمانتوانی یەکتری بپارێزین و پاشەکشێ
بکەین ، بیرمان کردەوە لەحاڵەتی پێش شەهید بونمان پێویستە کارێک بکەین
ئەویش ئەوەبوو ئەشیاکانی گیرفانمان دەرهێنا و هەموومانم سوتاند و
کردمانە ژێر خاکەوە ، مەخابن ئەشیاکانمان زۆر بوون هەربۆیە هەندێکیمان
لەژێر خۆڵ شاردەوە ، هێزی دوژمن لە هەموو لایکدا بەشوێن ئێمەدا دەگەڕان
، بۆئەوەی دەنگمان دەرنەچێت هەرچەندە ئازارێکی سەختیشم هەبوو بەڵام
ددانم لە داروبەرد گیردەکرد تاکو دەنگم نەگاتە گوێێ دوژمن ، لەبەر
توینیتی لێومان قاژ ببوو ، توینێتی لە حاڵەتێکی ئاوادا زۆر سەختە ،
ئاومان هەر ٥ یان ٧ مەترێک لێمانەوە دوور بوو ، بەڵام نەماندەتوانی
بچینە سەر ئاوەکە ، بەهەر شێوەیەک بێت توانیم هەندێک لە توتڕکەکانی ناو
دڕکەکان بخۆم ئەگەر ئەویش نەبوایە حاڵم خراپتر دەبوو.
دەمەوئێوارە لە شوێنەکەی خۆمان جێهێشت ، چوینە گوندێکەوە ، کەسیان
دەرگایان لێنەکردینەوە ، ژنێک لە دەرەوەی خواستی خۆی دەرگاکەی لێمان
کردەوە ، کەچاوی پێمان کەوت لەشوێنی خۆی بورایەوە ، چونکە ئەم گوندە
گوندی جاشەکان بوو ، ویستمان ژنەکە بهێنینەوە سەرخۆی ، جاش و جەندرمە
سەرگردەکانیان گرتبوو ، گوێدرێژێکمان لە گوندەکە پەیداکرد ، بەڵام ئەم
کەرە شێت بوو ، هەر دەمەترێک ڕادەوەستا و ئەزەڕی ، ناچار هەڤاڵ ئەرێز
لەسەر کەرەکە دابەزی ، ئەرێز زۆر لە کەرەکە توڕەبوو هاواری لێکرد (
سیخوڕی بەچەی سیخوڕ ئەی خائینی بەچەی خاین ) هەڤاڵ ئەرێز لە توڕەبوندا
ئەگری ، من و هەڤاڵ ئامەدیش بەم حاڵەی هەڤاڵ ئەرێز پێدەکەنین ، ئیتر
کەرەکە لێمان دوور کەوتەوە دیمەنێکی کۆمیدیمان هەبوو ، ئەرێز لێی
دەپرسین " بۆچی هەموو شتێک دژی ئێمەیە هەڤاڵۆ ؟ " ئامەدیش پێی ووت "
لەبەر ئەوەی کوردین " ، دوایش بەیەکەوە کەوتینە پێکەنین.
قاچە پێکراوەکەم زۆر ئاوسابوو ، چەکەکەم وەک گۆچان بەکاردەهێنا لەکاتی
ڕێکردندا ، لەکاتی ڕاوەستان ئازارم زیاتر دەبوو ، لەم زامداربونەوەم
فێربووم کە ئازاری برین لەحاڵەتی ڕێکردن و زەخت لێکردنی کەم دەبێتەوە ،
تابەیانی ڕێمان کرد ، لەنێوان دارەکانی ئەوبەری گوندەکە ماینەوە ،
هەڤاڵ ئامەد لە گوندەکە بەتانییەکی کۆنی هێنابوو ، بەو بەتانییە
دایپۆشین و مەنجەڵێک ماستاویشی هێنابوو کە لە ژنەکەی سەندبوو ، ماوەیەک
بوو بۆ یەکەمجار بۆمان لوا کە هەندێک ماستاو بخۆینەوە ، لەکاتی نیوەڕۆ
لێرەش جیابوینەوە ، لەشوێنی نهێنی ڕیماندەکرد و لەئاکامدا توانیمان
بگەینە سەر گردێک ، لەدوورەوە کەسێک ڕێی دەکرد ، کەهەستی بە بوونی ئێمە
کرد راوەستا ، بە هەڤاڵ ئامەدم ووت " هەڤاڵ ئامەد کەسێک ئێمەی بینی و
راوەستا تەماشامان دەکات " ئەویش ووتی " بانگی بکە با بێت بۆلامان "
منیش هاوارم لیکرد " وەرە .. وەرە " ، کابرا کۆڵەپشتێکی سپی بە شانەوە
بوو ، کەشکۆڵەکەی داناو بە ڕاکردن بەرەو ئێمە هات ، باوەشی پێداکردین ،
پێی ووتین کە ناوی موسایە ، پێی ووتم " هەڤاڵ وەرە سەر کۆڵم ، بابچینە
خوارەوە شوانەکەمان لەوێیە " ، منیش سوپاسیم کرد ، موسا کەسێکی باڵا
بەرزی ئەسمەر بوو ، هێواش .. هێواش بەرەو خوارەوە کەوتینە ڕێ ، لەژێر
سێبەری دارێکی گەورەی چەمەکە میگەلە مەڕەکەی دەلەوەڕان و شوانەکەش خۆشی
لەسەر بەردێک راوەستا بوو .
دوای ماوەیەکی کەم شوانەکە شیری دۆشی و لەناو کترییەک کوڵانی و
دایپێمان ، چاومان بەتەپۆز کەوت کە بەقەد قەدپاڵەکەی ئەوبەرمانەوە بەرز
دەبۆوە ، یەکێک بەڕاکردن بەرەو ئێمە دەهات ، ئەم کەسە کۆنە قاچاخچی بوو
، شەو کە لە نزیک گوندەکە ڕێمان کردبوو کەوتبووە دوامان و ئێستاش
هاتبووە لامان ، تەمەنی ٦٠ ساڵێک بوو ، لەناو کراسەکەیدا ئەشیایەکی
زۆری دەرهێنا ، کۆمەڵێک برین پێچوو مەڵحەم و جگەرە و دیتۆڵی پێ بوو ،
بەراستی جێی سەرسوڕمان بوو ، شوانەکە و موسا و کۆنە قاچاخچێکە
برینەکانمانیان پاککردەوە و پێچیان ، کەسانێکی زۆر دڵسۆز بوون ، دوایش
چاودیری ناوچەکەیان کردوو پێیان ووتین کە لەم ناوە جەندرمەی لێ نییە.
لەوێ جیابوینەوە ، دوای چەند ڕۆژێک توانیمان بگەینە شوێنی خۆمان ،
گروپەکەمان لە گردی داللی بوو لە دارستانەکە ، لەناو گروپەکەمان دکتۆر
عافاتی تێدا بوو کە لە هەرێمی سەرحەدەوە هاتبوو ، برینەکەمی پاککردەوە
و بەجۆرێک قسەی بۆ دەکردم کە دبووە هۆی مۆڕاڵ بۆ من ، برینەکەمان کرمی
گرتبوو ، چاک بونەوەم ماوەی ٣ مانگێکی خایاند بەڵام چاکبونەوەی دەستم
زیاتری خایاند ، هێشتا لەیادمە ، تاکو ئێستاش کە دەچمە بەردەم بەلوعە
پێکەنینم دێت چونکە ئەو کاتە شتێک فێربووم ئەویش ئەوەبوو کە چی کاتێک
توانیم بە هەردوو دەست دەموچاوم بشۆم ئەوکاتە چاکدەبمەوە.
برینداربوون ئەو قۆناغەیە کە مرۆڤ دەتوانێت خۆی تێدا بناسێت و لە هەموو
شتێک حاڵی ببێت ، من بەردەوام ئەم مەسەلەیەم بەو شێوەیە دەبینی ، من لە
برینەکەم هێز و بەرخودانم وەردەگرت ، بیگومان نەبونی داودەرمان و شەرتی
فیزیکیش زحمەتیت بۆ دروست دەکات ، بەڵام شتێک هەیە ئەویش وەڵاتپارێزی
گوند نشینەکان و ئەو خۆسەویستییەی هەڤاڵانت نیشانیان دەدات هەموو
ئەمانە ئەو هیوایەن کە هەمیشە لە داودەرمان باشترن ، بۆنمونە لە کەناری
ڕووبارەکە لە چەمی خەستەخانە کەپردێکمان هەبوو لەم شوێنەدا ئێمە ٤ یان
٥ بریندارێک دەماینەوە ، هەڤاڵانی ئێمە لە سەرومانەوە بەقەد یاڵەکانەوە
بوون ، ڕۆژانە دوو سێجارێک ئاگەداریان دەکردینەوە کە دەنگی قسە و
پێکەنینمان بەرزە ، ئەوەی کاریگەری لە من دەکرد قسەی فەرماندەکەمان بوو
بەناوی ( کاکە عەگید ) کە خەڵکی لیجەی سەر بە ئامەد بوو پێی دەووتم "
زوو خۆت چاک بکەرەوە " سەرەتا وامدەزانی کە پێم ڕادەبوێرێت ، منیش پێم
دەووت " برینەکەم ئەوەندەی ناو لەپێکە کەچی تۆ چیم پێدەڵێیت ؟ " لەگەڵ
بەسەرچوونی کاتدا حاڵی بووم ، کورتترین ڕێ بۆ چاکبونەوەی برین ئەوەیە
کە خۆت خۆتچاک بکەیتەوە ، هەموو دەرمانەکانمنا پێکهاتبوو لە چەند
مەڵحەمێک و چۆراپ و چەندپارچە پەڕۆیەک ئەمانەم بەکارهێنا ئەمە هەموو
دەرمانەکانمان بوون.
برینەکەت چەنێک سەختیش بێت ئەوەی گرنگە بۆ چاکبونەوەت داودەرمان نییە
بەڵکو ئەو پەیوەندییە بەهێزە مەعنەویانەیە کە چاکت دەکاتەوە ، لە
ئاکامدا بریندار دەبیت ، فیشەکێک دێتە ناو گۆشتەوە و لەشت کون دەکات ،
خوێنت لێدەچۆڕێت ، لەوانەیە ئەگەر ئەم لێدانە نەبێت هەر ٥٠ ساڵێکی تر
بژیت هەموو ئەو ساڵە دوای ئەم فیشەکە بە ٥ خولەک هەناسەت لێدەبڕێت ،
وەک بە خۆڵەمێش بوونی کڵپەی ئاگرێکە ، هەست دەکەیت شتێکی گەرم لەشت
دادەگرێت و دوای ماوەیەکی کورت لەشت ساردەبیتەوە وەک کوژانەوەی ئاگرێکی
بە کڵپەیە ، ئەگەر لەو ماوە کورتە دانبەخۆتتدا بگریت لەوانەیە ڕێ لەو
مردنە بگریت ، لەئاکامدا بریندار بوون لەناو هێزی گەریلادا لە مردن
ناخۆشترە ، لەزۆر هەڤاڵدا بیستبووم کە مردن لە برینداربوون خۆشترە ،
چونکە مەسەلە گرنگەکە لە دوای برینداربونەکە دەست پێدەکات ، شتە
زەحمەتێکان زۆرن کە لە ژماردن نایەن ، هەرچییەک دەبێت با ببێت پێویستە
مرۆڤ دەست بە چڵی ژیانەوە بگرێت ، بەڵام چۆن؟
بۆ مانەوەت لە ژیاندا باوەڕبون و دەروونت هەبێت بەسە ، برینداربون لە
قۆناغی سوقرات ئەچێت ژیان لەخۆیدا هەموو شتێک فێری مرۆڤ دەکات.
ماڵپهڕی رێبوار
|