١\٦\٢٠١٣
بیرەوەریی لە
چیرۆکى (نامە)ى (فەڕوخ نیعمەتپوور)دا.

گۆران رەئوف
لەڕاستیدا ئەوەى وایکرد دەستبدەمە پێنووسەکەم و بنووسم لەمەڕ وەها
بابەتێکەوە، لەنێو چیرۆکێکى وەهادا، خودى مانا و تەکنیک و ئەو زمانە
ئەدەبییە نەبوو، کەلەنێو دەستەواژە یادگارئامێزەکانىـدا هەستى پێدەکرێت،
یاخود تێکڕاى ئەو وێنە ئەدەبى و ئەو سەرەتا پڕ لە نائومێدییە نەبوو
کەوایکرد خەیاڵە شیعریەکانى ئەندێشەم زیاتر و زیاتر گەشەبکات، لەڕووى
گوزارشت و هەڵماڵینى ئەو چەقبەستووییە لەنێو دۆنمەکانى وێژەدا بوونى
هەیە، بەڵکو یەکێک لەهەرە چەمکە ناسک و شەرمنەکانى بوو کەگەر بێتوو بە
وردبینییەکى زیاترەوە تەماشاى نەکەین، ڕەنگە نەتوانین پەى بەو جیهانە
پڕ یاداشت و پڕ بیرەوەرییە ببەین، ڕەنگبێ ئەسڵەن سەرسامانە لەڕوانگە و
گۆشەنیگاکانى دیکەى چیرۆکەکەوە قسەبکەین، بەڵام دەکرێت هەموو ڕەهەندە
فیکرى و ئەدەبییەکانى وەلانێین و تەنها و تەنها وردبینەوە بەسەر وشە و
ڕستە و گوزارە نهێنیەکانى نێو ڕووداوەکان، وردبینەوە و تێڕامێنین
لەئاست تێکستێک کە دەکرێت وەک نەمرترین ئەو چیرۆکە قەشەنگانە داینێن
کەدواون لەبارەى بیرەوەرییەوە و دواون لەجیهانێک کەوایکردووە مرۆڤەکان
زیاتر پەلکێشى سۆز و مرۆڤدۆستى بکەن، جیهانێک تاهەنووکەش و ڕەنگە
تاکۆتاییەکانى ژیان کاریگەر بێت لەسەر ئەقڵ و ئەندێشە و خەیاڵاتە
سۆزاوییەکان، کاریگەربێت لەسەر کردار و ئەدگار و خاسیەتەکانى مرۆڤ،
چونکە ئەوە بیرەوەرییە وادەکات ڕەوتى ژیان بەجۆرێک لەهیواوە بگوزەرێت،
ئەوە خودى خەیاڵفروانى مرۆڤەکانە لەئاست یادگاریى و ڕووداوە
تێپەڕەکانەوە کەدواجار سەرجەمى چیرۆک و ڕووداوەکان جۆرێکن لە بیرەوەرى،
جۆرێکن لەو چەمکەى هەندێکات بەبیرکردنەوە لێیان وردوخاشمان دەکات،
هەندێکات بەگەڕانەوە بۆ نێویان هەپرون هەپرونمان دەکات، بۆیە وادەزانم
قسەکردن لەبارەى ئەو چەمکەى هەڵمانبژاردووە شتەهایەکى بێئەندازە و بێ
کۆتا لەخۆدەگرێت و دەکرێت هەر لەنێو ئەم فۆڕمەدا چەندان وردەکارى دیکەى
بدۆزینەوە و هێندەى یەکتر گوزارشتى ئەدەبى و ئەقڵانى لەبارەوە بکەین،
بەڵام دەگونجێت بەشێوەیەکى شیکاریانە و بەجۆرێکى ئەدەبییانە بدوێین
لەسەر ڕەهەندێک لە ڕەهەندە گرنگەکانى نێو ئەو چیرۆکە، ڕەهەندێک کە خودى
چیرۆکنووس زۆر بەتواناوە کارى لەسەر کردووە، زۆر بەوردبینییەوە
توانیویەتى گوزارشتى ئەدەبى و فیکرى خۆى بکات، کەهەر ئەو هێز و زمانە
تەواو پڕ بیرەوەرییە وایکرد هەوڵبدەم لەبارەیەوە بنووسم لەبارەى تەنها
(بیرەوەرییەوە).
چیرۆکنووس هەر کەمێک دواى دەسپێک بەزمانێکى یەکجار قوڵى یادگارئامێز و
ئاماژەى ئەدەبییەوە دەڵێت:"جاران پێش ئەوەى سەرەتان بگرێ، ئەگەرچى بە
تەمانا چووبوو، ڕاحەت سەرەو خوار و دەرە و ژوورى دەکرد. کاتى بەتاڵ،
بەشێکى زۆرى ئەرکى ماڵەکەى خستبووە ئەستۆى. بەڵام ئەرک نەبوو!"،
لێرەوەیە سەرەتاى قوڵبوونەوەکان بەنێو دونیاى پەنها و جیهانى
بیرەوەریدا، لێرەوەیە ئەو سەرەتایەى کە ڕۆچوونێک وونمان دەکات لەکۆتایى
چیرۆکەکەوە نەتوانین بڕوا بەوە بهێنین، کەئەمە تەنها چیرۆکێک نیە،
بەڵکو داستانێکە لەبارەى بیرەوەرییەکى کوشندەوە نووسراوە، لەبارەى
ڕووداوگەلێکەوە دەدوێت کە مرۆڤەکان تووشى چەندین ڕاڕایى و دوودڵى دەکات،
وادەکات دواتر قوڵتر لەجاران بیربکەینەوە، فراوانتر لە ڕابردوو بیر لە
یادەورەییەکان بکەینەوە،...، هەر کەمێک دواتر و بەشێوەیەکى ڕوونتر لە
دەسپێک، وەڵامى ئەوەمان دەداتەوە کە خودى ئەو کاراکتەرەى بەشێکى زۆرى
ئەرکى ماڵەکەى خستبووە ئەستۆى و بەڵام دەشڵێت ئەرک نەبوو، وەڵاممان
دەداتەوە بەشێوەیەکى سادە، کە وایکردووە ئەم سادەییە زۆر گرنگ بێت،
چونکە هەستى خوێنەر فریودەدات و ناهێڵێت لەو هاوسەنگییە بترازێت
کەلەنێو دەستەواژە سەرەتاییەکانى چیرۆکەکەدا هەیە، چیرۆکنووس دەبێتە
وەڵامگۆى ئەو گرێ کورتەى هەر لەسەرەتاوە خستییە ڕوو، ئەو
دەڵێت:"خانووەکە گەورە بوو و لە باوکیەوە بۆى مابووەوە. بیرەوەرییەکانى
باوکى و ئەو چەند ساڵە کەمەى کە لەگەڵ مێردەکەى لێرە بەسەرى بردبوو،
بەخۆیەوە مەشغوڵى دەکردن."، لەپاش ئەوەى وەڵامى وێنە پرسیارئامێزەکە
دەخاتەڕوو، هاوکات جۆرێک لە کرانەوەى بیرەوەرى هەیە و وادەکات کەمێک
لەو ڕەهەندە چڕوپڕە ئاشکرابێت، وادەکات ئەو دەروازانە بکرێنەوە کە
لەمەوداى دواترى چیرۆکەکەدا بەتەواوى دێنە بەرهەم، بەڵام لەدواى ئەو
نیمچە پرسیار و گرێیە، بەچنینێکى تەواو ئەدەبییەوە دەڵێت:"هەموو شوێنێک
سیماى باوکى و دەنگ و ڕەنگى مێردەکەى بوو، کە لە ناکاو ڕۆژێک لە
ڕۆژەکانى زستان مردن بردبووى."، تا ئێرا زۆر شت بۆنى ڕوونبوونەوەى
ڕاستەوخۆى لێ دێ، کە دواتر تێدەگەین لەوەها تێکستێکى ئەدەبیدا بیرەوەرى
بەچ شێوەیەکى جوان و نەرم مامەڵەى لەگەڵداکراوە، تێدەگەین خودى
چیرۆکنووس بەچ شێوەیەکى بێ ئەندازە قوڵبۆتەوە لەنێو دونیاى بیرەوەرى و
ڕووداوە بەسەرچووەکاندا، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا خەیاڵفراوانى
لەگێڕانەوە و بە واقیعیەتکردنى هەیکەلى چیرۆکەکە...، لەڕاستیدا
وادەزانم قسەکردن لەسەر تەکنیک و هونەرى نووسینى چیرۆک بۆمن گرنگ نیە،
هەرچەندە تێرو تەسەلى چیرۆکەکە بارگاوییە بەو فاکتەر و هۆیانەوە، بەڵام
خۆ ئێمە لەسەرەتاوە بڕیارمانداوە لەمەڕ کام شتەوە دەنووسین، بۆیە زۆر
گرنگە لە بابەتیبوون و شیکارکردنى هەڵبژێردراوى نووسینەکە لانەدەین،
کەئەویش (بیرەوەرییە).
چیرۆکنووس کەکاتێک دێتە سەر ئەوەى باس لەهەندێک پرسیارى لۆژیکى بکات،
لەبەرئەوەى وەک بۆشاییەک لەنێو لایەنەکانى دیکەى چیرۆکەکەیدا درووست
نەبێت، دێت و دەڵێت:"سەرەتا هەستى کردبوو ناتوانێ چیدى لەم خانووەدا
بژى، بەڵام دواتر زانى کە ئەم خانووە تەنیا شوێنێکە کە ڕۆیشتووەکان بۆ
هەمیشە بەجێى ناهێڵن."، لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ دوو ڕوانگە دێنە پێشەوە
کەهەریەکەیان خاوەنى گرنگى تایبەت بەخۆیانن، ئەویش ئەوەیە کە چیرۆکنووس
هاتووە ئەم پرسیار و وەڵامەى یان ئەم گرێ و کرانەوەیەى وەک
بەئەقڵانیکردنى چیرۆکەکەى بەکارهێناوە، هاوکات جارێکى دیکە و بە دیدێکى
دیکەوە هاتووە ئیشى لەسەر پیرۆزى بیرەوەرى کردووە، چونکە خودى
کاراکتەرە سەرەکییەکە گەیشتۆتە ئەو بڕوایەى کە تەنها جێگایەک بۆ
گەڕانەوەى ڕۆح و بیرەوەرى ئازیزانى تەنها و تەنها ئەو خانووەیە، بۆیە
دواتر دەڵێت:"مابووەوە. مابووەوە و بەدێژایى ئەو ساڵانە فێر بووبوو کە
چۆن بیرەوەرییەکانى هەڵگرێ و ونیان نەکا."، لێرەشدا جارێکى دیکە و وەک
یاسایەکى نووسینى چیرۆک، بەشێوەى درووستکردنى گرێ و لەپاشاندا کرانەوەى،
دێتەوە هەڵماڵینى زیاترى نهێنى چیرۆکەکە، لەم کاتەدا و بەخوێندنەوەى
ئەو ڕستانەى سەرەوە کە بەنموونە هێناومانەتەوە ئەو پرسیارە دێتە کایەوە
کە دەبێت بیرەوەى هێندە باسى لێوەکراوە، ئەسڵەن لەبەرچییە؟، یاخود کوا
کەرەستەیەکى بەهێز بۆ ڕاستترکردنى بابەتى بیرەوەرى لەنێو چیرۆکەکەدا؟،
بەڵام زۆر نابات و چیرۆکنووس لەنێو دەستەواژە پڕ یادەوەرییەکاندا،
وەڵامى ئامادەکراوى هەیە و باس لەیەکێک لەهەرە کەرەستە بەهێزەکانى
بیرەوەرى دەکات، کەتیایدا هاتووە و دەڵێت:"یەکێک لەو شوێنانە سندووقێکى
گچکەى دارینە بوو کە هەموو نامەکانى سەردەمى منداڵى، کاتێک باوکى بۆى
نووسیبوون، تێیدا هەڵیگرتبوون."، ئەم دەربڕینە بەجۆرێکە کە خودى
چیرۆکنووس وەک زانیارى لەمەڕ ڕووداوەکانەوە داویەتى، و باس لەیەکێک لە
کەرەستەى بیرەورییەکانى دەکات، کە سەرجەم نامەکانى سەردەمى منداڵى
لەخۆگرتووە.
چیرۆکنووس لەدواى ئەوەى یەکێک لە کەرستەکانى بیرەوەرى ئاشکراکرد، زۆر
نابات دێتە سەر هەنووکەى ڕووداوەکان و دەڵێت:"ئەوانەى لە خەستەخانەوە
دەهاتن، ڕۆژانە بۆ چەند سەعاتێک لەسەر کورسیەک لە ژوورى دانیشتنەکە بە
تەنیشت مێزێکەوە کە پڕ بوو لە کتێب و وێنە و دەفتەر و قەڵەم و شتى دیکە،
بەجێیان دەهێشت. سندووقە گچکەش هەر لەوێدا بوو. لەناو یەکێک لە
ڕەفەکاندا. ئەو رەفەى کە هەمیشە ئەوکاتەى باوکى زیندوو بوو، شمەکى وەک
پاکەتە جگەرە و شتى دیکەى لەم بابەتەى تێ دەهاویشت".
دواتر و لەپاش ئەوەى بەشێکى زۆر لە کەرەستە و نهێنى بیرەوەرییەکان
ئاشکرا دەبێت، زۆر نابات دێتە سەرئەوەى کە یەکێک لەهەرە زیندووترین و
بەبایەخترین بیرەوەرى بەنموونە بهێنێتەوە و بەتەواوى چیرۆکەکە بارگاوى
بکات بە چەمکێکى گرنگ کە بیرەوەرییە، یاخود ئەگەر لەوەوپێشى چیرۆکەکە
بیرەوەرى تیادا کاڵ دەرکەوتووە، یان لەژێر پەردەیەکى ئاماژاوییەوە بووە،
ئەوا لەوکاتەى کەدێتە سەر باسکردنى نموونەیەکى تەواو بیرەوەریئامێز،
ئیدى ڕەوینەوەى گومانەکان دەستپێدەکات و بڕواهێنانێکى سەپێنراو
دێتەکایەوە، چونکە ئەوەتا چیرۆکنووس بەشێوەیەکى هێندە ئەدەبى و
بیرەوەریانە باسى کردووە، کەناکرێت نەمانبات بەرەو مەملەکەتەکانى
یادگارى و بەرەو دەڤەر و بیابانەکانى بیرەوەرى، ئەوەتا دەڵێت:"یەکێک
لەو نامانەى کە باوکى بۆى نووسیبوو، نامەیەکى کاتى شەڕ بوو. ئەو کاتەى
کە ئەڵمانییەکان وڵاتیان داگیر کردبوو و باوکى هەڵاتبوو و لە
بریتانیاوە بەشدارى ئەو چالاکیانەى دەکرد کە بە دژى نازییەکان بەڕێوە
دەچوون. ئەم نامەیە لەلاى یەکجار خۆشەویست بوو. نامەیەکى یەک لاپەڕەیى
کە ئێستا کات پیرى کردبوو. ئەو کاتەى ئەم نامەیەى پێ گەیشت، دوانزە
ساڵى تەمەن بوو. نازدارى باوکى بوو."، ئاى ئەوە ساتگەلێکە کە خودى
بیرەوەرى قوڵبووەتەوە لەنێو ئەو جیهانە گەورەیەى سازیداوە، قوڵبووتەوە
لەنێو ئەو یاریانەى دەیهێنێتەوە بۆ ئەندێشەى خوێنەر و بۆ فراوانى
بیرکردنەوە...، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا تراژیدیایەکى تەمومژاوى
دیارە، کە دەکرێت ناوى بنێین (هەیکەلى چیرۆکەکە) و سەرجەم کەرەستە و
دەربڕینە فیکرییەکانى پێوەبەندە، هاوکات دەبێت باس لەو چنین و
ئاسانبێژەیەش بکەین کە چیرۆکنووس بە تەکنیکێکى زۆر نایاب بەکاریهێناوە،
یاخود گەر ڕوونتربڵێین چیرۆکنووس هاتووە بەبێ ئەوەى هیچ گرانییەک و
نائارامى و هیچ نامۆییەکى تێدابێت، ئاشناى زۆر شتمان دەکات،
دەمانناسێنێت بەو ڕۆژگارانەى جەنگ، ئاشناى ئەو سەردەم و شوێنانەمان
دەکات کە ڕووداو و تێکڕاى چیرۆکەکەى تیادا درووست بووە.
چیرۆکنووس لەبەشێکى نوێ و لە پەسنکردنى منداڵى کاراکتەرە سەرەکییەکە و
ئەدگار و خوڕەوشتەکاندا، دێت و بەشێوەیەکى خێرا ئاشنایەتییەکى تەواومان
دەداتێ لەمەڕ ئەو پەیوەندییەى کەلەنێوان کاراکتەرە سەرەکییەکە و
باوکیدا هەبووە، چونکە ئەوەتا دەڵێ:"کە نەخۆش دەکەوت دەبا حەتمەن باوکى
بە دیارییەوە بێت و لە گەڵیا بخەوێ. باوکى متمانەى پێ دەبەخشى."،
لێرەدا تێدەگەین پەیوەندى لەگەڵ باوکیدا جۆرێک لە پیرۆزى و سەرچاوەیى
تێدادیارە، چونکە ئەوەتا لەپەرەگرافێکى دیکەدا هاتووە و دەڵێت:"ئەو
ڕۆژەى دکتۆر پێى گوتبوو شێرپەنجەیەتى، نەئاڵۆزکابوو. وەک عادەتى جاران
هەستى کردبوو مادام کە باوکى بەدەورەوەیە گرنگ نیە، چاک دەبێتەوە."،
لێرەدا گەورەترین هێوا و بەهێزترین ئیرادە و بڕوابەخۆبوون و یان بڕوا
بەهێزێک یاخود بڕواهێنانێکى عاشقانە لەئاست ئەو متمانەیەى کە بە باوکى
هەى بووە، بەڵام کەمێک دواتر و لەگەڵ دەرکەوتنى وشە و دەستەواژەکانى
دیکەدا چەند وەڵامێکى سەیر سەیر دێنە کایەوە...، هەروەک لە چیرۆکەکەدا
هاتووە:"کەچى لەسەر ڕێى ماڵەوە بە دیتنى تاقە دارە پیرەکەى ناو حەوشێ،
کەلەکاتى مردنى باوکیدا هێشتا نامامێک بوو، هاتبووەوە بیرى کە باوکى
لەمێژە نەماوە. ترسێکى سەیر دایگرتبوو. ئارام بەبێ ئەوەى ئەوانى تر
بزانن چووبووە ژوورەکەى خۆى و بۆ ماوەیەکى درێژ گریابوو.".
لەپاش ئەوەى ناتوانێت بەو هەستەوە بژى کە
باوکى نەمردبێت، ئیدى هیوا و ئومێد لەلاى وەک وێرانەیەکى خامۆش دێتە
پێشچاو، ئیدى دەبێت چاوەڕوانى هەواڵى لەناکا و هەژێنراو بین، چونکە لەو
چەند ڕستەى سەرەوەدا بەتەواوى زمانێکى یەکجار ئاماژاوى باس لە دواترێکى
تراژیدى دەکات، باس لە ڕووداوگەلێک دەکات بەڕاستى وادەکات هەموو چەشنە
بیرەوەرییەکمان خۆشبووێت...، چونکە لەنێو کۆتاییەکانى چیرۆکەکەدا دیارە
و نووسراوە:"ئتر لەو ڕۆژەوە هەموو شتێک گۆڕا. زۆر خێرا داهێزراو لە ناو
جێگادا بۆ هەمیشە کەوت. شتێکى خڕ لەناو سکیا تادەهات گەورەتر دەبوو.
وەها وەک تۆپێک. نا، وەک منداڵێک، منداڵى مەرگ!"، ئەو دەمرێت و کۆڵێک
بیرەوەرى لەگەڵ خۆیدادەبات، دەمرێت و مانا و دیدى نوێ پەیدادەکات بۆ
بیرەوەرى...، چیرۆکنووس لەو چیرۆکەوە ئاشنامان دەکات بەوەى کەتەنها بۆ
شتێک بژین ئەویش بیرەوەرییە، پێماندەڵێت دەبێت ژیان چی بێت جگە لەچەند
بیرەوەرییەکى کوشندە زیاتر، چونکە بەشێوەیەکى گشتى سەرجەمى
بیرەوەرییەکان کوشندەن...کوشندە.
لەکۆتا پەرەگرافى چیرۆکەکەدا گەر وردبینەوە بەشێوەیەکى زۆر نائومێدانە
کۆتا گوزارشتى نووسەر دەبینین لەمەڕ کاراکتەرە سەرەکییەکە و ئەو
نامەیەش کە وەک بەشێک لە چیرۆکەکە گرێدراوە و تیایدا هاتووە و
دەڵێت:"ئەو ڕۆژەیش کە بۆ شەوەکەى مرد، کاتێک بۆ دواجار لە ژوورى
دانیشتنەکە بە تەنیا دایاننابوو، نامەکەى باوکى خوێندبووەوە. ئەو
نامەیەى بۆنى دەریا، با و کەشتى لێ دەهات. نامەکە قەد کرابوو. ئارام
وەک هەمیشە بۆ ئەوەى هەڵنەوەرێ، کردبوویەوە. وشەکان و رستەکان لە
ئامێزى باوکى دەچوون، ئەو کاتانەى لە ژان و لە سەرمانا هەڵدەلەرزى و لە
بەستێنى گەرمیا ئارامى دەگرت:"، لەدواى دڵنیابوون و گەیشتن بەکۆتایى
ڕووداوە هەنووکەییەکان، واتە لەدواى مەرگى کاراکتەرە سەرەکییەکە، ئیدى
ڕەوتى ژیانکردنیش دەمرێت و لەگەڵ خۆیدا چیرۆکەکە دەوەستێنێت، بەڵام
ئەوەى مابێتەوە ئەو نامەیە کە وەک گەورەترین کەرەستەکانى بیرەوەرى
بەکارهێنراوە، چونکە وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕى بۆنى بیرەوەرى و
قاڵبوونەوەى لێ دێ، بۆنى ڕۆژانى پڕ شادوومانى و پڕ لەجوانى لێ دێ...،
تەواوى ئەو نامەیە جۆرێکە لە بیرەوەرى و بەشێکە لە زیندووى و پیرۆزى
یادگاریى، یاخود ڕاستە گەر بڵێین بەتەنها ئەو نامەیە بەسە بۆ ئەوەى ئەم
چیرۆکە والێبکات کە سەرڕێژبێت لە بیرەوەرى و لێوانلێوبێت لە یاداشت، لە
ڕۆژە جوانەکان، لە ڕۆژانى منداڵى.
سەرەتاى ئەو نامەیەى کەلە چیرۆکەکەدا هاتووە، بەجۆرێکە کە تێدەگەین
بۆنى نەمرى و بۆنى بێ کۆتایى لێ دێ، چونکە بەم شێوەیە دەستى
پێکردووە:"کچم! ئێستا کە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، لەگەڵ هاوڕێکانم
لەسەر عەرشەى کەشتییەکە دانیشتووین و قسەدەکەین. ئاسمانێکى ساماڵە و
هەتاوێکى گەش و دەریایەکى ئارام."، دواتر و لە بەشێکى دیکەى نامەکەدا
هاتووە:"دەریا بیرى ئەو رۆژانەم دەخاتەوە کە پێکەوە دوانیوەڕۆیان
دەچووین بۆ قەراخ دەریا. هیچ کاتێکى ئەم ڕۆژە دژوارانە تۆم لە بەرچاو
ون نەبووە."، لەڕاستیدا سەرجەمەى نامەکە بەشێوەیەکى زۆر ئەدەبیانە و
زۆر بیرەوەریانە نووسراوە و ناکرێت لەوەها نووسینێکدا سەرجەمى
بنووسینەوە، بەڵام بەگشتى نامەیەکە سەرڕێژە لە بیرەوەرى و پڕیەتى لە
وێنەى شیعرى و وادەکات کاریگەربێت لەسەر دەروون و ڕۆحى خوێنەر، هاوکات
وادەزانم لەوەها چیرۆکێکدا پڕواوپڕ گونجاوە، یاخود دەکرێت بڵێن ئەو
نامەیە تەواوکەى چیرۆکەکەیە.
کۆتا شتێک کە بەبڕوانى من هێندەى هەموو نامە و چیرۆکەکەش کاریگەرى
دەروونى و بیرەوەریانەى هەیە، تەنها چەند ژمارەیەک و ناوێکى سادە و
ساکارە، کەلە کۆتایى نامەکەوە هاتووە، ئەویش ئەو بەروار و ناونیشانەیە
کەلە یاساى نووسینى هەموو نامەیەکدا گرنگە هەبێت، وە لە کۆتایى ئەو
نامەیەشدا هەیە و بەم شێوەیە نووسراوە:
''باوکت''
١٩\٧\١٩٤٣
لێرەدا نامەکە بەکۆتا دەگات و ئەوەى دەمێنێتەوە بیرەوەرییە و قەد
لەبیرناکرێت، ئەوەى لەبیرناکرێت بیرەوەرییە و قەد نامرێت، چونکە ئەوەتا
چیرۆکنووس لەکۆتا دێڕەکانى چیرۆکەکەیدا، دەڵێت:" ئەو شەوە زیاتر لە هەر
کاتێکى دى لە ئامێزى باوکیا بوو. سەرى سپى و لەشى وێک هاتوو و وشکى کۆ
دەکردەوە و بۆیەکەم جار دواى ئەو هەموو ساڵە بۆنى ژێر مل و کاکۆڵەکانى
باوکى دیسان هەڵمژییەوە.".
لەکۆتایدا خوازیارم توانیبێتم شتێکم لەمەڕ بیرەوەرى و لەئاست
چیرۆکەکەوە گوتبێت، کەتێکڕاى چیرۆکەکە سەرڕێژە لە بیرەوەرى و پڕە لە
وێنای ئەدەبى و یادگارئامێز...، کە دیسانەوە دەیڵێم ئەوەى وایکرد لەم
بارەیەوە بنووسم، تەنها و تەنها چەمکى بیرەوەرى بوو لەنێو جیهانى
پەنهان و ئاماژەى چیرۆکەکەدا.
___________________________________
• بۆ ئەم
نووسینە تەنها سوودم لە چیرۆکى (نامە) وەرگرتووە، کە لە کۆمەڵە چیرۆکى
''ئێوارەى شار''ى فەڕوخ نیعمەتپوور دایە.
تێبینیی:
سەرجەم ئەو دەستەواژانەى لە نێو کەوانەکاندان لە خودى چیڕۆکەکەوە
وەرمگرتووە، واتە چیرۆکى (نامە).
ماڵپەڕی گۆران رەئوف
|