په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٥\٢٠١٥

"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"

خەڵاتی فیستیڤاڵی "ئاشتی لە زەوی" بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" خەڵاتی فیستیڤاڵی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" لە ئەمەریکا بەدەستھێنا.


فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان رۆژی ٢١ی نیسانی ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.


ئەم فیستیڤاڵە بە مەبەستیی بردنە سەرێی ئاستی ئاگاداریی خەڵکیی لە ئاشتی، نەمانی تەندووتیژی، مافی مرۆڤ، یەکسانی کۆمەڵایەتیی لە جیھان و ھەروەھا ھاندانی فیلمسازانی سەربەخۆ بۆ سازکردنیی بەرھەم گەلێک بە تێمی ئاشتی لە دنیادا دامەزراوە.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی، دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"، بەشی "پێشبڕکێی دیکۆمێنتاریی"، بەشی "پێشبڕکێی کورتە فیلمە چیرۆکی و دیکۆمێنتاریی"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "بەرھەمی خوێندکاریی" و چەندین بەشی دیکە لە رۆژی ٢١ تا ٢٤ی نیسانی ٢٠١٥ لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.


"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران" لە میانەی سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" لە وڵاتی پورتوگال نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە دوو خەڵاتی سەرەکیی، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم و خەڵاتی باشترین سیناریۆ و ھەروەھا لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەماوە خەڵاتی ڕەخنەگران بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.


فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" یەکێکە لە گریگنترین فیستیڤاڵەکانی فیلم لە ئاستی جیھاندا و سی و پێنجەمین خولی ئەم فیستیڤاڵە لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٢٧ی شوبات تا ٧ی ئازاری ٢٠١٥ لە ھۆڵی تیئاتری ریڤۆلی لە شاری پۆرتۆ پێتەختی باکووری پورتوگال بەڕێوەچوو.

 


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک