١٥\٧\٢٠١٤
''بیرەوەرییەکانی
سەر بەرد''
لە فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری چێک نمایشکرا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت
ئەمین کورکی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری لە وڵاتی
چیک نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت
ئەمین کورکی" و "مەممەد ئەکتاش" و لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی"یە
کە بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە، ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە "حوسێن
حەسەن" و ھەروەھا بەرھەمھێنەری فیلمەکە "مەمەد ئەکتاش"، لە یەکەمین
بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی
"ئاسۆکان"ی چل و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆڤی
ڤاری لە وڵاتی چیک لە سێ سانسی جیاوازدا چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیلمە کوردییە کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیایە
کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٦ی تەمموزی ٢٠١٤ لە ھۆڵی کۆنگرێس، کاتژمێر
٣٠/٤ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٩ی تەمموزی ٢٠١٤ لە ڕۆیچمۆند و ھەروەھا کاتژمێر
١٠ی پێش نێوەڕۆی ڕۆژی ١٢ی تەمموزی ٢٠١٤ لە سینەما بی لە میانەی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری نمایشکرا و لە لایەن
بینەرانەوە پێشوازیی لێکرا.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" دوای نمایش لەم فیستیڤاڵە لە لایەن ڕخنەگران
و ڕۆژنامەنووسانەوە پێشوازیی لێکرا و بەرپرس و ڕێکخەریی چەندین
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیھاندا، دوای ئەم فیلمەیان لە
بەرھەمھێنەری فیلمەکە کرد کە لە فیستیڤاڵەکەیاندا بەشداریی پێبکرێت و
نمایش بکرێت.
چل و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری بە نمایشی
١٧٣ فیلمی سینەمایی، ٤٣ کورتە فیلم و ٢٩ فیلمی دیکۆمێنتاریی لە
سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان و بە ئامادەبوونی ٤٧٨ فیلمساز و
٨٢٥ سینەماکاری پیشەگەڕ لە سەرتاسەری دنیا و لە چەندین بەشی پێشبڕکێی
سەرەکی، لەوانە: پێشبڕکێی "لە ڕۆژئاواوە و بۆ ڕۆژھەڵات"، پێشبڕکێی "فێررۆم"،
پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و ھەروەھا بەشی "ئاسۆکان"، "دەرەوەی
پێشبڕکێی"، "جۆرێک ڕوانین" و "بەشی تایبەت" لە ڕۆژانی ٤ تا ١٢ی تەمموزی
٢٠١٤ لە شاری کاڕڵۆڤی ڤاری لە وڵاتی کۆماری چیک بەڕێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر
بەرد"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|