بڕیاردان لەسەر
دهستووری هەرێم خنکاندنی مافەکانی ژنانە.

ستارە عارف
لەم خولەی ئێستای پەرلەماندا و لەدانیشتنی داهاتویاندا کە بەنیازن
بڕیار لەسەر رەشنووسی دهستوور بدەن و بەندەکانی پەسند بکەن، بەبێ
ئەوەی بخرێتە راپرسی خەڵکەوە و لەپێناو ئەوەی نەخرێتە خولی پەرلەمانی
داهاتوە و بڕگە و مادەکانی بەکاوەخۆ گفتۆگۆی لەسەر نەکرێت و لەکۆڵ
خۆیانی بکەنەوە بەرای من پیلانێکە بۆ هێشتنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و ژن
بەتاییەتی لەچاخە کۆنەکاندا و سەرگرتنی بڕیار و شەرعیەتە کۆنەپەرست و
سواوەکانی دەسەڵات و لایەن و حیزبە کلاسیک و کۆنەخوازەکان.
پەسندکردنی دهستووری هەرێم لەم خولەدا بێجگە لەوەی لەلایەنی نەتەوەیی
و دۆزی گەلێکەوە زیانی زۆرترە، لەهەمان کاتدا لەدۆزە کۆمەڵایەتی و
کەلتوری و بەتاییەتیش بۆ ماف و پرسەکانی ژنان گەورەترین زیانی هەیە و
نابەجێیە.
پەسندکردنی رەشنووسی دهستووری هەرێم لەم خولەدا کەماوەیەکی زۆر کەمیان
لەبەردەمدا ماوە و هەرچی بڕیار و یاسایەک لەم خولەی ئێستای پەرلەماندا
دەربچێت مۆرکی بەپەلە و بێ پلانی پێوە دیارە لەگەڵ ئەوەشدا زیانی
زۆرترە لەسوودی.
لەم رەشنووسەدا ددان بەسنوری کوردستاندا نەنراوە و باس لەناوچە
دابڕاوەکانی کەرکوک هەتا چیای حەمرین نەکراوە کەسنوری سەرەکی کوردستانی
باشورن و ئەمەش دەرفەتێکی باشە بۆ حکومەتی ئێراق و هەتا تورکیا و
داگیرکەرانی تر کەسنوری کوردستان دیار نەبێت و بەئاسانی کاری خۆیانی
تێدا بکەن و کەرکوک هەمان ململانێی بەقورستر لەسەر بێت و هیچ مادەیەکی
دهستووری کوردستانی نەبێت داکۆکی لێ بکات، واتە کورد تا ساڵانێکی
زۆرتر دەبێت دیسانەوە بەدەست بێ ستراتیژیەتی و بێ سنوری کوردستانەوە
بناڵێنێت و کێشەی داهات و بودجە و هێزی پێشمەرگە و روبەرێکی زۆری
کوردستان هەر دەبێت گرفت بێت و دوژمنان هەمیشە وەک خاڵێکی هەڕەشە لێمان
بەکاری بهێنن.
لەلایەکی ترەوە قوڵکردنەوەی نەهامەتیەکی ترە لەسەر کۆمەڵگای کوردی
چونکە لەم رەشنوسەدا ئایینی ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی وڵاتە، واتە هەمان
ئەو کێشانەی لەسەردەمی هاتنە سەر حوکمی ئیسلام و خەلافەتەکانی بەسەر
کوردا سەپێنراوە و ژنی پێ چەوسێنراوەتەوە بەردەوام دەبن و باس کردن
لەماف و دۆزی ژنان تەنها تیۆری دەبێت و هیچ یاسا و بەندێکی دهستووری
نابێت بۆی بگەڕێینەوە و بەرگرکاری مافەکانی ژنان بێت.
30/10/2008دا یاسای باری کەسێتی بەمەرجەوە پەسند کرا و فرەژنی وەک خۆی
هێڵرایەوە و هیچ یاسایەکی داکۆکیکار لەمافی ژن نەبوو پشتی پێ ببەسترێت
بۆ رەتکردنەوەی ئەم یاسا شوومە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوەی کەرێگەی دا
یاساکە وەک خۆی بمێنێتەوە یاساکانی هەڵهێنجراوی ئایینی ئیسلام و
کارکردنی ئاسایی شەریعەتی ئیسلام بون، واتە ئەم کێشەیە هەر بەکۆڵمانەوە
دەبێـت و هەموارکردنیشی مەحاڵ دەبێت و پاشان خۆ ئێمە هەر فرەژنی نیە،
گەواهی دانی ژن لەدادگا کەدوو ژن بەرامبەر بەپیاوێکە و دەرکردنی یاسای
قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە و میرات کەبەشی ژن نیوەیە و کۆمەڵێک
یاسای ئاینی و گرفتی ترمان هەیە کە لەکۆمەڵدا رەواییان هەیە و ژنی پێ
کراوە بەپلە دوو، پێی دەچەوسێنرێتەوە بۆیە دەنگ دان بەدهستوور و
پەسندکردن و لەکۆڵ خۆکردنەوەی پەرلەمان لەم خولەدا کارێکی نایاسایی و
گەڕانەوەیە بۆ سەدەیەک پێش ئێستا کەپێویستە ئێمەی ژنان و داکۆکیکاران و
یاساناسان و شارەزا و مرۆڤ پەروەران و کۆمەڵگای مەدەنی و رۆشنیران و
رۆژنامەنوسان رازی نەبین رەشنووسی دهستووری هەرێم لەم خولەدا پەسند
بکرێت، با بەدەردی دهستووری عێراق نەچێت بێ ئەوەی خەڵک ناوەڕۆکی
دهستوورەکەی زانیبێت و بەمادەکانی ئاشنا بێت و بێ ئەوەی کەس
خوێندبێتیەوە بەپەلە بەناوی گەلی کوردەوە دەسەڵات دەنگی پێدا و پەسند
کرا و دوایش کار بەهیچ مادەیەکی بۆ کورد پێناکرێت.
Stare_arif@hotmail.com
|