١٣\٢\٢٠٢٠
بزانە ئەو خانمە
هۆزانڤانە چی وەسەرهات!

دارا خونچە
زۆربەی جارەکان لە نووسینی چیڕۆکەکەکانم کات و خەرجییەکی ئەوتۆم لەسەر
ناکەوی، لێ ئەوەیان زۆری تێچوو؛ مێواندارییەکی بێ کەموکوڕیی و زۆر چاکی
ئەو خانمە هۆزانڤانەم کرد کە تێیدا ئەو وەسەرهاتەی خۆی زۆر وە هووردیی
گێڕاوە و بووە هەوێنی ئەو چیڕۆکە.. یان راستتر بێژم هەر بووە خودی
چیڕۆکەکە.. هەر وە دانپێنانی خۆشی گۆتی: ''تا ئێستا هیچ مێواندارییەکی
ئەوها چاک و خۆشم لە ژیانی خۆم نەدیتیە وەک ئەوەی توو''، دەربارەی 'کات'یش
کە لە کنە من گەلەک لە وشەی 'گرنگ' گرنگتر و وەبایەخترە.. پێنج کاژێری
رەبەقم دەگەڵی وەسەربرد. هەرچەندە وەسەرهاتەکەی وی زۆر دوورودرێژ بوو و
کاتەکی زۆری برد تا گێڕایەوە.. لێ ئەمن چون ئەوەی لە هیچ تشتەک حەزم لە
درێژەدادڕیی نییە دەمەوێ زۆر وە چڕیی و وە پوختیی بەو شێوەی خوارێ
بیخەمە بەرچاوانتان:
بێجگە لەوەی گەلەک وە ناوی ئەو چیڕۆکنووس و
هۆزانڤان و لێکۆلەرە (عەتوڵای شێخ حەمەدەمینی سیڕاجەدینی جاف) هەراسان
دەبووم - ئێ ئەوە گۆتمان ناوەکەت ''عەتوڵا''یە و سووچی خۆتی تێدا نییە..
ئەدی ئەو ''شێخ و جاف''ە چیە! - لێکۆلینەوە و هەڵسەنگاندنەکانیشی کە
زوو زوو لەسەر بەرهەمی هۆزانڤانان و چیڕۆکنووسان دەینووسین و
بڵاویدەکرنەوە؛ زۆر زۆر بێ بڕست و لاواز بوون تەنانەت لە لێدوان و
گوتاری وشکە رامیارەکانیش بێ ئاستتر بوون! گشتی هەر قسەی رووت و
بێسەربەر بوون و هەرگیز خۆی لە قەرەی لایەنە هونەریی و وێژەییەکانی دەق
و زمان و شێوازی نووسین نەدەدا بەڵکە زۆربەیان هەر ستایش و
پێداهەڵگوتنی خاوەن بەرهەمەکان بوون ئەوانیش وە زمانەکی فرە پەڕپووت و
بازاڕییانە.. ئەوە رێنووس و خاڵبەندییش هەر لێگەڕێ کە چی وەسەر ئەو
زمانە قوڕوەسەرمان هینابوو! لە هەمووشی ناخۆشتر ئەوە بوو کە گەلەک بێ
هەلوێست بوو لە رووی هزرە رامیارییەکانی پەیوەست وە هونەر و وێژە..
واتە - وەک نموونە - هەگەر چیڕۆکنووسەکی ژن
'سوپاسگوزار و نێرسالار
بووایە یان دژ وە چینە نەدار و چەوساوەکان با یان وەک ئیسلامییەکی
تاریکبینی بن دنیایێ با کە نەتەوە
و نیشتیمانی خۆی ناناسی' ئەوانە
هیچی کێشە نەبوون
لە کنە وی بەڵکە ئەوە گرنگ بوو کە دەبووایە وە هەر شێوەک هەیە خۆی بگەیەنتە ئەو ژنە
و وە باشترین و داهێنەرترین چیڕۆکنووسی ژن لەسەر ئاستی وڵات تەنانەت
ئاستی
جیهانیش پێناسە و ستایشی بکا!
رۆژەکیان پاش کۆتاییهاتنی کۆڕەکی وێژەیی - کە زانیبووی ئەمنیش
هۆزانانان
دەنووسم - ئێخەی گرتم و خۆی پێناساندم.. لێم بووە قیڕ و بنیشت، ئیدی لە
هەر دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوەکی نووسەران لە پێشم قوت دەبۆوە و وە قسە
پڕوپووچ و بێ واتایەکانی وەنێودەکەت و تەواو بێزاری دەکردم، لە
قسەکردنیش هەروەک نووسینەکانی هەر خەریکی ستایشکردنی بەرانبەرەکەی بوو
جا ئەو کەسە نووسینەکانی باش بان یان خراپ.. هەستمدەکرد دەیەوێ لە رێی
ئەو ستایشکردنە چرووکانەی سەرنجی نووسەران و هەر کەسەک رابکێشی کە ئەو
نووسەرەکی
ڤەکریی و مرۆڤدۆست و ژنپەروەر و گەنجانە و گەشبین و هاندەرە و
ئیدی خۆی خۆشەویست بکا! سەرەنجام وە ناچاریی و تەنێ لە پێناو ئەوەی زۆر
نەیبینم وازم لە هاتوچۆکردنی ئەو جێیانە هینا کە وەناو رۆشنبیران لێی
کۆدەبنەوە!
هەر وە راستیی لێی دەترسام؛ ترسی ئەوە نا کە ئەو پیاوە و ئەمن ژنم و
رەنگە وەک زۆربەی پیاوان لێی بوەشێتەوە دەستدرێژییم بکاتە سەر.. نا ئەوە
نەبوو.. لە راستییدا ئەو رەوشتەی زۆر باش بوو.. واتە لەو جۆرە پیاوانە
نەبوو کە ژنان تەنێ لە نێوگەڵی
خۆیانەوە دەبینن! بەڵکە ترسی ئەوەی کە تووشت
دەبوو تا تەواو بێزار و وەڕسی نەکردبای وازینەدەهینا.. لەبەرهەندێ
چوونە کۆڕ و کۆبوونەوە وێژەیی و هونەرییەکانییشم زۆر کەمکردبۆوە، لێ
رۆژەکیان هەر وە رێکەت وە پێش ئەو هۆڵەی شارەکەمان دادەڕۆیشتم کە ناوەناوە کۆڕی رۆشنبیریی لێدەکرا.. هەستمکرد لە ژۆرێ کۆڕەک تشتەک هەبی..
هەر لە خۆمەوە چوومە بەر دەروازەی هۆڵەکە.. کەسەکم لەوێ دیت کە دەمناسی
لێ تەنێ چاکوچۆنییمان هەبوو.. لێمپرسی: ''ئەوە چ لە ژۆرێ هەیە؟''، گۆتی:
''کۆڕەکی وێژەییە''، ئیدی ئەو جارە قیڕوسیام لێکرد و چوومەژۆرێ.. هێدی
هێدی چووم لە لای پشتەوە دانیشتم؛ چم وەخۆم کرد! کۆڕی هەمان ئەو کەسە
بوو کە ئەمن لە هەموو جێیەک خۆم لێیدەشاردەوە کەچی ئێستا وە پێی خۆم
چوومە بەردەستی!
هەرکووەک هەبوو دانم وەخۆدا گرت. لای خۆیەوە کۆڕەکەی هەڵسەنگاندنی
هۆزانی هۆزانڤانەک بوو کەچی لە ستایشکردنی هۆزانڤانەکە پتر بترازێ هیچ
تشتەکی دیکە نەبوو.. تەنانەت باسی یەک وشە و دێری هۆزانەکانیشی نەکرد،
لە لایەک زۆر زۆر لێی پەست ببووم.. لە لایەکی دیکەش بێزم لە خۆ
دەکردەوە کە کوو ئەمن توانیم تا کۆتایی وەدیار کۆڕەکی ئەوها دابنیشم کە
تەنێ گۆتی خانمی هۆزانڤان شانی ئەوها و خانمی هۆزانڤان باڵی ئەوها و
هیچی دیکە! ئیدی لە هندوڕی خۆم گۆتم 'تازە هەر تووش بوومە تووش بوومە..
ئێستا ئەوە کۆڕەکە تەواوبوو.. بمەوێ نەمەوێ دیسان هەر ئێخەم دەگری..
باشترە سەرنج و تێبینییەکانی خۆم بخمەڕوو و هاوکات تەپوتۆزەکی لەسەر
چێبکەم تا چیدی رووی نەیێ تووشم ببی و هەراسانم بکا.
لە کۆتایی قسەکانی گۆتی:
- ئێستاش کاتی ئەوەیە هەر کەسەک ئەگەر هەر پرسیار و سەرنج و قسەکی هەیە
هیوادارم بەشداریی بکا و کۆڕەکەمان دەوڵەمەندتر بکا.
لێ ئەو تشتەکی ئەوتۆی نەگۆتبوو تا ئەمن بتوانم وە پێی تێڕوانینەکانی
خۆم گفتوگۆیەکی وێژەیی بورژێنم.. هەر دەمویست وە سادەیی تێبگەیەنم کە
لە نێو ئەو دڕێژەدادڕییەی و وە درێژایی ئەو هەموو کاتە هیچم دەربارەی
هۆزان نەژنەوت، وە کورتییەکەی هێندەک داببەزمە سەری کە جارەکی دیکە
شەرم لە خۆی بکاتەوە کۆڕی لەو بابەتە ببەستی و کاتی خەڵک وەفیڕۆ بدا،
هەر کە دەستم بەرزکردەوە و ویستم دەست وە قسان بکەم؛ دوو سێ جار
دەستەکانی لێکدان و خەڵکەش ناچار لەدوو وی دەستیان وە چەپڵە و
فیکەلێدان کرد و هەر نەیانبڕیەوە! ئیدی ئەمنیش وە سەرسوڕمانەکی یەکجار
زۆرەوە گۆتم:
- داوای بووردنتان لێدەکەم.. ئەمن هێشتا یەک قسەم نەکردیە.. نازانم ئەو
هەموو چەپڵەلێدانە چیە! لە راستییدا ئەمن تەنێ ویستم بێژم وە داخەوە..
ئەوەی باسی وێژە و هەڵسەنگاندنی هۆزانە لەو کۆڕەدا نەمبیست.. تەنانەت
ئەمن نەمزانی کاکی کۆڕگێڕ باسی چ هۆزان و چ هۆزانڤانەکی کرد.. ئاخر خۆ...
ئیدی نەمتانی درێژە وە قسەکانم بدەم چونکێ ئامادەبووان تێکڕایان
دەستیان وە پێکەنین کرد؛ بووە یەک غەڵبەغەڵب و گەڕەلاوژێ کەس گێی لە
کەس نەدەبوو! زۆر وەسەر خۆدا شکامەوە.. ئاخر هیچ قسەکی کۆمیدییم
نەکردبوو مایەی ئەو هەموو پێکەنین و قاقا لێدانە بی.. نەمدەزانی چ
دەکەم و دەبی چ بکەم! باش بوو لەو دەم هاوڕێیەکی خۆم دیت کە چەند
کورسییەک لە دووری من دانیشتبوو.. هەر وە پەلە خۆی گەیاندە لام و سەری
لە بن گێم نا و گۆتی:
- کچێ هاوڕێ.. ئەو کۆڕە دەربارەی توو و هۆزانەکانی توو بوو...
ئیدی وەک ئەوەی مەلەوانەکی نەزان بکەویتە نێو شەپۆڵی دەریایەکی پڕ لە
گێژەن هیچ چارم نەما تەنێ خۆڕزگارکردن نەبی.. هەر وە پڕەپڕ بەرەو دەرێ
شەقاوم هاویشتن و وەنێو رێزە کورسییەکان کەتم.. هاوڕێیەکەم لای خۆی
یارمەتیی دەدام.. دەستمی گرتبوو تا لە نێو ئاپۆڕەی ئامادەبووان قوتارم
بکا.. کەچی لەبەرئەوەی ئەمن زۆر تەنگاو و وە پەلە بووم کە گیردەبووین
ئەمن ئەوم لە کەلەنی نێوان ئامادەبووان رادەکێشا! - هەرچەند ئێرە جێی
بیرەوەریی گێڕانەوە نییە لێ ئەوە وەسەرهاتەکی پێشمەرگەکی سەردەمی شاخە
و زۆر دەگەڵ ئەو وەسەرهاتەی من دێتەوە و ناچارم بیگێڕمەوە:
«لە شەڕەکی
دەستەویەخە کە شکستمان هینابوو و بریندارەکمان هەبوو.. لە
پاشەکشەکردندا سێ
کەس چووبووینە بن پیلی بریندارەکە تا قوتاری
بکەین.. کەچی لەبەرئەوەی ترسی لێنیشتبوو کە رەنگە بکەوتە بەردەستی
دوژمن زۆر تەنگاو ببوو.. پاش ماوەک وەیلێهات هێندە خێرا غاریدەدا ئەمە
کەتبووینە دوایێ و ئەو دەستی هەرسێکمانی گرتبوو و رایدەکێشاین!»
- وە
کورتییەکەی ئەمنیش هاوڕێیەکەم
هەر لە دوایێم بوو و لێم ببووە
بارگرانیی.. ناچار دەستی خۆم لە دەستی
راپچکاند و وەجێمهێشت.. لە
ماوەکی زۆر کەم برووسکە ئاسا خۆم لە نێو شەپۆڵی پێکەنین و گەڕەلاوژێی
ئامادەبووان قوتارکرد و لە هۆڵەکە وەدەرکەتم.. تەنانەت پاش بڕینی چەند
کۆڵانەکیش هەر نەمدەوێرا ئاوڕ لە هۆڵەکە بدەمەوە!!!
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|