٢٦\٦\٢٠١٠ بزاڤی رۆژنامەگەریی كوردی لە یەكێتی سۆڤیەت و رووسیای ئەمرۆدا رۆژنامەی (ریا تازە) وەك نموونە..!
فەخرەدین تاهیر
دەستپێكی دیرۆكی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە یەكێتی سۆڤیەتدا، تا ئەو شوێنەی ئاگاداربم بە ڕۆژنامەی )ریا تازە) دەستپێدەكا ،كە یەكەمین ژمارەی لە 25 ی مانگی ئاداری ساڵی 1930 لە شاری یەریڤان كە لایەن گروپی ئەلفوبێی تازەی كرمانجی بەلاتینی لە ئەرمەنستاندا ، نزیكەی (70) حەفتا ساڵ لە دەرچوون بەردەوام بوو ، و كە تا ئێستاكە بە تەمەنترین ڕۆژنامەیە لە مێژووی رۆژنامەگەریی كوردیدا. ڕۆژنامەی (ریاتازە) لە قۆناخی یەكەمدا كە لەنێوان ساڵانی (1930- 1938)دا ، هەمووی بەسەریەكەوە (612) ژمارەی لێدەرچووە و دواتر بە بڕیاری دەستهڵاتدارانی مۆسكۆ داخراوە . بێگومان قۆناخی دووەم لە نێوان ساڵانی (1955-1991)دا دەستی بەدەرچوون كردۆتەوە و هەر بەبڕیاری دەستهڵاتدارانی مۆسكۆ ئەمجارەیان بە ئەلفوبێی كریلی دەست بەكاربۆتەوە. دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت ، قۆناخی سێیەمی ڕۆژنامەی ریاتازە لەنێوان ساڵانی (1991-2001)دا دەستپێدەكا ، بەڵام ئەمجارەیان بە ئەلفوبێی لاتینی دەست بە دەرچوون دەكاتەوە ، بەداخەوە لەبەر نەبوونی بودجەیەكی دیاركراو ناوە ناوە ژمارەیەكی لێ دەرچووە و دوایی ئەویش وەك چەندان چاپەمەنی پێش خۆی چرای رووناكی كوژاوەتەوە. دوا بە دوای ڕۆژنامەی (ریاتازە) ، ڕۆژنامەی (شورا كوردستان)ئەو ژمارانەی كە من لە ئەرشیفخانەیەك لە دەرەوەی شاری مۆسكۆ لەساڵی پاردا دۆزیومەتەوە ، بەم شێوەیە : · ڕۆژنامەی شورا كوردستان ژمارە : 10 (217) شەمە ، 29 – 2 – 1936 زمان ئازەری ، شوێن: شاری لاچین كە دەكەوێتە كوردستانی سۆری جاران ، لەوێ چاپ و بڵاوكراوەتەوە. · ڕۆژنامەی شورا كوردستان ژمارە : 31 (303) چوارشەمە ، 10 ی تەموز 1937 كە لەشاری لاچین دەرچووە،ئەم ژمارەیان دوا ژمارەیە كەبەدەستم خستووە. ئەم ڕۆژنامەیە تا ئێستاكە بۆم ساخنەبۆتەوە یەكەمین و دوا ژمارەی كەی دەرچووە. من تەنیا (15)پانزە ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیەم دۆزیوەتەوە. ئەوی جێگەی گوتنە ماوەك لەمەوبەر لە ڕۆژنامەی(بارزان) بە دوور و درێژی لەسەر ئەم رۆژنامەیەم نووسیوە. · ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان بەگوێرەی ڕۆژ و مانگ و ساڵ و شوێنی دەرچوونی وادەردەكەوێت ئەم ڕۆژنامەیە جێگەی ڕۆژنامەی شورا كوردستانی گرتبێتەوە ، ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان ژمارە ؛ 1 ، 30 پوشپەڕ (تەموز) ساڵ 1937 هەر لە شاری لاچین لە كوردستانی سۆری جاران بە زمانی ئازەری ساڵی پار ئەم ژمارەیەشم لە دەرەوەی شاری مۆسكۆ دۆزیویەوە و ئەمەشیان بە وتارێك لە ڕۆژنامەی(بارزان) بڵاومكردۆتەوە و دواتر لەسەر هەردوو ڕۆژنامە لە هەندێك لە ماڵپەڕە كوردییەكانی ئینتەرنێت وتارەكانم دوبارە بڵاوكردنەوە. بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی ڕووسی و كوردی وانیشاندەدەن كە ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان دوا ژمارەی لە (13ی مانگی تەموزی ساڵی 1962)دا لێ بڵاوكراوەتەوە. هەڵبەتە دوا ژمارە كە ژمارە (49) (813) (27- 12- 1945)ە ، لەمانگی شوباتی ساڵی 2001 دا ، لەشاری سانكت پیترسبوورگ لە ئەرشیفخانەی گۆڤار و ڕۆژنامە كۆنەكان دۆزیومەتەوە، هیچ ژمارەیەكی تر دوای ئەم ژمارەیەم بە دەست نەخستووە و بێگومان هەر ئەودەمە وتارێكم لە گۆڤاری ڕامان لەسەر ئەم ژمارانە كە بەدەستم خستبوون نووسی و دواتر لە توێی كتێبێك بەدوور و درێژی بەسەرناوی (ڕۆژنامەی سۆڤیەت كوردستان بیبلۆگرافیا و شرۆڤە) لە شاری هەولێر چاپ و بڵاومكردۆتەوە. تا هەنوكە دیارە نییە كە چەند ژمارە و تا ساڵی چەند بەردەوام بووە، چونكە هەموو ئەوانەی باسی ئەم ڕۆژنامەیان كردوە، هیچ ژمارەیەكی ئەم ڕۆژنامەیان نەبینیوە و تەنیا هەر بەقسە باسیان لێوەكردووە و هیچ بەڵگەیەكی سەڵمێندراویشیان لەمبارەوە نەخستۆتە ڕوو. · ڕۆژنامەی كوردستان لە نێوان ساڵانی (1947- 1961)دا ،هەمووی بەسەریەكەوە (99) ژمارەی لە شاری باكۆ بەزمانی كوردی شێوازەری كرمانجی نێوەراست بە ئەلفوبێی ئارامی لێ چاپ و بڵاوكراوەتەوە. ماوەیەك پێشتر بە وتارێكی دوور و درێژ هەر لە ڕۆژنامەی بارزان لە هەولێر لە سەرم نووسیوە و دواتریش ئەم وتارەم دوبارە لە هەندێك لە ماڵپەڕە كوردییەكان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بڵاوكردۆتەوە. دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت ڕەوشێكی تازە لە هەموو كۆمارەكان هاتە ئاراوە بە گشتی و لە ڕووسیای ئەمرۆدا بەتایبەتی كۆمەڵێك گۆڤار و ڕۆژنامە بەزمانی كوردی و ڕووسی چاپ و بڵاوكراونەتەوە لەمانە:
ئەمەو چەندان ڕۆژنامە و گۆڤاری تر لە کۆمارەکانی دیکە بە زمانی کوردی و
ڕووسی و زمانی ئەرمەنی و ئازەری و...تاد، چاپ و بڵاوکراونەتەوە و
تەواوی ئەو هەموو ڕۆژنامە وگۆڤارانە ، دەتوانین ببێژین : لە نێوان
ساڵانی (1991-1992)دا ، دەستیان بەدەرچوون و بڵاوکردنەوە کردوە، بەڵام
بەشی هەرە زۆریان ئێستاکە دەرناکەون و چرای ڕووناکییان کوژاوەتەوە. ___________________________________ پەراوێز : • بۆ یەكەمینجار ژمارەكانی قۆناخی یەكەمی نێوان ساڵانی (1930-1938) ڕۆژنامەی (ریاتازە)م هەر لە ژمارە یەكەوە تا چەند ژمارەیەكی ساڵی(1938) لە شوباتی ساڵی 2001 دا ، لە شاری سانكت پیترسبوورگ لە ڕووسیا لە ئەرشیفخانەی ڕۆژنامەكۆنەكاندا بەدەستم خستوون. • پێشموایە خودانی ئەم دێرانە یەكەمین كەسە كە ژمارەی یەكی ڕۆژنامەی (ریاتازە)ی بۆ یەكەمینجار لە میدیای كوردی بڵاوكردۆتەوە و هەڵەی نووسەرانی پێش خۆی ڕاستكردۆتەوە كە هەرهەموویان بە ئۆرگانی پارتی كۆمەنیستی ئەرمەنستان ناویان بردوە، لەڕاستیدا لە قۆناخی یەكەمدا كە لەنێوان ساڵانی (1930- 1938)دا لەلایەن گرووپی ئەلفوبێی تازەی كرمانجی بەلاتینی لەشاری یەریڤان بڵاوكراوەتەوە.
|