په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١٠\٢٠١٣

 بزووتنەوەی گۆڕان لە نێوان گۆڕان و دەسەڵات.

جوانە ئەسوەد      

جۆن پۆل فلینتئۆف پرسیار دەکا، ئەگەر دەرفەتت بۆ رەخسا، دونیا دەگۆری؟ بێ گومان.

ئایا بزووتنەوەی گۆڕان ئەم دەرفەتەی بۆ رەخسا؟ ئەگەر رەخسا، بۆ لەدەستی دا؟

کاتێک بزووتنەوەیەکی سیاسیی جەماوەریی دروست دەبێ لە هەر کۆمەلگایکدا. بێ گۆمان لە تیکشکانی هزریی، ئایدیۆلۆژیی و سایکۆلۆژیی تاک و کۆمەلگەوە دێتە بوون، ئەم تێکشکانەش لە ماوەیەکی کورت و کتوپر نایەتە بوون، رۆسۆ لە پەرتووکی پەیمانی کۆمەلایەتی، باس لەوە دەکا،پەیمانی نێوان خەڵک و دەسەڵات، پەیمانێکی بەرژەوەندییانەیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، ئەم بەرژوەندییانەش پابەندن بە پەیمانی شاراوە و ئاشکرا لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، هەر کاتێ، ئەم بەرژەواندییانە شلۆقیی تێکەوت، خەڵک بەرەو بزووتنەوە دەروا و دەسەڵات هەوڵی زیاتر چەسپاندنی دەسەڵات دەدا بۆ مانەوە، زۆر جارییش بە دیکتاتۆریەت کۆتایی دێ، رۆسۆ پەیوەندیی خەڵک و دەسەڵات وەک پەیوەندیی باوک و منداڵ سەیر دەکا، کاتێ منداڵ دەگاتە تەمەنی ئەقل و ئامادەگیی بۆ ژیان، خۆی دەبێتە خاوەنی خۆی، هەردوولا لە یەکتر ئازاد دەبن. تەنیا جیاوازییەک لە نێوان ئەم لێکچوونەدا، رۆسۆ دەلێ پێزانینی ئەو خۆشەویستییەی باوکە، کە بەخشیویەتی بە منداڵ، بەڵام لە دەسەڵاتدا، دەسەڵاتداران ئەم هەستەیان نییە بۆ خەڵک، چێژی فەرماندەریی دەبێ جێگای خۆشەویستیی بگرێتەوە. دەکرێ لەم روانگەوە خەڵک پابەندی ئازادیی خۆی بێ و نەچێتە ناو هیج پەیمانێکەوە کە بەرژەوەندیی خەڵک یەکسان ناکا بە دەسەڵات.

بە پێی فەلسەفەی هۆبز گەڕانەوە بۆ سروشتی مرۆڤ، وەک جەیمەس رەیجەلیش لێکۆلینەوەی لەسەر کردوە، سێ پرنسپل هەیە بۆ هۆکاری ناکۆکیی و شەڕ. دواتر مەبەست دەگەیەنم لەسەر ئەم خالانە.

١- پێشبرکێ و بەربەرەکانێ ،هێرشی مرۆڤە بۆ بەدەستهێنان، [هێز، رامیاریی، ئابووریی].
٢- بێدەنگیی و کەمیی باوەڕبەخۆبوون بۆ سەلامەتیی.
٣- ناوداریی و شکۆیی، لە پێناو ناسراویی [سومعە].

پایەکانی راگرتنی دەسەڵات، پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

گەندەڵیی سیاسیی، ئابووریی و نادادپەروەریی کۆمەلایەتی لە ماوەی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، بواری چاکسازیی بەرتەسک کردەوە، پەیمانی کۆمەلایەتی کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و خەڵکە. دەسەڵات تا رادەیەکی دیار، خەڵک و تاکی وشیاری خستە دەرەوەی ئەم پەیمانە، ستەمکاریی لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کرد و خەڵک پەنگی خواردەوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، هەندێ گۆڕانکاریی بە بەراورد بە ژیانی پێشینەی بەر لە حوکمەتی خۆماڵیی، بوونیان هەیە وەک، بیناسازیی، ئاسایش، بازاڕی ئازاد، رۆژنامەوانیی و تا رادەیەک دەنگی ئازاد. خەڵکی خۆشنەدیوی کوردستان راهاتوو بە قەدەر، ئەقلیەتی رازییبوون بە کەم، بێدەنگی لە ترسی هاتنەوەی دەسەڵاتی عێراق بۆ هەرێمەکە و ناسەقامگیریی بارودۆخی کوردستان، کە خەڵک وەک رووحێکی نەتەوەیی و سۆز پێوەی پابەندە. دواتر وەفادارانی ئەم دوو پارتە، کە تا ئێستاش بەرژەوەندییدارن. خاڵێکی تری زۆر گرنگ، کاریگەرترین شێوەی هەست بە تاوانی وێژدانیی، کە دەسەڵات کاری لەسەر دەکا بۆ بێدەنگکردنی خەڵک لە ئاست یەکەم ئەزموونی بوون بە حوکمەت، کە ببوو بە خەونێکی سەرتاسەریی تاکی کورد، هێشتنەوەی یادەوەریی خەباتی کۆن، شەهیدان، کارەساتە یەکبەدوایەکەکانی خەڵک، ئەمانە بوونە پایەیەکی جێگیر بۆ مانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

هۆکارەکانی دەرکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان.

گەر وەک سروشتی مرۆڤ هۆبزیانە سەیری بکەین، لەم سێ خاڵەی سەرەوە بۆی بروانین، هاتنەدەرەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە رووحی سیاسییانەی یەکێتی نیشتمانی، رووحێکی سیاسییانەی پێشبرکێ و بەربەرەکێیانەی پێوە دیارە، بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، لەسەر بنەمای پاشماوەی رقێکی کۆن و پر ئەزموونی سیاسییانەی کۆنەخوازیی، کە بە داخەوە، گرێدانی گەرموگوڕیی و کۆششی راستگۆیانەی چەند گەنج و رۆشنبیرێک، کە تینووی گۆڕانکارییەکی ریشەیی بوون، لە گەرووی نەهەنگێکی برسیدا هەڵلوشران، بێ ئاگایانە گەمەیەکی سیاسیی لەسەر جەستەی دڵسۆزیان کرا، کە لەگەڵ ویستی ناوبانگ و پلە و پایەی سیاسیی و کۆمەلایەتی سەرکردەکانی بزووتنەوەکە، بۆ کڕینەوەی ناوبانگی سیاسیی تێکەڵ کران. گەڕانەوە بۆ لای رۆسو، دەڵێ لەو کاتەوەی مرۆڤ ناتوانێ هێزێکی تازە دروست بکا بەڵام، بە تەواویی کۆنترۆل و پێکەوەبەستی ئەو هێزانە دەکا کە لە پێشدا بوونیان هەیە، تەنیا رێگەیەک کە بتوانن خۆیان بپارێزن، یەکبوونی هێزە جودایەکانە بە پێکەوەبەستنێکی تەواو پتەو بۆ زاڵبوون بەسەر هەر بەرگرییەک. پێوستی پێکەوەبەستنی ئەم هێزانە لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕان، ناتێگەیشتنی ئەقلیەتی سەرکردەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لە سیاسەتی سەردەم.

بزووتنەوەی گۆڕان، پێش خۆناساندنی هێزێکی سیاسیی بوو، پاشماوەی رقێکی کۆنی پەنگخواردوو بۆ دەسەڵات، لە لایەن هەندێ سەرکردە باڵایەکانی ناو یەکێتی نیشتمانی، بەڵام بۆ دەرفەتێک دەگەرا، وەک هێزی دووەم بناسرێ. ئەم دەرفەتە، فاکتەری دەرەکیی و ناوەکیی بۆ گونجا، لە ناوخۆ تەقینەوەی خەڵکی تووڕە لە گەندەڵیی سیاسیی پارتی و یەکێتی، نەک بە ئەقل لەسەر بنەمای هزر و سیاسیەتی تازە و مۆدێرن بەلکو تووڕەبوونێکی تینوو بۆ خۆشگۆزەرانیی، کە رەوایە، ئەوەش بە هۆی چاوکردنەوە و تێکەڵبوونی گەنج بە دونیایی دەرەوە، فاکتەری تەکنەلۆژیا و بە جیهانییبوون، دواتر، گۆڕانگاریی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی رۆژهەڵات، کە کوردستان وەک جوگرافیا، نەریت و دین نزیکە بەم ناوەندە، هەروەها کۆپیکردنی وشەی (گۆڕان)ی (ئۆباما)ی سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمانە هەموو بوونە کەرەستەیەک، بۆ شێوەگرتنی جەستەی سیاسیی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان.

بزووتنەوەی گۆڕان، لە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر بۆ سرینەوەی یەکێتی و پارتی، لە لایەکی ترەوە خۆ گونجان لەگەڵ پارتە ئیسلامییەکان لەسەر بنەمای بنکەفراوانیی و دیموکراسی. ناکۆک بە خۆی دێتەوە و کەمی توانای ئەقلیەتی بزووتنەوەی گۆڕان دەردەخا بۆ چەمکی گۆڕان لە بزووتنەوەکەدا، چەقگرتن تەنیا لەسەر چەند خالێکی زەق، وەک بودجە، دەرخستنی کەموکورییەکانی پارتی و یەکێنی و بیری ناوچەگەریی، کە ئەمانە بوونە هۆی کەمیی، پێشنیار و بەرنامە بۆ گۆڕانی باشتر، وەک گۆڕانکاریی لە سیستەمی خوێندن، تەندروستیی، ژنان، منداڵان، کەمئەندامان، بەرزکردنەوەی ئاستی هزریی خەڵک، تێگەیشتن لە رووداو و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی دەستتێوەردانی دین لەو یاسایانەی، کە راستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر کۆمەلگا، وەک رەوشتی کۆمەلایەتی، ئازادیی تاک و جۆری هەڵبژاردنی ژیان بە گشتیی.

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پترکردنی پێگە و دەسەڵات، ناساندنی شوناسی سیاسییانەی خۆی دۆڕاند، کە نوێژی هەینی خستە سەر شەقامەکانی کوردستان، کە تا ئێستا لە هیچ یەکێک لە پارتە ئیسلامییەکان رەچاونەکراوە. لە جیاتی هێنانی بیرۆکەی گۆڕان بە ئەقلیەتێکی تازە و رۆشن بۆ دونیای مۆدێرنە. کەوتە راژاندنی لانکی بیری کۆنەخوازیی بۆ ژیرکردنەوە و ساڕێژکردنی برینی کۆنی جەستەی خۆی، وەک نیوە لاتەکەی یەکێتی نیشتمانی.


چەمکی گۆڕان.


گەر سەرنج بدەین هەموو گۆڕانکارییە جیهانییەکان یا لە هەر وڵاتێک لە رووی یاسا و رێساوە، کە چەسپاون بۆ خۆشگوزەرانیی، یەکسانیی و دادپەروەریی لە سەرەتایەکی زۆر بچووکەوە دەستی پێکردوە، تاکێک بیرۆچکەیەکی دروستکردوە یا رەتی کردۆتەوە، دواتر پشتگیریی لێکراوە، تا بۆتە یاسایەکی ناو دەستوور.

چەمکی گۆڕان، هێزی تێگەیشتنە، راتدەکێشێت بۆ پرسیار لەو دۆزانەی کە کێشەن و پێویستیان بە سەرنج هەیە، بەڵام روونە هەر تاکێک، بزووتنەوەیەک، رێکخراوەیەک، نەریتێک و باوەرێکی دینیی، بۆچۆون و رای تایبەت بە خۆیان هەیە لە ئاست کێشەکان. هەندێک کێشە هەن، کە کاریگەریی تەواوی بەسەر هەموو مرۆڤێکەوە هەیە، بەڵام کەمترین مرۆڤ بیر لە چاککردن یا گۆڕانیان دەکاتەوە، وەک کێشەی، ژنان، مندالان، ژینگە، ئاژەلان، ئازادیی مرۆڤەکان، هەژاریی، دانیشتوانی زەوی و زۆر شتی تر، جونکە وا بیر دەکرێتەوە، کە ئەم کێشانە کێشەی هەموو تاکێک نییە، لە راستییدا، هەستی گۆڕانخوازی راستەقینە ئەوەیە، بیری گۆڕانی لە پێناو مرۆڤایەتی لە سەرووی خواستەکانی خۆیەوە بێ.

بزووتنەوەی گۆڕان، گۆڕان لە بیری تەسکی نەریتیی، دینی و حیزبایەتی قەتیس دەکا، بێ گوێدانە پێشێلکردنی مافی تاک، ژنان و جیاوازیی دینەکانی تر، کە بوونیان هەیە لە کوردستان. ئەوەی لە بنەماکانی دینی ئیسلامدا هەیە، مەرج نییە بۆ هەموو ئەمانەی ئاماژەم پێکردن، یەکسانییبەخش بێ.


پرنسپلی گۆڕانکاریی لەم بارودۆخانەدا، دەبێ رەهەندێکی تر وەربگرێ، کە بگونجێ لەگەڵ سەرجەم تاکی کۆمەلگادا، بۆ دوورکەوتنەوە لە دەرکردنی هەر یاسایەک، کە شکۆی مرۆڤەکان نزم رادەگرێ، کە بە داخەوە بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم دەرفەتەی بۆ رەخسا ببێتە هیوای گۆڕانکارییەکان بەرەو باشتر، بەڵام بە پشتگیرییکردن لە بنەماکانی دین، لەدەستی دا.

 

ماڵپەڕی جوانە ئەسوەد

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک