٢٦\٢\٢٠١٦
بزووتنەوەی گۆڕان
و کوێخا رەسوو.

عەبدوڵا ساڵح
لە هەندیک لە ناوچەکانی کوردستان سەردەمی دەرەبەگایەتی، ئاغای دێ بۆ
بەجێگەیاندنی کارەکانی کوێخای هەبووە، کوێخا کەسێکی دەمڕاست و داردەستی
ئاغا بووە و فەرمانەکانی ئەوی بەسەر جوتیارەکاندا سەپاندوە وەک بێگار و
سەرانە ....هتد. زۆر جار جوتیاران سمیڵی کوێخایان چەور کردوە تا لە
شەڕی ئاغا بیانپارێزی. هەر کات کوێخا فەرمانی ئاغای کتومت ئەنجام
نەدابێ لە کوێخایەتی خراوە و لابراوە.
لە یەکێک لە دێهاتەکانی کوردستان کوێخا ڕەسوویەک هەبووە ئاغا زۆر لێی
رازی نەبووە و لە کوێخایەتی خستوە. دەڵێن دوای ئەو لەسەر کار لابردنەی
خەڵکی ئاوا بانگیان دەکرد: مام ڕەسوو، واتە کوێخا نەماوی، ئەویش لە
وەڵامدا دەیگوت: وەی گیانی مام کوێخای!!
بزووتنەوەی گۆڕانیش خەریکە بە دەردی کوێخا رەسوو بچێ.
ئەمڕۆ لە کوردستان سیستەمێک هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ناوی پارتی و
یەکێتییە، ئەم سیستەمە دوو جومگەی سەرەکیان لە دەست دایە پارە و توانا،
هەموو دەزگا فەرمیی و نافرمییەکانی کوردستان هەر لە پەرلەمانەوە بگرە
تا دەگاتە، وەزارەت، پێشمەرگە، بازاڕ، مزگەوت، قوتابخانە و... هتد
هەمووی دەبێ لە خزمەت ئەو سیستەمەدا بن دەنا بە دەردی کوێخا رەسوو دەچن،
کەچی تازە بە تازە گۆڕان خەریکی پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازییە!!
لە راستییدا پڕۆژەی چاکسازیی بە بوونی ئەو دوو هێزە و سیستمەکەیان جگە
لە خۆشخەیاڵیی ناتوانێ هیچی دیکە بێ.
٢٥\٢\٢٠١٦
a_salih11@hotmail.com
|