په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٢\٢٠١٧

بۆچی بارزانی واز لە کورسیی سەرۆکایەتیی ھەرێم ناھێنێ؟

تاهیر حەسەن     


پێدەچێت پرسیارێکی وا بەھەزاران شێواز کرابێت لەلایەن دانیشتوانی ھەرێمەوە،ئەوەی ھەرکەسێکیش چۆن وەڵامی بەخۆی دابێتەوە،دیسان دواجار وەڵامەکە چەند جێی خۆی گرتبێت لەوەی مایەی ڕەزامەندی خودی کەسی خاوەن پرسیار بێت،نازانرێت.


کورسی سەرۆکایەتی لەوڵاتانێکدا ھێشتا ئاستی ھۆشیاری سیاسی کۆمەڵگا لەئاستێکی کەمدایەو ئاستی ئابوری بەئەندازەیەک لەشێوازە پاش کەوتوەکاندا مابێتەوە،کارێکی وادەکەن،ھەمیشە ئەو پارتەی لەنێو دەسەڵاتدایەو دەستی گرتوە بەسەر جومگەکانی دەوڵەتدا،خودی سەرۆکێک بەرھەم دەھێنێت،بەئازادانەی خۆی واز لەکورسی سەرۆکایەتی کردن نەھێنێت. دانیشتوانی باشوری کوردستانیش لەنێو گەمەیەکی وادان و تەواوی پێگە دواکەتوییەکان زاڵ کراون لەنێو ھزری کۆمەڵگەداو ئاستی ململانێی نێو ئەحزابێک لەنێو پایەی دەسەڵاتدان،ھەلومەرجێکی وایان بەرھەم ھێناوە کە تەواو گونجاوە بۆ مانەوەی بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتیەکەدا.


لەنێو خودی ھەیکەلەی پارتی دیموکراتی کوردستاندا،جۆرە دیکتاتۆریەتێک زاڵ کراوە،کەھیچ کەسی ناو ئەو پارتە بەھای ناگاتە بەھای مناڵێکی نێو خانەوادەی بارزانی،بۆیە لەوێدا،بارزانی بەکۆی خانەوادەکەی لەکۆی پایەکانی نێو حزبدا لەپێش کۆی ھەیکەلەی حزبدایەو تائاستی پیرۆزی جێگای گرتوە.خاڵێکی وایش دەبێتە ئەو دەرئەنجامەی کەھیچ کەسێک لەدەرەوەی ماڵباتی بارزانیەوە بەخەونیش نەتوانێت بیر لەوە بکاتەوە ڕۆژێک لەڕۆژان ببێتە کەسی یەکەمی حزب،لەکاتێکی وایشدا،مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی ھەمیشەیی حزب و سەرۆکی ھەمیشەیی باشوری کوردستان،گرەنتی کراوە.ئیتر ئەو شتەی ناوی دیموکراتیە لەنێو حزبدا،تەنھا دیموکراتیەکی دیکتاتۆریانەی نێو بنەماڵە پاشایەتیەکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات دەگەیەنێت،یان بنەماڵە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان لەوڵاتانی ڕۆژ ھەڵاتدا.


ئەو حزب و ھێزو لایەنانەی لەھەرێمدا لەبەرانبەر پارتی دیموکراتی کوردستاندا بونیان ھەیە،ئەمانە کۆمەڵە پارتێکن،سەرومڕ،کاریان بەناڕاستەوخۆ بوبێت یان بەڕاستەوخۆ،بوە بەپاراستنی بارزانی لەمانەوەیدا وەک سەرۆکی ھەرێم. چونکە تائێستایشی لەگەڵدا بێت ھەر لەیەکێتی و گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە بیگرین تادەگات بەحزبی شیوعی کوردستان،ھیچیان،ئەو بەرانبەرە بەھێزە نەبوون کە بخوازن کورسیەکە لەبارزانی وەرگرنەوەو کەسایەتیەکی جیاوازتر لەبارزانی لەسەر کورسیەکە بەرپرسیارێتی ھەڵبگرێت.(دیارە بەرپرسیاریەتەکە،ئەو بەرپرسیاریەتە خاوەن مێژووییە نیە کەکاری سەرۆک ئاڵوگۆڕ بەخش بێت بۆ پێگەی وەرچەرخان لەنێو ھزرو پەروەردەی دواکەوتوانەی کۆمەڵگەو ھێنانە پێشی ھەلومەرجێک کەتەکانێکی پێشکەوتوخوازانە بداتە کۆی بوارە سەرەکیەکانی ژیانی کۆمەڵگە،بەپێچەوانەوە،ئەرکی بەرپرسیاریەتی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا بەگشتی،پاراستنی پێگە دیکتاتۆری و ھێشتنەوەی پێگە دواکەوتوە زاڵەکانی نێو کۆمەڵگە بوە.) ھەروەک کارێکی گاڵتەجاڕانە بێت،بارزانی ھەریەک دوو ساڵ جارێک لەکۆبونەوە تایبەتیەکاندا،دەڵێت من واز دێنم و باکەسێک لەئێوە خۆی ئامادە بکات تامنیش دەوروتەسلیمی کورسیەکەی پێ بدەم،کەچی نەک ھەرکەسێک نایەتە وەڵام لەنێو پارتەکاندا بڵێت ئەوا من خۆم کاندید دەکەم بۆ ھەڵگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتیە،بەکۆ دیارە بەناڕاستەوخۆ،دەڵێن:قوربان کێ حەدی ھەیە بچێتە سەرئەو کورسیە تائێوەو مناڵێک لەماڵباتەکەی ئێوە مابێت. لەو دیویشەوە،سەری زمان و بنی زمانیان،باس باسی ناھەقی و غەدرو بۆڵە بۆڵیانە لەبەرانبەر پەک کەوتنی پەرلەمان و مانەوەی بارزانی لەسەرکورسیەکەی کەلەڕوی یاساییەوە کاتی دەمێکە بەسەر چوە.


لەنێو پێگەی دەوڵەتانی دیکتاتۆردا،یاساو دادگاکان ھەمیشە ئامرازی دەستی سەرۆکن بەتایبەتی و گەمەی بەناو دیموکراسی و چەمکی ئازادیش،ھیچ نین بێجگەلەوەی ھەڵخەڵەتێنەرێکی ڕای گشتی نەبێت.دیارە لەنێو خودی سیستەمی چەوسێنەری سەرمایەداریدا،کۆی پێگەی دامودەزگا ئیداریەکان بەشێوەیەک دادەڕێژرێن کەبەردەوام لەخزمەتی ھەیکەلەی دەوڵەتی چینایەتیدا بن و مارکس واتەنی سەرمایە،دەخوازێت کۆمەڵگەیەک دروست بکات ھەرلەخۆی بچێت.لەوشوێنەیشدا گەر بڕێک بەھا ھەبێت بۆمرۆڤ و جۆرێک لەژیانێک بونی ھەبێت،دەبێت لەوێدا بزانین کەچینێکی بەرھەمھێنەری چالاک و خاوەن ھۆشیاری سیاسی بونی ھەیە. لەم سەردەمەدا،کاتێک بەزۆری زۆرداری دەخوازن پێگەی ناسیۆنالیزم و پێگەی ئاین و مەزھەبە جۆراو جۆرەکانی نێوئاینەکان برەو پێ بدەن،وەلەلایەکیتر دەخوازن پێگەی ڕاسیزم و باڵی ڕاست برەو پێ بدەن،دەرئەنجامی شکستی خودی سیستەمی حاکم دەگەیەنێت لەشاردنەوەی چونە سەری ئاستی ھەژاری و بێکاریەکی زۆر زیاد لەچاو چونە سەری کۆی بوارەکانی زانست و گەشەی پیشەسازی و بەرھەمھێنانەوە.


گەر بگەڕێینەوە بۆلای پرسیارەکەو ئەو وەڵامەی پێویستە پێی بدرێتەوە،ئەوا لای من بەم شێوازە وەڵام دەدرێتەوە،بارزانی نەک ڕکابەری نیە لەدەرەوەی پارتەکەی،بەپێچەوانەوە کۆی پارتەکانی دەرەوەی پارتەکەی بارزانی،کاریان پاراستنی پێگەی بارزانیە وەبێجگە لەبارزانیش کەس ناچێتە سەرکورسیەکە.چونکە ئەو کورسیە بۆ ھەمیشە پێی دراوە لەلایەن ئەو پارتانەو،لەلایەکیتر،بۆ پارتەکانی ھەرێم،گەر ڕۆژێک لەڕۆژان کەسایەتیەکیان زاتی ئەوەی کردو بڵێت من دەمەوێت سەرۆکی ھەرێم بم،بەمەرجێک بارزانی زیندو بێت،کارێکی وادەکەن،بارزانی پۆستەکەی لەسەروی پۆستی سەرۆکی ھەرێمەوە بێت،یانی دەیکەن بە مەرجەع.


داماوی و بەدبەختی خەڵکی باشور لەوێدایە،کەھەلومەرجەکانی سەر ژیانی بەئەندازەیەک پڕ لەکون کراوە،کەتادەست بۆ پینەکردنی دڕانێکی دەبات لەسەد لای ترەوە دڕاوی بۆ دەکرێت. ئەو گەمە قێزەونەی ئەحزابی بەرەی دەرەبەگـ ـ بۆرژوازی کورد کاری تێدا دەکات،بێجگە لەقازانج و بەرژەوەندیەکانی چینایەتی چینەکەی خۆیان،باشترین جۆری پارت گەلێکن کەزۆر بەباشی و زۆر بەئەمەکەوە پرۆژەو بەرژەوەندی و ئامانجەکانی ئەو دەوڵەتانە دەبەنە پێشەوە کەئێستا وەک دوژمنی گەلی کورد لەمیدیاکانیانەوە شەرمنانە جاربەجارێک باسی لێوە دەکەن. بارزانی کاتێک وەک کەسایەتی بەرپرس مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت لەلایەن وڵاتانی دەرەوەی ھەرێمەوە،تەنھا لەبەرخاتری پاراستنی ھەیمەنەی پێگەی سیستەمی سەرمایەداری حاکمەوەیەو لەلایەکیتریش ھەرێم خاوەنی ژێر زەمینێکی دەوڵەمەندە بەنەوتی خاو وە غازی سروشتی،ئەم دوو مادەیەیش تائێستا ھیچ ئەڵتەرناتیڤێکیان نیەو باشترین وزەن بۆ ھەڵسوڕاندنی جوڵەو بەرھەم ھێنان. بەڵام ئەو سامانە سروشتیە قازانجەکەی بۆ چینە کرێ وەرگرو خەڵکە زەحمەتکێشەکە نیە،بەپێچەوانەوە،ھەرچی دەرھاویشتە پیسەکەیەتی بۆ خەڵکی ھەرێمەو بەرھەم ھێنانی ژینگەیەکی پیس بوەتە ھۆکارێک سەدان جۆری نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا ھێناوە،لەوێیشدا دیسان قازانجەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کارخانەکانی سەر بەسیستەمی دەوڵەمەندەکان و ھەرچی دەرمانی خراپ ھەیە بەرھەمی دەھێنن و بەقازانجێکی باش دەفرۆشرێتەوە بەخەڵکی ھەژار کراوی ھەرێم و عێراق.


ئەو ھەلومەرجە خوێناویەی لەعێراق و ھەرێمدا بونی ھەیە،دیارە کۆی وڵاتانی جەنگ گرتویشی لەگەڵدا بێت،تەواو لەبەرژەوەندی چینە چەوسێنەرەکان شکاوەتەوەو پەرش و بڵاویەکی بێ ھودەی زۆریشی لەنێو چینوتوێژەکانی خوارەوەدا دروست کردوە،کەدەرفەتەکان بۆ خۆڕێکخستن و ھاتنە مەیدانی سیاسیانەی جەماوەر بۆ بەدەست کۆتا کردنی ئەو پارتە جۆراوجۆرە دیکتاتۆرانە لاواز بێت. بۆیە ھەلومەرجەکانی ئێستا لەھەرێمدا،ھێشتا بەجۆرێکە کە لەبەرژەوەندی بارزانی و دەستودایەرە جۆراوجۆرەکاندا بێت کەخەریکی پاراستنی بارزانین تابەردەوام سەرۆکی ھەرێم بێت!!!!!


ڕێگە دیموکراتیەکان لەوڵاتانی ڕۆژھەڵاتدا تائێستا بێجگە لەبێماناکردنی ماناکانی دیموکراتیەت شتێکیتر نەبوە. دیموکراتیەت کاتێک گەشە دەکات کەکۆتای ھێنرابێت بەھەیمەنەو ھێزو دەسەڵاتی چینە چەوسێنەرە حاکمەکان.


١٩\٢\٢٠١٧
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک