په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بۆچى بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەم؟!


بەشدار عه‌لی   


ئەمە ئەو پرسیارەیە پێویستە هەر تاکێک لە کوردستان روووبەرووى خۆى بکاتەوە،بۆچى بەشدارى فیلیمێک بکات کە سیناریست و دەرهێنەرەکانى و بەرێوەبەرانى،پێشتر فیلمى زۆرى لەم جۆرەیان بەرهەم هێناوە و نیشانیان داوین،بەڵام نەیانتوانى دیمەنێکى جیاوازترمان نیشانبدەن لە دیمەنەکانى پێشتر!
بەکۆمەڵێک بەڵێن و دورشم و فریوکارییەوە، گوایە ئەمجارەیان دیمەنى جوانترتان نیشان دەدەین خەڵکیان راپێچى هۆڵەکان کرد،بە نیشاندانى کۆمەڵێک دیمەنى تراژیدیایى ، بەبیرهێنانەوەى کارەساتە دڵتەزێنەکان توانیان چەند جارێک بینەر و گوێگر بۆخۆیان پەیدابکەن،ئەمجارەشیان لە بەرنامەیاندایە هەمان میکانیزم بەکاربهێنن بۆ نمایشکردن و دووبارەکردنەوەى فیلمەکانى پێشتر!


ئەم چەند رۆژە دەسەڵاتى سیاسى کوردستان بە هەموو شێوەیەک لە پروپاگەندە و هەوڵدایە بۆ راپێچ کردنى خەڵکى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژارنى پارێزگاکان،بەڵام ئەمجارەیان لاى خەڵکى کوردستان رۆشنە ئەم فیلمە کۆتاى پێهاتووە و تاقەتى بینینەوەى نەماوە و چاوەڕوانى گۆرانکارییە لە دیمەن و سیناریستەکان و گۆرانکارییەکى ریشەیى لە ژیان و چارەنوسى،خەڵکى کوردستانیش هێندە هۆشیار و چاوکراوەیە دەستەکان باش دەخوێنێتەوە(چۆڵى بنکەکانى دەنگدان لەم رۆژانە بەڵگەى ئەو قسانەیە).


پێش هەموو شتێک پێویستە ئاماژە بەوە بکەین،لە دونیا ئەوە رۆشنە کاتێک مەملەکەتێک کە یاسا و دەستورێک لە ئارادانەبێت و بەبێ جیاوازى پەیڕەوى لێبکرێت و هێز و توانا هەموو شتەکان یەکلاى بکاتەوە، هەڵبژاردن و پرۆسە هاوشێوەکانى جگە لە نمایشێکى فریودەر و گاڵتەجارانە و سەرمەست کردنى خەڵک مانایەکى تر پەیداناکات،چونکە هێزى باڵا دەست بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدا دەبێت بۆ هەڵوشینى دەوروبەرەکەى ،وەکو هەموو ئەو ساختەکارى و پێشێلکاریانەى لە هەڵبژاردنەکانى پێشوو بینیمان و کوردستان و عێراقیش چوونە لیستى رەشەوە بەهۆى ئەو پێشێلکاریانەى لە پاش و پێشى هەڵبژاردنەکان ئەنجام درا.


لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارى کردن لە هەڵبژاردنەکان مانەوەى ئەو وەزعیەت و گوزەرانەیە کە ئیستا لە کوردستان لە ئارادایە،چونکە وەکو پێشتر ئاماژەمان پێکرد سیناریست و دەرهێنەر و بەرێوبەرەکانى هەمان شتن تەنها ئەکتەرەکان گۆرانکاریەکى کەمیان بەسەردا دەهێندرێت.


پرسیارێکى سادەیە،بەکێ دەنگ بدەین؟!بەو کەسانەى کۆشک و ڤێلاکانیان زیاتر بچنە ئاسمانەوە و پانتایەکى زیاتر داگیر بکەن،لەسەر دورست کردنى کەلاوەیەکیش بە خشت و قوڕ هەزارەها کەمدەرامەت راپێچى زیندانەکان بکرێن و کەلاوەکان بەسەر ماڵ و مناڵەکانیان بروخێندرێن؟!بۆ ئەوە بچینە هەڵبژاردنەکان، تا چوار ساڵى تر لەنێوان تاران و بەغدا و ئەنقەرە و واشنتۆن سات و سەودا و بازرگانیمان پێبکەنەوە؟!بۆ ئەوە هەڵتان بژێرینەوە تاکو داواى ئاو کارەبامان کرد بەر گوللەمان بدەنەوە؟!(هێشتا کفنى قوربانیانى داواکارانى ئاوى خەلیفان ووشک نەبۆتەوە و بریندارەکانیش چاک نەبوونەتەوە)،بۆ ئەوە دەنگ بدەین تاکو لەگەڵ باسى سەرەتاترین ماف و ئازادییەکانمان بە ئانارشیست و ئاژاوەگێر ناومان بەرنەوە؟!بۆ ئەوە بچینە هەڵبژاردن ،تاکو هەر پلەدوویى و سەرگەردانى و ترس و دڵەراوکێکانى هێرش و پەلاماردانەکانى سوپاکانى ناوچەکە و جیهان هەرەشە لە ژیان و هەناسەدانمان بکات؟!


بەکورتیەکەى،چوونە پێشى پرۆسەى بەناو هەڵبژاردنەکانى پارێزگاکان درێژەکێشانى بێمافیەکانە،قوڵترکردنەوەى نایەکسانیەکانە، بەردەوامى هەرەشە و پەلاماردانەکە بەسەر سەرى خەڵکى کوردستانەوە،لەگۆرنانى حەز و خۆزگەى هەزارەها گەنج و لاوە لەژێر رەحمەنى بۆگەنترین کەلتور و فەرهەنگ،بێبەشبونى بەردەوامى مناڵان و پیر و پەککەوتەکانە بە رووناکى و ئاو و خزمەتگوزراییە سەرەتاییەکان،کۆتایى نەهاتنى قەسابخانەکانى ژنان و ئافرەتان و بەردەوامى زیندەبەچاڵکردنەکانیانە،دواتریش بەردەوامییە بە سیستەمەکانى نێو کۆمەڵگا کە نەوەیەکى خەسیو و کۆیلە و بێ جوڵە و بیرکردنەوەى بەخشیوە بە کۆمەڵگاى کوردستان،.... .


بۆیە لەسەر خەڵکى کوردستان پێویستە نەک بەشدارى هەڵبژارنەکان نەکەن ،بەڵکو بیکەن بە مانۆِرێک بۆ گۆرینى دەسەڵات و سیستەمەکانى کۆمەڵگا بۆ دەست راگەیشتن بە ژیانێکى سایستەى بەشەرەکان و کۆتایهێنان بە وەزعیەتى موجودى ئیستا.


25-8-2008
Bashdar_net@yahoo.com