٣\٦\٢٠١٠ بۆچی بکوژان شه‌رمه‌زار نین.
ئایا ئه‌مجۆره که‌سایه‌تیانه‌ی که تاوانبارن له کپکردنی ده‌نگی ئازاد و سه‌رکوتکردن و ته‌فروتوناکردنی خه‌ڵکی مه‌ده‌نی بێبه‌رگری، هه‌ست به به‌های ئینسانی و هه‌بوونی خۆیان ده‌که‌ن؟ هه‌ست به‌خۆشی و ناخۆشی ده‌که‌ن؟ ویژدان رایانده‌چڵه‌کێنێت؟ یان هه‌ر که‌سانێکی ساردوسڕ له ئامڕازێک زیاتر هیچی تر نه‌بن که‌چی له ده‌وروبه‌ریان ده‌گوزه‌رێت، مه‌به‌ستیان نه‌بێت؟
ئه‌م پرسیارانه و چه‌نده‌ها پرسیاری‌تر له لای که‌سانی ڕوناکبیر و پسپۆڕ و لێکۆله‌وه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵکوژی جوله‌که له هۆلۆکۆستدا، بۆ نمونه ژنه جوله‌که‌ی فه‌یله‌سوف هانا ئاردنت دروست بوو، هانا ئاردنت له1961 له ئورشه‌لیم، له کاتی دادگایکردنی فه‌رمه‌نباری باڵای نازی ئه‌ڵمانی " ئادۆلڤ ئه‌یشمان"، "Adolf Eichman" هه‌وڵیداوه له‌و که‌سایه‌تی و بارودۆخه تێبگات، که چۆن فه‌رمانبه‌رێک بگاته ئه‌و ئاسته‌ی به‌فه‌رمانی ئه‌و، هه‌زاران و هه‌زاران جوله‌که له که‌مپدا به گاز بخنکێنرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاوانباری گه‌وره له دادگای باڵادا به‌وپه‌ڕی ئاگاییه‌وه، به بێ په‌شیمانی له کاری نامرۆڤایه‌تی و دڕنده‌یی و به بێگرژی و چرچ و لۆچی ده‌موچاو، ڕه‌وایه‌تی خۆی بداته ئه‌و کاره‌ی که ئه‌نجامی داوه، چۆن که‌سێک به بێ بیرکردنه‌وه و تێگه‌یشتن و هه‌ڵسه‌نگاندنی خۆی، ملکه‌چ و گوێڕایه‌ڵ له‌ژێر فه‌رمانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هیتله‌ردا، خراپکاری پڕوپووچ ئه‌نجامبدا. چۆن که‌سێک بڕوای به مه‌سیح بێت و کتێبه‌کانی ئیمانوێل کانت و گۆته بخوێنیته‌وه، گوێبیستی موزیکی شوبه‌رت بێت، هاوکات ده‌ستی له کوشتنی ملێونه‌ها جوله‌که‌دا هه‌بێت؟
لێره‌وه هانا دینی مه‌سیحی به دینیێکی بێکه‌ڵک و بێ‌سود ناوزه‌د ده‌کرد. ئه‌ویش له به‌رئه‌وه‌ی دینی کریستیان، دینێکه بایه‌خ به‌ڕۆح، له دنیای دوای مردن ده‌دات، نه‌ک به‌ژیان له ئێستا و ئێره‌دا. هانا هه‌روه‌ک سۆکرات پێیوابوو "باشتره ناهه‌قیت به‌رامبه‌ر بکرێت، نه‌ک له‌وه‌ی ناهه‌قی بکه‌یت"، به‌ڵام کێ ئه‌م بڕیاره ده‌دات؟ "خودی که‌سه‌که" واته من، که‌واته "من" کرۆکی بابه‌ته‌که‌یه و له هه‌ڵسه‌نگاندنی مۆرال له ره‌وشتی مرۆڤدا به‌رپرسه. به‌ڵام ئایا ئه‌م "منه" چۆن بڕیاری باشترین چاکه ده‌دات؟ هانا پێیوایه که من یه‌کێکم، یان دوان له‌یه‌کێکدا، له‌وانه‌یه، ئاشتی یان نائاشتی له‌گه‌ل بووندا هه‌بێت. به‌ڵام ڕاستییه‌ک هه‌یه که "من" نا‌توانیت له خود هه‌ڵبێت. گه‌ر من ناڕه‌وایه‌ک ئه‌نجام بده‌م، ئه‌وا به‌ناچاری تێکه‌ڵاوی و زۆر نزیکی له‌گه‌ڵ ناهه‌قکار به‌سه‌رده‌به‌م. واته من له‌گه‌ڵ خوددا.
به تێوری هانا دیالۆگ و مشاوه‌ره له‌گه‌ل "من" خاڵی ده‌ستپێکردنی بیرکردنه‌وه‌یه که به‌هۆی ئه‌وه‌وه یه‌که‌یه‌ک له مۆراڵ دێته ئاراوه. لێره‌وه ڕه‌وشت و هه‌ڵسوکه‌وتی نازی تاوانبار "ئه‌یشمان" ڕوونده‌بێته‌وه که که‌سێکی بێ مۆرال، له ناوه‌وه له‌تکراو، سه‌یر و ترسناک و نائاسایی که توانای بیرکردنه‌وه‌ی نییه، بێتوانایی بیرکردنه‌وه‌ش که‌س ده‌کاته به‌دخواز و خراپکار و پڕوپووچ . ئه‌مه‌ش داڕمانی هۆش و هه‌ست و ڕه‌وشته.
له خۆم ده‌پرسم گه‌ر له کوردستاندا ئه‌مڕۆ تاوانبارانی ئه‌نفال و کیمابارانی هه‌ڵه‌بجه و بکوژانی ڕۆژنامه‌نووسان بیگیرێن و دادگا بگرێن، ئایا تاوانباران بوێر و ڕاستگۆن، ده‌توانن داوای لێبووردن له میلله‌ت و شه‌رمه‌زاربن و په‌شیمانی خۆیان ده‌رببڕن؟ ئایا ده‌ڕبڕینی په‌شیمانی و لێبووردن بیرکردنه‌وه‌ی ناوێت؟ ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی که هه‌ڵێنجانێکی ئه‌قڵانی شارستانی ده‌خوازێت. به‌ڵام گه‌ر تاوانباران هێشتا سنووری عه‌قڵه‌ییه‌تی شێخ و خێڵ و بنه‌ماڵه و تایه‌فه‌یان نه‌به‌زاندبێت چی له لێبوردن و هه‌ستی شه‌رم و ڕاستگۆیی و به‌خۆداچوونه‌وه ده‌گه‌ن؟!
ماڵپه‌ڕی بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید
|