په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١١

بۆچى دەبێ بارەگاکانى پارتى بکرێنە ئامانج؟!


هیوا رەش     


ئەمەى سەرەوە هەم پرسیارە و هەمیش سەرسوڕمان، بەشبەحاڵى خۆم خوێندنەوەى خۆم بۆى هەیە بەڵام بەڵگەم لا نیە، بێبەڵگەش ناتوانى لایەنى گومانبار تاوانبار بکەیت ، بۆ خوێندنەوەش هەرچییەک بڵێم دەچێتە خانەى گومانەوە و گومانیش کێشەکە ساغ ناکاتەوە و لە ڕووى یاساییشەوە گومانبار بێتاوانە تا ئەو کاتەى تاوانەکەى بەسەردا ساغ دەبێتەوە ، بۆیە ئەم پرسیارە سەرسوڕهێنەرەم کردووە تا خوێندنەوەیەکى ڕاستم دەست بکەوێت ، یان بەڵگەى ماقوڵم پێ ببەخشرێت و ئەم هاوکێشە جاڵجاڵۆکەییە نەخشە بۆ داڕێژراوە شى بکاتەوە ، بە هیوام شارەزایان و خاوەن زانیاری زیاتر وەڵامێکیان پێ بێت.

خۆپیشاندان مافى سەرەتایى خەڵکە و ناتوانرێ لێیان زەوت بکرێ ، سەرکوت و کوشتوبڕى ڕژێمە دیکتاتۆرەکان ناتوانن ڕێگەى لێ بگرن ، کەواتە ئەو مافە بەخششێک نیە بەخشێنرابێ بە خەڵک ، بەڵکو کەڵەکە بوونى ناڕەزایەتى جەماوەرە لە هەمبەر ستەکانى زۆرداران و بەم جۆرە پراکتیزە دەکرێ ، ئەم جۆرە ناڕەزایەتى دەربڕینەش هەندێک جار خۆڕسک و هەڕەمەکییە و هەندێک جاریش بەرنامە بۆ دانراوە ، ئەوەى 17 2 2011 ى شارى سلێمانى هەرچەندە بۆ پشتیوانى کردنى گەلانى تونس و میسر باڵاپۆشکرابوو بەڵام لە ڕاستیدا ناوەڕۆکەکەى دەربڕینێکى ناڕەزایەتى ڕەفتارە دزێوەکانى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتى بوو کە بیست ساڵە هەموو کایەکانى ئابورى و سیاسى و کۆمەڵایەتى و سەربازى و دیپلۆماتى گەلەکەمانیان لە مستى کەسک و زەردى حیزبدا کۆ کردبۆوە و حیزبیش لە مستى بنەماڵەدا و بنەماڵەش لە مستى سەرۆکدا لغاو کرابوو ، بیست ساڵ پیادە کردنى دزى و تاڵانى و گەندەڵى و نادادپەروەرى و قۆرخکارى و پاوانخوازیى هۆکار بوون بۆ ئەم ئەنجامە.

بەندە دووساڵ بەر لە ئێستا بە ڕاشکاوى زیندانەکانى دوو زلحیزبە دەسەڵاتەکەى کوردستانم بەرامبەر بە ئەمنە سوورەکە ناو ناوە ئەمنە زەردەکە و ئەمنە سەوزەکە و ئەمەشم بڵاوکراوەتەوە و لە ئەرشیفدایە ، ئەوەى لە زیندانى ئەواندا بە خەڵک کراوە بە سوود وەرگرتن و ئەزموونى زیاترەوە هاوشێوەى ڕەفتارە دڕندانەکانى بەعس بووە ، ئەوەى لە کوردستاندا دەرهەق بە میللەت ئەنجام دراوە کۆکراوەى پەڕەپەڕەى فەرهەنگى دیکتاتۆرەکانى دنیایە ، بە دیموکراسییەت دەست لە بیناقاقا گیر دەکەن و هەناسە دەبڕن ، پەرلەمان و حکومەتى حیزبى بەڕێوە دەبەن ، سامانى سەر و ژێر زەوی دەدزن ، ئاسمانى نیشتمان دەکەنەپردى بازرگانى ، بۆندى ژێر بە ژێر واژۆ دەکەن ، وڵاتیان کردۆتە مۆڵگەى هەواڵگریى دوژمنان ، سازش بە خواستى خەڵکەوە دەکەن و بێئەوەى پرس و ڕاى کەس وەربگرن جەنگیش هەڵایسێنن ، ڕاى جیاواز خەفە دەکەن ، حیزبۆکەى بچووک بۆ پیاهەڵدانیان برەو پێ دەدەن ، یەکڕیزیى خەڵک لەبەر یەک هەڵدەوەشێننەوە ، خیانەت و نیشتمانپەروەریى دەبەشنەوە ، نوسەر و ڕۆژنامەوانى دەربار قووت دەکەنەوە ، سەربارى هەموو ئەمانە خۆپیشاندان بە ئاژاوەگێڕى و گێرەشێوێنى وێنا دەکەن ، ئەمانە چمکێکن لە دەسەڵاتى دواکەوتووى بنەماڵەیى لە کوردستاندا کە شایستەى ئەوەن وەڵامى گورچکبڕیان بدرێتەوە و کار و بەرهەمى وڵات کە حیزب لووشى دەدا ئیفلیج بکرێن ، دەزگاکانى هەواڵگرى و کۆمپانیاکانى وەبەرهێن و قونسوڵگەرییەکانى وڵاتانى پێ بترسێنرێن ، بەڵام نابێت ڕێگە بدرێت نان و پیازیان پێوەبخورێ و لە لایەن ئیسلامییەکان و بزووتنەوەى گۆڕانەوە لێخن بکرێ ، بوار نەدرێ ئەوان خۆیان بە خاوەندى بکەن ، چونکە هەر ئەوان بوون ڕۆژى دووەمى خۆپێشاندانەکە بە هەمان گوتارى تۆمەتاوى دەسەڵاتداران خەڵکیان بە ئاژاوەگێڕ و گێرەشێوێن ناوزەد کرد و ئێستا دەیانەوێ بە نوێژ کردن لەسەر بەرماڵى مۆرەوە ببن بە فریشتە و ئیعلانى جیهادیش بکەن ، کە دەبوایە جیهادیان بەرامبەر داگیرکاریى چەتە عەرەبەکانى لم و بیابان بەرامبەر بە عەقڵ و خاکى گەلى کورد ڕابگەیاندایە.

ئەگەر کار بۆ ئەوە کرا خۆپیشاندانەکان خوێناوى بکەن نابێت مەسیح ئاسا وەڵام بدرێنەوە ، بۆ پاراستنى گیانى ڕۆڵەکانمان نابێت ناڕەزایەتییەکانمان بە ئاقارى توند و تیژیدا ببەین ، بەڵام نابێ ڕێگەش بدرێ لەسەر ملمان جێگە بۆ شمشێرەکانیان خۆش بکەن ، دەبێت کارێک بکەین بە دادپەروەرانە ڕەفتار بکەین و بە یەک چاو لە نادادپەروەریى هەموو ئەوانە بڕوانین کە ساڵانێک گەندەخۆرییان دەکرد لەسەر جەستەمان ، دەبێ دواى سۆز و عاتیفە نەکەوین و بپرسین کێ بوو یەکەمجار بە گوللە وەڵامى خۆپیشاندەرانى دایەوە و بەکر عەلى شەهید کرد ، ئەو پارێزگارانەى شارى سلێمانى چەندیان بوونە هۆى کرمێ کردنى خزمەتگوزارییەکانى شارى سلێمانى و ئێستا لە کوێن ، ڕەفتارى کام ئەندامى مەکتەبى سیاسى لە ساڵانى ڕابردوو بە ئێستاشەوە کەرکوکى گورگانخواردوو کرد ، بە فەرمانى کێ کۆمەنیستەکان خڵتانى خوێن کران ؟ ؟ ؟ بە دڵنیاییەوە ئەوانەى قبوڵ بکەن گردێک لە موڵکى گشتیى بە ناویانەوە بکرێ لە چیایەکیش ناسڵەمێنەوە ، کەواتە دەبێ وریا بین گەندەڵ و گەندەڵکاران چواردەوریان داوین ، زەرد و کەسک و مۆر ، باوبارانن و دەیانەوێ لە ئێمەى بەفر بتوێننەوە.

لە کۆتاییدا دەڵێم با خۆپیشاندانەکان بە حیزباوى کردن ناشرین نەکرێن ، سەراى ئازادى نەکرێ بە مزگەوت و مەلا و فەقێى حیزبییش نەبنە دەمسپی ، و بە فرمێسکى تیمساحیى گۆڕانیش فریو نەخۆین و بە هەلهەلەى گێڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر کوردستانى پارتى و یەکێتیش نەکەوینە سەما ، دەبێ خۆپیشاندانەکان تا گەییشتن بە ئامانج بەردەوام بن و پەلامارى هیچ دەزگایەکى فەرمى و حیزبى نەدرێ ، ئەگەر کار بەوە گەییشت جیاوازى لە نێوان هیچیاندا نەکرێ کە هەموویان وەکو یەک گەنەخۆرن ، دەبێت پارتى بە تەنها نەکرێتە ئامانج بۆ ئەوەى لە باتى خزمەتى خۆمان خزمەتى ئەوان نەکەین کە دەمێکە خەونى دابەشکردنى میرات بیر و هۆشى بردوون و هەر یەکەیان بەشى خۆى بە کەم دەزانێ و چش لە بەشى میللەت دەکات.

بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە عەقڵى سەرکردەکان بکەین ، بادینان و سۆران لێک جودان ، هەولێر و سلێمانى لە بەرەى دژدان ، دەبا ئەم کلتورى بەعسیزمە ڕیسوا بکەین و بوار نەدەین یەکتر کوشتن و یەکتر قبوڵ نەکردن کە پەیامى کۆنى هەگبەکەیانە و دەیانەوێ لە شاخەوە بیگوازنەوە شار ، چیدى نەهێڵین مەرامى پەنهانیان بێتە دى و لە بەهاى خۆپیشاندانەکانمان کەم بکەنەوە و ئامانجەکانیمان بیر ببەنەوە و بەرەو هەڵدێرى .


نەفرەت لەوانەى گوڵباران دەکەن بە گوللەباران.

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک