په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٣

بۆ چی ئەمەریکا تەرمی بن لادنی خستە نێو دەریاوە!

نەهرۆ          


رەنگە یەکێک سەرپێ یی بۆ ئەم دیاردەیە بروانێ و بڵێ بۆیە تەرمەکەیان فرێ دایە دەریاوە تاوەکو نەکرێ بە مەزارێکی پیرۆز! ئەمە لایەن و مەودای مەعنەوی مەسەلەکەیە بەڵام ئەگەر لە رووی زانستی فیزیاوی یەوە دیاردەکە لێک بدەینەوە ئەوە مەوداو رەهەندێکی دیکەی هەیە! لێرەدا من وەک کایەیەکی یادەوەری (ذاکرە) بۆ شیکردنەوەی فرێ دانی تەرمی بن لادن دەروانم، بێ گومان یادەوەری کەسایەتی بن لادن یادەوەرییەکی کونسرڤاتیڤ و فوندامینتالیست و ئەنتی ئەمەریکا بوو، ئەم کەسایەتی یە کاتێ لە ژیان دابوو سەرکردایەتی رێکخراوێکی پان و بەرینی وەک قاعیدەی دەکرد، کەواتە زاکرەی بن لادن وەک یەکەکی بایلۆجی و فیزیاوی لە کاتێ زیندووبوون و ژیانی دا کاریگەری خۆی دانا بوو لەسەر یادەوەری خەڵکانی تر، ئێمە ئەگەر باسی کاریگەری یادەوەری بکەین لەکاتێ زیندوویەتی دا، دەبێ باسی کاریگەری و درێژبوونەوەی بکەین تەنانەت لەکاتێ مردوویەتیش دا، لەراستی دا زاکرە لەگەڵ دەرچوونی (روح) کۆتایی بە کایەکەی نایێ چ لە رووی پروسەی کیمی یەوە، چ لە لایەنە فیزیاویەکەیەوە، لێرەدا من پێناسەیەکی زانستیانەی (روح) دەکەم (الروح هی نشاط کهربائی فی الجسم) بەواتای روح هەلسوڕانێکی کارەبایی یە لە جەستە، کاتێ روح بەو مانایە کوتایی پێهات، کەچی پاشماوەکەی ئەمێنێ لە جەستەدا، راستە مێشکی مرۆڤ سەنتراڵی یادەوەری یە بەڵام ئەگەر زیاتر وردبینەوە هەر شانەیەکی جەستە دەشێ یادەوەری خۆی هەبێ ! تەنانەت ئێسقانەکانیش یادەوەرییان هەیە و زانیارییان تیا دەمێنێتەوە!


لە خوڕا نییە بەپێ ترادیشیونی ئاینی چ لە روژهەڵات یان رۆژئاوا تەرمی مرۆڤ کفن و دەفن ئەکرێ و لە کاتێ گواستنەوەی دا دەخرێتە نێو تابوتێکی تەختەوە، ئەم رێ و رەسم و مەراسیمە نهێنی و تەڵیسمی زۆرە!


بۆ سەرەتا کفنی دەکەن، لەبەر ئەوەی کفن وەک پارچە، ماتریالێکی نەگەیننەرە (مادة عازلة) هەروا کاتێ دەخرێتە نێو قەبرەوە بە درێژایی مەترێک چاڵی بۆ هەڵدەکەنن لە ناوەراستی دا چاڵێکی دیکەی باریکی لێ ئەدەن مردووەکە بەلاوە دەنێژرێ دواتر خشت و قوڕ لەسەر دائەنێن!


ئەگەر دیراسەی زانستی ئەم ترادیشیونە ئاینی و کۆمەڵایەتی یە بکەین، زیاتر هەقیقەتە زانست یەکەی بۆمان روون دەبێتەوە، کە تێکرای ئەم پروسیسە هەوڵدانێکە بۆ دابراندن (فێل) کردنی زاکیرەی مردوو وەک زاکیرەیەکی نە گۆر لە زاکرەکانی دیکەی زیندوو کە لە حاڵەتی ئیش کردن و ئەکتیڤ و جوڵە دان کە بۆ کەسێکی ئاسایی لەوانەیە خزم و ئاشناو ناسیاوەکانی بێ!


تەنانەت منیش یەقینم لا نییە وەک شێمانە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەم کە دیویکی لە منەوە دیارە، تەنانەت دانانی سێ رۆژ تازیە کە دەکاتە (٧٢) سەعات بۆ کەسی مردوو گوایا لە ترپەی دڵەوە وەرگیراوە لە دەقیقەیەک دا بەڵام درێژکراوەتەوە کەواتە کاتێ روح دەرئەچی لە رووی فیزیکییەوە دڵ لە لێدان دەکەوێ بەڵام لەرووە کیمیکەوە هێشتا لە ناو نەچووە!


تەنانەت ئاهەنگی (تابینی) کە دوای چل رۆژ ئەگێڕدرێ ئەمیش حکمەتێکی تیایە بەپێ گێڕانەوەی ئەفسانەکان خوا هەتا چل و دوو ساڵ ئادەمی بە قوڕی هیشتوتەوە ئەوجا فوی تێ کردووە ! کەچی لە ترادیشیونەکە کورت کراوەتەوە بۆ چل رۆژ، هەر وەک شێمانە دەڵێن یادەوەری (جەنین) دوای چل و دوو رۆژ دروست ئەبێ، ئەم بۆچوونە لەوانەیە هەوڵدانێک بێ بۆ جێکردنەوەی ئەفسانەکان لە نێو چوار چێوەی زانست دا!


داپۆشێـنی جلی رەش بۆ کەسی مردووە لەلایەن کەس و کاریەوە ئەمەش دیسان لێکدانەوەیەکی فیزیاوی هەڵدەگرێ بۆ چی رەنگی رەش بەتەنهاو رەنگێکی تر نە، رووە زانسییەکەی ئەوەیە رەنگی رەش وزە هەڵدەمژێ ، ئەو وزەیەی کە لە نێوان یادەوەری نەگۆرو و یادەوەری جوڵاو هاتووچوو دەکا!


کەواتە مردوو راستە دەمرێ، روح وەک هەڵسورانی کارەبایی لە جەستە دەرئەچێ، بەڵام ئەندامەکانی دیکەی جەستە تارادەیەک کهرەبایەت و موگناتیسیەتی تیا دەمێنێ بۆ نموونە کارەبا لە پلازمای خوێن دایە، رێژەی کارەبای دڵ ١٠ توان -١٤ یە، کەواتە شانەو دام و دەزگاکانی ئینسان وەک یەکەیەکی بایلۆژی کونتاکت و یادەوەری خویان هەیە لە رێگای شەپۆلی ئەلیکتروموگناتیسی یەوە، کە پەیوەستە بە یادەوەریەکانی دیکەوە، فرینکوینسیش (ذبذبة) روڵی خوی ئەگێڕێ لەم بوارەدا، دوو زاکیرە دەتوانن کایەی تەلەپاتی لەگەڵ یەک دا ئەنجام بدەن ئەگەر فرینکوینسیان یەکسان بێ، فرویدیش دووپاتی ئەمەی کردۆتەوە لە خوشەویستی نێوان دایک و کوڕدا، ئەم کایەیەش هەندێ جار بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بەرێوە دەچی، هەندێ جاریش لە ئیرادەی ئینسان دایە!


لەوانەیە یەکێک بپرسێ کە تەرمی بن لادن خراوەتە ئاوەوە ئاویش گەیەنەرە موریدە زیندووەکانی بن لادن دەتوانن کوپی لە یادەوەریی هەڵگرن، لە وەڵام دا دەڵێن راستە ئاو گەیەنەرە بەڵام ئاوی دەریا خوێ یی تیایە خوێ ییش لە کلورید ێودیوم پێک هاتووە ئەمەش دەبێتە هوی دابران و (عزل) کردنی لە هەمان کاتیش دا ئاوی دەریا لە رویشتنێکی بەردەوام دایە شەپولە موگناتیسیەکانی نێوان یادەوەری بن لادن وەک زاکیرەیەکی نەگۆر و موریدەکانی وەک زاکیریەکی گۆڕاو بە ئاسانی ناگەن بەیەک!


ئەگەر ئێمە سەرنجێک بدەینە ئەو کەرەستانەی کە لە دوای مردنی مرۆڤ بەکار دێت وەک کفن، تابوتێکی تەختە، چاڵێکی قووڵ تێکرای ئەمانە روڵی (عزل)کردنی یادەوەری دەگێڕن، ئەم مادە عازلانەش بۆیە بەکار دێ تاوەکو هێزی کێشی یادەوەری جەستەی مردوو لەگەل زاکیرەی دەوروبەر جیابکرێتەوە!


بۆ نموونە سیکەکان هیند بە پێ ترادیشیونی خۆیان تەرمی مردوو دەسوتێنن کە بەئینگلیزی پێدەڵێن ( کرمەیشن ) خوڵەمێشەکەشی یان دەیخەنە نێو دەریاوە یان بە بالۆن بۆ ئاسمان هەڵی ئەدەن یان بەسەر لوتکەی شاخەکانەوە پەرتی ئەکەن بەرای من ئەمە رادیکال ترین شێوەیە بۆ هەردوو لا جیهانی زیندووەکان لەگەڵ جیهانی مردووەکان گەرچی لیرەش دا کوپی و پاشماوەی زاکیرەی مردوو لە فەزا دەمێنێتەوە!


لێرەدا پەیوەست بەم بابەتەوە حەز دەکەم نهێنی یەکی کهرەبایی لەسەر داپۆشینی حێجاب بۆ خوێنەری بەرێز باس بکەم، گەرچی من لەگەڵ حیجاب نیم وەک دیاردە، ئافرەت ئازادە چۆن خۆی رێک دەخا، حیجاب وەک رووکەش گوایا مەسەلەیەکی مۆراڵی یە بەڵام لە ناواخن دا ئەم دیاردەش لێکدانەوەیەکی فیزیاوی هەڵدەگرێ!


لەبەر ئەوەی قوماش مادەیەکی عازلەیە، کاتێ ئەو کەسە حیجاب دائەپوشێ، تەوژمی کارەبایی دەسەڵاتی ئاین و ئایدیاکانی تر بە شێوەیەکی ناراستەوخۆ ناتوانن کار لە یادەوەریی بکەن بۆیە ئەوانەی حیجاب لەسەر دەکەن دەشێ بگوترێ ئارامییەکی دەروونی زیاتریان هەیە، لەبەر ئەوەی زاکیرەی خاوەن حیجاب تارادەیەک سەربەخۆ دەبێ لە ژێر قیناعەتی خۆی و دەکەوێتە ژێر ئەو دەسەڵاتەوە کە خۆی لە پێناویا تەرخان کردووە!


لێرەدا من تەنیا باسی لایەنی فیزیاوی دیاردەکە ئەکەم، ئەگەر نە وەک هەلویستی رۆژانەی خۆم پێم وایە ئافرەت بەسروشتی خورسکی خۆی جوانە بەبێ دەسکاری!


ئەم بۆچوونەش دەکرێ وەک گریمان و شیمانە لێم وەرگرن!


لە میژووی دوورو نزیکی ناوچەکەمان قەبری چەند کەسایەتی یەکیان هەڵداوەتەوە لەوانە گۆری بارزانی! لە خاکی کوردستانی ئیران، نووسەری بەناوبانگ عەبدولرەحمان مونیف لە خاکی سوریا، بەرای من ئەم دیاردانە پیش ئەوەی مانایەکی سیاسی یی هەبێ مەودایەکی فیزیاوی یی هەیە، ئەگینا ئێسک و پروسک لە ژێر خاک دا بوو زەرەر و زیانی بۆ کەس نییە، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لە پشتەوەی دەرهێنانی ئەو تەرمانە بووە وەک کایەیەکی فیزیاوی ئیشی لەسەر کردووە وەک یادەوەری حیسابی بۆ کردوون، بێ گومان زاکیرەی گۆشتی دوای چەند هەفتەیەک دادەرزێ لێرەدا زاکیرەی ئێسک دەمێنێتەوە، مەیتی جەنراڵێک یان نووسەرێک لەو پانتایی یە جوگرافی یەی کە لێ نیژراوە لە رووی ئەلیکترو موگناتیسی یەوە کاریگەری خۆی دەبێ بەسەر یادەوەری خەڵکانی زیندوو!


لێرە لە وڵاتی نەرویج پێش چەند ساڵێک کچی پادشای نەرویج بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانێ لەگەڵ یادەوەری مردووان دا قسە بکا کەچی راگەیاندنی کونسرڤاتیڤ و خەڵک کردیانە هەرا لێی گوایا ئەم بۆچوونە دژی ئاین و داب و نەریتە!


ئەو کچە بەستەزمانە لە روانگەی زانستی پاراسایکۆلۆژی و تەلەپاتییەوە قسەی دەکرد کە یادەوەری مردوو لە فەزا و لە نێو ئێسک و پروسک دا بوونی دەمێنێ!


بەڵام جێگای داخە کەم کەس لەم راستیە تێدەگەیشت یان بە شێوەیەک لە شێوەکان خۆیان لێ لادا!


٣٠\٣\٢٠١٣ - نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک