|
١٧\٣\٢٠٢٦
بۆچی ئەمەریکا لە
ئێران دەدا؟

شوان عەزیز
بیانووەکان وەک لێیاندەدوێن:
ئێران چەکی ئەتۆمیی هەیە یان دروستیدەکا، یان یورانیوم دەپیتینێ و بۆ
چەکی ئەتۆمیی ئامادەیدەکا!
ئێران سەرچاوەی تیرۆریزمە!
بەڵام:
ئایا ئەوە ئێران بوو بزووتنەوەی تاڵیبانی لە ئەفغانستان دروستکرد؟
ئایا ئەوە ئێران بوو داعشی دروستکرد و بەریدایە گیانی خەڵکی سوریا و
ئێراق؟
ئایا ئەوە ئێران بوو کە گرۆیە تیرۆریستە ئیسلامییە سوننە تونڕەوەکانی
لە نێو سوریادا دروستکردن و بە چەکی قورس سازیدان و ناوینان بەرەی
بەرهەڵستکار و گوایە لە دژی رژێمەکەی ئەسەد دەجەنگان بەڵام کاری تریان
پێدەسپێردرا؟
ئایا ئەوە ئێرانە کە لە هەر چوار لای جیهانەوە بۆ ''جیهاد'' لە دژی
خەڵکی ئێراق و سوریا تیرۆریستی تێڕا دێنە ناو سوریا و ئێراقەوە؟
ئایا چیچانیی و ئوغوریەکانی چین لە ئێرانەوە دێنە ناو سوریا و ئێراق
یان لە تورکیای ئەندامی ناتۆوە؟
ئایا ئەبو محەمەد جۆلانی، گەورە تیرۆریستی جیهانی، بە پاڵپشتی ئێرانیی،
بووە سەرۆکی سوریا و گەلانی؟
دوێنێ چل ملیۆنتان دەدا، لەبۆ سەری جۆلانی، ئێستاس ڕاناوەستن، لە سەنا
و پێداهەڵدانی! چەندین نموونەی تر هەن و چەندین گرۆی تیرۆریستی تر هەن
کە بە هەر چوار لای جیهاندا بڵاوکراونەتەوە و بەردراونەتە گیانی خەڵکی
سیڤیل و هەر هەمووشیان ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا سەرچاوەی
بژێویی و پڕچەککردنی ئەو گرۆپانەن نەک ئێران!
ئەمەریکا خۆی بۆ خۆی، خۆی کردۆتە پۆلیسی جیهان نەک ئێران!
من بەرگریی لە ئێران ناکەم و پێشموایە و بە بەڵگەش سەلماوە کە سیستەمی
ئاخوندیی سیستەمێکی دژە مرۆیی و بە ڕژیمی پەت و سێدارەش ناسراوە. بە
زەبری سەرکوت و سێدارە و برسییکردن بە دەیان ساڵە خۆی سەپاندوە! بەڵام
ئەمەریکا لە ئێران نادا چونکە ئێران لەگەڵ کورد خەراپە، یان لەگەڵ
گەلانی ئێران خەراپە، یان چونکە سیستەمی ئاخوندەکان سیستەمێکی
دیموکراسی و مرۆیی نییە، یان لە بەر ئەوەی سیستەمی ئێران سیستەمێکی
عیلمانی نییە، بەڵکو ئەمەریکا لە ئێران دەدا چونکە بە کورتیی و
کرمانجیی ئێران ناچێتە ژێرباری داخوازییەکانی ئەمەریکا!
ئەم بۆچوونەی من دیسان ڕاستە بۆ ڕژێمەکانی سوریا و ئێراق و یەمەن و
سوودان و میسر و لیبیا و تونس و سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی کە لە بەناو
بەهاری عارەبییدا سەرەونگون کران و ناتۆ بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا
هەریەکەی بیانوویەکی لێدۆزینەوە. من پێموایە ئەگەر ئەو دەوڵەتانەی
بەهاری عارەبیی وەک پێویست ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە کارەکانیان
دڵخۆش بووانایە هەرگیز ڕۆژیان بەمڕۆ نەدەگەیی! بۆ نموونە ئەمەریکا و
هاوپەیمان و هاوئاوازەکانی سەدامیان نەڕووخاند چونکە سەدام لەگەڵ کورد
و گەلی ئێراق خەراپ بوو، یان سەدام چەکی کۆمەڵکوژی هەبوو، یان چەکی
کیمیایی بەکارهێنا لە دژی کوردان، بەڵکو لەسەر شتیتر سەدامیان ڕووخاند
کە دوور و نزیک پەیوەندیی بەو هۆیانەی نەبوو کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە
لێیاندەدوان! هۆیەکانیش تەنیا بیانوو بوون و هیچی تر! بیانوو بوون بۆ
ئەوەی هەم خەڵکی ئەو وڵاتە ڕاکێشنە ناو سوپاکەی خۆیان و هەمیش
ڕەواییەکی نێودەوڵەتی، کە هەر خۆشیان بەرپرسی ئەو ڕەواییەن، بە هێرش و
پەلامار و وێرانکارییەکانیان بدەن.
من دیسان دەیڵێمەوە هەموو ئەو ڕژێمانەی کە لە بەهاری عارەبییدا
ڕووخێنران و ئەوانەی کە ئێستا لەسەر کارن، هیچیان دوور و نزیک
پەیوەندییان بە خەڵکەوە نییە و هەموویان دژە خەڵکن جا یان دیکتاتۆر
بوون یان ئێستا دیکتاتۆرن! بەڵام میژوو سەلماندوویەتی ناتۆ بە
سەرپەرشتیی ئەمەریکا دژی دیکتاتۆریەت نییە لە جیهانی عارەبیی و
ئیسلامییدا، بەڵکو دژی ئەو سیستەمەیە کە لەگەڵ ئەمەریکا نەبێ.
تۆ لەگەڵ ئەمەریکا بە ئیتر کەسێکی باش و بێ کەموکوڕیی ئەگینا تۆ
تیرۆریستی!
تکایە بە وردیی سەرنجی ناوچەکە و رژێمەکانی ناوچەکە بدەن بۆتان
دەردەکەوێ کە ئەم تێڕوانینەی من ڕاستە!
تێبینیی: تکایە ناوەڕۆکی ئەو بابەتەی من وا لێکمەدەنەوە کە من
پێمناخۆشە ڕژێمی ئێران بڕووخێ، یان من دژی سەربەخۆیی کوردم. بەڵکو
ئەوەیە کە من نامەوێ ڕژێمێکی دیکتاتۆر بڕووخێندرێ و یەکێکیتر لە خۆی
خەراپتر بهێندرێ! من دژی شەڕ و وێرانییم کە مەبەستی تەنیا وێرانیی و
شەڕە لە بەرژەوەندیی بازرگانانی شەڕ یا لە بەرژەوەندیی جیهانی سەرمایە
و کۆمپانیایەکانی چەک و شەڕ!
ماڵپهڕی
شوان
عەزیز
|