بۆچی گەلی کورد
تائێستا نەیتوانیوە دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ.

د. جەواد مەلا
- بەشی دووەم -
جەنگی دەروونی داگیرکەرانی کوردستان دژی گەلی
کورد تا ئێستاش گەورەترین کاریگەرە بۆ رێگەگرتن لە دەوڵەتی کوردی.
گەلی کورد بوونێکی مێژوویی رەسەنی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و
خاوەنی چەندین دەوڵەت و ئیمپراتۆریەت بوە و شارستانیەتی تەواوی
بنیاتناوە کە چەندین ئایینی وەک ئێزدی و زەردەشتی و مانی و پارسانی و
عەلەوی و ئایینی دی لێ بوەتەوە کە لەکۆنەوە تائێستاش بە زمانی کوردی
مەراسیمەکانیان بەرپا دەکەن و سەرکردایەتی رامیاری و بەرێوەبەرایەتی
ئایینی بەدەست گەلی کوردەوە بوە هەروەک رژێمی سەربازی و رامیاری و
بەڕێوەبەرایەتی و معماری و ئابووری تایبەت بە شارستانیەتی کورد باڵی
بەسەر تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی تاوەراستدا کێشابوو، ئەم بارەش بەردەوام
بوو تاکو ئیمپراتۆریەتی مییدیەکان لەلایەن هاوپەیمانیێکی فارسی = بابلی
یەوە لە 550 پ.ز رووخێنرا کە وەک هاوپەیمانیەتەکەی فارسی = عراقی 1975
وابوو بەڵام بەجیاوازای زیاتر لە 2500 ساڵ بەڵام هەمان ئامانجیان هەبوو
کە نەهێشتنی بوونی رامیاری و شارستانیەتی رەسەنی کورد بوە.
رووخانی ئیمپراتۆریەتی مید بوەهۆی لەدەستدانی ئازادی و سەربەخۆیی گەلی
کورد و هەرچەندە میرە کوردەکان هەندێک سەربەخۆیی ناوخۆییان بە درێژایی
مێژوو هەر هەبوو بەڵام رووخانی ئیمپراتۆریەتی مید نیشانەیێکی شووم بوو
چونکە فەرمانڕەوایی میرنشینەکوردەکان کورت و دەوڵەت و حکوومەتە
کوردەکان زۆریان نەدەخایاند. لەهەموویان درێژخایەنتر دەوڵەتی ئەیوبی
بوو کە 70 ساڵ بەردەوام بوو. جارجارە کورد فەرمانڕەوایی کوردستانیان
کردوە بەڵام بێئەوەی گوێ بدەنە ئاسایشی نەتەوایەتی کورد یان تەنانەت
بنیاتنانی ستراتیژیێکی نەتەوایەتی کە لە رووخانی دوارۆژ بیانپارێزێت
هەروەک ئیمپراتۆریەتەکانی دی فارسی و تورکی و عەرەبی، کە چەندین سەدە
لە کوردستان و وڵاتانی دی رامیاری بەعەرەبکردن و بەتورککردن و
بەفارسکردنیان پەیڕەو دەکرد کەچی کاتێ کە کوردەکان فەرمانڕەواییان
دەکرد هیچ بەکوردکردنێکیان بەکار نەدەهێنا چونکە کاری پیسی
رەگەزپەرستانەی وا لەگەڵ شارستانیەت و خووڕەوشتی کورددا نا گونجێت.
بەرواری راستەقینەی لەدەستدانی ئازادی بۆ کورد رۆژی رووخانی
ئیمپراتۆریەتی میدە کە لەو رۆژەوە زانا ئایینیەکانی کوردی زەردەشتی
بوون بە پاشکۆی زانا ئایینیەکانی فارسی زەردەشتی کە رۆڵێکی نالەباریان
هەبوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ گەلی کورد و شێواندنی ئایینی زەردەشتی و
کاتێک کە فتوحاتی ئیسلامی دەستی پێکرد فارسەکان رەسەنی ئایینی زەردەشتی
و ناواخنەکەیان نەهێشتبوو هەروەک لەتەکیشیدا کەسایەتی رامیاری و
شارستانیەتی کورد بۆیە فتوحاتی ئیسلامی توانی لەگەڵ ئەو بەربەریکانی و
خوێنە کوردەی کە رژێندرا لە بەرهەڵستی هێزە عەرەبە ئیسلامەکان خۆیان لە
کوردستاندا دابمەزرێنن. تائێستاش لە کوردستاندا گۆڕستان و شێوی وا هەن
کە پاشماوەی ئەو شەڕە گەرمانەن لە نێوان گەلی کورد و سوپاکانی فەتحی
ئیسلامدا روویانداوە. لە ناوچەی سلێمانی شێوێک هەیە کە ناوی شێوی
سەحابە و ئەوی دیش بەناوی شێوی گاورەکان و تا ئێستاش گەلی کورد سەردانی
گۆڕی ئەو سەحابانە دەکات کە لەو جەنگانەدا لەناوچوون و پاش وەرگرتنی
ئایینی ئیسلام کوردەکان لێیان دەپاڕنەوە.
پاش وەگرتنی ئاینی ئیسلامیش پاشکۆیەتی کورد هەر بەردەوام بوو بەڵام لە
چوارچێوەی ئاینێکی نوێدا و بە پاشکۆیەتی زانا ئاینیەکانی کوردی ئیسلام
بۆ زانا ئاینیەکانی عەرەبی ئیسلام و پاشانیش بۆ تورکەکان هەروەک چۆن
زانا ئاینیەکانی کوردی شیعە بوونە پاشکۆی زانا ئاینیەکانی فارسی شیعە.
لە سەردەمی نوێشدا دەرەبەگەکانی کوردستان هەر لەسەر ئەو رێڕەوە رۆیشتن
تاکو قازانج و نازناوی بەگ و پاشا لە فەرمانڕەوا عەرەب و تورک و
فارسەکان وەرگرن. ئەو داگیرکەرانە بەهەموو مەزەب و رەنگێک راستی
ئەوەیان شاردەوە کە نەیانهێشتوە گەلی کورد رێگای زانست و پیشەسازی
بگرێتە بەر و هەموو توانایان بەکارهێناوە کە هێزێکی رۆشنبیر و
پیشەسازکاری کورد دروست نەبێت کە هەمیشە زیاتر هوشیارن لە شوان و
جوتیار و ئەم رامیاریەش چینی بورژوازی لە کوردستاندا لاواز کردوە و وای
کردوە کە رۆڵێکی چالاک لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانیدا نەبینێت
هەروەک لە وڵاتانی دی روویدا. بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد هەر بە
شپرزەیی مایەوە و رێگای سەربەخۆیی نەدۆزیەوە تاکو کۆتایی جەنگی جیهانی
دوەم کە نەوەیێکی نوێی گەنجانی کوردی هوشیارتر و زاناتر لە کێشەی
نیشتمانی کورددا دەستیان کرد بە کارکردن بۆ رزگاری کوردستان وەک پارتی
ژ.ک و پارتی کاژیک. ئەم لایەنە خەریک بوو هەرچی بنیاتەکانی مێژوویی
داگیرکەرانی کوردستان هەیە پووچەڵیان بکاتەوە بەوەش پاشکۆیەتی بۆ
هەتاهەتایە نەهێڵێت بەڵام داگیرکەران ناچاربوون کە شێوازێکی نوێ
بدۆزنەوە تاکو کورد بە پاشکۆیەتی بهێڵنەوە لەبەر ئەوە دۆ و دۆشاویان
تێکەڵ کرد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردیان لە ناوەڕۆکی راستەقینەی
خۆی بەتاڵکردەوە بە داهێنانی مافی چارەسەری کێشەی کورد لەچوارچێوەی ئەو
دەوڵەتانەی کە داگیرکەری کوردستانن و بەمەرجی دابینکردنی دیموکراسی لە
پایتەختەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندا و بەمەش بزووتنەوەی
رزگاریخوازی کورد کەوتە گێژاوی بازنەیێکی پووچەڵی بێ کۆتایی بۆ
خەریککردنی جەماوەری کورد و بەفیڕۆدانی تواناکانیان و ئەو هەلانەی کە
بۆ سەربەخۆیی دەڕەخسرێن کە لەم زەمانەیەدا تەنانەت بۆ ئەوانەش
دێنەکایەوە کە مافیان نیە. هەر بۆیە پاشکۆیەتی کۆنی کورد بە بەردەوامی
مایەوە بەڵام بە شێوازێکی نوێی حزبایەتی و رامیاری و شارستانیانە و لە
ژێر پەردەیێکی کورد و کوردستانیدا بۆ خستنە داوی نیشتمانپەروەرانی
دیموکراتی کورد و کردنیان بە نێچیرێکی ئاسان و تاکو بەرەزامەندی تەواوی
خۆیان ببنە پاشکۆی داواکارانی دیموکراسی عەرەب و تورک و فارس.
بەهەمان شێوەش لایەن و شێوازە رامیاریەکانی دی بۆ ئەوانەی کە پاش ئەو
لایەنانەی پێشوو ناکەون وەک لایەنی مارکسی. مارکسیە کوردەکانیش هەر
بوون بە پاشکۆی مارکسیەکانی عەرەب و تورک و فارس و تەنانەت هەندێکیشیان
بوونە ملکەچی ئەو وڵاتانەی کە بازرگانیان بە مارکسیەتەوە دەکرد وەک
روسیا و چین و ئەلبانیا.
بەکورتەیەکەی: ئایا پاش پاشکۆیەتی زیاتر لە هەزار ساڵ کوردی زەرادەشتی
مافی خۆیان وەرگرت؟ یان کوردی موسڵمان پاش هەزار و چوارسەد ساڵ
پاشکۆیەتی؟ ئێستاش کێ وا دەزانێت کە دیموکراتی و مارکسیەکانی کورد بە
پاشکۆیەتی دیموکرات و مارکسیەکانی عەرەب و تورک و فارس مافی گەلی کورد
وەردەگرن. من دەڵێم ئەگەر باوباپیرانی زەردەشتی و موسوڵمانیان بەو پەڕی
دڵسۆزی خزمەتی دراوسێکانیان کردبێت و پاش دوو هەزار و چوارسەد ساڵ جگە
لە کوشتن و بڕین و راگواستن و چەوسانەوە هیچیان دەست نەکەوتبێت،
چارەنووسی ئەوانیش پاش دوو هەزار و چوارسەد ساڵی دی لە خزمەتگوزاری
دیموکراسی و مارکسیەت لەوە باشتر نابێت.
رامیاری پاشکۆیەتی بۆ بێگانە کە کۆمەڵگای کوردی هەر لە رووخانی
ئیمپراتۆریەتی میدەوە دووچاری بوە و تا ئێستاش پێی دەناڵێنێ کە
زانایانی ئاینی زەردەشتی فارس و موسوڵمانانی عەرەب و تورک و فارس
بەرپایانکرد و هەمیشە بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پشتگیری دەوڵەتانی
داگیرکەری کوردستانیان هەبوە چونکە پاشکۆیەتی بۆ هەر بیروباوەڕ و
مەزەبێک بێ هەر لەبەرژەوەندی ئەو دەوڵەتانەدایە کە کوردستانیان
داگیرکردوە و بۆ ئەوەیە کە لای کەم ئەو دەوڵەتانە ئیمپراتۆریەتێکی میدی
نوێ لە کوردستان نابیننەوە کە هێز و جێگا و توانای خۆی هەبێت،
هەر بۆیەش چەندین سەدەیە ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان داگیرکردوە
جەنگێکی دەروونیان دروستکردوە کە دەڵێت بۆ نموونە کورد ناتوانن دەوڵەتی
خۆیان دامەزرێنن چونکە گەل نین بەڵکو خێڵی جیاجیان و هەندێکیان بۆ
رەچەڵەکی عەرەب و فارس یان تورک دەگەڕێنەوە یان زمانەکەیان زمان نیە
بەڵکو دیالێکتی گۆرراو لە عەرەبی و فارسی و تورکیە و چەندین وتەی
پڕوپووچی دی کە هیچ بناغەیێکی راستیان نیە.
ئەو تۆزە مافانەی کە رێکخراوە کوردەکان ئێستا داوای دەکەن سەرەنجامی
ئەو جەنگە دەروونیەیە کە دەوڵەت و رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان
بەرامبەر گەلی کورد بەرپایانکردوە. ئەوانەی کە دووچاری ئەم جەنگە
دەروونیە بوون دەڵێن وڵاتانی ناوچە بە ئۆتۆنۆمی رازی نابن چۆن دەتوانن
بە دەوڵەتی کوردی رازی بن!!! ئەو رژێمانە کە هەوڵ دەدەن کەسایەتی کورد
بشکێنن و شانازی بشێوێنن و دووچاری دوودڵی و شکستی و بێتوانایی و
ملکەچی بکەن بارێکی وای پێکهێناوە کە هەندێک رێکخراو و کەسایەتی کورد
گاڵتە بە دروشمی سەربەخۆیی دەکەن و مێشکیان لە ئاستی بیرکردنەوە لە
دەوڵەتی کوردی ئیفلیج بوە تەنانەت کاتێ کە تەنیاشن و بە چواردیواری
بێدەنگ دەورەدراون.
من وابزانم کە دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە جەنگە دەروونیەکەیاندا
دژی گەلی کورد تا رادەیێکی زۆر سەرکەوتوو بوون و دەخوازم لەم
بارەیەشەوە چەند نموونەیێک بهێنمەوە:
1. میری کورد بەدرخانی گەورە 150 ساڵ لەمەوبەر سەرکەوتنی سەربازی بەسەر
ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەدەست هێنا و دەوڵەتی کوردستانی بۆ زیاتر لە 10
ساڵ سەربەخۆ کرد، هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتی بنیات نا و تەنانەت
پارەی کوردیشی داڕشت. هەروەها میری کورد موحەمەدی رەواندوزیش کە
کارگەیێکی دروستکردنی تۆپی دامەزراند هەروەک مەلیکی باشوری کوردستانیش
شێخ مەحمودی حەفید کە مەمملەکەتی باشوری کوردستانی لەژێر بۆمبارانی
فرۆکەی بریتانیا راگەیێندرا کەچی ئێستا رێکخراوە کوردەکان بەئازادی لە
باشوری کوردستاندا و لەژێر پارێزگاری فرۆکەی بریتانیا و ئەمێریکادا
کاردەکەن لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانن دەوڵەتێکی کوردی وەک ئەوەی شێخ مەحمودی
سەرەتای سەدەی رابوردوو رابگەیێنن یان پارەی کوردی داڕێژن یان لەو
تۆپانە دروست کەن کە باوانیان پێش چەندین سەدە توانیویانە.
2. لەساڵی 1912 هێزێکی سەربازی عوسمانی میر عەبدولرەزاق بەدرخانی لە
شاری تەبرێزی سەر بە ئیمپراتۆریەتی قاجاری رفاند و بە دەستگیری بردی بۆ
تورکیای ئێستا کە ئەوسا بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و هەر کە
هەواڵ گەیشت بە سەرۆکی بەناوبانگی کورد ئیسماعیل ئاغای شکاک هەڵمەتی
برد بۆ رزگارکردنی بێ ئەوەی هیچ خزمایەتیێکی لەگەڵدا هەبێ یان خەڵکی
یەک ناوچە یان لەیەک حزب بن، ئیسماعیل ئاغاش نە سەرۆک دەوڵەت یان
حکومەتی کوردی بوو بەڵکو سەرۆک خێڵێکی کورد بوو، بەڵام ئەرکی
نەتەوایەتی پاڵی پێوەنا کە سنووری ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ببڕێت و
بەهێزێکی تەنیا 40 سوارەوە بۆسەیێکیان بۆ ئەو هێزە عوسمانیە دانا کە
میر عەبدولرەزاقی دەستگیرکردبوو و هەموویان گرتن و ئیسماعیل ئاغا ویستی
هەموویان بکوژێت بەڵام میر عەبدولرەزاق تکای لێکرد کە ئەوە نەکات و میر
عەبدولرەزاق بە ئازادی و سەلامەتی گەڕایەوە بۆ تەبرێز (بڕوانە
بەڵگەنامەکانی روسیای قەیسەری)، پاش سەد ساڵ لەوە تورک هەمان کار بە
رفاندنی بەرێز عەبدوڵا ئۆچەلان لە کینیا دەکەن بەڵام کەس نیە کە رزگاری
بکات وەک رزگارکردنەکەی میر عەبدولرەزاق.
3. پێش سەد ساڵ جەنەرال شەریف پاشا بە شێوازێکی دیپلۆماسیانەی بەرز
توانی لە کاتی کۆنگرەی ئاشتی پاریس 1919 دەوڵەتانی هاوپەیمان قایل بکات
و یاداشتنامە بەناوبانگەکەی لەگەڵ نەخشەی کوردستان و ئاڵای کوردستاندا
پێشکەشکرد. ئەم دیپلۆماسیەتە بوە هۆی ئیمزاکردنی رێککەوتننامە
بەناوبانگەکەی سیڤەر ساڵی 1920 کە بە ئاشکرا دانی نا بە مافی گەلی کورد
بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، کەچی ئێستا لە ئەوروپا زیاتر لە
ملیۆنێک کورد هەن بەڵام نەیانتوانیوە ئەوەندە بکەن کە جەنەراڵ شەریف
پاشا پێش سەدەیێک بەتەنیا توانی بیکات بێ ئەوەی کۆمپیوتەر یا تەلەفۆن
یا فاکسی هەبووبێت.
ئەو نموونانەی سەرەوە بۆمان دەردەخەن کە کەسایەتی کوردی هێزێکی گەورە و
پشت بەستوو بەخۆی و وزەیێکی پۆڵایین و ئازادی هەبوە بەڵام ئێستاش
دەبینین کە لەم رۆژە رەشانەدا کەسایەتی کوردی تووشی شکست بوە و
هەرچەندە زۆر کەس هەن کە شەو و رۆژ کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو رێگەیەی
باووباپیرانمان تەواو بکەن بەڵام کەسانێک هەن کە کۆسپیان بۆ دروست
دەکەن تاکو رەوتەکەیان خاو بکەنەوە یان بەتەواوی بیوەستێنن.
لەساڵی 2000 پەیوەندیم کرد بە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە تاکو نوێنەرێکی
گەلی کورد وەک ئەندامێکی چاودێر لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا وەرگرن چونکە
تا ئێستاش ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان کاتێ زانیارییان سەبارەت بە
گەلی کورد دەوێت بە ناتەواوی و شێواوی و نادروست وەریدەگرن چونکە لەو
دەوڵەتانەوەیە کە کوردستانیان داگیرکردوە کە هەموویان نەک تەنیا دوژمنی
مافەکانی گەلی کوردن بەڵکو دوژمنی تەنیا بوونیشین و تەنانەت ئەگەر
گریمان ئەو وڵاتانە گەلی کوردیشیان خۆش بوێت ئێمە دەخوازین کە خۆمان
زانیاری سەبارەت بە گەلەکەمان بدەین. نەتەوە یەکگرتوەکان دژی
پێشنیارەکەی من نەبوون و مەرجیان دانا کە رەزامەندی کۆمەڵێک کەسایەتی
رامیاری جیهانی وەربگرم و منیش ئیمزای زیاتر لە هەزار کەسایەتی رامیاری
جیهانیم وەرگرت کە تیایاندا ئەندامی پەرلەمان و پیران و لۆردەکانی
ئوسترالیا و ئەوروپا و ئەمێریکا و کەنەدا هەبوون، بەڵام وادیارە کە
نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ هەندێک رێکخراوی کوردیدا راوێژکارییان کردوە
کە دژی پرۆژەکە وەستاون و کاریان کردوەتە سەر بڕیاری نەتەوە
یەکگرتوەکان و دواخستنی.
لە راستیدا من پاکانە بۆ کەسایەتی کوردی دەکەم کە تووشی دوودڵی و باوەڕ
بەخۆ نەبوون بوە چونکە هەزاران ساڵە تووشی چەوسانەوە و بێ بەشی بوە لە
هەموو مافێکی مەدەنی و مرۆڤایەتی چ جای مافی رامیاری و نەتەوایەتی.
بەشی ئێمە هەر کوشتن و راگواستن و ماڵەکانمان زیندانمان بوون، بەڵێ
دەڵێم ماڵەکانمان چونکە جیاوازایێکی زۆر نیە لە نێوان زیندان و ماڵی
کورد. تەنانەت زۆر لە زیندان هەن لە جیهاندا کە بە زیندانیەکانیان مافی
وا دەدەن کە گەلی کورد لە ماڵەکانیاندا خەوی پێوە دەبینن واتە گەلی
کورد لە زیندانێکی گەورەدا دەژی کە ناوی کوردستانی داگیرکراوە لەلایەن
زیندانکەرانی دڕندەوە کە هیچ مانایێکی دیموکراسی و مرۆڤایەتی نازانن و
سەرەڕای ئەوەش لە رێڕەوی شارستانیەت هەزارەها ساڵ لەدواوەن. چونکە
شارستانیەت جلی جوان و ئۆتۆمبێلی ئۆتۆماتیک و خانووی بەرز نیە بەڵکو
شارستانیەت خووڕەوشتی بەرز و پەیوەندی پڕ مرۆڤایەتی و بیری ئازادە،
گرنگ نیە مرۆڤ چ کڵاوێک لەسەر دەنێت بەڵکو گرنگ ئەوەیە کە چی لەناو
سەریدا هەیە...
بۆیە کاتێ کە رێکخراوە کوردییەکانی باشووری کوردستان ئەم هەلەی 1991
یان بۆ هەڵکەوت کە هێشتا بەردەوامە و بەڵام نەیان توانیوە هەلەکە
بقۆزنەوە و دەوڵەتێکی کوردی دامەزرێنن هێشتا مەترسی لەهەموو لایێکەوە
هەیە، ئەمەش بەهۆی دوودڵی و ترس لەهەموو شتێکی دەوروبەریان کە لۆمەیان
ناکەم چونکە ئەو جەنگە دەروونیەی داگیرکەرانی کوردستان 1400 ساڵە
بەرامبەر گەلی کورد بەرپایانکردوە وای لە رێکخراوە کوردییەکان کردوە کە
لە ئازادی بترسن و وائەزانن کە گەلی کورد تووشی دەردیسەری زۆر هاتوە
بەهۆی داگیرکردنەوە بەڵام هێشتا داگیرکەران هەر ماون و بە بیروڕای
ئەوان ئەمەش هۆیێکی تەواوە و باری ئەوان لەم نموونەیە دەچێ: ئەگەر گەلە
مەڕێک بخەیتە قەفەزێکەوە کە بۆ هەزاران ساڵ زنجیربەست کرابێت و لەپڕ
دەرگای قەفەزیان لێ بکەیتەوە و ئازادیان بکەیت ئەوا ناوێرن لە قەفەزەکە
بێنە دەرەوە چونکە دەڵێن گورگ و دڕندە دەمانخوات و لەناو قەفەزەکەدا
سەلامەتین و منیش دڵنیام کە رێکخراوە کوردییەکان لە ئازادی دەترسن.
هەروا ئەم جەنگە دەروونیە بڕوای کوردی بە مێژوو و شارستانیەت و
فەیلەسوف و بیرکار و بەرهەمەکانی نەهێشتوە کە هەرچەندە لە گەورەیی
کاوەی ئاسنگەر و ئەحمەدی خانی و شەرەفخانی بەدلیسی و موستەفا پاشای
یامڵکی و عوسمان سەبری و عەبدولرەقیب یوسف و جەمال نەبەزیش بن. کەواتە
بڕوای بە مێژوو و شارستانیەت و فەیلەسوف و بیرکار و بەرهەمەکانی گەلانی
دی هەیە هەرچەندە هیچ و پووچیش بن و لەم روەوە خوالێخۆشبوو مامە عوسمان
سەبری هەرکاتێک کە سەردانمان دەکرد باسی چیرۆکی بۆزان بەگی سەرۆک
عەشیرەتی برازیەکانی بۆ ئەکردین لەگەڵ عیسمەتی کوڕی کە منداڵ بوو
(عیسمەت لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو بوو بە ئەندام پەرلەمانی سوریا):
عیسمەت هەموو رۆژێ رای ئەکرد بەرەو بۆزان بەگی باوکی و ئەیوت: ئەوا
عەتارە گەیشتوەتە بەردەم ماڵی خۆمان، فرانکێکم بدەرێ با شیرینی بکڕم،
بۆزان بەگیش دەیگوت شیرینیەکەی ئەو قوڕاویە و وەک شیرینی ماڵەکەی خۆمان
پاک نیە، و عیسمەتیش دەیگوت: شیرینی عەتارەکە خۆشترە.
رۆژێک بۆزان بەگ عەتارەکەی دی و پێی وت: کاتێ دەگەیتە نزیک ماڵی ئێمە
بانگی شیرینی مەدە و لەجیاتی ئەوە بڵێ من پیسی دەفرۆشم (...) چونکە من
دەمەوێ تەمێی کوڕەکەم بکەم و عەتارەکەش نەیدەتوانی بەقسەی بۆزان بەگ
نەکات (بۆزان بەگ لە کوردستانی رۆژاوا (کوردستانی سوریا) زۆر
دەسەڵاتدار بوو و قسەی دەڕۆیشت، لەکاتی ئینتدابی فەرەنسی زیاتر لە
10000 سواری عەشیرەتەکەی لەژێر دەستا بوو) بۆیە عەتارەکە وتی ئەمر
دەکەیت بۆزان بەگ و رۆژی دوایی گەیشتە بەردەم ماڵی بۆزان بەگ و بەهەموو
هێزی هاواری کرد کە پیسەمەنی دەفرۆشێ (...) عیسمەتیش رای کرد بۆلای
باوکی و وتی فرانکێکم بدەرێ با شت لای عەتارەکە بکڕم و بۆزان بەگیش وتی
تۆ ئەزانی ئەو پیسەمەنی ئەفرۆشێت وتی دەزانم و بۆزان بەگ وتی ئێمە لە
توالێتەکەی خۆمان پیسەمەنی زۆرە عیسمەتیش وتی بەڵام پیسەمەنی عەتارەکە
خۆشترە... بەڵێ تا ئەم رادەیە باری دەروونی گەیشتوەتە ئەوەی کە
پیسەمەنی خەڵکانی دی خۆش دەوێ.
ئەو پەیوەندیە شێواوەی کە ئەمڕۆ لەنێوان گەلی کورد و سەرکردایەتی کورد
دەیبینین و پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی کورد و ئەو دەوڵەتانەی کە
کوردستانیان داگیرکردوە کێشەی کوردستان بە شتێکی لابەلایی دادەنێت
چونکە کورد خۆی وەک گەلێکی پاشکۆی داگیرکەرانی کوردستان پێناسە دەکات و
خۆیان وەک گەلێک ناناسێنن کە پێویستە سەربەخۆیی هەبێت.
بەشێوەیێکی روونتریش سەرکردەکانی رێکخراوە کوردییەکانی باشووری
کوردستان کاتێ کە جۆرێک ئازادیان وەرگرت و لەئەنجامی کاریگەری
بەردەوامی جەنگی دەروونی وایان لێهات کە هەموو ئەوانەی سیخوڕ و جاشی
رژێمی سەددام حوسێن بوون بیانخەنە سەرکار و گەورەترین پایەیان پێ بدەن
هەرچەندە دەستی هەندێکیان هێشتا خوێنی گەلی کوردی پێوەیە و لەم روەوە
شێخ ئەدهەمی کوڕی شێخ عوسمانی بارزانی دەڵێت: من شەرم دەکەم لەوەی کە
ئەندامی پەرلەمانی کوردستانم کاتێک کە دەبینم لەتەنیشتمەوە ئەندامی
پەرلەمان هەن کە لە ئەنفالەکاندا بەشدارییان کردوە، و تەنیا شێخ ئەدهەم
نیە کە ئەمە دەڵێت بەڵکو پرۆگرامی تەلەفزیۆن و رۆژنامەوانی کوردیش لە
باشووری کوردستان رۆژانە باسی ئەو پلە گرنگانە دەکەن کە ئەو جاش و
نۆکەرانە وەریان گرتوە و هۆی ئەوەش هەروەک باسم کرد ئەوەیە کە بڕوا
لەنێوان گەل و سەرکردایەتیدا نەماوە و ئەمەش لەوەدا ئاشکرایە کە
سەرکردایەتی کورد نەک تەنیا پشت دەبەستن بە بەعسی و ئیسلامی و
شیوعیەکانی نۆکەری رژێمی سۆڤیەتی گۆڕبەگۆڕ بەڵکو بە هەموو کۆمەڵ و
گرۆیێک کە دوژمنی ئازادی گەلی کوردن تاکو گەیشتە ئەوەی پشت ببەستن بە
دەڵاڵی نێونەتەوەیی وەک سەلاح بەدرەددین و کەسانی دی کە کڕین و
فرۆشتنیان بە کێشەی فەلەستین و کێشەی گەلانی دی کردوە و ئێستاش هەمان
شت لەگەڵ کێشەی کورد دەکەن، بەڵام نیشتمانپەروەرانی ئازادیخوای کورد
خراونەتە پشتگوێ هەرچەندە بەناوبانگترین بیرکەروەش بن... هەموو ئەمە
سەرەنجامی جەنگی دەروونیە لە نەبوونی بڕوا بە گەلی کورد و سەرکردایەتیە
راستەکانی لەگەڵ ئەوەی کە نیشتمانپەروەرانی ئازادیخوای کورد بەتەنیا بە
نەبەزی بەرامبەر بە رژێمی گۆڕبەگۆڕ و لەدەرەش شەوو رۆژ مانی خواردنیان
دەگرت لەبەردەم باڵوێزخانەکانی ئەمێریکا و بریتانیا لەکاتی کۆچڕەوە
ملیۆنیەکەی ئاداری 1991 و ئەوان بوون کە هێزەکانی ئەمێریکا و بریتانیان
ناچارکرد کە دەستێوەردان بکەن و گەلی کورد رزگاربکەن ئەویش بە ناردنی
نامە و خۆپیشاندانیان لە شەقامەکانی ئەوروپا و ئەمێریکا بە
بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان کەچی جاری وا هەبوو کە لەلایەن رێکخراوە
کوردییەکانەوە دەستدرێژیان دەکرایە سەر چونکە ئێمە ئاڵای کوردستانمان
هەڵکردبوو و ئەوانیش قەدەغەیان کردبوو. هەمووی رۆڵی ئێمە بوو کە
پارێزگاری نێودەوڵەتیمان بۆ باشووری کوردستان پەیداکرد کە زۆربەی
سەرکردەکانی کورد لەسەرەتای سەدەی رابردوو داوایان دەکرد، کاتێکیش ئەو
خەونە هاتەدی کە خەونی گەلی کورد هەموویەتی بەتایبەتی ئەو شەهیدانەی کە
لەکاتی شەهید بوونیاندا وشەی کوردستان لەسەر زاریان بوو... کاتێ کە
بریتانیا و ئەمێریکا هێزەکانیان لە پاڵپشتێکی بێ وێنەی نێودەوڵەتی نارد
بۆ پشتگیری ملیۆنەها کوردی کۆچڕەو سەرکردەکانی رێکخراوە کوردیەکان
لەهەمان رۆژدا لەجیاتی راگەیاندنی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی چوون بۆ
بەغدا و سەددام حوسێنیان ماچ کرد بەوەش بەزەیی نێودەوڵەتیان لەدەستدا
بە ماچکردنی خوێنڕێژی گەلی کورد و بکوژی زیاتر لە نیو ملیۆن کورد...
(وەک پەندی پێشینانیش دەڵێ: کێ کردی و کێ خواردی). لە شێوەکانی چاڵی
دەروونی لەنێوان گەل و سەرکردەکان ئەوەیە کە سەرکردایەتی کورد دەبینین
کە لەهەموو ئەو دەوڵەتانەدا کە داگیرکەری کوردستانن کۆبوونەوەی بێ
پارێزگاری دەبەستن کەچی کاتێ کە لەگەڵ گەلەکەی خۆیان کۆدەبنەوە یاساوڵ
و پارێزگاری خۆیان چەندبارە دەکەن و هەندێک جاریش یاساوڵ لە
کۆمپانیاکانی ئاسایشی ئەوروپایی بەکرێ دەگرن، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە
متمانەیان بە گەلی کورد نیە و لە تۆڵەی دەترسن بۆ ئەو تاوانانەی کە
بەرامبەر بەم گەلە هەژارە کردویانە کە چارەنووس تووشی داگیرکەری دڕندە
و دواکەوتووی کردوون و لە سەرکردایەتی نەتەوایەتی دڵسۆزیش بێبەشی
کردوون کە بتوانێ بیانگەیێنێتە کەناری ئاشتی.
رێکخراوە کوردیەکان لەگەڵ نیشتمانپەروەرانی ئازادیخوا و بیری
نەتەوایەتی هەروەک هەموو کۆمەڵێکی دی مامەڵە دەکەن بەوەی کە هەوڵ دەدەن
بیانخەنە ژێر رکێفی خۆیان و هەوڵ دان بۆ کڕینیان تاکو وردە وردە ببن بە
بەشێک لەوان بەڵام ئەم پلانە لەگەڵ بیری نیشتمانی و نەتەوایەتی
ئازادیخوادا ناگونجێ چونکە بیری ئازادیخوا موڵکی هەموو گەلی کوردە و
رۆژانە سەرلەنوێ لەدایک دەبێت و لەگەڵ هەر منداڵێکی کورددا زیندوو
دەبێتەوە، ئەم بیرە یەکێک لە بناغە سەرەکیەکانی سروشتی مرۆڤایەتی
دەردەبڕێ کە ئازادییە، بۆیە تەنیا لە 2007 دا لە باشووری کوردستاندا
چەندین راپەڕینی جەماوەری لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئاکرێ و هتد
روویاندا و هەموویان دژی رامیاری رێکخراوە کوردییەکان بوون و هیوادارین
سەرکردەی ئەو رێکخراوانە خەبەریان بێتەوە و ئەو دەوروبەرەیان راماڵن کە
کاتێ لە هیواکانی گەل لە ئازادی و سەربەخۆیی دووردەکەونەوە بەشێوەیێکی
ئۆتۆماتیکی لە گەندەڵی و بەگەندەڵکردن نزیک دەبنەوە.
راکێشانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ هەندێک کەسایەتی کاژیک وەک هۆنەر
شێرکۆ بێکەس و مولازم عومەر و مولازم سەیفولڵا و جەنەرال مەنسوری حەفید
و هتد و هەروەهاش راکێشانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەندێک
کەسایەتی کاژیک وەک بەڕێزان حمە عەزیز و عەبدولڵا عەزیز ئاگرین و
مولازم شوان و شەهید مولازم کەریم و خێزانی شەهید فەتاح ئاغا و هتد
ناتوانن بەوە دەست بگرن بەسەر بیری نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی
ئازادیخوا چونکە هەروەک وتم ئەم بیرە موڵکی هەموو گەلی کوردە و ئەوەی
بیەوێ دەستی بەسەردا بگرێت دەبێ هەڵوێستی نەتەوایەتی رزگاریخوازی هەبێ
و بە راکێشانی کەسایەتیەکانی کاژیک و پاسۆک و هتد نابێ.
رێکخراوە کوردییەکانی باشوری کوردستان پێویستە بیری نیشتمانپەروەری و
نەتەوایەتی ئازادیخوا بگرنە خۆ پێش ئەوەی گەلی کورد ئەو هەلە
نێودەوڵەتیە لەدەست بدات کە لە ساڵی 1991 ەوە لەئارادایە پێش ئەوەی کە
درەنگ بکات و بەم هەنگاوانەی خوارەوە:
1. پاش ئەوەی حکومەتی عراق لەلایەنی خۆیەوە دەستوری عراقی سەبارەت بە
ریفراندۆمی کەرکوک و باقی ناوچە کوردستانیەکان جێبەجێ نەکرد کە دەبوایە
لەکۆتایی 2007 دا بکرایە، هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە کە ئەو
دەستوورەی عراق لەلایەن خۆیەوە جێبەجێ بکات و هەموو ناوچە
کوردستانیەکان بەزۆر ببەستێتەوە بەخۆیەوە چونکە زۆربەی دانیشتوانیان
کوردن و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان بەشێوەیێکی دیموکراسی هەڵبژێرراون و
حکومەتی عراقیش ناتوانێ ئەم دژی ئەم هەنگاوە بێ چونکە یاساییە و
تەنانەت هێزەکانی ئەمێریکاش توانای ئەوەیان نیە بەرەیێکی دی لە
کوردستاندا بکەنەوە چونکە گیروگرفتەکانی ناوەڕاست و باشووریان بەسە.
2. پشتگیری بزووتنەوەی کورد لە بەشەکانی دی کوردستان ئەمەش بەوە نابێ
کە هەندێک پارە بەهەندێک لێپرسراوانی رێکخراوە کوردییەکانیان بدرێت
بەڵکو بە دروستکردنی پردێکی لۆجیستی لەنێوان هەرێمی کوردستان و
بەشەکانی دی کوردستان، چونکە ئەو دەوڵەتانەی کە بەشەکانی کوردستانیان
داگیرکردوە هەر دوژمنایەتی فەرمانڕەوای کوردی باشوری کوردستان دەکەن
ئەگەر ئەو پردە لۆجستیە دابنێ یان نا.
3. پاش ئەوەی کە سەرۆکی حکومەتی بریتانی بەڕێز تۆنی بلێر بەهۆی شەڕی
عراقەوە کورسییەکەی لەدەست دا و واش چاوەڕوان دەکرێ کە جۆرج بوشیش
کورسی خۆی لەدەست بدات چونکە ئەمێریکایی و بریتانیەکان داوای کشانەوەی
هێزەکانیان لە عراق دەکەن دەبێ سەرکردایەتی کورد لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکان
کۆببنەوە و داوای چەسپکردنی فیدرالیەتی کورد و پارێزگاریان بکەن پاش
کشانەوەیان لە عراق و دژایەتی بەردەوامی عراقیەکان بۆ بەردەوامی
فیدرالیەت، ئەوکاتەش دەبێ هەر لە ئێستاوە کاروبار رێک بخرێت بۆ کڕینی
تانک و فڕۆکە و بەرگری ئاسمانی و مەشقکردنی پێشمەگە لەسەریان تاکو
دەوڵەتی کوردی رابگەیێنرێت چونکە ئەگەر ئەوە ئەمڕۆ روونەدات گەلی کورد
نەک هەر دەگەڕێتەوە ئاستی سفر بەڵکو لەژێر سفریشەوە چونکە کاتێ کە
ئەمێریکیەکان لە ڤیێتنام کشانەوە هیچ بیرێکیان سەبارەت بە کێشەی
ڤیێتنام نەما تەنانەت لە دووریشەوە پێویستە سەرکردایەتی کورد سوود لەو
تاقیکردنەوانە وەربگرێت و بزانێت کە هەموو شتێک لە رامیاریدا روودەدات.
4. دەبێ سەرکردایەتی کورد ئێوارەی رۆژی 20 ی ئادار بکات بە ئێوارەی
هەڵکردنی مەشخەڵی نەورۆز و مەشخەڵی کاوە و مەشخەڵی ئازادی نەک هەر لە
باشوری کوردستان بەڵکو هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەتیش لە
ئەوروپا و جیهانی دەرەوە هەروەک چۆن جیهان ئاهەنگی جەژنی سەری ساڵی
زایینی دەگێڕێت چونکە بۆ ئێمەی کورد نەورۆز نەک هەر سەری ساڵی کوردییە
بەڵکو جەژنی شۆڕشی کاوەی ئاسنگەرە دژی ستەم و جەژنی هەڵهاتنی رۆژی
ئازادی و سەربەخۆییە.
من سەبارەت بەم دۆخە دەروونیە دەنووسم کە بۆچی تا ئێستا نەمانتوانیوە
دەوڵەتی کوردی دابمەزرێنین و هیوادارم کە کەسانی تریش بنووسن و
لەوانەیە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت و ئەگەر لەکۆتاییدا هۆکە بدۆزینەوە
چارەسەریش دەدۆزینەوە بەڵام من بەو پاکانانە قایل نابم کە لە
ئەندێشەیێکی نەخۆشەوە هەڵقوڵاون و یەکێکیان وەبیرم دێتەوە کە: دەیانگوت
زیاتر لە نیو سەدەیە باشوری کوردستان ناتوانێ دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ
چونکە گەمارۆی دراوە و رێگەی بۆ جیهانی دەرەوە نیە کەچی دەبینین لە
نەوەتەکاندا هەمان کوردستان بوە بە رێگەی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی
ئیبراهیم خەلیلی کوردستانەوە و لەم روەشەوە وەزیری بەرگری تورکی مەترسی
خۆی سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باشوری کوردستان
دەردەبڕێت و وەزیرە تورکەکە دەڵێت کە ئەوەی نەوتی هەبێ دەتوانێ رێگا
بکڕێت.
کورتە:
راپەڕینە جەماوەریەکانی باشوری کوردستان لە 1991 و رۆژاوای کوردستان لە
2004 بڕوا و هیوایان گێڕایەوە کە رامیاری پاشکۆیەتی کورد و مێشک شتنەوە
و جەنگی دەروونی دژی کورد لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان کاریان
نەکردوەتە سەر گەلی کوردی قارەمانمان و پیشانی دەدات کە داگیرکەرانی
کوردستان و نۆکەرانیان کە گەلی کورد بەخەبەرە و بێگومان ئامادەیە بۆ
قۆزینەوەی هەلەکانی داهاتوو بەسەرکردایەتیێکی کوردی بەتوانا و خاوەن
هەڵوێستی نەتەوایەتی ئازادیخوا.
|