په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١٨

بۆچی ھێزەکانی سوریا لە عەفرین بێدەنگن، بۆچی ئەمەریکاش بێدەنگە؟


زاھیر باھیر      

ھاتنی ھێزەکانی سوریا بۆ عەفرین گەلێکی دڵخۆش و بە ئومێد کرد، وایان دەزانی کە سوریا دەکەوێتە شەڕ لەگەڵ تۆرکیادا.


بێ گومان ئەم شیکردنەوە و لێکدانەوەی ھەرە ھەرە زۆربەی ڕۆشنبیرەکان و سیاسییەکانی ڕۆژاوا و باشوور و لایەنەکانی دیکە ھەر وەکو زۆربەی کات ھەڵە دەرچو.
ھەر لەسەرەتاوە ڕوسیا لەو پلانەی سوریا ناڕازی بوو لەبەر ئەوەی نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوبەر ڕوسیا دەیویست کە کوردەکان تەواوی عەفرین بە سوپای سوریا بسپێرن و ئەم داخوازییەی ڕوسیاش لەسەر بناخەی نزیکایەتی پەیەدە بە ئەمەریکاوە ھاتە کایەوە . شەڕی نیوانی ڕوسیا و ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ھاوکاری ھەندێک لە دەوڵەتەکانی کەندا و، بەدوای وەکیل دا دەگەڕان کە ئەو شەڕەی پێبکەن ھەر ھەموو ھێزەکانی سوریا لە سوپای سوریای ئازدەوە بۆ گروپە تیرۆریستەکان و تاکو پەیەدە لەم جەنگەوە ئاڵان ئیدی شەڕەکە بوو بە شەڕی نێوان ئەمان و ڕوسیا و ئەمەریکاش تەماشاکەر و ھاندەر و گەرمکەری شەڕەکە.


بێ گومان دەبوایە دەرکمان بەوە بکردایە کە ھەرگیز ڕوسیا نایەوێت سوریا و تورکیا کەھاوپەیمانی ئەون دەستیان بچێت بە خوێنی یەکدیدا، ئەمە وای لەوە کرد کە سوریا ھەندێک لە جەیشی شەعبی لەگەڵ بڕێک چەک و تەقەمەنی سوک و قورس دا ڕەوانەی عەفرین بکات. سوریا بەمەی کە کردی دوو نیشانی شکاند ، یەکەم : ڕوسیای قایل کرد بەوەی کە ئەو بە گوێرەی پلانی ئەو دەڕوات ھەروەھا پەیەدەشی قایل کرد کە سوریا بۆ پاراستنی سنورەکانی دەگەڕێتەوە و دژ بە سوپای تورکیا دەجەنگێ. دووھەمیش: گەر عەفرین نەکەوێت ئەوە ئەوان بارو بنکەی خۆیا لەوێ داناوە و کارئاسایی دەکات بۆ گەڕانەوەی سوپای سوریا بۆ ئەوێ ھاوکایش لەم قۆناخەدا ئەوان تەماشاکار دەبن . ئەگەر عەفرینیش کەوت ئەوە ئەوان لەوێن و دوای سوڵحی دوەلی بە کشانەوەی تورکیا ئیدی بە ئاسانی سوریا بە تەواوی دەگەڕیتەوە بۆ عەفرین.


تا ئێستا ئەردۆگان لەم گەمە سیاسییەدا سەرکەوتو بووە ، گونی ھەموو لایەکی گرتوە : ئەوروپا، سوریا ، ڕوسیا ، ئەمەریکا و داعش و گروپە تیرۆریستکانی دیکە . ئەمەریکا ناتوانێت ھیچ شتێک بکات دژ بە تورکیا چونکە نایەوێت تورکیا لە ناتۆ دەرچیت و بکەوێتە بەرەی ڕوسیاوە . ڕوسیاش لە ئێستادا تورکیا بۆ ئەو لە سوریا گرنگترە دەیەوێت بەلای خۆیدا، تورکیا ڕاکێشێت. ئیتر ئا لێرەدا کێشەی کورد و سەنگی کورد لە سوریادا ، گرنگی ھاوسەنگیی سوریا و تورکیان نابێت بۆ ھیچ کام لە ئەمەریکا و ڕوسیا.
 

١٦\٣\٢٠١٨ - لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک