١٨\١\٢٠١٦
بۆچی لە ''هەرێمی
کوردستان'' گۆڕان روونادا؟
هەژێن
بە دیتنی من، ئەوانەی هاتوونەتە دەنگ، کەمینەی کۆمەڵن و زۆرینە چاوەڕێی
بەزەیی یەزدان دەکەن، ئەگەر ئەوەش نەبێت هیواخوازی پاداشتی بەهەشتی ئەو
دونیا یا خەریکی خۆ-دەوڵەتمەندکردن لە ڕێگەی هاودەستی لەتەك
دەسەڵاتداران. ئەوەی دەمێنێتەوە، کەمینەیە و کەمینەی ناڕازیش ناتوانێت
گۆڕان دروستبکات، نەك هەر تەنیا لەبەر کەمینەبوون، بەڵکو لەبەر ئەم
هۆکارانەی خوارەوە:
- بەشی زۆرینەی ئەو کەمینە ناڕازاییە لە سەنگەری پارتییەکەی خۆیانەوە
بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و مشەخۆریی زیاتر بۆ پارتییەکەی و خۆی
هاتووەتە دەنگ، لەوانە نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکان.
- بەشێك لە کەمینەی ناڕازی بەتایبەت بەشە جنێودەرەکەی، سیخوڕ و
دەستکەلای دەسەڵاتن.
- بەشێکی دیکەی کەمینەی ناڕازی لەژێرەوە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
- بەشێکی دیکەی کەسانێکن، کە لە هەڵپەی دەسەڵات و تاڵانیدا هیچیان
بەرنەکەوتووە و دەخوازن لە گۆڕانی دەم و چاوەکانی دەسەڵاتدا پشکیان
بەرکەوێت.
- بەشێکی دیکەی کەمینە، لایەنگرانی ئەو گروپ و پارتییانەن، کە لە
دەرەوەی دەسەڵاتن و بەڵینی سەرخەرمان بە خەڵکی دەدەن.
- دوابەشی کەمینە یا کەمینەی کەمینە، کەسانێکی هەرە کەم و تاڕادەیەك
لەو کۆمەڵە دابڕوان و ناڕەزایەتییەکانیان دەچنە خانەی خۆخاڵیکردنەوە.
- لە گشت ئەوانە گرفتر ئەوەیە، کە ئەڵتەرناتیڤی کەمینەی ناڕازی هەر لە
بیرکردنەوە و بیرۆکە و تێروانین و شێوازی بەرهەڵستی و تێکۆشان و
دەربڕین و زمانی دەربرین و مینتاڵیتی و ڕێکخستنەوە تا دەگاتە ڕێکخستنی
ئابووریی و بەرێوەبردنی کۆمەڵ بە موو لە نەریتی دەسەڵاتدران
لایاننەداوە و لە باشترین باردا جەلادێکی دڵسۆزی خەڵک دەبن.
بە بۆچوونی من، ئەوەی گۆڕانخواز بێت و گۆڕانی کۆمەڵی بوێت، پێویستە لە
خۆیدا و لە خۆیەوە دەست بە دروسکردنی گۆڕان بکات و ئەو شتانەی کە بەخۆی
ڕەتیاندەکاتەوە، دەبێت سەرەتا بەخۆی دەستبەرداریانببێت، لە هەمووی
گرنگتر ئەوەیە دەستبەرداری ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی و پارتایەتیی و
ناوبانگخوازیی ببێت و لە شوێنی ژیان و کارکردن و فەرمان و خوێندن و
نیشتەجیبوونی خۆیدا و لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیدا هەوڵی
بەڕێخستنی گۆڕان یا ڕەنگدانەوەی گۆڕانە پۆزەتیڤە ناخەکییەکانی خۆی بدات؛
هەوڵی هەڵخڕاندنی بۆچوونی تاکەکاسیی سەربەخۆ و دروسکردنی ڕێکخستنی
کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ بدات و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی لە دەرەوەی
ئایدیۆلۆجیا و پارتایەتی و دەسەڵات و دەستەبژێڕیی بکاتە بناخەی
ئەڵتەرناتیڤە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕەکەی. ئەگەر نا، هەر هەوڵێك سەرەنجام
دەچێتە گیرفانی دەستە و پارتیی و دەسەڵاتخوازانێکی دیکە و ئەزموونی تاڵ
و تێكشکاوی ناڕەزایەتیی و خۆنیشاندان و وردە ڕاپەڕینە ناوچەییەکانی
ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠١٥ دووبارەدەبنەوە؛ بۆ نموونە ناڕەزایەتییەکانی ١٧ی
شوباتی پاڕێزگەی سلێمانی، کە سەرەنجام نەوشیروانییەکان و ئیسلامییەکانی
گەیاندە دەسەڵات و لەنێو جەماوەری ناڕازیشدا نائومێدییەکی قوڵ و
درێژماوەی دروستکرد و ناڕازییانی بەسەر دوو دەستەی خۆشباوەڕ و نائومید
دابەشکرد.
_____________________________
بۆ پەیوەندی و مشتومڕی ڕاستەوخۆ لەتەك نووسەر
خۆی، لەسەر ئەم لینکە کلیک بکەن:
www.facebook.com/hejen.pize
یان
www.facebook.com/hejeenm
١٧\١\٢٠١٦
ماڵپهڕی ههژێن
|