په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٣\٢٠٢٥

بۆچی نابێ یادەکان تێکەڵی ناڕەزایەتییەکان بکرێن؟
- یادەکان پردی نێوان مێژوو و داهاتوون، نەک گۆڕەپانێک بۆ ناڕەزایەتی -


ئەرسەلان مەحمود      


هەر کاتێک یاد و بۆنە نیشتمانییەکان دەگەڕێنەوە، بەنموونە وەک بۆردومانی قەڵادزێ لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، یان ڕاپەڕینی هەشتاکانی هەمان شار لەیادی مەرگەساتەکەدا، یاخود ڕاپەڕینی ٥ی ئازاری ١٩٩١ کە لە ڕانیەوە دەستیپێکرد و کوردستانی رزگار کرد، دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش دەبینین: لایەن و گرووپ و کەسانێک هەن بە بیانوی ناڕەزایەتی و نیگەرانییە جیاکان کار لەسەر بایکۆتکردنی ئەم بۆنانە دەکەن. ئەمە ئەگەرچی بەتەنها هەر لە کوردستان نییە، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە کە مێژوو و چیرۆکە هاوبەشەکانی تێدا دەکرێنە قوربانی ناکۆکییە کاتییەکانی ئێستا.

ئایا ئێمە چیرۆکەکانی خۆمان دۆڕاندووە؟ یوڤال نووح هەراری لە کتێبی "ساپینس"دا دەنووسێت: "مرۆڤ تەنها گیانەوەرێکە کە دەتوانێت چیرۆکە هاوبەشەکان بگێڕێتەوە و باوەڕیان بهێنێت." ئەم چیرۆکانە - کە لە ناسنامەی نەتەوەیی، یادە هاوبەشەکان و میراتی کولتووریدا بەرجەستە دەبن چوارچێوەیەکن کە کۆمەڵگەکان بە یەکەوە دەبەستنەوە. لە هەموو شوێنێک، لە یابانەوە بۆ فرانسا، لە بەرازیلەوە بۆ ئەفریقای باشوور، گەلان بۆ پاراستنی یادەوەرییە نەتەوەییەکانیان تێدەکۆشن، چونکە ئەوان دەزانن ئەگەر تۆڕی چیرۆکەکان هەڵبوەشێندرێنەوە، کۆمەڵگەکانیشیان بەدوایدا هەڵدەوەشێنەوە.

لەم باسەدا، هەوڵدەدەین ڕێگەیەک پێشکەشبکەین بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی فەلسەفی و کۆمەڵناسی بایەخی یادە نەتەوەییەکان، بە تایبەتی لە کوردستاندا و بۆچی تێکەڵکردنیان بە ناڕەزایەتییەکان هەڵەیەکی مەترسیداری ستراتیژییە.

بایەخی فەلسەفی یادە نیشتمانییەکان.


چیرۆکە نەتەوەییەکان تەنها گێڕانەوەیەکی ڕووداوەکانی ڕابردوو نین، بەڵکو میکانیزمێکن بۆ بەخۆداچوونەوە و خۆناسینەوە. هێگڵ، فەیلەسوفی ئەڵمانی، دەیگوت مێژوو دیالێکتیکی گەیشتنی ڕۆحی گەلانە بە خۆیان. پرۆسەیەک کە کاتێک گەلێک ڕابردووی خۆی یاد دەکاتەوە، لە ڕاستیدا خۆی دەدۆزێتەوە و خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە لە فۆڕمێکی نوێدا.

یورگن هابرماس، فەیلەسوفی ئەڵمانی هاوچەرخ، چەمکی "بواری گشتی" داهێنا - ئەو فەزایەی کە تێیدا کۆمەڵگە گفتوگۆی گشتی ئەنجام دەدات و هاولاتیبوون دروست دەبێت. یادە نەتەوەییەکان گرنگترین ساتی ئەم بوارە گشتییەن چونکە کاتێکە کە کۆمەڵگە تێیدا چیرۆکی هاوبەش دەگێڕێتەوە و بەها هاوبەشەکان زیندوو دەکاتەوە. کاتێک ئێمە شکۆی ئەم ساتانە دەخەینە ژێر پرسیار، لە ڕاستیدا تێکەڵیی کۆمەڵگەکەمان لاواز دەکەین.

پۆل ڕیکۆر، فەیلەسوفی فەرەنسی، زۆر جەختی لەسەر پەیوەندی نێوان یادەوەری، ناسنامە و گێڕانەوە دەکرد. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئێمە تەنها ئەوە نین بیری لێدەکەینەوە، بەڵکو ئەوەشین کە بیرمان دەمێنێت و دەیگێڕینەوە. لە ڕێگەی یادە نەتەوەییەکانەوە، گەلان شێوازی نوێی گێڕانەوەی ڕابردوویان دەدۆزنەوە، لە ڕێگەی فێستیڤاڵەکان، مۆزەخانەکان، بۆنەکان،کۆنفڕانسەکان و پەروەردە و ڕیفۆڕم و پەرەپێدانەوە.

رەهەندە کۆمەڵناسییەکانی یادە نیشتمانییەکان.


کۆمەڵناسی فەرەنسی موریس هالباخس یەکەم کەس بوو کە تیۆری یادەوەری بەکۆمەڵی گەشەپێدا، ئەو پێیوابوو یادەوەریی تاک پەیوەستە بە چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکانەوە. بوونی نەتەوە تەنها بە خاک یان دەسەڵاتەوە نە بەستراوە. ئێرنست ڕێنان، فەیلەسوفی فەرەنسی، لە وتاری بەناوبانگی "نەتەوە چییە؟" دەڵێت: "نەتەوە دوو شتە: یەکەم، میراتێکی دەوڵەمەندی بیرەوەری هاوبەش. دووەم، ڕەزامەندی ئێستا، ئیرادە بۆ بەردەوامبوون و بەهادانان بە میراتی هاوبەش". ئەم پێناسەیە بۆ کورد و مێژووە پڕ لە ئازارەکەی زۆر پەیوەندیدارە.

پیێر نۆرا، مێژوونووسی هاوچەرخی فەرەنسی، چەمکی "شوێنەکانی یادەوەری"ی داهێنا - ئەو شوێنانەی 'چ فیزیکی بن وەک یادگارییەکان، یاخود سیمبولیک وەک یادکردنەوەکان' کە یادەوەری کۆمەڵایەتی لەوێدا دەمێنێتەوە. قەڵادزێ و شوێنی بۆردومانەکە، پشدەر و زانکۆی سلێمانی ئەو شوێنانەن کە یادەوەریی کۆمەڵایەتی کوردی لێکۆکراوەتەوە.

کاریگەری یادەکان لەسەر یەکڕیزی کۆمەڵگە.


یاد و بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکان تەنها سەیرکردنی ڕابردوو نییە، بەڵکو دروستکردنی داهاتووشە. ئەوان چەندین کارکردەی زۆر گرنگیان لە کۆمەڵگەدا هەیە، لەوانە:

بەهێزکردنی هەستی نەتەوەیی: هیچ نەتەوەیەک بەبێ هەستێکی بەهێزی شانازی بە مێژووی خۆی نابێتە خاوەنی داهاتوویەکی بەهێز. کاتێک خەڵکی قەڵادزێ و سلێمانی و دەڤەری ڕاپەڕین یادی ٢٤ی نیسان دەکەنەوە، ئەوان تەنها بیر لە قوربانییەکان ناکەنەوە بەڵکو بیر لە خۆڕاگری و لەخۆبوردووییش دەکەنەوە.

گواستنەوەی بەهاکان: کورد چ شتێک لە مێژووی خۆی فێر دەبێت؟ بەهاکانی سەختی، خۆڕاگری، خەبات بۆ ئازادی و هاوپشتی. ئەم بەهایانە زۆر گرنگترن لە هەر بڕیارێکی سیاسی ڕۆژانە یان نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکی کاتی.

پتەوکردنی گیانی کۆمەڵایەتی: یادە نەتەوەییەکان خاڵی لێکگەیشتنی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەن: پیر و گەنج، دەوڵەمەند و هەژار، شارنشین و لادێی، لە بەرز ڕاگرتنی یادەکاندا یەکسانن و پێکەوە کار دەکەن.

وانەوەرگرتن لە مێژوو: گەلێک کە نەتوانێت وانە لە مێژووی خۆی وەربگرێت، ناچار دەبێت ئەم مێژووە لە قۆناغێکی تر و ڕەنگە تراژیدی و کارەساتبارتریش خۆی دووبارە بکاتەوە. بۆردومانەکانی قەڵادزێ و هەڵەبجە بەشێکی گرنگن لە میراتی خۆڕاگری و بەرەنگاری کورد و دەبێت بکرێنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر.

یەکخستنی خەڵک: لە دنیای ئەمڕۆدا کە دابەشبوون و پەرتەوازەیی باڵی بەسەر کۆمەڵگەکاندا کێشاوە، یاد و بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان یەکێک لە دەگمەنە دەرفەتەکانن بۆ ئەوەی خەڵک گرنگی بۆنەیەکی گەورەتر لە خۆیان ببینن و پێکەوە کۆببنەوە. کاتێک خەڵک پێکەوە یادی ڕاپەڕینی پێنجی ئازاری ١٩٩١ دەکەنەوە، بۆ ساتێک جیاوازییەکان لاوازتر دەبن و هەستی هاوبەشی بەهێزتر دەکەنەوە.

بۆچی نابێت یادەکان تێکەڵی ناڕەزایەتییەکان بکرێن؟


ئێستا دەگەینە پرسیارە سەرەکییەکە: بۆچی نابێت یادەکان تێکەڵی نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکان بکرێن؟ وەڵامەکە پەیوەندی بە فەلسەفەی کات و شوێنەوە هەیە. یادەکان و ناڕەزایەتییەکان دوو ئاسۆی کاتی جیاوازن:

لاوازبوونی پەیامی سەرەکی: ئامانجی یادکردنەوەی بۆردومانی قەڵادزێ یان ڕاپەڕینی ١٩٩١ گەڕانەوەیە بۆ واتای قووڵی ئەو ڕووداوانە: فیداکاری بۆ ئازادی، ئازایەتی و هەستی هاوبەش. کاتێک ئەم یادانە بە مەبەست و بێ مەبەست تێکەڵی ناڕەزایەتی و گلەیی پێکهاتەیی سیاسی ڕۆژ دەکرێن، لە ڕاستیدا پەیامە سەرەکییەکەیان لە ناو دەبرێن. چەند کەس لەوانەی کە لە ناڕەزایەتی یادی ٢٤ی نیسان بەشدارن، بە ڕاستی مێژووی ئەو ڕووداوە دەزانن؟

دابەشبوون بەجێی یەکگرتوویی: یادەکان بۆ یەکگرتوویی دروست بوون نەک بۆ دابەشبوون. کاتێک ئێمە یادێکی مێژوویی دەکەینە ساتی تێکهەڵچوونی سیاسی، لە ڕاستیدا ئەو خاڵە کەمانەی کە دەتوانن کۆمەڵگە پێکەوە ببەستنەوە لەناو دەبەین.

کەمبوونەوەی بەهای مەعنەوی: مێژوو و یادەوەری کۆمەڵایەتی بەهایەکی پیرۆز و مەعنەوییان هەیە. کاتێک ئەم یادانە تێکەڵی ناڕەزایەتی ڕۆژانە دەبن، ئەم بەهایە لەدەست دەدەن. شەهیدێکی قەڵادزێ بە هەموو نەوەکانی کوردەوە پەیوەستە، نەک تەنها بەم حکومەتە یان ئەو دەسەڵات و حکومەتەوە.

دروستبوونی گرژی: یادەکان دەبێت ساتی ئاشتی و ئارامی بن، نەک ساتی گرژی. تایلەند، کە وڵاتێکی پڕ کێشە و ناکۆکییە، یاسایەکی نەنووسراویان هەیە کە لە یادە نەتەوەییەکاندا هەموو لایەنەکان ئاگربەستێکی ڕۆحی دەکەن و ڕێز لە یادەکە دەگرن.

کەمڕەنگی مێژوو: گەر بۆردومانی قەڵادزێ لەناو کێشە سیاسییەکانی ئەمڕۆدا ون بێت، مەترسی ئەوەی هەیە کە نەوەی ئەمڕۆ لەو مێژووە دابببڕێت و نەزانێت چۆن ئەم چیرۆکە گرنگە بەشێکە لە ناسنامەی ئەمڕۆیان.

پڕۆژە و پێشنیارەکان بۆ بەرز و زیندوو ڕاگرتنی یادە نیشتمانییەکان. کاتی وشە بەس نییە؛ کاتی کردارە. با بیرۆکەی نوێ بۆ پاراستنی یادەکان بخەینە ڕوو:

بۆردومانی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینی ١٩٨٢ی قەڵادزێ وەک سەرەتایەکی نوێ:


لێرەدا دەرفەتێکی ناوازە هەیە: بۆردومانی قەڵادزێ، کە بە چەکی ناپاڵم ئەنجام درا و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی سەدان کەس، دەتوانرێت بکرێتە مۆدێلێکی نوێی یادکردنەوە. زانکۆی سلێمانی و زانکۆی ڕاپەڕین ئەرکیانە و دەتوانن پێکەوە کار بکەن بۆ سازدانی فیستیڤاڵێکی زانستی-فەرهەنگی لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٥ کە تێیدا ئەکادیمیا، کۆمەڵگەی مەدەنی، نووسەران -ڕۆشنبیران و خەڵکی ئاسایی بەشدار بن. ئەمە نەک تەنها وەک یادکردنەوەیەکی ڕۆتینی و تێپەڕ یان ڕاگوزەری ساڵانە، بەڵکو وەک تێکەڵکردنی مێژوو، زانست، هونەر و گفتوگۆ بەبێ بە سیاسی و ناڕەزایی و نیگەرانی کردنی یادەکە.

دامەزراندنی "ڕۆژی یادە نیشتمانییەکانی کوردستان":


وڵاتان، ڕۆژی تایبەتیان بۆ یادە نەتەوەییەکان هەیە. بۆ نموونە، فەڕەنسا ڕۆژی" Bastille ١٤ی تەمموز" ئەمریکا ڕۆژی یادکردنەوەی شەهیدان "دوا دووشەممەی ئایار". کوردستان دەیان ڕۆژی هەیە، سەرەڕای بەرز ڕاگرتنی هەموو ئەو ڕۆژیادانە، دەبێت ڕۆژێکی ساڵانە دیاری بکات کە تایبەت بێت بە یادکردنەوەی هەموو یادەکان و تێیدا حکومەت، دامەزراوە مەدەنییەکان و خەڵک پێکەوە کار بکەن لە یادکردنەوەیەکی واتادار.

بەرزکردنەوەی یادی قەڵادزێ بۆ ئاستی نێودەوڵەتی:


بەکارهێنانی دیپلۆماسی یادەوەری وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی دەنگی کورد بە جیهان. قەڵادزێ دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ کۆنفرانس و مۆزەخانەی تایبەت بە یادەوەری بۆردومان بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی هەر وەک هیرۆشیما و ناکازاکی، دەتوانێ ببێتە شوێنێکی سەرەکی بۆ گفتوگۆی ئاشتی جیهانی.

چۆن دەتوانین یادەکان بپارێزین و کێشەکان چارەسەر بکەین؟


ئەمە واتای ئەوە نییە ناڕەزایەتییەکان گرنگ نین. بەپێچەوانەوە، دیموکراسی بەبێ دەنگی ڕەخنەگرانە و دیدی ڕەخنەیی ناژی. بەڵام بۆ پاراستنی هەردوو یادەکان و ناڕەزایەتییەکان، چەند ستراتیژیەک دەخەینە ڕوو، لەوانە:

جیاکردنەوەی کات و شوێن: دەتوانین دوو کاتی جیاواز دیاری بکەین - بەشی یەکەمی ڕۆژەکە بۆ یادکردنەوەیەکی یەکگرتوو، بەشی دووەم بۆ گفتوگۆی کراوە لەسەر کێشەکان. یان شوێنێک بۆ یادکردنەوە و شوێنێکی دیکە بۆ ناڕەزایەتی دابین بکەین.

جەخت لەسەر بنەما هاوبەشەکان: ئەو بەهایانەی کە لە بۆردومانی قەڵادزێدا دەردەکەون، وەک ئازایەتی و خۆڕاگری، ئەمڕۆش یەکگرتووکارن. دەتوانین جەخت لەسەر ئەم بەهایانە بکەین.

ئیلهام وەرگرتن لە یادەکان: پرسیارێکی ساکار ئەوەیە: ئایا ئەو شەهیدانەی قەڵادزێ چی دەڵێن ئەگەر بزانن ئێمە لەوان فێر نەبووین و تەنها یادەکەیان وەک بوارێک بۆ ناکۆکی بەکار دەهێنین؟

بەرزڕاگرتنی یادەکان وەک میراتی هاوبەش: تەنها یەک کورد نییە. ئێمە یەک کوردین بە بیروڕای جیاواز و ناسنامەی سیاسی جیاواز. یادە نەتەوەییەکان میراتی "ئێمە"ن، نەک هی "ئەوان". لێرەدا دەرفەتێک هەیە بۆ نیشاندانی ئەم هاوبەشییە.

ئەنجام.


یادە نیشتمانییەکان، بە تایبەتی بۆردومانی قەڵادزێ، ڕاپەڕینی هەشتاکان و ڕاپەڕینی ١٩٩١، تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نین، بەڵکو هێزێکی یەکگرتووکارن کە دەتوانن پردی نێوان نەوەکان و هەموو کوردێک دروست بکەن. پاراستنی ئەم یادانە لە تێکەڵبوون بە ناڕەزایەتییەکان، مانای چاوپۆشیکردن لە کێشەکان نییە - بەڵکو ڕێزگرتنە لە پیرۆزییان.

مانای یادەکان ئەوەیە کە ئێمە چیرۆکی خۆمان نەدۆڕێنین، چونکە کە چیرۆکی خۆت دۆڕاند، بوونی خۆشت دەدۆڕێنیت. لە کۆتاییدا، ئایا نەک تەنها ئەرکی سیاسەتمەدار و ڕۆشنبیر، بەڵکو ئەرکی هەموو تاکێکی کوردە کە میراتە نەتەوەییەکان وەک چەترێکی یەکگرتوو بپارێزێت کە هەموومان لە ژێریدا کۆدەکاتەوە، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان.

گەلی کورد، مێژووی کورد و یادەوەریی کورد هەمووی یەک چیرۆکن کە بە یەکەوە بوونی کوردی دروستکردووە. پاراستنی ئەو چیرۆکە، پاراستنی داهاتووی کوردیشە.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک