٣\٣\٢٠١٠
بۆ چینه چه‌وسێنه‌ره‌کان
له‌کاتی ده‌نگدان و شه‌ڕه‌کانیاندا
هه‌ژارانیان بیرده‌که‌وێته‌وه؟

تاهیر حاجی‌حه‌سه‌ن
ده‌سه‌ڵاته چه‌وسێنه‌ره‌کان، له مێژوی سه‌رهه‌ڵدانی سیستمی چینایه‌تیه‌وه
واته (دابه‌ش بوونی کۆمه‌ڵگا بۆ دووچینی هه‌میشه له ململانێ‌و دژایه‌تیدا)،
تا ئێستا هه‌رده‌م بۆ مانه‌وه‌ی خۆیان و هه‌یمه‌نه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان
پشتوپه‌نایان به‌رانبه‌ر به ترساندن و خۆ پڕچه‌ک کردن دژی ئه‌و چینه‌ی
هه‌میشه له‌نێو ئاڵوگۆڕه مه‌زنه‌کان(واته په‌ڕینه‌وه له قۆناغێکه‌وه
بۆ قۆناغێکی دیکه) تا ده‌گات به ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتێک و جێگرتنه‌وه‌ی
به لێکچوی هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی چینه ده‌سه‌ڵاتدار و چه‌وسێنه‌ره‌کان،
ڕاسته‌وخۆ هه‌ستی ئه‌و چینه‌ی که تا ئێستا نه‌یتوانیوه ئیراده‌ی
ڕاسته‌قینه‌ی خۆی بناسێت، به‌کارهێنراوه له‌و ئاڵوگۆڕانه‌دا بۆ قازانج
و به‌رژه‌وه‌ندی چینی ده‌سه‌ڵاتداری سه‌رکه‌وتوو به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ری
ڕوخاودا. وه‌ئه‌م ده‌سه‌ڵاته چینایه‌تیه بۆ هه‌رچرکه‌یه‌ک له تێپه‌ڕ
بوونی ته‌مه‌نی پێویستی ته‌واوی خۆی نیشان داوه بۆ چه‌سپاندنی یاسا و
به‌رقه‌رار بوونی ده‌وڵه‌ت، به‌پێی قۆناغ و ئاستی پێشکه‌وتنه‌کان
گۆڕانیش له‌و شێوازی به‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌دا ئاڵوگۆڕی به‌خۆیه‌وه
دیوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بێت بۆ دابین کردنی ژیانێکی عه‌داله‌ت
خوازانه بوونی نه‌بوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کامه قه‌واره‌ی سیاسی به‌تایبه‌تی له وڵاتانێکدا
که فره حیزبی و فره قه‌واره‌یی تێدا هه‌یه، هه‌رده‌م باسوخواسیان
ڕووی له هه‌ژاران و چینی به‌رهه‌م هێنه‌ر نه‌کردبێت و هه‌زارویه‌ک وه‌عده
و به‌ڵێنیشیان نه‌دابێت، ئه‌گه‌ر هات و سه‌رکه‌وتن بۆیان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن.
هه‌ر تا ئه‌و کاته‌ی هه‌ڵبژاردن ته‌واو ده‌بێت، دوای ئه‌وه ئیتر باسێک
نایه‌ته گوێ له‌مه‌ر ئه‌و وه‌عده و به‌ڵێنانه‌ی له کاتی بانگه‌شه‌ی
هه‌ڵبژاردندا ده‌کرا. ئاخۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هه‌موو درۆ گه‌ورانه بۆچی
و بۆ بێشه‌رمانه‌ش ئه‌و چینه هه‌میشه له درۆکانی خۆی ناکه‌وێت؟
دیاره مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیستمی چینایه‌تی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی
به ئاستی هه‌ست پێکردنی چینی چه‌وساوه‌وه هه‌یه له مه‌وقعیه‌تی
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی. به‌بێ ئه‌و هه‌ستکردنه به ئیراده و تا ئه‌و
ئه‌ندازه‌یه‌ی که ته‌نها خودی ئه‌و چینه‌یه بۆ درێژه‌دان به‌ژیان و
هه‌ر ته‌نها ئیراده و پێوستیه‌کانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته
سیاسیه‌کان ده‌خاته نێو لێکهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و قه‌یرانه‌وه،
ناتوانرێت بڵێین بۆ جارێکی دی ئه‌و چینه کۆمه‌ڵایه‌تیه به درۆکانی
ده‌سه‌ڵاته حاکمه‌کان هه‌ڵناخه‌ڵه‌تیت و خۆی به‌بچوکی ئه‌وان نازانێت!
لێره‌دایه ده‌سه‌ڵاتی به‌ناو دیموکراتی و ئیدیعا که‌ری ئه‌و سیستمه
ناعه‌داله‌تیه هه‌رده‌م ده‌سته‌واژه‌ی بوونی نه‌ته‌وه و نیشتمان و
دین و ئه‌م هه‌یکه‌لانه له‌خۆی دوور ناخاته‌وه، تا بۆشی ده‌کرێت سه‌رجه‌م
ئه‌و چینه به‌رهه‌م هێنه‌ره ده‌خاته نێو بازنه‌ی بیرکردنه‌وه و
ئامانجه سیاسی و ئابوریه‌کانی خۆیه‌وه. بۆ ده‌کرێت پرسیارێک نه‌کرێت؛
له‌مه‌ڕ بوونی ئه‌و هه‌موو سنوره ده‌ستکردانه‌ی تا ئێستا مانه‌وه‌یان
و جیاکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌ویتر، هۆکاری مانه‌وه‌ی چیه‌و به‌قازانجی
کام لا ته‌واو ده‌بێت نه‌پرسین؟ یان تا ئێستا ئه‌و چینه ده‌سه‌ڵات
داره به‌کامه هه‌لومه‌رجه‌وه خۆیگرێداوه بۆ پشتگیری کردن له مانه‌وه‌ی
دینه‌کان و ، پێناس کردنی ئینسان که سه‌ر به‌کامه دینیت؟ ده‌کرێت ئه‌م
پرسیارانه تا ئه‌و کاته‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی چینی ده‌سه‌ڵاتداردایه
خۆی له‌وه‌ڵام دانه‌وه‌یان به‌دور بگرێت، وه‌تابۆشی بڕه‌خسێت وه‌ک چه‌کێکی
ئیحساسی به‌کاری ده‌هێنێت بۆ هه‌ڵخه‌ڵتاندنی ئه‌و چینه ژێرده‌سته‌ی،
مانه‌وه‌ی ژیانی ده‌سپێردرێت به‌ژیانێکی مه‌مره‌و بژیه‌وه.
ئێستا له عێراق و به‌ناو هه‌رێمی کوردستاندا، قه‌واره سیاسیه‌کان بۆ
هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی جارێکی دیکه‌ی خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تی ئه‌و وڵاته له‌ده‌سته‌ویه‌خه‌دان
بۆئه‌وه‌ی لایه‌ک بتوانێت زۆرترین خه‌ڵکی چه‌وساوه بۆلای خۆی په‌لکێش
بکات و بۆئاینده‌یه‌کی چوارساڵی تر، خۆی بسه‌پێنێته‌وه به‌سه‌ر ژیان و
گوزه‌رانی ئه‌و خه‌ڵکه‌دا. هه‌رچی وه‌عده و به‌ڵێنی خۆش و جوان هه‌یه
ده‌یده‌ن به گوێی ده‌نگده‌ردا، به‌س ته‌نها بۆئه‌وه‌ی نه‌دۆڕێن له‌م
هه‌ڵبژاردنه‌دا. به‌ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌م کاته‌دا واخۆیان سه‌خڵه‌ت کردوه،
هیچ لایه‌کیان نیه شه‌وڕۆژ له ڕێگای میدیای بینراو بیستراوه‌وه، خه‌ڵکی
هه‌ژاریان له‌بیر نه‌بێ و گۆرانی به‌باڵایاندا هه‌ڵنه‌ده‌ن؟ هه‌روه‌ک
ئه‌وه‌ی به‌ناڕاسته‌وخۆ به‌و خه‌ڵکه بڵێن وه‌رن ئه‌م جاره‌ش ده‌نگمان
پێبده‌ن وه‌عد بێت ئیتر دزیت لێنه‌که‌م؟ دیاره به‌ڕاسته‌وخۆ مه‌به‌ستی
مه‌ینه‌تیه‌کانی سه‌رژیانی خه‌ڵکی ده‌رده‌بڕن، ئه‌گه‌ر یه‌کێک بتوانێت
هه‌ستی پێ‌بکات. ئه‌گه‌رنا بۆچی ئێستا وا دێن به‌ته‌نگی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌وه؟
ئاخۆ هه‌ر ئه‌م ده‌سته‌وتاقمه نه‌بوون چه‌ند هه‌زار کوڕی هه‌ژاری ئه‌و
خه‌ڵکه‌یان به‌کوشتدا له پێناو به‌رژه‌وه‌دنیه‌کانی خۆیاندا؟ ئه‌ی بۆ
ئه‌و کات ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تیه‌ک هه‌بوایه دژی ئه‌و شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ند
خوازیه‌یه‌ی نێوان (ینک و پ‌د‌ک) هه‌رزوو لێت ده‌هاتنه وه‌ڵام و به‌لایه‌نگری
ئه‌ولایان ده‌دایت له‌قه‌ڵه‌م؟ کام ساته وه‌خت نه‌بووه ئه‌م چینه
ڕوو قایمه له‌به‌رانبه‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و ئابوریه‌کانی
خۆیدا هه‌زار و یه‌ک درۆ و خیانه‌تی گه‌وره‌ی نه‌کردبێت و له کاتێکی
که‌شدا هه‌ربۆخۆی جارێکی دی ئه‌و دژه‌ی خۆی به‌حه‌کیم و پیاوچاک وه‌سف
نه‌کردبێته‌وه؟ ئاخۆ هه‌ق نیه بپرسرێت ئه‌ی ئه‌و کات هۆکار چی بوو
پرسه‌تان خسته نێو ماڵی ڕه‌شوروتی هه‌زاران خه‌ڵکه‌وه؟ بۆئه‌وکات به‌و
ئه‌ندازه‌یه‌ی ئێستاش له درۆکردندا نه‌بوون بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی
ئیحساسی هه‌ژارانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه زه‌حمه‌ت کێشه بۆ نێو مانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی
خۆتان؟ کامه فرمێسکی تیمساح ئاسا نه‌بوو هه‌ڵی نه‌ڕێژن بۆ ئه‌و خه‌ڵکه،
به‌ڵام هه‌ر هه‌مووی مشتێک درۆی زه‌به‌لاح بوو!!!
له عێراقی ئه‌مڕۆی دابه‌ش کراو به‌سه‌ر تائیفه و دین و قه‌ومیدا، به‌کام
وه‌عده‌وبه‌ڵێنی بریسکاوه‌وه ده‌توانرێت ژیانی ئه‌و خه‌ڵکه باشتر
بکرێت له‌مه‌ی ئێستای؟ به‌ڕێگای ده‌نگدان و پته‌و کردنی یاساورێسایه‌ک
که‌هه‌رچی حورمه‌تێکی ئازادی خوازانه هه‌یه تێیدا نیه بۆ پاراستنی
که‌رامه‌تی تاکێک، که بیه‌وێت به‌ڕاستی و دوور له ئیحساساتی دواکه‌وتویانه
و تائیفیانه بتوانێت شتێکی وای تێدا ببینێته‌وه که ئه‌و تاکه به‌ڕاستی
هه‌ست به‌بونی خۆی ده‌کات و ده‌توانێت بڕیارده‌ر بێت له ژیانی ئێستای
و ئاینده‌یدا؟ عێراقی ئه‌مڕۆ، ته‌نها توانیویه‌تی ده‌سه‌ڵات له
دیکتاتۆرێکی دڕنده‌وه بگوازێته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی چه‌ندین دیکتاتۆر و
ملیاردێری دیکه؟ به‌غه‌یری ئه‌م ئاڵوگۆڕه، ناتوانرێت خاڵێکی پۆزه‌تیفی
زیاد بکرێت بۆئه‌وه‌ی بڵێین به‌ڵێ ئه‌مڕۆ له سه‌رجه‌م عێراقدا هه‌قی
ئازادانه‌ی ژیان و هه‌قی ئازادانه‌ی ڕه‌خنه‌گرتنی دوور له ترس و کوشتن
و تۆقاندن هه‌یه؟ ئه‌و ده‌یان و سه‌دان تاقمه مافیایه‌ی ئێستا له
عێراقی نوێی دیموکرات خوازدا هه‌یه ڕه‌نگه هه‌رلای ده‌سه‌ڵاته
دیکتاتۆره تاک ڕه‌وه‌کاندا به‌ده‌ست بکه‌وێت؟ له‌عیراقدا، ئێستا ئه‌و
که‌سه‌ی کاندید ده‌کرێت بۆ ئه‌نجومه‌نه‌که‌ی ئیتر زۆرخۆشحاڵانه له‌ماوه‌یه‌کی
کورت‌دا ده‌بێت به‌سه‌رمایه‌دارێکی ئاره‌ق نه‌ڕشتوو! هێند داهاتی خه‌ڵکی
هه‌ژاریان پێده‌درێت ئیتر خواکه‌ی خۆیان ده‌یانگرێت ئه‌گه‌ر هات و
گۆرانیان به‌باڵای ئه‌و خه‌ڵکه‌دا نه‌گوت. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ته‌نها ده‌توانێت
بۆجارێکی دیکه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار هه‌یه‌تی له‌ده‌سه‌ڵات
بۆ چوارساڵی دیکه بخاته‌وه ده‌ستی هه‌ڵبژێردراوی نوێوو هه‌ر له‌و
ڕێگه‌یه‌شه‌وه خۆی به‌بچوکێکی تری به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات بزانێت؟ ئه‌م به‌ڕێزانه
به‌سه‌رجه‌م قه‌واره سیاسیه‌کانه‌وه ته‌نها ده‌توانن خۆیان به نوێنه‌ری
ڕاسته‌وخۆی سه‌رمایه‌داران و چینه مشه‌خۆره‌کان بزانن، ناکرێت خه‌ڵکی
به‌شمه‌ینه‌تی عێراق ئه‌مانه به‌نوێنه‌ری خۆیان بزانن. ئه‌و خه‌ڵکه
زه‌حمه‌تکێشه له‌وه‌ته‌ی هه‌یه له نێو ئه‌م گه‌مه ناشیرینه‌دا خۆی
تێوه‌ده‌گلێنێت و هه‌ر جاره‌ی بۆلایه‌ک ده‌کرێت به‌داشی دامه. ئه‌گه‌ر
کاتێکیش داواکاریه‌کیان هه‌بێت بۆ باشتر کردنی ژیانیان ده‌سته‌ی جه‌لادانیان
بۆ دێننه مه‌یدان و به‌گرتن و کوشتن و له زیندانی کردن ده‌مکوتیان ده‌که‌ن.
ئاخۆ ده‌بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه نوێنه‌ری ڕاستوخۆی ئێوه‌ی هه‌ژار بن؟
یان ئه‌مان ته‌نها ده‌توانن سوود وه‌رگرن له نه‌بوونی هوشیاری سیاسی
چینایه‌تی لای ئێوه و له‌کاتی ده‌نگدان و شه‌ڕه‌کانیاندا ڕاسته‌وخۆ
ئێوه‌یان وه‌بیر دێته‌وه و خۆڵی ژێرپێتان ماچ ده‌که‌ن، بۆقازانج و
مانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان؟
هۆڵه‌ندا
02/03/2010
|