په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠٢٢

بۆچی پابەندیی لای هاوڵاتی نەماوە!


هاوڕێ نەهرۆ        

١- هاوڵاتی دووچاری نامۆ بوون بووە.
٢- ئاسۆ لەبەردەم هاوڵاتی نەماوە.
٣- چەمکی حیزب لە چەمکی نەتەوە و نیشتمان گەورەترە.
٤- ئەزموونی سی ساڵە وەڵامدەرەوەی خواستی هاوڵاتی نییە.
٥- پروپاگەندەی نیولیبرالیزم و چەختکردن لەسەر توانای تاک.
٦- نەبوونی ئاڵتەرناتیڤی باوەرپێکراو.
٧- فاکتەری هەریمایەتی و جیهانی.
٨- هاوڵاتی بێزارە لە قەوارە و دەزگای رێکخراوەیی و حیزبی.
٩- بوونی کێشەی نەتەوایەتی بە بێ چارەسەر.
١٠- کوردستان قوناغی رزگاریی نیشتمانیی نەبڕیوە.
١١- لاوازیی بزووتنەوەی چەپ و یەکسانییخواز لە کوردستاندا.
١٢- هەڕەشەی داعش بۆ ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی هەریم.
١٣- نەبوونی هیوا بە فریادرەس.
١٤- نەبوونی پلان بۆ رووخانی حکومەت و دەسەڵات.
١٥- لیپرسینەوە نەکردن لەگەڵ جاش و خۆفروشان و داڵدەدانی پیاوانی بەعس لە کوردستان.

ئەمرۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی هاوڵاتیان بکا بۆی دەردەکەوێ کە ئینتما یان لاوازە یان بە یەکجاری غائیبە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو خاڵانەی لەسەرەوە دەستنیشانمان کرد لە ڕاستی دا هاوڵاتی دووچاری نامۆ بوون بووە، هاوڵاتی هەست دەکات لە جوگرافیایەک دەژێ نیشتمانی ئەو نییە، لە سایەی دەسەڵاتێک دەژێ نوێنەرو نمایندەی ئەو نییە! بە ئاشکرا داهاتی هەریم لە نەوت و گاز دەچیتە گیرفان چەند کەسێکەوە بەم شیوەیەش گەندەڵی زاڵە بەسەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات ئاکام هاوڵاتی بێ بەشە لەو داهاتە!


جاران لە ئینگلتەرا کە خەباتی چینی کرێکار نەخەمڵی بوو، لودیەکان کارخانەکانیان دەشکاند چونکە درکیان بە رێگای دروستی خەبات و رەهاییەوە نەکرد بوو، ئەمرۆ هاوڵاتیانی کوردستان رێک وەک لودیەکان وایە لە باتی شکاندنی کارخانە، سیمبولەکانی نەتەوەو نیشتمان و ئاڵاو میژووی خەباتی میللەت وەک توڵە سەندنەوەیەک لە ناخی خۆیان دەیشکێنن ودەیسرنەوە ! هاوڵاتی پێ وایە بەم بێ باکی یە و فەرامووشی سیمبولەکان، توڵە لە دەسەڵات دەکاتەوە، دەسەڵاتی مشەخۆر و سەرمایەداری وابەستە!


وەک ئاشکرایە ئاسۆی گۆڕان لەبەردەم هاوڵاتی نەماوە یان گەیشتوتە بن بەست ! جاران ڕژیمی سەدام هەبوو بە ئاگرو ئاسن گەلی عیراق و کوردستانی دەچەوساندەوە لەسەر ئاستی ڕای گشتی هاوڕاییەک هەبوو لەسەر رووخانی، رووخانی رژیم لە رووی لوژیکی یەوە مەشروعیەتی هەبوو، هیچ دەروازەیەک نەهێشتبوەوە لە بەردەم گەلی عیراق و کوردستان، لێرەدا دەتوانم بڵیم دەسەڵاتی هەریم وێرای کەم و کوڕییەکانی وێرای کەمتەرخەمیەکانی وێرای خاڵە نەگێتڤەکانی لە کوشتنی رۆژنامە نووسان و زیندانی کردنی نەیارانی هەروا پێشیل کردنی مافی مرۆڤ و چاوساندنەوەی هاوڵاتیان لە رووی ئابورییەوە وەک پاشکەوتی مووچەو سەپاندنی باج و خەراجی زۆر بەسەر هاوڵاتیان بەڵام مەسەلەی رووخانی لەسەر ئاستی ڕای گشتی نەبۆتە پرۆژەیەک بۆ خەبات و هەماهەنگی هاوڵاتیان، حکومەتی هەریم تائێستاش لایەنگری حیزبی یی هەیە ! بەڕایەڵی ئابوری و مووچە زۆربەی ئەندامانی کۆمەڵگا بە خۆیەوە شەتەک داوە، چارەنووسیان بەستراوە بە مانەوەی ئەم دەسەڵاتە ! یان هەندێ هاوڵاتی بەو چەمکە رەفتار دەکەن ( دەستی نەتوانی بیبڕی ماچی بکە)!


تا ئێستاش دەسەڵات کویلەو دەرویشی هەیە کە لە بنەڕەت دا کویلەو دەرویشی حیزبەکانن ! لە نێو ریزی هاوڵاتیان ژمارەیان کەم نییە!


خاڵیکی تر شایستەی هەڵوەستە لەسەر کردنە ئەویش ئەوەیە چەمکی حیزب لە چەمکی نیشتمان و نەتەوە گەورەترە کە لە ئاکام دا دەسەڵاتی هەرێم زیاتر ئیش بۆ لایەنگرانی حیزبی دەکا بە هەردوو باڵەکەیەوە کەواتە ئەوەندە داکۆکی لە ئەندام ولایەنگری خۆیان دەکەن، بەو ئاستە داکۆکی لە هاوڵاتی یەکی کوردستان ناکەن، لێرەدا جارێکی دی نامۆ بوون سەرهەڵئەدا ! تاوانی ئەو هاوڵاتیانە چی یە کە حیزبی نیین یان نەبوونەتە ئەندام و لایەنگری هیچ حیزبێک یان سەر بەحیزبەکانی دەسەڵات نیین!


حیزبەکانی دەسەڵات بە جیددی کار لەسەر چەمکی نەتەوە نیشتمان ناکەن، ئەوەندە ئیش لەسەر چەمکی نەتەوەو نیشتمان دەکەن کە بەرژەوەندی حیزبی پیویستی پێ بێ.


هەروا ئەزموونی سی ساڵەی دەسەڵاتی هەریم ئەوەندە سیمبولەکانی شکست تیا گەشە، ئەوەندە خاڵی پۆزەتیڤ لە قازانجی هاوڵاتیان بوونی نییە ! هاوڵاتیان بەتایبەت چینی هەژارو دەست کورت ئەزموونێکی تاڵیان هەیە لەماوەی ئەم سی ساڵە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەریم!


لە ماوەی ئەم سی ساڵە نەتوانراوە ژێرخانێکی پتەوی ئابوری دروست بکرێ بەم شێوەیە لایەنی کەمی خواستەکانی هاوڵاتی جی بەجێ نەکراوە ! بگرە دەستکەوتەکانی کەرتی گشتی لێ سەندراوەتەوە و دەسەڵات بایەخ بە کەرتی تایبەتی دەدا، چەرخی ئابوری کوردستانیان بەستۆتەوە بە بانقی جیهانی و سنووقی دراوی جیهانی یەوە ئەنجامی ئەم سیاسەتەش، هاوڵاتی کەم درامەت باجی ئەدا ! لە بواری خزمەتگوزاری تەندروستی و قوتابخانەوە کارەباو ئاو و رێگاو بان!


خاڵێکی تر کە پیویستە ئاماژەی بۆ بکەین بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی نیولیبرالیزمە لە رێگای کەناڵی تەلەفزیونی سەر بە ئەم خەتە و ئامرازەکانی کومونیکاسیونی کۆمەڵایەتی، بەردەوام سیمبولەکانی نەتەوەو نیشتمان لە ناخی هاوڵاتی دەکوژێ، لە رێگای چەمکی بازاری ئازادەوە هەموو شتی دەکا بەکاڵا تەنانەت بەرهەمی ئەدیبانیش، کاڵایەک کە لە قازانجی قوتابخانەو بیرو بۆچوونی ئەو دا بێ!


لەم قوتابخانەیە چەخت لەسەر توانای تاک و تەرای هاوڵاتیانی دەکاتەوە وەک خۆ دەوڵەمەند کردن لە رێگای جۆڕاو جۆرەوە هەروا پەرە دان بە توانای تاک لە بواری فێربوونی پێشەیەکی نوێ یان زمانێکی نوێ بەم شێوەیە هاوڵاتیان دەکەونە کێبەرکێ لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی فەردی و لەبیر کردنی چارەنووسی کۆمەڵگا، لەم فەزایە زەحمەتە هاوڵاتیان هاریکاری یەک بکەن لە پێناو گۆڕانی کۆمەڵایەتی!

فاکتەری هەریمایەتی و جیهانی، هەردوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی کوردستان تا ڕادەیەک میژوویەکی ئاشکرایان هەیە لە دابەش بوون بەسەر دوو دەوڵەتی هەریمایەتی ئەوانیش تورکیاو ئیرانن، لەسەر ئاستی جیهانیش ئەجیندای ئەمریکا جێ بەجێ دەکەن ! ئەم دوو حیزبە تا ڕادەیەک مەشروعیەتی هەریمایەتی و جیهانییان هەیە تەنانەت دەست لە کاروباریان وەرئەدەن بە واتایەکی تر بە پێ ئامۆژگاری ئەوان سیاسەت دەکەن، ئەم خاڵە وای کردووە تاڕادەیەک لە خۆبایی بن و بێ منەت بن لە هاوڵاتیان و فشارەکانی بەم شیوەیە هاوڵاتی بێ دەرەتان هیچ هێزێکی دەرەکی و ناوەکی پاڵپشتی ناکا لە خەباتی دا بۆ گۆڕانکاری!


ڕاپەرینی تەشرینی ٢٠١٩ لە عیراق ئەوەی دەرخست کە لاوانی ڕاپەریوو ناڕازی رەتی هەموو حیزب و رێکخراوێکیان کردەوە بەرای من ئەم هەنگاوەش پلانی دەرەوەیە کە بێ بەرنامە تەنیا ناڕەزایی دەرببڕی وەک توێژێکی پەڕاوێز خراو، لە کوردستانیش بە هەمان شێوە هاوڵاتیان ناڕازی گاڵتە بە رێکخراوبوون و حیزبایەتی دەکەن بە بێ ئەوەی هیچ ئاڵتەرناتیڤێک شک بەرن ئەمەش وەک شکاندنی کارخانەیە لە لایەن لودیەکانەوە!


لە لایەکی ترەوە کێشەی کورد بەتەواوەتی چارەسەر نەکراوە یان میللەتی کورد قوناغی رزگاری نیشتمانی نەبڕیوەو تا ئێستا هەڕەشەی لەسەرە ! لە بەرانبەردا حیزبەکانی دەسەڵات ئەگەر بە رووکەش و ناویش بێ هەڵگری پروژەی نەتەوەیین بەسەر زارەکی گەرچی لە واقیع دا ئێشی بۆ ناکەن یان بە پێچەوانەی ئەو پروژەیە ئیش دەکەن ! ئەم پروژە ناتەواوە وای کردووە یان زەمینەی ڕەخساندووە کە هاوڵاتی ئەگەر پێ خوار دانا یان لەگەڵ سیاسەتی ئەوان دا نەبێ تەخوێن بکرێ!


مەسەلەی نەتەوایەتی بۆ حیزبەکان وەکو کراسە خوێناویەکەی عوسمانە! لەهەموو بۆنەو ویستگەیەک بەرزی دەکەنەوە وەک ( کلام حق یراد بە الباطل ) وەڵامی خواستی ڕەوای هاوڵاتیان ئەدەنەوە!


هەڕەشەی داعش بۆ ناوچەکانی دابراوەکانی دەرەوەی هەریم دەچێتە ئەم خانەیەوە، گوایا کوردستان هەڕەشەی دەرەکی لەسەرە وا پێویست دەکا هەمووان داکۆکی لە دەسەڵات بکەین!


هەنگاوێکی تری دەسەڵاتی هەریم کە دژی پروژەی نەتەوەیی و نیشتمانی لێپرسینەوە نەکردن لەگەڵ جاش و خۆفرۆشان بگرە مووچەو ئیمتیازیان پێ دەدرێ هەروا داڵدەدانی پیاوانی بەعس لە شارەکانی هەریم ئەم ئەم هەنگاوەش بێ هیوایی و بێ ئۆمیدی لای هاوڵاتیان دروست کردووەو دەکا!


دوا قسەم ئەوەیە کە هاوڵاتیان کوردستان رێک نەکەوتوون لەسەر ئاڵتەرناتیڤ بۆ دەسەڵاتی هەریم بەتایبەت چەپ و یەکسانیخواز هیج بەرنامەیەکی ئاشکراو جێگرەوەی نییە بەڵکو لە زۆر حاڵەت دا رێنمایی دەسەڵات دەکەن لە لایەک ترەوە دەسەڵاتی هەریم ئیش بۆ بە بێ ئیرادە کردنی هاوڵاتیان دەکا لەرێگای شەتەک دانیان بە جومگەکانی دەسەڵاتەوە بە میکانیزمی حیزبی و پێ دانی مووچەی بن دیوارو و دەیان ئیمتیازی تر کە لەراستی دا خەساندنی هاوڵاتیانە!!


١٢\١\٢٠٢٢ - نەرویج
ماڵپەڕی هاوڕێ نەهرۆ
 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک