په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١١\٢٠١٠

بۆچی پەرلەمانی کوردستان یاسای خۆپیشاندان دادەڕێژێ و پەسەندی دەکا؟

تاھیر حاجی‌حەسەن


ئەگەر قەرار بێت پەرلەمان و سونەتی دیموکراتیانەی سەردەم بەشێک بن لە خواست و داخوازیە گشتیەکانی کۆمەڵگا، دەبێت بپرسین ئەوە چ ھۆکارێکە وا دەکات کە چینێکی ناڕازی ھەبن دژ بەو ژیان و گوزەرانەی ھەیانە لە کۆمەڵگادا. ئێستا سەیری ھەرچ وڵاتێک دەکەیت لەم سەر زەمینە پان و بەرینە، دەوڵەت ھەیە و ھەر لەوێشدا پەرلەمان و پڕوپاگەندەی سەردەمی دیموکراسی خوازی خەریکە دەچێتە نێو چاوانیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرزەمینێک نابینیت کە بەشێکی فراوان لە خەڵکی ئەم سەرزەمینە ناڕازی نەبن بەو جێگاو ڕێگایەی بۆیان دیاری کراوە. دەبێت ئەمە چ سیحرێک بێت لەم سەردەمەدا وا نەزانرێت و پەی پێنەبرێت؟ بێگومان مێژووی پەرلەمان و پەرلەمانتاریزم دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەک بەر لە ئێستا. داھێنانی پەرلەمان لەلایەن خودی سیستمی سەرمایەداری و بورژوازیەتی دوای سیستمی دەرەبەگایەتی ھاتۆتە نێو کایە سیاسیەکانەوە. ئەم داھێنانە نەلەبەر خاتری کۆی کۆمەڵگاو بەیاسای کردنی بۆ ئەوەی ژیانێکی یەکسانی خوازی ھەبێت بۆ ھەرکەسێک، بەڵکو وەک پێویستیەکی خودی ئەو سیستمە سەرمایەداریە ھاتۆتە بەرھەم و ھەر لەگەڵ ئەم داھێنانەشدا سونەت و دیاردەی وەک ئایدۆلۆژیای لیبراڵیزمیشی بەشوێن خۆیدا ھێناوە، لە وڵاتانی رۆژئاواوە تا دەگات بە ئەمریکا.


سونەتە بێڕەحمەکانی سیستمی سەرمایەداری بۆ شاردنەوەی ئەو چەوساندنەوە کەمڕەنگەی دەیدات بەسەر چینی کرێکار و بەرھەم ھێنەری سەرەکی کۆمەڵگادا، تەنھا کارێک کە بەگونجاو بزانێت و وەک داھێنانێکی کەم وێنە و ھەڵخەڵەتێنەر بۆ مانادان بە ئازادی تاک و دیموکراسیەت، دەزگای پەرلەمانی جێخست. ھەرلەوێشدا کۆمەڵە نوێنەرێکی حیزبی و خاوەن ئیمکاناتی مادی کە سەر بە چینەداراکانن لە کۆمەڵگادا، سەپاند بەسەر کۆمەڵگادا. وە ھەر چوار پێنج ساڵ جارێک وەک نەریتێکی بۆرژوازیانە و ئاڵوگۆڕپێکردنی دەموچاوەکان، یاسایەکی دانا، واتە یاسای ھەڵبژاردن و ناویشی لێنا ھەڵبژاردنی دیموکراسیانە، یانی مافی دەنگدان بۆ ھەموان. بۆیە، ئەم دەسەڵاتە چەوسێنەرە بۆ ھەڵخەڵەتاندنی ئەم لێشاوە بەرینەی چینی بەرھەمھێنەر، لە ھەرکات زیاتر دێت ئەم پەرلەمانە و یاسایەک کە لەدەستی ئەم پەرلەمانەدایە لەلای خەڵکی خۆشەویستری دەکات، تا ئەوەی خەڵکی بێن دەنگی پێبدەن و نوێنەری خۆیانی تێدا دابنێن. بەڵام ئاخۆ بەڕاستی ئەوانەی لەسەر کورسیەکانی پەرلەمان دانیشتون نوێنەری ڕاستەوخۆی ئەو خەڵکەن، بەتایبەت چینی چەوساوەی کرێکار، یان تەنھا نوێنەرایەتی چینێک دەکەن کە دەوڵەت و ھۆیەکانی ژیانیان لە ژێر دەستدایە؟ وەرن سەیرکەن بزانن پەرلەمان و ئەندامەکانی لە دەوڵەتانی دنیادا چ یاسایەکیان داڕشتوە بە قازانجی کۆی کۆمەڵگا بێت؟ سەیری پەرلەمانی بەریتانیا بکەن کە بەکۆنترین پەرلەمانی دنیا دەژمێردرێت، خەریکە چ یاسایەک دادەڕێژێت بۆ سک ھەڵگوشین و بێکاری ملیۆنی و کەمکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی لە پێشدا بەدەست ھاتبوون، تەنھا بەقازانجی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەت و بانکەکانیان بۆ ئەوەی لەو قەیرانە ئابوریەی تێیکەوتوون ڕزگاریان ببێت. ئەوە پەرلەمانی فەرانسایە بزانن چ یاسایەک دەسەپێنێت بەناوی زۆرینەوە بۆ زیاتر کردنی تەمەنی خانەنشین کردن، بەڵام زۆرترین خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادیخوازی ئەو وڵاتە دەڕژێنە سەر شەقامەکان و دەڵێن ئێمە ئەو یاسایەمان ناوێت؟ ئیتر بۆ ئەم نوێنەرانە بەگوێی خەڵکێک ناکەن کە ھەڵیان بژاردوون؟ دەیان وڵاتی دیکەش ھەیە ڕۆژانە پەرلەمانتاران و سەرۆکیان خەریکی داڕشتنی یاسایەکن بەدژی خەڵکی چەوساوە و بەقازانجی دەوڵەت و دەسەڵات کار دەکەن. ئیتر نابێت بزانین سیحری ئەم پەرلەمان و ھەڵبژاردنانە لە چیدایە؟


دەبێت لای ئینسانی ئازادی خواز و چینی زەحمەتکێشی کوردستان باش ئەو خاڵە ڕون بێت کە ئەو پەرلەمانە و خودی ئەو پڕوپاگەندە بەناو دیموکراسی و ئازادی خوازیەی دەیکەن، ھیچ نیە بێجگە لەوەی کە وەک ئامرازێکی دەستی دەوڵەت و حیزبی حاکم بەکار دەھێنریت بۆ یەخسیر کردن و ملکەچ پێکردنی ناڕەزایەتیە بەردەوامەکانی ئەو چینەی لە کۆمەڵگادا بەرھەم ھینەری سەرەکیە. بۆیە لەھەرکوێیەکی ئەم دنیایەدا ئەگەر تۆزقاڵێک ژیان و گوزەران و بەدەستھێنانی مافە سەرەتاییەکان بوونی ھەبوبێت، ئەوە تەنھا لە ھاتنە مەیدان و ڕێکخراو بوونی ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەوە بووە کە سەر بەچینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز بووە، ئەگەر نا لە ھیچ وڵاتێکی دنیادا نەبووە، بەتایبەت کە کۆی سیستمەکان سیستمێکی چینایەتین و دەسەڵاتی چەوسێنەری بۆرژوازی حاکمیەتی بەدەستەوەیە، بێن و مافە ئینسانیەکانی سەرجەم بچەسپێنن و، جیبەجێی بکەن.

لە پاش ڕوخانی بلۆکی سۆڤیەتەوە، تا ئێستا خودی ئەم سیستمە بەناو دیموکراسیە ھەر ڕۆژەو بەردەوام لە ھەوڵی لێسەندنەوەی ئەو مافانەدایە کە لەو سەردەمەدا بەھۆکاری کێبەرکێی نێوانی بلۆکی بەناو سۆسیالیستی و بلۆکی سەرمایەداری وەدەست ھاتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە دەزگای پەرلەمانە بەشدارە لەم تەنگپێھەڵچنینەی چینە نەدارەکاندا. ئێستا لەم دەوڵەتە رۆژئاوایانەی کە لای ڕۆشنبیرانی کوردستان و وڵاتانی بەناو جیھانی سێەم، بە جێگای ژیانێکی کامەران و وەدیھاتنی ئازادیەکان دەیبینن، ڕاستیەکەی بە پێچەوانەوەیە. لە خودی ئەم وڵاتانەدا کاتێک خۆپیشاندانێک دەکرێت بۆ وەدەستخستنی داخوازیەکی ئینسانی و سیاسی، ھەرئەوەندەی بزانن کار گەشتۆتە ئەوەی دەسەڵات و دەوڵەتەکەیان لە مەترسیدایە، بەشێوەیەکی زۆر نائینسانیانەتر لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی وڵاتانی ڕۆژھەڵات و ئاسیا دەکەونە وێزەی خۆپیشاندەران و پەرلەمانیش بەھەمان شێوەی سیاسەتی ڕەسمی دەوڵەت، ھاوکاری سیاسەتەکانی دەوڵەت دەکات، تا دەگات بە گرتن و کوشتنی ناڕازیانی خۆپیشاندەریش. لێرەش توانایەکانی دەزگای پەرلەمان وەک ئامرازێکی دەستی بۆرژوازیەت بەکار دەھێنرێت بۆ ئەوەی خەڵکێکی گوێلەمست و ڕۆبۆت ئاسا بۆ دەوڵەت بەرھەم بھێنرێت.


تەنھا ئومێدێک ھەبێت بۆ ڕاوەستانەوە دژی ئەم درۆ گەورانەی ئەم دەسەڵاتانە،‌ ھاتنە مەیدانی بزوتنەوە سیاسی و جەماوەریەکانی چینی کرێکارە، بەبێ ئەم ھاتنە مەیدانە، ھیچ حیزبێکی بەناو ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش ناتوانێت ڕیفۆرم بکات لەو پەرلەمان و دەسەڵاتەدا. ئەگەر چی بۆیشی بکرێت تەنھا بۆ قازانجی ڕیکخستنی زیاتری خودی سیستمەکە دەبێت، نەک بەقازانجی ناڕازییانی کۆمەڵگا. ھەر وەک ئەو بزوتنەوە ڕیفۆرمیە کە لە باراک ئۆباماوە دەستی پێکرد و لە ریفۆرم گەرایانی ئێرانی حوسیەن موسەوی و مەھدی کەروبی و جەماعەتەکەی تا دەگات بە بزوتنەوەی گۆڕانیش، نەک نەیان توانی ھیچ کارێک بەقازانجی جەماوەری ناڕازی بکەن، بەڵکو بۆخۆیان تەنھا نوێنەرانێکن کە خوازیاری مانەوەی ئەم دەسەڵاتە خاوەنداریەتیە تایبەتەن بە پەرلەمانەکەیەوە.

ئەو پرۆژە یاسایەی پەرلەمانی کوردستان، بۆخۆی بەناڕاستەوخۆ کۆتوبەند کردنی کۆی ناڕەزایەتیەکانی ئێستای خەڵکی زەحمەتکێش و ئازادی خوازی کوردستانە، لە ڕێگای یاساوە. ئەوان دێن بەیاسا جڵەوی ناڕەزایەتیەکان دەگرن و ھەر لەوێشدا نەک وەک نوێنەری خەڵکی بەڵکو ڕاستەوخۆ وەک نوێنەری دەوڵەت و ئەحزابی حاکم کار دەکەن. بۆیە بۆ خەڵکی کوردستان گونجاوترین ڕێگا ئەوەیە ئیتر خۆشباوەڕ نەبن بە پەرلەمان و دەزگا ھەڵخەڵەتێنەرەکانی دەسەڵات و سیستمی ناعەدالەتی چینایەتی، بۆرژوازیەتی کوردی. باشە ئەگەر ئەوان ئاوا لە خەمی ڕێکخستنی ژیانی خەڵکیدان، ھۆکاری ئەو نابەرابەریەتەی ژیانی ئەو دوو چینە لە کۆمەڵگای کوردستاندا بۆچی دەگێڕنەوە؟ خۆ ئەگەر ئەوان ڕایەڵەیەکی نێوان دەسەڵات و خەڵکین، بۆ ناتوانن خەم و مەینەتیەکانی خەڵکی زەحمەتکێش چارەسەر بکەن؟ بۆ تا ئێستا نەیان توانیوە یاسایەک و کارێک ئەنجام بدەن دژی ئەو ستەم و زوڵمە زۆرەی لە ژنان دەکرێت، کاتێک لە نێو دەریایەک لە کۆنەپەرستی و چەوساندنەوە، زاڵ کراوە بەسەریاندا؟ بۆ ئەو پەرلەمانە نەیتوانیوە تا ئێستا یاسایەک دەر بکات دژی سزای لە سێدارەدان، بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بۆ یەکجاری ھەڵبوەشێندرێتەوە لە کوردستاندا؟ ھەروا سەیرێکی ئەو مەیدانە خوێناویە بکەن لە عێراقدا، بزانن ئەو پەرلەمانە بەناو نوێنەرانەی خەڵکی عێراق توانیویانە چ ڕێگریەک بکەن لەو ململانێ حیزبیە بۆرژوازیە ناسیۆنالیست و تائیفەگەری و مەزھەبیەی ئیستا دەکرێت و ھۆکاری سەرشانی مەینەتیەکانی خەڵکی ستەم دیدەش ھەر لە ڕێی ئەمانەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئاخۆ ئەو مانگانەیەی ئەم ئەندام پەرلەمانانە وەری دەگرن (ئەم بەناو نوێنەرانەی خەڵکی) چەند قاتی ھەقدەستی مانگانەی کرێکارێک و مامۆستایەک و فەرمانەبرێکە.؟ لەوە لێگەڕێ کە چ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ھیچ ئیمکاناتێکی ژیانیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ دیاری نەکراوە. بۆ ئەم بەڕێزانەی وا ئێستا خەریکی داڕشتنی ئەم یاسایەن بۆ دەم داخستنی خەڵکی ناڕازی، بە چ ھاقێک دێن قسە لە ژیان و ئازادی دەکەن. دیارە ئەو ژیان و ئازادیەی ئەم بەڕێزانە مەبەستیانە تەنھا پاراستنی ژیان و ئازادی چینی سەرەوەیە، ئەو چینەی کە گشت سامانی کۆمەڵگای لە ژێر دەستایەو ئامادەش نیە پێ لەو ڕاستیە بنێت.


خودی ئەم پەرلەمانەی کوردستان، نەک تەنھا نوێنەری حیزبەکانن، بەڵکو بۆخۆیان دوژمنێکی سەرسەختی ھەرچی داخوازی ڕەوای چینی زەحمەتکێش و ئازادی خوازیشن لە کۆمەڵگادا. دەبێت بڵێین ئیتر دیکتاتۆریەت چ سیفەتێک و مانایەکی ھەیە. یان کوشتن ھەر ئەوەیە بە گوللە کۆتایی بە ژیانی ئینسان بێنێت.


ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی خۆپیشاندان و کۆی ئازادیەک کە ئینسان ھەویەی ئینسانی بوونی خۆی پێ دیاری بکات و ئیرادەی ئازادانەی خۆی پێبخاتە گەڕ، لە نێو سیستمی چەوساندنەوەدا بەدەست ناکەوێت، چونکە لە شوێنێکدا چەوساندەوە ھەبوو، لە وێدا ئازادی مانایەکی نیە. بۆیە ئەو بانگەشانەی لەلایەن ئەم دەزگای پەرلەمانەوە دەکرێت لەسەر جێخستنی مافە مەدەنی و مافە سەرەتاییەکانی ھەر تاکێک، تەنھا دەتوانین بڵێین ئەو ماف و ڕەوایەتیانە بۆ چینی دەسەڵاتدار و کەرتی تایبەتی خاوەن سەرمایە، نەک بۆ خەڵکی ستەم دیدەو ئازادی بەخشی کۆمەڵگا. ئەرکی سەرجەم ئازادی خوازانی کوردستانە دژی ئەم یاسایە بەھرچ ڕێگایەک بۆیان دەکرێت ناڕەزایەتی دەرببڕن و ڕێگا نەدەن ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت. چونکە بە جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە دەیانەوێت ئەو ھێز و تواناییە لە ناڕازیانی کۆمەڵگا وەرگرنەوە و تەسلیم بە بڕیارەکانی دەسەڵاتی بکەن.


پەسەند کردنی پرۆژەیاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان لە ٣/١١/٢٠١٠ لەلایەن پەرلەمانەوە، پێدەچێت ئەوە دوا زەنگی ترسناکیان بێت دژی سەرجەم ئازادی خوازانی کوردستان. دانانی ئەم یاسایە، ئیتر ھیچ جیاوازیەکی ئەم پەرلەمانەی نەھێشتۆتەوە لە ھاوشێوەی ئەو پەرلەمانەی لەلایەن حیزبی بەعسی ڕوخاوەوە دانرابوو. یانی ئەو پەڕی دڵسۆزی نواندن بۆ بەرژەوەندیەکانی دەسەڵات و دوژمنایەتیەکی ڕاستەوخۆی ئازادی خوازان و چەوساوانی کوردستان دەگەیەنێت.


٤\١١\٢٠١٠‌ -  ھۆڵەندا

ماڵپه‌ڕی تاهیر حاجی‌حه‌سه‌ن